27/04/2024
DidiMn Logo
Top

سایکۆ، نۆبەرەیەکی سەختی هیچکۆک

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

داریان جەمال و محەمەد حاجی

لەبەر ئەوەی لە هەندێک شوێن پێویست دەکات، بۆیە نووسینەکە سپۆیڵ لەخۆ دەگرێت. سەرەتا سەیری فیلمەکە بکە.

فیلمی سایکۆ، دەشێت یەکێک بێت لە جەربەزەترین و بوێرانەترین ئەو فیلمانەی کە ئالفرێد ھیچکۆک کاری دەرھێنانی بۆ کردووە، بە ھۆی ئەوەی پێش ئەم فیلمە چەند شتێک هەبوون هێڵی سووربوون و چەند شتێکیش هەبوون کە وەکو بڵێیت ”مەحاڵی سینەمایی” بوون، بەڵام لەم فیلمەدا هیچکۆک دووبارە کارتەکانی دابەش کردەوە و ڕێچکە باوەکانی سینەمای بە جۆرێک لە جۆرەکان شکاند و مەحاڵی کردە واقیع کە ئەمە وای کرد ناوی هیچکۆک لە ئاسمانی سینەمادا بە پرشنگداری بدرەوشێتەوە.

هیچکۆک سەرەتا دەیویست کە فیلمێک دروست بکات و ئەوەی لە مێشکیدایە بە بێ هیچ سانسۆرێک بیهێنێتە سەر شاشەی هۆڵەکانی سینەما، کە ئەمە هەر لە سەرەتاوە بووە گرفت بۆی. لە دوای ئەوەی کە کەوتە گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیای پاراماونت پیکچەرز، یەکەم کارتی زەردی بە ڕوودا بەرز کرایەوە و پێی گوترا ئەوەی کە تۆ بەتەمایت بە بێ دوودڵی شکست دەهێنێت.

بە هۆی ئەوەی کە فیلمەکە دیمەنێکی لەخۆ دەگرت کە مێینەیەک لە بانیۆیەکدا خۆی دەشوات، کە ئەم گرتەیە هێڵی سوور بوو بۆ ئەوکات و شتێکی نوێ بوو، لە هەمان کاتدا پڵۆتەکەی شتێکی تێدا بوو کە نزیک بوو لە مەحاڵەوە، ئەویش کووشتنی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە لە شوێنێک لە نێوانی سەرەتا و نیوەی فیلمەکەدا!

ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە ڕای بڕیاردەرانی ستۆدیۆکانی پاراماونتەوە ڕیسک و بڕیارێکی زۆر دژوار بوو، چونکە ئەم فیلمە بە پێچەوانەوەی ڕووبارەکەوە مەلەی دەکرد، هەر بۆیە لە سەرەتادا ڕێک نەکەوتن، بەڵام هیچکۆک هەر سوور بوو لەسەر دروستکردنی فیلمەکەی، ئەم جارە ئۆفەرێکی باشتری پێشکەشی پاراماونت کرد و پێی گوتن کە مووچەکەی خۆی کە 250 هەزار دۆلارێک بوو، دەیخاتە بری شەست لە سەدی مافی خاوەندارێتی فیلمەکە و لە ئەگەری شکست و سەرکەوتندا زۆرینەی دەرئەنجامەکەی هی خۆیەتی جا ئەگەر سەرکەوتن بێت یان شکست! پاراماونت ئەمەی قبوڵ کرد و نزیکەی کەمتر لە ملیۆنێک دۆلاری بۆ فیلمەکە تەرخان کرد.

هیچکۆکی دەرهێنەر سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی کەمتر لە ملیۆنێک دۆلاری کۆ کردەوە. ئەو دەیزانی کە بوودجەی فیلمەکەی بەشی دروستکردنی فیلمی ڕەنگاوڕەنگ ناکات، بۆیە بڕیار دەدات کە بە ڕەنگی ڕەشوسپی فیلمەکە دروست بکات! دوای ئەم بڕیارەی، هیچکۆک ئیتر لە خەمی دواتردا دەبێت کە ئاشکرا نەبوونی سیناریۆ و پلۆتی فیلمەکەیەتی، هەر بۆ ئەمەش پەیمان لە هەموو ستافی فیلمەکە وەردەگرێت کە بە وشەیەکیش بێت نابێت باسی سیناریۆ و پلۆتی فیلمەکە بکەن، بۆ ئەوەی شتەکان لەسەر سکەی خۆیان بڕۆن و هەر دوای ئەمەش کامپینێکی گەورەی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بەرگرتن بە سپۆیڵ ڕاگەیاند. بەڵام ئەمە دادی هیچکۆکی نەدا و پێش سێ مانگ لە نمایشکردنی فیلمەکەی، ئەوەی هیچکۆک لێی دەترسا ڕووی دا، کۆتایی فیلمەکەی سپۆیڵ کرا! بەڵام هیچکۆکی ئیرادە پۆڵاین لە بەرامبەر ئەمەشدا چۆک نادات و ناوەستێت. بڕیار دەدات کە فیلمەکەی هەرچۆنێک بێت لەسەر ڕێچکەی ئاسایی خۆی بەردەوام بێت و لە بەرواری دیاریکراودا نمایش بکرێت!

گەر بێینە سەر ناوەڕۆکی فیلمەکە، لەم فیلمەدا ئالفرێد ھیچکۆک دێت و چەند بڕیارێکی بوێر و ھاوکات جەربەزە دەدات، کە پێشتر شتێکی وەها نەکراوە لە مێژووی سینەمادا ئەویش بە وروژاندنی باسێکە کە پێشتر ھیچ دەرھێنەرێک بوێری ئەوەی تێدا نەبووە ئەو ڕێچکەیە بکاتەوە و ڕێچکە باوەکان بشکێنێت. بەڵام لێھاتوویی ھیچکۆک کارێکی وا دەکات نەک ئەوەی کە کەس نەتوانێت ڕەخنە لە جەربەزەییەکەی بگرێت، بەڵکو تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش لە نێوەندەکانی سینەمادا دەبێت بە ناچاری لە وانە سینەماییەکاندا ئەو بوێرییەی ھیچکۆک بخوێندرێت!

The Secrecy of Psycho

یەکێک لە گرنگترین بڕیارە ڕێچکەشکێنەکانی ھیچکۆک لەم فیلمەدا کووشتنی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە! وەک دەزاندرێت پاڵەوانی سەرەکی لە سینەمادا بە ڕۆژگار ئەمڕۆیشەوە کەم دەرھێنەر ھەیە بوێری ئەوەی تێدا بێت کە پاڵەوانی سەرەکی لە یەکێک لە دیمەنەکاندا لەناو بەرێت، چونکە لە فیلمێکی دوو بۆ سێ کاتژمێریدا کارێکی نیمچە مەحاڵە کە بتوانیت کارەکتەری سەرەکی بکووژیت و دواتر بناغەی کارەکتەرێکی نوێ دابڕێژیت، باوەڕ بە بینەریش بھێنیت کە بەسۆز و کارتێکراو بێت بە کارەکتەرە نوێیەکەت. ھەر بۆیە زۆربەی دەرھێنەرەکان خۆیان لەمە لا دەدەن، بەڵام ئێمە باسی ھیچکۆک دەکەین، مامۆستا لە ئیشکردن لەسەر سایکۆلۆژیای بینەر! ھەر بۆیە لە فیلمی سایکۆدا سەرەتا بینەر ناچار دەکات سۆزدار بێت بە کارەکتەرێک بە ناوی ماریۆن. ئەم کارەکتەرە بە هۆی زیرەکیی هیچکۆکەوە لە سەرەتادا بە شێوەی فریشتە دەردەخرێت، ڕەنگی جلی ژێرەوەی سپییە، بەڵام دوای ئەوەی ئەم کارەکتەرە بڕێک پارەی لە لایەن بەڕێوەبەرەکەی لە لا دادەنرێت وەکو سپاردەیەک، ماریۆن ئەو بڕە پارەیە بە زۆر دەزانێت و بەبێ ئەوەی بە باشی بیر لە دەرەنجامەکانی بکاتەوە ھەر ئەو ڕۆژە بڕیار دەدات ئەو پارەیە لەگەڵ خۆیدا ببات و ھەڵبێت، دواتر هیچکۆک ڕەنگی جلەکانی ژێرەوەی ماریۆن دەکات بە ڕەش وەکو ئەوەی کە تاوانێکی کردبێت! لە درێژەی چیرۆکی پارە بردنەکەدا بینەر دەکەوێتە جۆرە حاڵەتێکی دڵەڕاوێکی سەیرەوە! خۆنەویستانە سۆزدار دەبێت بەرانبەر بە ماریۆن کاتێک ڕووبەڕووی مەترسییەک دەبێتەوە، بێ ئەوەی ھۆشی لای ئەوەبێت ئەو کارەی ماریۆن پێی ھەڵساوە بە پێی پێوەر و ئادابی گشتی بۆ تاوان کارێکی تەواو ھەڵەیە. بەڵام ھیچ بینەرێک نییە لەو کاتەدا ئارەزووی ئەوە بکات کە ماریۆن لە لایەن پۆلیسەکەوە دەستبەسەر بکرێت لە یەکێک لە دیمەنەکانی سەرەتادا.

هەر لەو کاتەی کە ماریۆن لە لایەن پۆلیسێکەوە ڕادەگیرێت، لەوێدا یەکەم داو لە لایەن ھیچکۆکی مەزنەوە دانراوە و بینەرەکانی پێ ڕاو دەکات. لەوانەیە بڵێیت چۆن؟ بەڵێ هیچکۆک زیرەکانە بینەر دەخاتە دڵەڕاوکێوە بەوەی ماریۆن دەخاتە ناو مەترسییەوە وەک کارەکتەری سەرەکی یەکەم، ھیچکۆک بەم دەستپێکە لە فیلمەکەیدا بە ئیشکردنێکی ورد لە سەرەتادا کارەکتەرێک لە نەستی بینەردا خۆشەویست دەکات کە بە پێوەری گشتی ئەو کەسە تاوانبار و ناپەسەندە. بەڵام ھیچ بینەرێک ئەو ڕاستییە ناھێنێتە بەرچاوی خۆی بەڵکو ھەموو بیری لای ئەوەیە کە ماریۆن چۆن چۆنی دەشێت دەربازی ببێت لەو مەترسییانەی کە دێنە بەردەمی، یاخود چ چارەنووسێک چاوەڕوانی دەکات. بێئاگا لەوەی کە ماریۆن کارەکتەری ناوەندی و سەرەکی نییە! کاتێک ماریۆن لە ھۆتێلێکی تۆزێک دوورەدەست لا دەدات بۆ ئەوەی پشوویەک وەربگرێت ئا لەوێدا بێئاگایانە سایکۆلۆژیای بینەر تۆزێک ئارام دەبێتەوە چونکە دەبینێت پاڵەوانی فیلمەکە ئیتر ئێستا لە مەترسی دەستبەسەرکردن دوورە. بەڵام شۆکی سەرەکی لێرەوە دەست پێ دەکات چونکە ھیچکۆک بڕیار دەدات ئیتر ڕۆڵی ئەم کارەکتەرە کۆتای پێ بێنێت و کەسێکی تر شوێنی پاڵەوانی سەرەکی بگرێتەوە کە نۆرمان بەیتسە! ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو کەسەی کە پێشتر وا دەزانرا پاڵەوانی سەرەکییە و بینەر ھەست و سۆزی بۆی ھەبوو ئێستا لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە دەکووژرێت و ھەر ئەو بکووژە دەبێتە کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە! بەڵام ھیچکۆک دووبارە بە تەکنیکێکی ورد وا لە بینەر دەکات کە بکووژی پاڵەوانەکەی یەکەمی لە لا خۆشەویست ببێت و لەگەڵ بوونی مەترسی ئەویش سایکۆلۆژیای بوروژێت کە دووبارە ئەمیش هەر تاوانبارە!

جێگای خۆیەتی بپرسین ئەوە چ جادوویەکە وا دەکات بینەر ئارەزووی مانەوەی تاوانبار لە دوای تاوانبار بکات؟ ئەمە چ تەکنیکێکە وا قووڵ ئیشی لەسەر سایکۆلۆژیای بینەر کردووە کە بە کەمتر لە نیو کاتژمێر سایکۆلۆژیای بینەر وەها لێ دەکات دەستبەرداری پاڵەوانی سەرەکی ببێت بۆ کارەکتەرێکی بکووژی لەپڕ دەرکەوتوو؟ بەڵێ، لەوانەیە ئەگەر ئێمەش لە جێگای پاراماونت پیکچەرز بوینایە شکستێکی زۆر چاوەڕوانکراومان بۆ ئەم فیلمە دابنایە. بەڵام ئەم جۆرە ئیشکردنەی هیچکۆک وانەی سینەماییە و هیچکۆک بە مەزنی خۆی ئەمەی دروست کردووە، چونکە لەناوبردنی پاڵەوانی سەرەکی ھەر وا کارێکی ئاسان نییە، چونکە دەرھێنەر دەبێت بەھانەیەکی بەھێز بداتە دەستی بینەر کە بۆچی پاڵەوانی سەرەکی لەناو برد؟ دیسان لەو ماوە کورتەی فیلمەکەدا بینەر ناچار بکات کە سۆز و خۆشەویستیی لە لا دروست ببێت بۆ پاڵەوانێکی نوێ. ئەوەی مایەی سەرنجە فیلمەکە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو، بووە سەرکەوتووترین فیلمی هیچکۆک لە ڕووی داهاتەوە، تەنها داهاتی هیچکۆک خۆی نزیکەی ١٥ ملیۆن دۆلار داهاتی بوو! سکۆری فیلمەکە شانبەشانی نواندنی نایابی ئەکتەرەکان و دەرهێنانی دەرهێنەری مەزن هیچکۆک، شاکارێکی دروست کرد و کووشتنی پاڵەوانی سەرەکی لە چارەکی یەکەمی فیلمێک و بنیاتنانی چیرۆکی پاڵەوانێکی تری نوێی لە فیلمێکی دوو کاتژمێریدا لە کارێکی ئەستەمەوە کرد بە شتێکی واقعی لە جیھانی سینەمادا.

هاوبەشی بکە

Hitchcock, Wtari Cinema,