دیدی من – وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ساڤان ئاکۆ
“نامەوێت لەسەر نیگارەکان بڵێم، گەر خۆیان نەدوێن واتە سەرکەوتوو نەبوون”
بۆ یادی ٥٠ ساڵەی یەکەم چاپی ئەمریکیی کارە نایابەکەی جۆرج ئۆروێڵ، کە لەو کاتەدا بە زیاتر لە حەفتا زمان فرۆشی گەیشتە میلیۆنەها دانە لە جیهاندا، ڕاڵف ستیدمان کتێبێکی تایبەتی نیگارکێشی لەژێر ناونیشانی “مەزرای ئاژەڵان: چیرۆکێکی ئەفسانەیی” بڵاو کردەوە، کە سەد نیگاری لەخۆ گرتبوو.
کتێبە نیگارییەکەی ستیدمان پێشەکییەکی ئۆروێڵی لەگەڵ بوو، بەڵام لە چاپە سەرەکییەکەدا پێشەکییەک بە ناوی ئازادیی ڕۆژنامەوانی، کە ڕەخنەکردن بووە لەوەی چۆن میدیا ترسی لە ڕای گشتی هەیە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتیی ڕۆژنامەگەری لەناو براوە. لەگەڵ ئەوەی لەو کاتەدا بۆ چاپەمەنییە ئەوروپاییە خۆپارێزەکان نێردراوە، بەڵام وشەکانی ئۆرویڵ بە بەرچاوڕوونییەکی نایابەوە زەنگ لێدەر بوون:
“لەم کاتەدا مەترسیی سەرەکی بۆ ئازادیی ڕادەربڕین، دەست تێوەردانێکی ڕاستەوخۆی شێوە فەرمی نییە، کاتێک نووسەر و چاپخانەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی ئەو بابەتە دیاریکراوانە بەدوور بگرن لە چاپکردن، لەبەر ئەوە نییە کە ترسیان لە چاپکردنی هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ترسیان لە ڕای گشتی هەیە؛ لەم شارەدا ترسنۆکانی ڕۆشنبیر خراپترین دوژمنن کە نووسەرێک یان ڕۆژنامەنووسێک ناچارە ڕووبەڕوویان ببێتەوە.”
ئێستا ئەم چاپە لە چاپخانەدا نەماوە، بەڵام توانراوە چەند کۆپییەکی لێ بپارێزرێت و بخرێنە بەر دەست.
هەروەها لە پێشەکییەکدا بۆ چاپە ئۆکرانییەکەی لە ساڵی ١٩٤٧، تێیدا ئۆروێڵ دەنووسێت:
“لە هەموو کات ڕوونتر سەبارەت بە کاریگەریی نەرێنییانەی ئەفسانەی سۆڤێت لەسەر جوڵەی سۆسیالیستیی خۆرئاوایی تێگەیشتم، وە لێرەدا دەبێت وەستانێک بکەم تا سەرنجی خۆم بڵێم دەربارەی ڕژێمی سۆڤێت: هەرگیز سەردانی ڕوسیام نەکردووە، تەنها ئەوەندە زانیاریم دەربارەی هەیە کە لە ڕێی خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامەوە دەکرێت بزانرێت. تەنانەت گەر دەسەڵاتیشم هەبوایە، نەم دەویست دەست بخەمە پەیوەندییە نیشتمانییەکانی سۆڤێتەوە، ستالین و هاوبیرەکانی تاوانبار ناکەم بۆ رێگە خراپکاری و نادیموکراتییەکانیان، ڕەنگە لە باشترین نیازیشیاندا نەیانتوانیبا لە سنوورە باوەکاندا بە پێچەوانە مامەڵە بکەن. بەڵام لە لایەکی ترەوە، بۆ من زۆر گرنگ بوو کە خەڵکی ئەوروپای خۆرئاوا بەو جۆرەی کە هەیە، ڕژێمی سۆڤێت ببینن، دڵنیا بوومەوە کە ئەگەر بوژاندنەوەی جوڵەی سۆسیالیستیمان مەبەست بوایە، وێرانکاریی ئەفسانەی سۆڤێت پێویست بوو.”
سەبارەت بەو هەڵە تێگەیشتنانەی لەگەڵ پەیامی سەرەکیی کتێبەکەدا هەیە، ئۆروێڵ بە تێبینییەک کۆتایی بە پێشەکییەکەی دەهێنێت:
“نامەوێت لەسەر نیگارەکان بڵێم، گەر خۆیان نەدوێن واتە سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام دەمەوێت دوو خاڵ ڕوون بکەمەوە:
یەکەم، لەگەڵ ئەوەی زنجیرەی جۆراوجۆر لە مێژووی ڕاستەقینەی شۆڕشی فەڕەنسی لابراوە، بەڵام داواکارییە کرۆنۆلۆژییەکان گۆڕاوە، کە گرنگ بوون بۆ گونجاندنی چیرۆکەکە.
دووەم، بە هۆی هەندێک ڕەخنەوە، مەبەستەکەی من ون بووە و ڕەنگە بە شێوەیەکی پێویست ڕوونم نەکردبێتەوە. دەشێت هەندێک لە خوێنەران بە کاریگەریی ئەوەی کە کۆتا دێت بە یەکگرتنەوەیی بەرازەکان و مرۆڤەکان، کتێبەکە تەواو بکەن؛ ئەوە مەبەستی من نەبوو، بەپێچەوانەوە مەبەستی من ئەوە بوو بە بەربەرەکانییەکی زۆرەوە کۆتا بێت، کە ڕاستەوخۆ دوای کۆنفرانسەکەی تارانیش نووسیم؛ هەموو کەس بڕوای وا بوو کە پەیوەندییەکی باشی دروست کردووە لە نێوان ڕوسیا و خۆرئاوادا، من خۆم بڕوام نەدەکرد کە پەیوەندییەکی لەو جۆرە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، وە هەروەها وەک ئەوەی لە ڕووداوەکاندا پیشان دراوە، من زۆر هەڵە نەبووم.”
سەرچاوە: برەین پیکینگ
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.