26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڤێرتیگۆ، ترسێکی تری لەفرەیمنراوی ئالفرێد هیچکۆک

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیمەنێک لە فیلمی 'ڤێرتیگۆ'

داریان جەمال

فۆبیا بریتییە لە ترسێک کە کەسێک بۆ شتێکی دیاریکراوی هەیە، فۆبیا چەندین جۆر و شێوەی هەیە، یەکێک لەو ترسانەش (Acrophobia)یە کە ترسە لە بەرزی. ئالفرێد هیچکۆکی دەرهێنەر وەکو هەموو جارێکی ترسێکی هەڵبژاردووە تا بیکاتە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی فیلمێکی باشی لێ دروست بکات. کاتێک لە هیچکۆکی دەرهێنەر دەپرسیت فیلمی باش دەبێت چۆن بێت؟ ئەو لە وەڵامدا دەڵێت: ”فیلمی باش بریتییە لە سیناریۆ؛ سیناریۆ، ئینجا سیناریۆ!” ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٢ فیلمی ڤێرتیگۆی ئەم جۆرە عەقڵیەتە جێگای بە فیلمی سیتیزن کەینی ئۆرسن وێڵز چۆڵ کرد و لە جێگای ئەو بووە باشترین فیلمی هەموو کاتێک!

هیچکۆک لە منداڵیدا بە هۆی ئەوەی باوکی دەینێرێتە لای ئەفسەرێکی پۆلیس تا بەندی بکات بۆ ماوەی دە خولەکێک، ئیتر ئەوە بۆ هەموو تەمەنی بەسە تا لە پۆلیس بترسێت. هیچکۆک دەڵێت: ”من لە منداڵی بچوک و پۆلیس و شوێنی بەرز دەترسم. تاکە ڕێگەش بۆ دەربازبوون لە ترسەکانم کردنیانە بە فیلم.” لەوانەیە لەمەوە ئەوەمان بۆ دەربکەوێت کە ترسەکان چارەسەرێکی وایان نەبێت لای هیچکۆک، تەنها ئەوە بێت کە بوونیان لەگەڵ بینەر شەیر بکرێت گەرنا ڕێگەیەکی وەها نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان! هیچکۆک، بۆ ئەوەی بینەر ڕابکێشێتە ناو فیلمەکەوە پێویستی بەوەیە ئەتمۆسفیرێک لە لای بینەر دروست بکات کە لە واقیعەوە نزیک بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا واقیعێکی تەواو واقیعی نەبێت بۆ بیرلێکردنەوە.

هیچکۆک لەم فیلمەدا ڕۆڵی لێکۆڵەرێکی تازە خانەنشینبوو بە ناوی جۆن سکۆتی دەداتە جەیمس ستیوارتی ئەکتەر کە خاوەن فۆبیایە لە شوێنی بەرز و خاڵی لاوازی جۆنی کارەکتەر ترسیەتی لە شوێنی بەرز. لەمەوە کارەکتەرێکی تری فیلمەکە سوود لەم ترسە دەبینێت و ئەمە بەکار دەهێنێت بەڵام بۆ ئەوەی فیلمەکە سپۆیڵ نەبێت باسی ئەم بەشەی فیلمەکە ناکەین. لەم فیلمەدا میوزیک و وێنە هاوسەرگیری ڕاستەقینە دەکەن، دەبنە شتێکی پێرفێکت پێکەوە، پێکەوە دەبنە دوو باڵ و فیلمەکە دەگوێزنەوە ناو ئەتمۆسفێری خۆی. لەوانەیە هێشتا ئەو پرسیارەت هەبێت کە ئایا بۆچی دوای شەش دەیە ئەم فیلمە وەها بەناوبانگە و تەختی پادشایەتیی باشترین فیلمی هەموو سەردەمێکی لە فیلمی سیتزن کەین وەرگرتووەتەوە؟! هۆکاری ئەمە بەشێکی ئەوەیە کە ئەم فیلمە لینک و پەیوەندی قووڵی نێوان ئەوەی کە لێی دەترسین لە لایەک و ئەوەی ئارەزووی دەکەین لە لایەکی تر باس دەکات. بە واتایەکی تر؛ ئایا ئەوەی لێی دەترسین کۆنتڕۆڵمان دەکات یاخود ئەوەی ئارەزووی دەکەین؟ دەکرێت وەڵامەکە ڕێژەیی بێت و دەشکرێت زیاتر بە لایەکدا دابشکێندرێت بەڵام ئەمە تەنها هۆکار نییە. لەگەڵ ئەو خاڵەی سەرەوە چەندین شتی تر لە پشتی ئەم فیلمەوەیە. لەوانە خاوەنی پڵۆت تویسی زۆر چاوەڕواننەکراو، میوزیکی های سریلەر، قوربانی قژزەرد، سینەماتۆگرافی زۆر نایابە شانبەشانی پالێتی ڕەنگی ئامادەکراو بۆ بەخشینی موودی تایبەت بۆ ئەوەی بینەر بچێتە ئەو دۆخەی کە دەرهێنەر دەیخوازێت و پەیام وەربگرێت، کە ئەمانە گرنگترین سیفەتەکانی ئەم فیلمەیە.

لێرەوە ناکرێت بەگشتی باسی فیلمەکە بکەین، بەڵکو ئیدی پێویستمان بە سپۆیڵە. هیچکۆک زۆر زیرەکانە و وەک هەمیشە کیم نۆڤاکی قژزەرد و بڵۆندی ئاکتریست دەکاتە بلۆند ڤیکتمێکی تری فیلمەکانی و سۆزی بینەر ڕادەکێشێت بۆ بابەتەکە و وای لێ دەکات لە بیرەوەرییەکانی بینەردا بچەسپێت، بەڵام کارەکتەری سەرەکی پێویستی بە سۆزی زیاترە هەر بۆ ئەم مەبەستەش هیچکۆک جەیمس ستیوارت بەکار دەهێنێت تا ڕۆڵێکی سوپەر بگێڕێت. ”هیچکۆک بلۆند” تێرمێکی داهێنراوە لە لایەن شارەزایانی سینەماوە کە مەبەست لێی بریتییە لە خانمێکی قوربانی قژزەرد کە هیچکۆک زیرەکانە بۆ ڕاکێشانی سۆزی بینەر دەیکاتە قوربانی و تیرۆری دەکات. هیچکۆک لە سەر ئەمە دەڵێت: ”بلۆندەکان باشترین قوربانییەکانن. ئەوان وەکو بەفری سپی تازەباریو وان کە شوێن پێیەکان لەسەریان دیار دەبێت.”

ئەم فیلمە باس لە پیاوێک دەکات کە دەیەوێت بە جۆرێکی زیرەکانە خاڵی لاوازی لێکۆڵەرێک بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی ژنەکەی تیرۆر بکات و تەسفیەی بکات بە هاوکاری کچێکی تر کە لە هاوسەرەکەی دەچێت. ئەم کچە ڕۆڵی مادڵین بە فەیکی دەگێڕێت و خۆی ناوی جودییە. لێرە خاڵی پێکەوەبەستنی جودی و سکۆتی مەرگی مادڵینە. پڵۆت تویستی فیلمەکە بریتییە لە دووبارە بینینەوەی کچێک بە ناوی جوودی و دواتر بینینی ملوانکە ئایکۆنیەکەی کارلاتا. بینەر شۆک دەبێت بە دووبارە بینینەوەی جوودی چونکە مێشکی بینەر لەسەر مەرگی مادڵین پڕۆگرام کراوە و کاتێک کە بۆی دەردەکەوێت فێڵی لێ کراوە، بە هۆی بەهێزیی سیناریۆکەوە وای لێ دێت کە ڕووداوەکان قبووڵ بکات. ڕەنگی سەوز پالێتێکی دیارە بۆ کارەکتەری جوودی-مادڵین کە زیاتر مەبەستی دەرهێنەر لێی، ئارەزووە بۆ ژیان لە کاتێک کە مردن چارەنووسە!

کارەکتەری سکۆتی کۆنتڕۆڵ کراوە. هەندێک جار بە ترس و هەندێک جاری تر بە ئارەزووەکانی. بە واتایەکی تر هەندێک جار پاڵنەرەکانی ترسە (لە دەستپێک کە پۆلیسەکە دەکەوێتە خوارەوە، لەو کاتەی کە مادڵین ڕا دەکاتە سەرەوە، تەنانەت ئەو کاتەیشی کە دوای کارەکتەری جوودی دەکەوێت بۆ ژوورەکەی بەشێکی لە ترسی تەنیابوونیەتی لە نەبوونی مادڵین.) لە هەندێک جاری تریشدا پاڵنەرەکانی ئارەزووە (لەو کاتەی کە دەیەوێت کارەکتەری جوودی ترانسفێر بکات بۆ کارەکتەری مادڵین، لەو کاتەی کە دەیەوێت ترسەکەی بە هۆی جوودییەوە لەناو ببات، لەو کاتەی کە ڕازی دەبێت کاری لێکۆڵینەوەکە وەربگرێت.) لە بەرامبەردا کارەکتەری جوودی-مادڵین کارەکتەرێکی تەواو لاوازە لە بەردەم سۆزدا و تەنها پاڵنەر بۆ کردنی ئەوەی کە دەیکات خۆشەویستییە! ئەو خۆی دەکاتە ئەوەی کە سکۆتی خۆشی دەوێت تەنها بۆ ئەوەی سکۆتی خۆشی بوێت.

هیچکۆک زیرەکانە کارەکتەری نێرینە، بەهێز و خاوەن توانا دەردەخات تا بیکاتە مایەی چەسپاندنی دادوەری لە چیرۆکەکەیدا! بەڵام ئەم کارەکتەرە بەهێزە خاڵی لاوازی خۆی هەیە وەکو هەمیشە. پرچی هەریەکە لە کارلاتا و مادڵین لوولییەکی تیایە لە کۆتایی بەستنەکەی کە شێوە قووڵییەکی تێدایە ئەمە هەمان ئەو سپایڕاڵ شەیپەیە کە کاتێک کامێراکە لە بەشی ناوەڕاستی پلیکانەکانەوە بەرز دەبێتەوە شێوەیەکی سپایڕاڵ دروست دەکات و پێی بزانرێت یان نا هەمان شتن بۆ ترسی سکۆتی! لە لایەکی تریشەوە هۆکاری یارمەتیدانی جوودی بۆ کووشتنی مادڵین  زۆر ڕوون نییە کە ئایا سەفقەیەکی پارە لە بەرامبەر کووشتنە؟ یاخود خیانەت-کووشتنە؟ بەڵام ئەوەی کە لێی دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە لەبەر پارە یارمەتیی ئیلستەری دابێت کە هاوسەرەکەی بکووژێت.

کۆتایی فیلمەکە لە جاری یەکەم بۆ من بڕواپێکەر نەبوو، پێم وا بوو ئەوە کۆتاییەکی خراپە بۆ فیلمێکی باش. بەڵام لە جاری دووەم بینیم کە لە ڕووی مۆڕاڵییەوە گەیشتنی هەردوو مەین ئەکتەری بێتاوان و مەین ئەکتریسی تاوانبار بە یەکتر کارێکی هەڵەیە. لە ڕاستیدا جوودی کارەکتەرێکی تینوو بە خۆشەویستییە هەر بۆ ئەمەش سەرەڕای هەموو ترسەکانی دەیەوێت ئارەزووەکانی بە خۆگۆڕینی بۆ مادڵین پڕ بکاتەوە بەڵام هەرچەندە جوودی چەند لە کۆتاییدا داوای لێخۆشبوون لە سکۆتی دەکات و ئەویش دواتر دەیبەخشێت بەڵام هێشتا جوودی هەست بە تاوان دەکات و لە کاتی ئەوەی کە ڕەبەنەکە دەبینێت و بەوە دەزانێت کە گیراوە، لە ترسدا هەڵپە دەکات و لە شوێنی خۆی نامێنێت و دەکەوێتە خوارەوە. لێرەدا ڕەبەنەکە بریتییە لە ڕاستییە نکۆڵی لێ نەکراوەکان کە ڕووبەڕووی جوودی دەبێتەوە. ڕاستییەکەش ئەوەیە کە ئەوەی هەڵە بێت هەر هەڵەیە تەنانەت ئەگەر بۆ خۆشەویستیش بێت. کارەکتەری جوودی لە تەواوی فیلمەکەدا تەنها لێرەدا ترس کۆنتڕۆڵی دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرگێژبوون و کۆتایی ئەو. ئەم شۆکەش هەر ئەو شۆکەیە کە میچ لە سەرەتای فیلمەکە بۆ سکۆتی باس دەکات بۆ ڕزگاربوون لەو ترسەی کە هەیەتی!

هاوبەشی بکە

Hitchcock, Wtari Cinema,