دیدی من – ئاراس عەبدولڵا
هێزی ئەدەب، یەکێکە لە کتێبەکانی نووسەر و ڕۆماننووسی دیاری عەرەب، ڕەبیع جابر، کە لە لایەن شوان ئەحمەدەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە. نووسەر لەم کتێبەدا لە ڕیگەی زنجیرە گوتارێکەوە دەیەوێت باس لە گرنگیی هێزی ئەدەب بکات. بڕیارە ئەم کتێبە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە چاپ و بڵاو بکرێتەوە.
سەبارەت بەم کتێبە و نووسەری کتێبەکە، شوان ئەحمەدی وەرگێڕ بۆ دیدی من گوتی: “نووسەری ئەم كتێبە كە خۆی یەكێكە لە ڕۆماننوسە دیارەكانی عەرەب و خەڵاتی پۆكەری عەرەبیی ساڵی 2012 بۆ باشترین ڕۆمانی عەرەبی هەیە، لە ڕێی گوتارە جیاجیاكانی ئەم كتێبەوە، دەیەوێت جەخت لە گرنگی و هێزی ئەدەب بكاتەوە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا.”
گوتیشی: “هێزی ئەدەب وەک ئەوەی توانای بەردەوامێتیی هەیە، توانای یاریكردن و نیشتەجێبوونی لە نێوان واقیع و فانتازیادا هەیە. لەو نێوانەشدا شتی سەیروسەمەرە و چاوەڕواننەكراو دەقەومێت، شتێک كە نازانین چییە، دێت و دەرگە لە بەردەم ئەندێشەی مرۆڤدا دەخاتە سەرپشت.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.