19/03/2024
DidiMn Logo
Top

مەزرای ئاژەڵان و 1984: شۆڕشە سەرنەکەوتووەکان، بەشی دووەم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

جۆرج ئۆروێڵ

دیدی من – ئای ئێس ڕیڤیو
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

به‌شی دووه‌م:

1984 بەناوبانگترین کتێبی جۆرج ئۆروێڵ‌ـە. زۆربەی دیبەیتەکان لە چەپ و ڕاستیشەوە لەسەر ئەم کارەی ئۆروێڵ‌ـە؛ ڕاستەکان ئەم کتێبە دژی سۆشیالیستەکان بەکار دێنن و ھەندێک لە چەپەکان وەک ئەفسانەیەک مەزەندەی دەکەن کە دژەستاڵین‌ـە. ئۆروێڵ لەم کارەدا مەبەستی ئاگادارکردنەوە بووە لە سیستەمی تۆتالیتاری لە بەڕیتانیا و یەکێتیی سۆڤییەت.

کارەکتەری سەرەکی لە ،1984 وینستۆن سمیت‌ـە، کە لە ئۆقیانوسیا لەژێر سیستەمیێکی تۆتالیتاری دەژی. لەم ڕۆمانەدا ئۆقیانوسیا یەکێکە لە وڵاتە زلھێزەکانی جیھان و لە جەنگێکی ھەمیشەییدایە لەگەڵ دوو زلھێزەکەی تری جیھان، ئۆراسیا و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا. وینستۆن بەبەردەوامی لەژێر چاودێریی ڕێبەری گەورە و پۆلیسی خەیاڵدا دەژی، ھەر وشەیەک یان خەیاڵێک دژی سیستەمەکە لە ھزریدا دەبێتە ھۆی ڕووبەڕووبوونەوی وینستۆن لەگەڵ پۆلیسی خەیاڵ. وینستۆن لە وەزارەتی ڕاستی لە بەشی پروپاگەندە کار دەکات وە کارەکەی نووسینەوە و گۆڕینی ڕابردووە. یەکێک لە ناودارترین دروشمەکانی ئۆروێڵ لەم کارەیدا دەردەکەوێت، کە تیایدا زۆر وریایانە ئایدیای دژیەکانەی بیری تۆتالیتارەکان دەخاتە ڕوو: “شەڕ ئاشتییە، کۆیلایەتی ئازادییە، نەزانی ھێزە.“

گرنگیی ڕۆمانەکە لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە وینستۆن پرسیار لەو ڕەوشی ژیانکردنە دەکات و باس لەو بەرھەڵستییەی ناخی خۆی دەکات، کە بەردەوام لە زیادبووندایە. وینستۆن دەپرسێت، ”چۆن دەتوانیت بزانیت چەند لەمانە ڕاستن؟“ پێدەچێت ڕاست بێت و ژیانی مرۆڤەکان ئێستا باشتر بێت وەک لە ژیانی پێش شۆڕش. بەڵام ھەستکردن بەو بارودۆخە سەختەی ئێستا لێی دەژیت، بەڵگەیە بۆ بوونی زەمەنێک کە بارودۆخی ژیان لەمە باشتر بووە وە تەنھا بەڵگەیەکیش کە بوونی ھەبێت، ئەو ناڕەزایییە بێدەنگانەی ناخی خۆتن.

george-orwell (1)

وینستۆن لە دەفتەری یادەوەریەکەیدا دەنوسێت: ”تێدەگەم چۆن، بەڵام  تێناگەم بۆ.“ بەردەوام دەبێت و دەڵێت، ”ئازادی واتە ئازادیی گوتنی دوو کۆی دوو دەکاتە چوار. ئەگەر ئەم ئازادییە بەدەست ھات، ھەموو شتێکی تر بەدوایدا دێتە دی.“

وینستۆن و خۆشەویستەکەی، جولیا، دەیانەوێت یاخی ببن و ھەوڵی دۆزینەوەی ئەو ھێزە بەرگرییە دەدەن کە بە ناوی کۆمیتەی برایەتی تەنھا وەک ئەفسانەیەک بوونی ھەیە. ئەوان دەیانەوێت بە بوون بە ئەندام لەم کۆمیتەیە ئەوھێزە لە ناو ببەن، کە کۆنتڕۆڵی ھەموو لایەنێکی ژیانیان دەکات. وینستۆن بە جولیا دەڵێت، ”ئەو کاتەی توانییان ئەوینی تۆم تێدا نەھێڵن، ئەو کاتە بەڕاستی تۆم بە دەستەوە داوە.“ وەڵامی جولیاـش: ”ئەوەیان پێ ناکرێت. ھەموو شتێکیان پێ دەکرێت ئەوە نەبێت. ڕێیان نییە بچنە ناو ناختەوە.“ بەڵام ئەوان ھەڵەن؛ دەستگیر دەکرێن و لە ژوورە  مەترسیدارەکە، ژوری 101، ئەشکەنجە دەدرێن، ھزر و ھەناویان تێک دەشکێندرێت. لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، وینستۆن خۆشەویستیی خۆی بۆ ڕێبەری گەورە ڕادەگەیەنێت. ئەو وێنە تاریکانەی ئۆروێڵ لە کاتی ئەشکەنجەکاندا دەیاننەخشێنێت، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سەرنجڕاکێشن.

لە 1984ـدا، ھیوایەک بۆ چینی کرێکاران لە وینستۆن و خوێنەرانیشدا دەبینرێت، بەڵام ھەرکاتێک دەرگەی ھیوا دەکرێتەوە ئۆروێڵ زۆر بەتوندی ئەو دەرگەیە دادەخات. ئەو کرێکاران بە کەسانێک وێنا دەکات کە ھیچ ئاگایییەکیان نییە لە کۆمەڵگەدا لە نزمترین چینن و ھیچ ویستێکی دژایەتیکردنیان نییە. ئۆروێڵ لە باسی کرێکاراندا دەڵێت، ”وەک مێروو وان و تەنھا شتە بچووکەکانی پێش خۆیان دەبینن، ھیچ تەنێکی گەورە نابینن.“ ئۆرویڵ کرێکاران وەک پارادۆکسێکی بێچارەسەر دەبینێت و دەڵێت، ”ھەتا بەئاگا نەیەن، ھەرگیز یاخی نابن، تەنانەت دوای یاخیبوونیشیان ناتوانن بەئاگا بێنەوە.“ ئەم بۆچوونەی ئۆروێڵ ھەموو ئەو ئەگەرانە ڕەت دەکاتەوە کە کرێکاران دەتوانن ببن بە ھێزێک کە گۆڕانکاری دێنێتە دی. پاوڵ ئۆفڵین، ڕەخنەگری ئەدەبیی چەپ، دەڵێت، ”بەدڵنیایییەوە 1984 ئاگەدارکردنەوەیەکە لەو ستەمانەی دەکرێت لە داھاتوودا ڕووبدات، بەڵام لە ھەمان کاتتدا ئۆروێڵ دەیەوێت ئەو تەنھا ھێزە بخنکێنێت کە ئەگەری ھەیە بتوانێت ڕێگری لە ھاتنە دی ئەو ئاگەدارکردنەوانە بکات.” لێرەدا مەبەست تەنھا دەرخستنی بێ سوودیی یاخیبوونە لە کاتێکدا کە ڕابەری یاخییەکان، گۆڵدستەین، کە ئۆروێڵ وەک لیۆن ترۆتسکی‌ـی شۆڕشگێڕی ڕوسی وێنای دەکات و خودی یاخیگەرێتی ئەفسانەیەکە و ڕێبەری گەورە دروستی کردوون. ئازارەکانی وینستۆن و و شکستەکەی ھەقیقەتێکی ڕەھان. ئەشکەنجەدەری وینستن، ئۆبراین، دەڵێت، ”ھەموو کات، لە ھەموو ساتێکدا، جۆشێکی زۆر بۆ بردنەوە ھەیە. بەڵام ئەگەر وێنەیەکی داھاتووت دەوێت، جزمەیەک بێنە خەیاڵت کە بەسەر ڕووخساری مرۆڤەوەیە.“
download

ڕەخنەیەکی توند لەو پارادۆکس و دژیەکیانە دەگیردرێت کە لە ڕۆمانی 1984ـدا ھەیە. ئەم دژیەکیانە بوونەتە ھۆکاری دروستبوونی چەند تێڕوانینێک کە ئۆروێڵ ھەرگیز نیازی نەبووە خوێندنەوەی لەم جۆرەی بۆ بکرێت. ئەمەش بە شێوازێکە کە پەبلیشەری ئۆروێڵ دەڵێت ئەم کتێبە نرخی یەک ملیۆن دەنگە بۆ پارێزگارەکان.

 ھەندێک لە ڕاستەکان ستراتیژییەکی جیاواز لەگەڵ ئۆروێڵ بەکار دەھێنن، کە ئەویش سڕینەوەی ھەموو ئەو بەشانەیە کە ئۆروێڵ تێیدا دژی کاپیتاڵیزم دەنوسێت و ھەوڵی دەرخستنی کارە نەشیاوەکانیان دەدات. بەڵام چەپە ستالینییەکان زۆر بەتوندی ڕەخنە لە ئۆروێل دەگرن بەتایبەتی لە ڕۆمانی 1984ـدا. ئایزاک دۆیچەر، کە یەکێکە لە باوکانی چەپی نوێ، ئۆروێڵ وەک ئەنارکیست ھەژمار دەکات کە دەیەوێت پشێوی دروست ببێت و پشتگیری ھیچ دەسەڵاتێک ناکات. دۆیچەر باوەڕی وایە کە یەکێتیی سۆڤییەت دەوڵەتی کرێکارانە و داگیرکردنی ڕۆژئاوای ئەوروپا بەرەوپێشچوونێک بوو بۆیان. مارکسیستەکانی پێشوو، وەک کریستۆفەر ھیچێنس و ڕەیمۆند ویڵیامس، کارەکانی ئۆروێڵ‌ـیان وەک ڕەتکردنەوەیەک بۆ چەپەکان و وەک بیانوویەک بۆ دەستکێشانەوەی خۆیان بەکار ھێناوە.

animal-farm-george-orwell-paperback-cover-art

کاتێک کە ئۆروێڵ بە ھۆی نەخۆشیی سیل‌ـەوە دەیناڵاند، قسەوباس لەسەر  ڕۆمانی 1984 دەستی پێ کرد. ئۆروێڵ ھەندێک ھەنگاوی نا بۆ ڕزگارکردنی ئەم کارە لەدەست ڕاستەکان و دەریخست کە ”ڕۆمانە نوێیەکەم ھێرشێک نییە بۆ سۆشیالیزم.“

ئۆفڵین لە کتێبەکەیدا دەڵێت، ”مەترسییەکە لەو بونیادەیە کە بەسەر کۆمەڵگەی سۆشیالیست و کاپیتاڵیستی لیبراڵ‌ـدا سەپێنەراوە، ئەویش پێویستیی خۆئامادەکردنە بۆ جەنگێکی ھەمیشەیی دژی ڕوسیا و چەکە نوێیەکان، کە لە نێویاندا بۆمبی ئەتۆمی بەھێزترین بوو… بەڵام بە ھەمان شێوە مەترسیش لە دیدی تۆتالیتاریی نووسەرەکاندایە. ئەو مۆڕاڵەی کە دەبێت لەم مەترسییانەوە دروست ببێت زۆر سانایە: ڕێگە مەدەن تۆتالیتاری ڕوو بدات. ئەمەش پشت بە ئێوە دەبەستێت.“

هاوبەشی بکە

1984, Animal Farm, George Orwell, پەڕاوی ئۆروێڵ,