26/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: ئالفرێد هیچکۆک و باڵندەکان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
ئامادەکردنی: داریان جەمال

بە درێژایی مێژووی سینەما، سینەمای ترسناک؛ بینەر و هەواداری تایبەت بە خۆی هەبووە. سینەمای ترسناکیش لای خۆیەوە چەند جۆرێکی هەیە، هەندێکیان کار لەسەر پارانۆڕماڵ ئاکتیڤیتیی دەکەن و هەندێکی تریشیان کار لەسەر ڕووداو و بوونەوەری وەهمی دەکەن. بەڵام ئەوەی کە دەمێنێتەوە سینەمای سایکۆلۆژیکاڵ سریلەرە Thriller، هەر وەکو فیلمەکانی هیچکۆک کە زیاتر خۆیان دوور دەگرن لە ترسی وەهمی و هەوڵ دەدەن چەندی بکرێت سەرچاوەی ترسەکان لە چوارچێوەی واقع و زانست و خوێندنەوەی سایکۆلۆژیدا بن. هیچکۆکی دەرهێنەر لە زۆر فیلمیدا زۆر بە باشی ئیشی لەسەر ژانرای ترسناک و سایکۆلۆژیکاڵ سریلەر کردووە. ڕاستە لەوانەیە کە هەموو کەرەستەکانی واقعی نەبووبێت، بەڵام بە تەواویش نەچوونەتە بازنەی وەهمەوە. هەر یەکە لە ڤێرتیگۆ، سایکۆ، مەرین و زە بێردس و زۆری تر لە نموونەی کارە دیارەکانی هیچکۆکن لە نێو سایکۆلۆژیکاڵ سریلەرکاندا.

باڵندەکان ئەگەر لە زۆر شوێن نموونەی ئەوین و ئازادی و جوانی ژیان بن، بەڵام لە سینەمای هیچکۆکدا کەرەستەی باشن بۆ ئەوەی ترس بخەنە دڵەکانەوە. هەرچەندە ئەوان دونیای تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام هیچکۆک لەگەڵ ئەوەیە کە ئەوان لە زۆر شتدا لەگەڵ مرۆڤەکان خاڵی هاوبەشیان هەیە. چیرۆکی ئەم فیلمە بریتییە لەوەی کە رۆژێک کچێکی دەوڵەمەند دەچێتە دوکانێکی ئاژەڵە ماڵییەکان بۆ وەرگرتنی ئۆردەرەکەی، کچەکە، کوڕێک دەبینێت کە نایناسێت بەڵام کوڕەکە کچەکە دەناسێت و گاڵتەیەکی سەیری لەگەڵ دەکات. لێرەوە نەزانینی ئەوەی کە کوڕەکە کێیە؟ کچە ڕادەکێشێتە ناو مەداری کوڕەکەوە. ئەوەی کە ئەم فیلمەی هیچکۆک دەکات بە دوو بەشەوە هەم ئەتمۆسفیری ناوچەکانە هەمیش ئەتمۆسفیری تایبەتی کەسایەتییەکان، لەسەر ئەم بنچینەیە ئەم فیلمە دەبێتە دوو بەش، بەشی یەکەم بە ناونیشانی باڵندەی خۆشەویستی، بەشی دووەم بە ناونیشانی جەنگی باڵندەکان! هەر لەسەر ئەتمۆسفیری کەسایەتییەکان، کارەکتەرێک لە نێو فیلمەکە بە مێلنی دانیەڵس دەڵێت کە ئەو شوومە و لەگەڵ هاتنی بۆ ئەو شوێنە بووەتە هۆی دیاردەیەکی نائاسایی سروشتی. ئەم فیلمەی هیچکۆک بە پێچەوانەی زۆربەی فیلمەکانی تری لە ڕووی ئاستی هونەرییەوە لە ئاستی فیلمەکانی تریدا نییە بەڵام بێگومان تایبەتمەندیی و خاسیەتی هیچکۆکی تێدایە و ئەمە ناکاتە ئەوەی کە فیلمێکی خراپە. هەر لەسەر ئەمە ئاکیرا کۆرۆساوای دەرهێنەری بەناوبانگ دەڵێت: لە فیلمەکانی هیچکۆکدا ئاڵۆزی و ناڕوونییەک هەیە، کەسێک کە سەیری بکات هەندێک جار کەمێک لێکدابڕان و نالۆژیکیبوون لە شوێنێکی چیرۆکەکەدا دەبینێتەوە بەڵام بە ڕای من بۆچوونێکی دروستە کە فیلم تەنها چێژبەخشین بێت، من لەو باڵندانە زۆر دەترسام، ئەوان چۆن ئەو دیمەنانەیان وێنە گرتووە؟

هیچکۆک و باڵندەکان

لە ڕاستیدا ئەوە تەنها ترس نییە کە فیلمەکانی هیچکۆکی گەورە کردووە، بەڵکو لە پشت ترسەکانەوە هەمیشە مەتەڵ و پرسیار هەن کە شیکار نەکراون، ئەم نائاگایی و نەزانینەش دەبێتە هۆکاری ترس، بێگومان لەگەڵ کەرەستەکانی تری وەکو میوزیک و کاریگەرە دەنگی و ڕەنگییەکان ئەم ترسە گەورەتر دەبێت. لێرە مێلنی دانیاڵس کاراکتەری سەرەکی فیلمەکەیە و لەگەڵ گەڕانی بە دوای میچ ئەو بە دوای مانای ژیانیشی دەگەڕێت، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی شتەکانی دەوروبەری مانایەک بە ژیانی بدات چونکە سامان و ناوبانگ ئەو وەڵامانە نەبوون بۆی تا هەڵگری مانایەک بن بۆ ژیانی بەڵکو ئەو بە هۆی باوکییەوە بووەتە ئامانج بۆ ئەوەی هەوڵی لەکەدارکردنیشی بدرێت. لە هەمان کاتدا کاراکتەری دایکی میچ ئەو ژیانەی کە پێشتر هەیبووە، ئێستا و دوای چوار ساڵ لە مردنی مێردەکەی مانایەکی ئەوتۆی نەماوە بەڵکو ژیانی پڕ بووە لە تەنیایی. لێرە مانا و پێناسەی ژیان بە پێی تێڕوانینی کاراکتەرەکان، پێناسەی جیاوازی هەیە کە ئەم پێناسەیە لێرە بە هۆی باڵندەکانەوە کاریگەری لەسەری دروست بووە. هەر بۆ نموونە مێلنی بە هۆی باڵندەی خۆشەویستییەوە بە دوای خۆشەویستی کەوتووە بەڵام دایکی میچ بە هۆی باڵندەی لالەی دەریا و قەلەڕەشەوە ژیانی لە داڕووخان نزیک بووەتەوە و تەنیایی زیاتر تەنگی پێ هەڵچنیوە!

ئەم پەیوەندییە نزیکەی باڵندەکان بە کاراکتەرەکانەوە زووبەزوو دەگوێزرێتەوە بۆ بینەر و سایکۆلۆژیای بینەر دەستکاری دەکات. تەنانەت بینەر لە هەندێک شوێنی فیلمەکەدا لەپڕ هەست بەوە دەکات کە خەریکە لە بیری دەچێتەوە هەناسە بدات و خەریکە دەخنکێت! ئەم کاریگەرییە گەورەیەی سینەمای هیچکۆک، بە هۆی بلیمەتی هیچکۆکەوەیە کە چۆن ترسەکان لەگەڵ پرسیارە قوڵەکان پێکەوە ڕیز دەکات و وا لە بینەر دەکات کە داببڕێت لە دونیای واقعی دەرەوە، کە ئەمە بۆ ژانری ترسناک شتێکی زۆر گرنگە. لێرە هەر وەکو هەموو جارێک هیچکۆک گرنگییەکی زۆری بە ساوند ئیفێکت داوە بەڵام میوزیکی بەکار نەهێناوە! لە هەندێک شوێن بێ میوزیکی و قڕەقڕی قەلەڕەش و ژاوەژاوی دەریاکان دەبێتە هۆی ترسێکی زۆرتر کە ئەمە بە هۆی زیرەکیی هیچکۆکەوەیە. فیلمەکە لە بەشێکی تریدا باس لە ئاستی کۆمەڵایەتیبوون و گۆشەگیربوونی مرۆڤەکان دەکات، وەکو چۆن لە شوێنێکدا لیدیا دەڵێت ”زۆر گرانە کاتێک ئەو کەسەی هەموو هێزتە و پشتت پێی بەستووە ئیتر دەڕوات و بوونی نامێنێت.” ڕوون بێت یاخود نا لیدیا و هاوسەرە کۆچکردووەکەی دوو باڵندەی خۆشەویستیی بوون، بە نەمانی یەکێکیان ئەوی تریان نووقمی تەنیایی بووە. ئەم جۆرە لە تێکەڵبوون و بوون بە تەونی جاڵجاڵۆکەیە وا لە بینەر دەکات کە بیری بچێتەوە ئەمە سینەمایە چونکە شتەکان زۆر قووڵترن لەوەی کە تەنها فیلمێک بن.

هەرچەندە لێرە وەڵامێکی ڕوون و لۆژیکی بۆ ترس و هێرشی باڵندەکان نابینیتەوە بە پێچەوانەی فیلمەکانی تری هیچکۆکەوە، ئەو ترسەی کە هەیە بەشێکی کارتێکراوە بە ئەتمۆسفیری فیلمەکە، بە مانایەکی تر ئیڤێنتەکان پارانۆڕماڵ ئاکتیڤیتین و قورسە زانستیانە لێیان تێبگەین. بەڵام هیچکۆک زیرەکانە لەم فیلمەدا هەردوو بەشی سایکۆلۆژیکاڵ سریلەر و پارانۆرماڵ فینۆمینای ئاوێتە کردووە بە یەکتر و فیلمێکی باشی لێ دروست کردووە، بە مانایەکی تر لە زۆر شوێن سایکۆلۆژیای کاراکتەرەکان ژینگەیەکی لەبارن بۆ دروستبوون و گەشەکردنی پارانۆرماڵ ئیڤێنتێک جا ئەگەر وەهم بێت یاخود بەشێک بن لە شتێک کە ئێمە لێی تێناگەین.

بەشی کۆتایی فیلمەکە هیچ وەڵامێکی بۆ بینەر تێدا نییە کە بۆچی باڵندەکان بوونەتە دوژمنیان؟ بۆ وا دەکەن؟ کەی وازدەهێنن؟ هۆکاری ڕاگەیاندنی جەنگیان لە دژی مرۆڤەکان چی بووە؟ هیچکۆک لێرە هەموو پرسیارەکان بە بێ وەڵام بۆ بینەر جێ دەهێڵێت. لێرە بەشێکی وێنە گەورەکە لە دیدی هیچکۆکەوە ئەوەیە کە باڵندەکان هۆکارێکی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی جەنگێکی گەورە لە دژمان ڕابگەیەنن و ببنە دوژمنی مرۆڤایەتی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەر لەو کاتەوەی کە مرۆڤ هێلانەی باڵندەکانی دۆزیوەتەوە هێلکەی باڵندەکانی دزیوە تا ئەوەی کە مرۆڤەکان پەڕی باڵندەکان بۆ نووسین، دیکۆر، کڵاو دروستکردن و زۆر شتی تر بەکار هێناوە، ئەمە جگە لە تێکدانی ژینگە و ڕاوکردنیان و کردنیان بە ژەمی سەرەکی ڕۆژ. بۆیە هیچکۆک پێی وایە کە بەشێک لە باڵندە لەناوچووەکان لەناو نەچوون بەڵکو لە لایەن مرۆڤەکانەوە لەسەر زەوی سڕاونەتەوە و بە تەواوی لەناو براون. هەندێکی تریان لە قەفەس نراون و بە شکۆوە نمایش دەکرێن بۆ میوانەکان. لە کۆتایی فیلمەکەدا ئەو ڕاستییە نیشانی بینەر دەدات کە سەرەڕای ئەوەی دوو باڵندەی خۆشەویستی بێتاوانن بەڵام هێشتا مرۆڤەکان هەر بەندیان کردوون لە نێو قەفەسەکانیاندا، لە دیدی هیچکۆکەوە ئەوان ئازادییان لێ زەوت کراوە هەر بۆیە هیچکۆک باڵندەکانی دروست کردووە.

هاوبەشی بکە

Hitchcock, the birds,