دیدی من – شانۆ ئەبوبەکر
هونەر چییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەک هەر یەکە لە چەمکەکانی ژیان و مردن وەڵامی زۆر هەڵدەگرێت. هەر لە کەسێکی سادە و ڕۆتینییەوە هەتا نووسەرێک، فەیلەسووفێک، زانایەک و تا دوایی، هەموو ئەمانە وەڵامێکی تایبەتیان پێیە بۆ هەریەک لەم چەمکانە. ئەگەر تەنانەت وەڵامەکەش “نازانم” یان “هیچ” بێت ، بۆ خۆی وەڵامێکە، وەڵامێک کە ڕەنگە ڕەهەندە ماناییەکی قووڵتریش هەڵبگرێت. بە گەڕانەوە بۆ لای ئیمانوێل کانت کاتێک دەڵێت: “تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ ژیان وەک تێگەیشتنی کوێرە بۆ فیل.” دەتوانین باشتر ئەمە شی بکەینەوە.
ئەگەر کوێرێک دەست بدات لە قاچی فیلێکەوە، قاچی فیل دەچوێنێت بە عەمود یان شیشێکی بەرز و ئەستوور. گەر دەست بدات لە پشتی فیلەکەوە، ئەم جارەیان دەڵێت فیل لە شێوەی گردۆڵکەیەکدایە.
لێرەوە دەتوانین بڵێین ژیان بۆ هەر مرۆڤێک ئەوەیە کە ئەزموونی دەکات، هەمان شت بۆ هونەریش. بۆ دەرهێنەرێکی وەک بریسۆن، مایازاکی و درایەر سینەما ڕەنگە باڵاترین پلەی هونەر بووبێت بۆیان.
بۆ نیگارکێشێک، پەیکەرتاشێک، نووسەرێک، فڕۆکەوانێک و تەنانەت هەمان شت بۆ تەماشاکەران و خوێنەرانیش.
دواجار دوور لە جیاکردنەوەی بکەر و داهێنەری کارە هونەرییەکان، هونەر بۆ هەر مرۆڤێک ئەوەیە کە تێیدەگات و دەتوانێت چێژی ڕاستەقینەی تیادا بدۆزێتەوە. بەرکەوتنی هەر مرۆڤێکیش بۆ هونەر، جۆرێک هونەری دی بەدی دەهێنێت.
لەوانەیە هونەر کەس ڕزگار نەکات، بەڵام هۆکارێکی ڕزگارییە، وەک چۆن فرێدریک نیتچەش پێی وا بوو “تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لەم پوچگەراییەی ژیان، تەنیا هونەرە.”
وریا عومەر کێیە؟ هونەر بۆ ئەو چی دەگەیەنێت؟
لە ١٢\٨\١٩٨٩ لە هەولێر لەدایک بووم، پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، بەشی شێوەکاریم لە ساڵی ٢٠١٢ تەواو کردووە لە پلەی یەکەمەکان. دواتر چوومە زانکۆ، بەڵام لە سێهەمین ساڵی خوێندنم وازم هێنا و ئەوێم جێ هێشت لەبەرئەوەی هیچ بڕوام پێی نەما.
هونەر خولیایەکی لەمێژینەم بووە، وەک چۆن مرۆڤێکی برسی پێویستی بە خواردنە، من بەو چەشنە پێویستم بە هونەرە. هونەر دەتوانێت تێرم بکات، نەبوونیشی وا دەکات برسی ببم. هەڵبەت هونەری شێوەکاریم مەبەستە، ئیدی کێشانی تابلۆ یان کاری دەستی و کارکردن لەسەر تەختە و هەرچییەکی تر.
لە ڕاستیدا نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، بەڵام هێندە دەزانم هونەر بۆمن گەمەیەکە، هەروەک چۆن بە منداڵی حەزم دەکرد یاری بە قوڕ بکەم، ئێستاش بە هەمان ئەو هەستە منداڵانە و پاکەوە کار دەکەم، بەڵام ئەم جارەیان بە ڕەنگ، بە کەرەستەی جۆراوجۆر.
من یاری بە ڕەنگ دەکەم، ڕەنگ بووەتە بەشێکی ژیانم، کاتێک دەچمە ئەو دونیایەوە هەست بە خۆم ناکەم، دەڵێیت دەچمە فەزاوە، ئیتر زەوی ناتوانێت بۆ خۆیم ڕابکێشێت، دەفڕم و هیچ شتێک ناتوانێت پەلکێشم بکات.
کاتێک لە کوردستان بووم، دونیایەک ژان و قەهرم دەبینی، کلتوور و سیاسەت و زۆر شتی تر ئازاریان دەدام، تەنیا بە ڕەنگیش توانیومە گوزارشت لەوانە بکەم.
دەستپێکی کاری هونەریت بە شێوەیەکی ئەکادیمی بوو، دەتوانیت کەمێک لەسەر ئەو سنوورانەی ناو ئەکادیمیا بدوێیت؟ چۆنیش دەستت کرد بە کارە هونەرییە تایبەتەکانی خۆت؟
هونەر فریادڕەسی من بوو، ڕاستە بە شێوەیەکی ئەکادیمی دەستم پێ کرد و ماوەیەک لەو بوارەدا بووم، بەڵام هەر زووش هەستم بەوە کرد کە ئەمە ناتوانێت ڕۆحی من ڕازی بکات، بۆیە لەو بازنە سنووردراوە هاتمە دەرەوە. وا بزانم هونەری ڕاستەقینەش هەر ئەوەیە کە ئێمە لە بازنە خڕەکە خۆمان دەرباز بکەین، من هەگیز بە خۆمم نەگوتووە هونەرمەند، ئێستاش نایڵێم، پێم وایە لە واقعێکی ئێجگار هەڵەدا لەدایک بووم، تەنیا ئەو شتانەی ئازارم دەدەن و پێم ناشیرینن، هەوڵ دەدەم بە جۆرێکی دی پیشانی بدەمەوە.
دواتر لە سنووری تابلۆ هاتمە دەرەوە بۆ هونەری گەڕۆک، هونەری سەرشەقام، زبڵدان و توالێت و کۆڵانەکانم ڕەنگ کرد، هەموو ئەو شتە زەقانەم بەکارهێنا بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی خەڵک.
پڕۆژە و کارەکانت چی بوون؟
من لە باشووری کوردستان پڕۆژەم زۆر بوون، هەندێکیانم کردە پێشانگە هەندێکیانم لە پەڕەی تایبەتیی خۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک خۆم بڵاو کردنەوە، هونەرە گەڕۆکەکانیش لە دەرەوە ماونەتەوە، ئەوانە هەمیشە پێشانگەیەکی کراوەن. بەشداریم لە پێشانگەی مێگەلدا کرد، کە بە ڕاستی دەتوانم بڵێم ئەوە دەنگدانەوەیەکی باشی بە دوای خۆیدا هێنا لە هەمان کاتیش خراپ، لەبەر ئەوەی بەشێکی کارەکانم بە تەنیا ڕەخنەگرتن نەبوون لە کۆمەڵگە و سیاسەت و کلتوور، بەڵکو ڕەخنەی توندی ئایینیشی تێکەوت. بۆیە تەنانەت هەڕەشەم لێ کرا لەسەر بەشداربوەنم لەو پێشانگەیەدا.
پڕۆژەی تایبەتم هەبەون بۆ ئێزدییەکان، کاری تایبەتم هەبوون دژ بە ڕێکخراوی داعش، هەروا تایبەت بە شەرەف و ئافرەت و دەریای ئیجەش کە ئەو هەموو خەڵکەی تیادا خنکان و ون بوون.
چۆن باشووری کوردستانت بەجێ هێشت ؟ ئێستا لە ئەڵمانیا چۆن بەردەوامی بە کارەکانت دەدەیت؟
کوردستان بۆخۆی ئازار بوو بۆ من، ئەگەرچی ماڵ و لانەشم بووە، هەستم کرد ناتوانم لە ناو ئەو هەمو ئاژاوە و تۆفانەدا بەردەوام بم، دووبارە دەبێت بچینەوە سەر خاڵەکانی سیاسەت و ئایین و کلتوور و بیروبۆچوونی تاکەکانیش. من ئێستاش لە ئەڵمانیا هەر کوردم بە ڕۆیشتنم نکۆڵی لەمە ناکەم، ئەوەی ئێستاش پیشانی دەدەم دیسان ئازار و نەهامەتی وجوانی ناشیرینییەکانی تاکی کورد و دواجار ئەو کۆمەڵگەیەیە. بەڵێ ئێستاش بەردەوامم، هەمیشە پەمپ وبۆیەکانم لەگەڵمن، تونێل و پرد و توالێت و دیوارەکانی تاراوگە ڕەنگ دەکەم، هەر بەردەوامیش دەبم.
پێت وایە دەبێت هونەر لەم زەمەنەدا دەبێت چی پەیامێک بگەیەنێت؟ یان با بڵێم پەیامێکی دیاریکراو هەیە هونەر بیگەیەنێت؟ لە ڕووی ئێستاتیکاوە ئەم یاسا و ڕێژەگەرایەتییە ماوە؟
بواری هونەری هێندە بەرفراوان بووە کە ناتوانین ئیتر بڵێین هونەر دەبێت ئەم پەیامە یان ئەوی تریان بگەیەنێت، لە ڕووی ئێستاتیکاوە ئیتر جوانی و ناشیرینی ڕێژەی نەماوە، هەر مرۆڤێک، هەر هونەمەندێک ئازادە چۆن پەیامەکەی دەگەیەنێت یان چی پەیامێکی پێیە. خۆی لە ڕاستیشدا هەموان هونەرمەندن، هەموانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان نماییشی هونەرەکەیان دەکەن، کەسایەتییەکی گەورەی ئەڵمانی هەیە ناوی جۆزێف وەیسە کە پێی وایە هەموو کەس هونەرمەندە و ئەوەی دەری دەبڕین هەمووی هونەرە ئەگەر زۆر سادە و ساکاریش بێت.
ئازیزترین کارت چییە لای خۆت؟ دەتوانیت کەمێک باسی ئەو کارەت بکەیت؟
هەموو مرۆڤێک دەرگەیەکی هەیە، کردنەوەی ئەو دەرگەیە دەتگەیەنێت بە خەون و هیواکانی ئەو کەسە، چونکە دواجار هەر مرۆڤێک تێڕوانین وکەسایەتیی تایبەت بە خۆی هەیە. ناکرێت ئێمە کردنەوەی ئەو دەرگەیە وەک دژێک بەکار بهێنین، چونکە ئازادیی کەسێک زەوت دەکەین. تابلۆی دەرگە کە بەتایبەت بۆ ئێزدییەکانم کێشاوە، ئازیزترین کاری منە، هەرچەند هەموو ئەوانی تریش مانا و قورسایی خۆیان هەیە بۆم لەو تابلۆیەمدا دژی ڕێکخراوی داعش کارم کردووە کە تەنیا لەبەر جیاوازیی ئایینی و تێڕوانین بەو شێوازە وەحشیگەراییەی کە بینیمان هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان، ئەو هەموو مرۆڤە بێتاوانە. ئەوەی زۆر تیشکم خستووەتە سەر، ئەوەیە کە ئەو هەموو دەستدرێژییە سێکسی وکڕین وفرۆشتن وئازاردانانەیان هیچ وڵاتێکی ئەوروپی و دەوروبەری وا لێ نەکرد دەرگەیان بۆ بکەنەوە لە پێشچاوی هەموو دونیا سوکایەتییان پێ دەکرا و کەسیش ئاوڕی لێ نەدانەوە. من تابلۆی دەرگە، کە دەرگەیەکی داخراوە و باسی ئەو حاڵەتەم تێدا کردووە، هەمیشە زۆرم خۆش ویستوە و پێم خۆش بووە پیشانی بدەم.
هەندێک کات کە تەماشای تابلۆکانی وریا دەکەم، ئێدڤارد مەنچم بیر دێتەوە لە تابلۆی هاواردا. هەمیشە وریاش لە تابلۆکانیدا هاوار بۆ شتێک دەکات، یان ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم شێوازە کارکردنەی لەسەر بنەمایەکی لەم جۆرەش دانابێت. وەک کارکردنێکی کلاسیکی نا، بەڵکو وەک دەستێکی داهێنەرانە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.