ئه‌م په‌ڕاوه به‌شێكه له پانێڵی وەرگێڕان کردەیەک زیاتر لە گۆڕینی وشە،كه ماڵپه‌ڕی كلتووریی دیدی من لە بەرواری 6/10/2018 لە بنکەی ژین لە شاری سلێمانی ڕێکی خست.
هیوا سەعید
بۆ وه‌رگێڕ ئاساییه حه‌زی به نووسه‌رێک نەبێت و له هه‌مان کاتدا بابه‌ته‌کانی وه‌ربگێڕێت، به‌ڵام ئه‌وه نائاساییه وه‌رگێڕانه‌که ئه‌و ناحه‌زییه‌ی وه‌رگێڕی به‌رانبه‌ر نووسه‌ری بابەتەکە پێوە دیار بێت، به‌ڕێز عه‌زیز گه‌ردی له پێشه‌کیی ڕۆمانی قۆڵبڕ(1)ی عه‌زیز نهسیندا ده‌ڵێت: من هیچ حه‌ز به‌و نووسه‌ره ناکه‌م، که‌چی ئه‌وه‌نده بێلایەنانە ڕۆمانه‌که‌ی وه‌رگێڕاوه خوێنه‌ر هه‌ست به ناحه‌زییه‌ک نه‌کات ده‌رهه‌ق به نووسه‌ره‌که.
بۆیه ناکرێت وه‌رگێڕ به‌گوێره‌ی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ته‌با دێته‌وه ئه‌و نووسینەی وه‌ریده‌گێڕێت ئاڕاسته بکات، یان ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ بیروڕای ئه‌و ناتهباب و له په‌راوێزدا حوکمی به‌سه‌ردا بدات و ڕەتی بکاتەوە، وه‌ک ئازاد حه‌مه شه‌ریف کتێبی پوخته‌ی بیروباوه‌ڕی زه‌رده‌شتی(2) وه‌رگێڕاوه له په‌راوێزی په‌ره‌گرافێکدا هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه باوەڕی خۆی بۆ خوێنه‌ر ئاشکرا بکات به‌وه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی زه‌رده‌شتیدا نییه. له دواجار ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌یه‌وێت زانیاری له‌باره‌وه بزانێت تێکستە وه‌رگێڕدراوه‌که‌یه نه‌ک بیروباوه‌ڕی وه‌رگێڕه‌که، دانانی ئه‌و جۆره په‌راوێزانه ده‌بێته زیاده‌نووسی و خۆتێهه‌ڵقورتاندن.
هه‌روه‌ها نابێت له وه‌رگێڕاندا تێکسته‌که بۆ شارچێتی به‌کار بهێنرێت، وه‌ک به‌ڕێز هه‌ورامان قانیع له ڕۆمانی قه‌پێلکی مسته‌فا خه‌لیفه‌دا کردوویه‌تی، له لاپه‌ڕه په‌نجای ئه‌و ڕۆمانه‌دا گفتوگۆی نێوان دوو کاره‌کته‌ر یه‌کێکیان به زمانێکی شارستانی و ئه‌وی تریان به زاراوەیەکی شاخاوی قسه ده‌کات، قسه‌کانی کاره‌کته‌ره شارییه‌که‌ی به شێوەزاری سلێمانی و هیی کاره‌کته‌ره شاخاوییهکەی به شێوەزاری هه‌ولێری وه‌رگێڕاوه(3).
بە هەمان شێوە وه‌ڕگێڕ مافی ئه‌وه‌ی نییه بۆ لێدان له نه‌یاره‌کانی ڕاوبۆچوونی ناو بابه‌تێک بقۆزێته‌وه که وه‌ریده‌گێڕێت، وه‌ک له کتێبی مێژووی خوێناویی عێڕاق(4)دا باقر یاسین نووسیویه‌تی و حه‌مه‌ساڵح گه‌ڵاڵی کردوویه‌تی به کوردی، به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیاریش پێشه‌کی و په‌راوێزی بۆ داناوه و له په‌راوێزی ئه‌و په‌ره‌گرافانه‌ی باس له مێژووی توندوتیژی له ئیسلامدا ده‌که‌ن، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر توندڕه‌وی ئایینی ئیسلام دووباره فۆکسی خستووەته سه‌ر و وه‌کو چه‌کێک به‌کاری هێناوه، ئه‌وه‌ی له‌پێناو شه‌ڕێكی ئایدیۆلۆژیی ئه‌و هێزه ئیسلامییانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ناکۆکن، کردووه. ئه‌و مامه‌ڵه ئایدیۆلۆژییه له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕاندا مامه‌ڵه‌یه‌کی ناته‌ندروسته و زیان به بابه‌ته‌که ده‌گه‌یه‌نێت.
به پێچه‌وانه‌وه وه‌ڕگێڕ مافی ئه‌وه‌شی نییه هیچ جۆره مامه‌ڵه‌یه‌کی ئایینییانە له‌گه‌ڵ تێکستێک وەریدەگێڕێت بکات، وه‌ک شێخ عه‌لی شێخ موحه‌ممه‌د به‌نا له ڕۆمانی چرای شین(5)ی ڕۆماننووس نه‌بیل خوریدا ویستوویه‌تی ڕۆمانه‌که به شێوه‌یه‌ک بناسێنێت له خزمه‌ت ئاییندا بێت، له پێشه‌کییه‌که‌دا که خۆی بۆی نووسیوه قارەمانی ڕۆمانه‌که‌ی بە نموونە هێناوه‌ته‌وه و سه‌ردانی تیاترۆخانەکان ده‌کات و شه‌وانه له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشه‌کان ده‌نوێت، ئه‌ویش زۆر به کورتبینی و لایه‌نگیرانه ئامۆژگاریی گه‌نجه‌کان ده‌دات، په‌ند له ڕیسوایی ئه‌و کاره‌کته‌ره وه‌ربگرن و له‌و جۆره ئافره‌ته خراپانه نزیک نه‌بنه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی خستنه‌ڕووی ژیانی ئه‌و له‌شفرۆشانه به نابهدڵییان له‌م جۆره سێکسه و ناچاریان له‌به‌ر بژێوی و ئه‌و هۆکار و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی دووچاری ئه‌و کاره‌یان ده‌کاتەوە، جێی سه‌رنج نەبێت، یان ئه‌و کاره‌کته‌ره کاتێک باسی خۆشه‌ویستیی دایکی ده‌گێڕێته‌وه، ده‌ڵێت ئه‌وه‌نده خۆشی ده‌ویستم، ده‌یپه‌رستم؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه له ڕوانگه‌ی ئایینەوە کفرێکی تێدا بێت، ئیشی ئه‌و وه‌کو وه‌رگێڕێک هه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و کفره نەقل بکات، لەبری ئەوەی په‌راوێزی بۆ دابنێت و بڵێت تەنها خوا ده‌په‌رسترێت.
یان پێویستە وەرگێڕ بۆ وەرگێڕانی بابەتی فەلسەفی، لە پاڵ زانینی زمان تێگەیشتنی لەبارەی چەمکەکان و دنیابینیی فەیلەسوفەکە و فەلسەفەکهی بناسێت، بۆ نموونه بەڕێز ڕێبین ڕه‌سول له کتێبی ئه‌ودیوی خێر و شه‌ڕی فریدریک نیچه(6) بۆ وشەی سفینکس لە پەراوێزدا نووسیویەتی ئەوەی عەرەب پێی دەڵێن ئەبولهول. لە تراژیدیای یۆنانیدا سفینکس ئەو دەعبایەیە لە خەڵکی شاری تیبا دەپرسێت ئەوە چییە بەیانیان چوارپێ و نیوەڕۆیان دووپێ و ئێوارانیش سێ پێی هەیە، هەر کەس وەڵامەکە نەزانێت، دەیخوات؛ دواتر ئۆدیب پاشا وەڵامی دروستی دەداتەوە و دەڵێت ئەوە مرۆڤە بە منداڵی بە گاگۆڵە و بە گەنجی بە دووپێ و بە پیری بە گۆچان دەڕوات، لە ترسی دروستیی وەڵامەکە و زیرەکی ئۆدیب دەعبایەکە هەڵدێت، ڕاستە سفینکس لە فەرهەنگدا بە مانای دەعبا دێت و عەرەبیش بەو دەعبایە دەڵێن ئەبولهول، بەس ئەو تێگەیشتنەی ئەبولهول لە شارستانیەتی عەرەبیدا هەیەتی، ئەو تێگەیشتنەی سفینکس نییە لە تراژیدیای یۆنانیدا، لێرەوەیە لەسەر وەرگێر جگە لە وەرگێڕانی وشەکە ئەو تێگەیشتنەی فەیلەسوفەکە مەبەستیەتی و لە پشت بەکارهێنانی چەمکەکەدایە، ئەویش لە وەرگێڕاندا بگوازێتەوە، لەبەر ئەوەی چەمک لە فەیلەسوفێکەوە بۆ یەکێکی تر هەڵگری مانایەکی جیاواز و تایبەتە، وشەیەکی گشتگیر نییە وەرگێڕانی حەرفی بۆ بکرێت.
پەراوێزەکان:
(1) ڕۆمانی قۆڵبڕ، عه‌زیز نه‌سین، وه‌رگێڕانی: عه‌زیز گه‌ردی، چاپی یه‌که‌م، 2014.
(2) پوخته‌ی بیروباوەڕی زه‌رده‌شتی، ر.س. زێهنهر، وه‌رگێڕانی: ئازاد حه‌مه شه‌ریف، چاپی دووه‌م، 2004.
(3) نمونه‌ی وه‌رگێڕانه‌که:
دوای نزیکه‌ی نیو سه‌عات، دیسانه‌وه ته‌قه‌ی ده‌رگاکه هات، که‌سێکی قۆز ده‌رکه‌وت و به زمانێکی شاخاوی قورس وتی:
– سه‌رۆکی قاوش چت له کن هه‌یه؟
سه‌رۆکی قاوشه‌که شانی ڕاکێشام، هه‌ستامه‌وه، وتی:
– پێی بڵێ… پێی بڵێ… به ئه‌بو ڕامیی گه‌وره‌مان بڵێ.
به نقه‌نق و منجه‌منج، مه‌سه‌له‌که‌م بۆ باس کرد. به هه‌مان له‌هجه‌ی شاخاوی وه‌ڵامی دامه‌وه:
– باشه ئه‌من ده‌توانم چ لۆ تو بکه‌م؟ مه‌سیحی؟ ئه‌وجا چییه با مه‌سیحی بیت! کێ نارێ یارمه‌تیی ئیخوان موسلیمینت نه‌دایه؟ ئه‌دی کێ نارێ لۆ نموونه سیلاحت پێ نهفرۆشتینه، ئه‌وهاش ئه‌تو له‌وان تڕکهنتری، پاشان ڕووی کرده بهندییهوانهکه و فه‌رمانی پێ دا:
– قهپاتیکه، هه‌تیم ده‌رگاکه قهپاتکه.
(4) میژووی خوێناویی عێراق، باقر یاسین، وه‌رگێڕانی: حه‌مه‌ساڵح گه‌ڵاڵی، چاپی یه‌که‌م، 2004.
(5) ڕۆمانی چرای شین، نه‌بیل خوری، وه‌رگێڕانی: شێخ عه‌لی شێخ موحه‌ممه‌د به‌نا، چاپی یه‌که‌م، 2013.
(6) ئه‌ودیوی خێر و شه‌ڕ، فریدریک نیچه، وه‌رگێڕانی ڕێبین ڕه‌سوڵ، چاپی یه‌که‌م، 2017.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.