ئالان جوان، له كاتی دروستكردنی كورته‌فیلمی بارانی تۆبه | له كاتی پێشكه‌شكردنی كوردئایدڵ، فۆتۆ: ژیوار جه‌وهه‌ر، كوردئایدڵ
دیدی من – ژیوار جه‌وهه‌ر
شانۆكار، ئه‌كته‌ر و پێشكه‌شكاری باکووری کوردستان، ئالان جوان، به‌شداری له كورته‌فیلمێكی نوێ‌دا ده‌كات به ناوی بارانی تۆبه، كه له نووسین و ده‌رهێنانی فه‌یسه‌ڵ جه‌لكه و ئالان ڕۆڵی سه‌ره‌كیی تێدا ده‌بینێت.
ده‌رباره‌ی ڕۆڵی خۆی له كورته‌فیلمه‌كه‌دا، ئالان بۆ دیدی من گوتی: ”من ڕۆڵی كوڕێكی گه‌نج ده‌بینم به ناوی ژانیا، كه تووشی بارودۆخێكی ده‌روونی بووه دوای ئه‌وه‌ی به منداڵی له كۆمه‌ڵكوژیی گونده‌كەیدا هه‌ڵاتووه و ڕزگاری بووه. ژانیا ده‌چێته‌وه گونده وێرانبووه‌كه، دوای 20 ساڵ ده‌یه‌وێت دووباره ژیانی پێ ببه‌خشێته‌وه و زیندووی بكاته‌وه. نه‌ك ته‌نها به دروستكردنه‌وه‌وه و بونیادنانێكی فیزیكییانه، به‌ڵكو یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ش كه ڕۆژانێك له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه.“
ماوه‌ی فیلمه‌كه 15 خوله‌كه و له گوندێكی چۆڵكراوی باتمانی باكووری كوردستان وێنه گیراوه، بڕیاره له‌مساڵدا بڵاو بكرێته‌وه.
ئالان جوان و شاتوان عه‌تا | فۆتۆ: ژیوار جه‌وهه‌ر، كوردئایدڵ
ئالان جوان خه‌ڵكی شاری باتمانی باكووری كورستانه، ساڵی 2016 به باشترین ئه‌كتەری كوڕ له توركیا هه‌ڵبژێردرا له‌پای ڕۆڵگێڕانی له شانۆیی له ته‌والێتدا. ئالان به‌شداریی له چه‌ندین شانۆ، فیلم و كورته‌فیلمدا كردووه، ساڵی 2017ش وه‌ك پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی كوردئایدڵ ده‌ركه‌وت، كه له كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردسات په‌خش كرا. ئالان ئێستا له به‌رلینی وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژی و سه‌رقاڵی كاره هونه‌ر‌ییه‌كانیه‌تی.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.