دیدی من – ویکیپیدیا و چەند بەرگێکی ڕۆمانەکانی نووسەر بە چاپی ئینگلیزی
ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: هێرش سەعید
هاروکی موراکامی، نووسەر و وەرگێڕی ڕۆمان و چیرۆک و گوتار، ساڵی 1949 لە شاری کیۆتۆی ژاپۆن لەدایک بووە. دایکوباوکی مامۆستای ئەدەبی ژاپۆنی بوون. هەر لە منداڵییەوە لە ژێر کاریگەریی کلتووری ڕۆژئاوا و موزیک و ئەدەبی ڕووسیدا بووە. موراکامی، لە زانکۆی وەسیدای تۆکیۆ شانۆی خوێندووە. بەر لە تەواوکردنی خوێندنی لەگەڵ هاوسەرەکەی قاوەخانە و باڕێکی مۆسیقای جازیان لە تۆکیۆ داناوە، تا ساڵی 1981 ئەوێیان بەڕێوە دەبرد.
موراکامی، ڕاکەرێکی بەردەوامی ماراسۆن و تریاسلۆنە*؛ ساڵی 2008 لە یاداشتنامەیەکدا باسی پەیوەندییەکانی خۆی بە یاریی ماراسۆنەوە کردووە بە ناونیشانی باسی چی دەکەم کاتێک باسی ڕاکردن دەکەم. موراکامی لە دوای تەمەنی 29 ساڵییەوە دەستی دایە نووسین، پاش تەماشاکردنی یارییەکی بەیسبۆڵ، لەناکاو هەستی بەوە کرد کە دەتوانێت ڕۆمانێک بنووسێت. ڕۆیشتە ماڵەوە و هەر ئەو شەوە دەستی دایە نووسینی یەکەم ڕۆمانی بە ناوی گوێ بگرە لە ئاوازی با. سەرکەوتنی لەو کارەیدا هانی دا بەردەوام بێت لە نووسین. کتێبەکانی لە ناوخۆی وڵات و لە جیهاندا لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی بواری ئەدەبن و بۆ 50 زمانی جیهان وەرگێڕراون.
نووسەر تا ئێستا چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی وەرگرتووە و کاندیدێکی زۆر بەهێزی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبی ساڵی ٢٠١٦ بوو. ئەمە ناوی هەندێک لەو خەڵاتانەیە: (World Fantasy Award, Frank O’Connor Award, Franz Kafka Prize, Jerusalem Prize, Welt Literaturpries)
کاتێک بۆ خەڵاتی ئیسرائیل Jerusalem بانگهێشت کرا، کە دەدرێت بەو نووسەرانەی لە کارەکانیاندا باسی بابەتەکانی ئازادی، کۆمەڵگە، سیاسەت و حکومەت دەکەن، موراکامی ڕۆیشت و لە ژێر کاریگەریی خوێنەرەکانیدا خەڵاتەکەی ڕەت کردەوە و لەبری ئەوە گوتارێکی پێشکەش کرد کە تێیدا بە توندی ئیدانەی سیاسەتەکانی ئیسرائیلی کرد. گوتی: ”هەر یەکێک لە ئێمە ڕۆحێکی زیندووی بەرهەستی هەیە، لەکاتێدا سیستەم شتێکی بێگیانە. نابێت ڕێ بە سیستم بدەین بە خراپی مامەڵەمان بکات.“
ساڵی 2008 گەشتێکی بە وڵاتانی ئەوروپادا دەست پێ کرد و دواجار لە ساڵی 1991 لە ئەمەریکا نیشتەجێ بوو. خۆی دەڵێت: ”کارەکانی سەرەتام گۆشەگیری و پەڕگیرییان لە خۆ دەگرت، لە تاریکیی ناوەوەی تاکەکانەوە سەرچاوەیان دەگرت، لە کاتێکدا کارەکانی دواترم لەو تاریکییە دەدوێن کە بە ناو کۆمەڵگە و میژوودا ڕەگیان هاوێشتووە.“
ساڵی 2011، موراکامی ئەو 80.000 یۆرۆیەی لە خەڵاتی کەتەلۆنیادا بەدەستی هێنابوو، بەخشی بە قوربانیانی بوومەلەرزە و تسونامییەکەی 11ی مارچ، هەروەها بەوانەی کارەساتەکەی چەکی ئەتۆمیی فۆکۆشیما.
لەم دواییانەدا کاتێک پرسیاری لێ کرا سەبارەت بەوەی چاوەڕێی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب دەکات، موراکامی گوتی: ”گەر کەسێک بڵێت، نەخێر چاوەڕێی خەڵات ناکەم، یانی ئەو کەسە کۆتایی هاتوو.”
موراکامی جگە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سارا لاورێنس و ماری مۆریس لەگەڵ جۆیس ئۆتیس و تۆنی مۆریسن)هەرگیز بەشێک نەبووە لە بازنەی نووسەران، چونکە هەردەم حەزی بە تەنیایی خۆی بووە و کەیفی بە گروپ و قوتابخانە و بازنە ئەدەبییەکان نەهاتووە. موراکامی دەڵێت: ”کاتێک کار لە کتێبێکمدا دەکەم، پشت بە ژیانی خۆم دەبەستم، ئەو یەکەم خوێنەری منە.“
ڕۆژنامەی گاردیان، موراکامی بە یەکێک لە مەزنترین ڕۆماننووسە زیندووەکانی جیهان دادەنێت.
لیستی ڕۆمانەکانی: گوێ بگرە لە ئاوازی با، پینبۆڵ، خەونستانی تەواو کوڵاو و کۆتایی جیهان، ڕاوی مەڕەکێوی، دارستانی نەرویجی، سەما، سەما، باشووری سنوور، ڕۆژئاوای خۆر، بەسەرهاتی باڵندەی قوڕمیشی، سەتەلایتی ئازیز، کافکا لە کەنار دەریا، پاش تاریکی، 1Q84و تسوکورو تازاکیی بێڕەنگ و ساڵانی زیارەتی، كوشتنی فهرمانده
کۆکراوەی کورتەچیرۆکەکانی: دوای بوومەلەرزەکە، فیلەکە ون دەبێت، شۆڕەبیی کوێر، ژنی نوستوو و پیاوان بەبێ ژن.
گوتار و نووسینەکانی تری: ڕێ ببڕە، ڕامەکە، باران، خۆری گڕاوی، پۆرترێتێک لە جاز، سەرداب، پۆرترێک لە جاز، چیرۆکەکانی یادی لەدایکبوون، کتێبخانەی نامۆ، مەبەستم لە چییە کاتێک باسی ڕاکردن دەکەم، ئەو جۆلانەیەی نابێت، گەر واتایەکی نەبێت، ڕۆماننووس وەک پیشەو تەنیا لە بارەی مۆزیکەوە.
هەندێک لەو نووسەرانەی کارەکانیانی لە ئینگلیزییەوە وەری گێڕاون بۆ ژاپۆنی: س. ب. د. بریان، تروومان کاپۆتی، ڕەیمۆند کارڤەر، ڕەیمۆند چاندلەر، بیل کرۆو، تێری فاریش، سکۆت فیتزجیراڵد، جیم فوسیلی، میکال گیلمۆر، مارک هێڵپرین، جۆن ئیرڤین، ئۆرسۆلا ک. گوین، تیم ئۆبرەین، گرەیس پالی، ج. د. سالنجەر، شێڵ سیلڤەرستەین، مارک ستراند، پۆڵ سیرۆس، کریس ڤان ئالسبۆرگ و جیۆف دایەر.
ئەو نووسەرانەی کاریگەرییان لەسەری هەبووە: فرانز کافکا، گۆستاڤ فلاوبێرت، چارلیز دیکینز، کورت ڤۆنیگت، فیۆدۆر دۆستۆیفسکی، ڕیچارد براوتیگان و جاک کیراوک.
*تریاسلۆن: پێشبڕکێیەکە وەرزشەکانی ڕاکردن و مەلەوانی و پایسکیلسواری پێکەوە لە خۆ دەگرێت
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.