19/03/2024
DidiMn Logo
Top

هونه‌رمه‌ندی نه‌مساوی “سۆشانا ئه‌فرۆیم”

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

‎له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌: كەنار قەرەداغی

‎خۆزگە باڵندەیەک دەبووم، تاوەکو بمتوانیبایە دوور دوور لێرە بفڕم…

‎ئاواتی سۆشانا لە دواهەمین ساتەکانی ژیانیدا، ئەو کاتەی لە خەڵوەتگەیەکی پیریی لە نەمسابوو. ئاواتی ئەوەبوو کە باڵبگرێت و بفڕێت و دوور دوور لە دیوارەکانی خەڵوەتگەو نەخۆشخانە دەرچێت. سۆشانا هەرچەندە لەدواساتەکانی تەمەنیدا دەستێکی لەکار کەوتبوو، بەڵام بە دەستەکەی تری هەمیشە وێنەی دەکێشاو ھەتا کۆتاڕۆژی ژیانی.

‎سۆشانا لە یەکی ڕەزبەری ١٩٢٧ لە ڤین لەنێو خێزانێکی یەهوودیدا چاوی کردووەتەوەو هاتۆتە دنیاوە. خێزانەکەی لە ڕووی ئابورییەوە لە ئاستێکی بەرزدابووەو باوکی بازرگانێکی ناودارو گەورەبووە، دایکیشی دەستڕەنگین و پەیکەرتاشبووە. هەڵبەتە هاوسەرگیری دایک و باوکی بەشێوەیەکی داڕێژراو بووە، کە هیچ پەیوەندییەکی خۆشەویستیان نەبووە پێکەوەو بیروڕایان زۆر لەیەکتری جیاوازبووە. هەر ئەوەیش بوو کە باوکی سۆشانا دژی بەهرەکەی سۆشانا بووەو دایکی بەپێچەوانەوە هەمیشە هانی داوە کە بەردەوامبێت.

‎هەڵبەتە ئەم ژیانە ئارامەی خێزانەکەی زۆر درێژە ناکێشێت و بەهۆی جەنگی جیهانی دووەم و دەسەڵاتی هیتلەرو هەوڵدانی بۆ بنەبڕکردنی یەهودییەکان، تەنگی پێهەڵچنین و سەرجەم ماڵ و سامانەکەیان جێهێشت و هەڵهاتن بەرەو سویسرا، پاشان بۆ پاریس. دواتریش بەرەو ئینگلاند، ئینجا لەوێ سۆشانا و براکەی توانیان بخوێنن و چێژ لەژیان وەربگرن، بەڵام بەهەمان شێوەی پێشوو نا، چونکە باوکی سەرجەم سامانەکەی جێهێشتبوو، دایک و باوکی دەبوو لە کارگە کاربکەن و زۆرجار خواردنیان نەبووە کە بیخۆن، لە ئینگلاندیش جەنگ دەستی پێکردبوو، بەچاوی خۆی دەیبیبی کە چۆن موشەکەکان تەلاربەتەلار وێران دەکەن. دوبارە بەرەو ئەمەریکا سەفەر دەکەن و لەوێ دایک و باوکی سەرلەنوێ دەست پێدەکەنەوەو دوکانێک دادەنێن. سۆسانایش دەبوایە کاری بکردایە، هەرچەندە لە کارگەکان زۆربەی کات دەرکراوە، بەهۆکاری ئەوەی کە کارەکەی فەرامۆشدەکردو دەستی دەکرد بە وێنەکێشان. هەر لەوکاتەدا کە تەمەنی لەنێوان ١٦ بۆ ١٧ ساڵیدا دەبێت، وێنەکێش و هونەرمەند کیس ئەفرۆیم دەناسێت و دەبێتە قوتابی ئەفرۆیم و ئەویش فێرە وێنەکێشانی دەکات و دەیباتە پێشانگەکانەوەو نازناوی سۆشانای لێدەنێت، کە ناوەکەی گۆڕانکاری تێدانەکراوە، بەڵکو بە زمانی عیبری سۆشانا بە سۆزانا دەخوێنرێتەوە. پاشان دەبنە خۆشەویست و دواتریش هاوسەر.

‎سۆشانا و ئەفرۆیم بۆ ماوەی ساڵێک بە ئۆتۆمۆبیل ئەمەریکا دەگەڕێن و دواتر کوڕەکەیان دێتە دنیاوەو ژیانێکی نمونەیی دەبەنەسەر، بەڵام ئەم بەختەوەرییەی بەردەوام نابێت و لەڕووی داراییەوە بەجۆرێک خراپ دەبێت کە سۆشانا داوا لە باوکی دەکات کە یارمەتی بدات. بەڵام باوکی بەو مەرجە یارمەتی دەدات کە لە هاوسەرەکەی جیابێتەوە.کە سۆشانایش وادەکات و منداڵەکەی بەجێدەهێڵێت. دواتر ئەفرۆیمیش کوڕەکەی دەباتە خانەیەکی بێسەرپەرشتان.

‎ئیدی ژیانی  هونەری سۆشانا لەوێوە دەست پێدەکات. کاتێک دوبارە دەچێتەوە پاریس، ئەتالییەک بەکرێ دەگرێت، ئەتالییەکی ساردوسڕ کە بەزستاندا دڵۆپەی ئاو دەکەوتنە سەر تابلۆکانی. سۆشانا ژیانێکی قورسی بەڕێکردووە، زۆرکات لەگەڵ هونەرمەند و تابلۆکێشەکانی ئەوسەردەمە  دادەنیشت و گفتۆگۆیان لەسەر هونەر کردووە. بەڵام زۆربەیان بەهۆی سەختی ژیانەوە وازیان لە هونەرەکەیان دەهێناو کارێکی دیەکەیان دەکرد.

‎لەو سەردەمەدا بۆ ژنێک بەتەنیا ئاسان نەبووە کە بیەوێت ببێت بە هونەرمەندو تابلۆ بنەخشێنێت، ڕووبەڕووی زۆر تەنگ و چەڵەمە بووەتەوە لەکاتێکدا ئەتالییەکەی پێشووی تابلۆکار «گاوگین» بەکرێ دەگرێت تێدەگات کە ئەویش بە چ تەنگییەکدا تێپەڕیوە، چونکە ئەو شوێنە بۆ ژیانکردن زۆر نەگونجاوبوو، بەڵام وازی نەهێناوەو بەردەوام بووە، سۆشانا لەگەڵ «کوپکا، پیگنۆن، ماکس ئێرنست، ئێمیلییە گیلیۆلی و…» چەندەها هونەرمەندی تردا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبووەو بەردەوام یەکتریان هانداوە. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلەرییەکان وێنەیان لێکڕیوەو وردەوردە ژیانی بەرەو باشبوون ڕۆیشتووە، باوکی ئاپارتمانێکی بۆکڕیوەو توانیویەتی بەئارامی وێنە بکێشێت.

‎هەرچەندە سۆشانا بەدەوری زەویدا گەشتی کردووەو بە جیهاندا گەڕاوەو پێشانگەی بۆکراوەتەوە، بۆنموونە پازدەجار گەشتی هیندستانی کردووەو ئەوەی ویستویەتی تاقیکردووەتەوە، مادەی هۆشبەری بەکارهێناوەو بەدوای خۆشبەختی و ئارامیدا وێڵ بووە، بەڵام هەمیشە بەتەنیا بووە، وەک خۆی دەڵێت من هەمیشە بەتەنیا بووم، خەونی ژیانێکی سادەو لەنێوان ئازیزانمدا لە شەوانی تەنیاییمدا دەستیان دەدایە بینەقاقام و ئارامییان لەبەر دەبڕیم، دووری کوڕەکەم و بێئەمەکیین بەرانبەری فرەئازار بەخشبوو، بەڵام هەرچۆنێکبوایە فڵچەکەم هەبوو دەمتوانی بکێشم، وێنەکێشان تەنیا شتێک یاخود کارێکبوو کە دەمویست بیکەم و ھیچی تر…

‎کاتێک لەپێشانگەیەکی پیکاسۆدا، پیکاسۆ چاوی بە سۆشانا دەکەوێت، داوای لێدەکات لەماڵەکەی خۆی سەردانی بکات، سۆشانایش دەچێت و لەگەڵ خۆیدا پێنوس و کاغەز دەبات و داوای لێدەکات کە وێنەی بکێشێت پیکاسۆیش هەر لەوکاتدا دەیکێشێت. بەڵام دواتر سۆشانا ئەو تابلۆیەی پیکاسۆ بەهۆی کێشەی ئابورییەوە دەفرۆشێت. ئیدی پیکاسۆو سۆشانا لە زۆربەی شوێنەکاندا پێکەوە دەردەکەون و تاکو پیکاسۆ داوای لێدەکات کە لەگەڵی بژی، بەڵام سۆشانا لەترسی ئەوەی کە ڕەنگە دوبارە منداڵی ببێت و دوای شەش مانگ منداڵەکە جێبهێڵێتەوە، وەڵامی ھیچی پیکاسۆ ناداتەوەو دەڕوات و ئەو شارەیش جێدەهێڵێت.

‎ئیدی سۆشانا دەبێتە تابلۆکێشێکی بەناوبانگ و تابلۆکانی بە نرخێکی باش دەفرۆشرێن و وەک ژنێک جێگەی خۆی دەکاتەوە لە کۆمەڵگەیدا.

‎سۆشانا لە هیچ جێیەکی دنیا هەستی بەئارامی نەکردووەو بە ماڵی خۆی نەزانیوە، هەمیشە لە جێگەیەکەوە بەرەو جێگەیەکی دیکە گەشتی کردووە.

‎سۆشانا بەیەکێک لەو ژمارە کەمەی وێنەکێشەی نەمسا دادەنرێت کە تابلۆکانی بە کلاسیک لەهەمانکدا مۆدێرن ناوزەند دەکرێت، لەسەرەتادا شێوازی ڕیالیسموس و سۆسیالی پەیڕەوکردووە. وردە وەردە بەرەو ئەبستراکت هاتووەو بەهەمانشێوە ستیلی کالیگراف و بەکارهێنانی ڕەنگە تۆخەکانی بونەتە هێمایەک بۆ ناسینەوەی تابلۆکانی.

‎سۆشانا نەک تەنیا لە ئەوروپا بەڵکو لە ئەمەریکایشدا جوڵەی خستبووە کۆمەڵەی هونەرمەندانی ئەو سەردەمەوە، هاوڕێی زۆربەی بەهرەمەندەکانی ئەوکاتە بووە، بە نمونەیش «پابلۆپیکاسۆ، جیۆمێتی، سارترە، ئەلبێرت شڤایتزەر، ئارنۆڵند شیۆننبێرگ.» بەهۆی کاراکتەرە بەهێزەکەیەوە توانیویەتی کار لەجیهان بکات و لە ئەفریقا و چین، کوبا، هیند، مەکسیک، کاریبیک، ئیسرایل، ئیتاڵیا… پێشانگەی بۆ بکرێتەوە، تەنانەت بە کتوپڕی بانگێشت کرابوو بۆ وڵاتێک، بەڵام تابلۆکانی لەگەڵ خۆی نەبردبوو، بۆیە ئەتالییەکی بەکرێ گرتبوو و ھەتا ساتی پێشانگەکە تابلۆیەکی کێشابوو و دواتریش توانیبوی ژمارەیەکی زۆر لە تابلۆ بکێشێت و پێشکەشی بکات.

‎سۆسانا زیاتر لە سێ هەزار تابلۆی کێشاوە جگە لە ڕەشنووس و چەندین کاری دیکە.

‎نرخی تابلۆکانیشی لە ئێستادا لەنێوان هەزار یۆرۆ بۆ شەش هەزار یۆرۆدایەو بەبەردەوام پیشانی تەماشاکەران و تامەزرۆیانی هونەر دەدرێت.

‎سۆشانا و کوڕەکەی لەپاشاندا نێوانیان باشدەبێت و کوڕەکەی تێگەیشتنی بەرانبەر بە توانای دایکی و ئەو بارودۆخە سەختە پیشانداوە، لە کۆتاساتەکانی تەمەنی سۆشانادا هەمیشە سەردانی دەکات و چاوی لێی بووە.

‎سۆشانا کە هەموو تەمەنی بە گەشت و جێهێشتنی قاڕەو شارەکان بەسەربردبوو، کاتێک لە کۆتاساتەکانی ژیانیدا لە خەڵوەتگەی پیری دەبێت، زۆر غەمبار دەبێت و زۆربەی کاتەکانی بە وێنەکێشانەوە بەسەردەبات.

‎هەروەها سۆشانا خەڵاتی ئاڵتونی بۆ دانپێدانان بەهونەرەکەی لە وڵاتی ڤین لە ساڵی ٢٠٠٩ پێبەخشراوەو لە ساڵی ٢٠١٠ خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشیوە بۆ زانست و هونەر

‎وەک چۆن هەمیشە دەوترێت سۆشانا ژنێکی بەهێزبووە کە تابلۆی بەهێزی نەخشاندووە.

هاوبەشی بکە

Art, soshana,