دیدی من – كره‌یچه‌رس
ژیوار جه‌وهه‌ر
به‌رواری ٢٤ـی ٢ـی ٢٠١٧، وته‌بێژی كلێین سه‌ن گه‌له‌ری ڕایگه‌یاند كه فۆتۆگرافه‌ری به‌نێوبانگی چینیی ڕێن هانگ له به‌رلین، له ته‌مه‌نی ٢٩ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه.
پڕۆژه فۆتۆگرافییه‌كانی ڕێن هانگ به ڕووتیی مۆدێله‌كانی و هه‌ستیاریی تێماكانی جیا ده‌كرێنه‌وه. ڕێن هاوڕێكانی وه‌ك فۆتۆمۆدێل له فۆتۆكانیدا به‌كار ده‌هێنا: ”به شێوه‌یه‌كی گشتی فۆتۆی هاوڕێكانم ده‌گرم، چونكه كه‌سه بێگانه‌كان ده‌مشڵه‌ژێنن.“ ڕێن چه‌ند جارێک كاره‌كانی سانسۆر كراوه و خۆیشی له لایه‌ن حكومه‌تی چینه‌وه ده‌ستگیر كراوه.
كلێین سه‌ن گه‌له‌ری له مانگی پێنجی ٢٠١٦ له پێشانگه‌یه‌كدا به‌م جۆره وه‌سفی ڕێن هانگی فۆتۆگرافه‌ر ده‌كات، ”ڕێن هه‌م شاعیر بوو، هه‌م فۆتۆگرافه‌ر. ژینگه‌ی شار و گونده‌كان له فۆتۆكانیدا تێكه‌ڵ ده‌كات و وه‌ک مێتافۆرێک بۆ تایبه‌تمه‌ندیی شار له ڕۆژگاری ئێستادا به‌كار ده‌هێنێت. ده‌ربڕین وهه‌ستی سه‌بجێكتی ناو فۆتۆكانی ئاسایین، به‌ڵام ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی زۆر دروست بكه‌ن.“
ڕێن هانگ له شه‌ڕێكی به‌رده‌وامدا بوو له‌گه‌ڵ خه‌مۆكیدا، كه به‌شێكی تایبه‌تی له ماڵپه‌ڕه تاكه‌كه‌سییه‌كه‌یدا به ناوی «خه‌مۆكیی من» بۆ كردبووه‌وه و به شێوه‌ی شیعر و نووسینی كورت خه‌مۆكییه‌كانی خۆی تێدا یادداشت ده‌كرد. چه‌ند مانگێک پێش ئێستا، له یه‌كێک له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا نووسیویه‌تی: ”هه‌موو ساڵێک ئاره‌زووه‌كه‌م وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه: زووتر بمرم. هیوادارم ئه‌مساڵ ئه‌م ئاره‌زووه‌م بێته دی.“
ڕۆژنامه‌ی دی مۆرگانی هۆڵه‌ندی ڕایگه‌یاندووه كه ڕێن هانگ خۆی كوشتووه، به پێی وته‌ی یه‌كێك له هاوڕێ نزیكه‌كانی، به‌ڵام هێشتا ڕاستیی ئه‌م هه‌واڵه دووپات نه‌كراوه‌ته‌وه.
له ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕه‌كه‌یه‌وه، ته‌واوی كاره‌كانی ڕێن هانگ ببینن: ماڵپه‌ری تایبه‌تیی ڕێن هانگ
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.