24/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: خوێندنەوەکی هزری و سیاسی بۆ مەزرای ئاژەڵان لە ڕێی ناسینی کارەکتەرەکانیەوە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: مەزرای ئاژەڵان
نووسەر: جۆرج ئۆروێڵ
خوێنەر: ئارێز کوێستان

مەزرای ئاژەڵان ناونیشانی یەکێک لە ڕۆمانە دیار و ناسراوەکانی سەدەی بیستەمە، ئەم ڕۆمانە لە نووسینی ئیرک بلەیر، چیرۆکنووس و شاعیر و ڕۆژنامەنووسی ئینگلیزییە، کە بە ناوی خوازراوی جۆرج ئۆروێڵ لە ساتەوەختەکانی دووەم جەنگی جیهانی و دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و دەسەڵاتی ستالین بڵاو کرایەوە و پاش چەند ساڵێک پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و دواتر وەرگێڕدرا بۆ زۆربەی زمانە جیهانیەکان.

نووسەر لە ڕێگەی بەسیمبولکردنی ئاژەڵانەوە دەیەوێت شیکاری و گێڕانەوەیکی سادەگۆیی بۆ دونیای سیاسی و پۆلێنکاریی کاراکتەرە سیاسی و ناسیاسیەکانی کۆمەڵگە و شۆڕش و هۆکارەکانی و دەرئەنجامەکانی و ناڕەزایی و وەستانەوەی چینی پڕۆلیتار دژی سیستەمی سەرمایەداری بکات. ڕۆمانەکە باس لە کۆمەڵێک ئاژەڵ دەکات کە لە مەزرا یان کێڵگە یان تەویلەیەکدان، بەرازێکی پیر بە ناوی ماجۆر مێجەر، خەونێک دەبینێت و پاش کۆکردنەوەی تەواوی ئاژەڵەکان و گێڕانەوەی خەونەکەی بۆیان بیر و خەیاڵی شۆڕش و ڕاپەڕین لە مێشکیاندا دروست دەکات و پاشان خۆی دەمرێت. بەو هۆکارەی خاوەنی کێڵگەکە ئەمانی بە کۆیلە کردووە، ئازادییان نییە، خواردن خواردنەوەی پێویستیان نییە، سەرەڕای ئەوەش لێیان سەردەبڕێت و لێیان دەفرۆشێت و خەیاڵ و پێشبینیی ئەوەی کە ڕۆژێک دێت ئەمان خاوەنی خۆیان دەبن و تەواوی ئاژەڵەکان یەکسان و ئازاد و تێر دەبن، بیری شۆڕش زۆر بە زوویی لای زۆربەی ئاژەڵەکان پەسەند دەکرێت، بە زوویی شۆڕش و ڕاپەڕین ڕوو دەدات، جۆنز کە خاوەنی مەزراکەیە ڕاو دەنرێت و ئاژەڵەکان دەبن بە خاوەنی مەزراکە. لە دوای سەرکەوتنیان ئاهەنگ دەگێڕن و چەند یاسایەک دادەنێن بۆ تەواوی ئاژەڵەکان کە پێوستە هەموان پەیڕەویی لێ بکەن، پاشان بەرازەکان بەو بیانووەی کە ئەوان لە تەواوی ئاژەڵەکانی تر هۆشیارترن و زیاتر لەوانیش شەڕیان کردووە و هەوڵیان داوە دەسەڵات بەسەر تەواوی مەزراکەدا دەگرن. بەرازەکان کە خۆیان بە خاوەنی شۆڕش و ڕاپەڕین دەزانن هەروەک خاوەنی پێشووی مەزراکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر ئاژەڵەکانی تر دەچەوسێننەوە و بە بیانووی جیاواز لێیان دەکوژن و کاری زیاتر و زیاتریان پێ دەکەن، سەرەڕای ئەوەش ئاژەڵەکان برسیتر و نائازادترن لە پێش شۆڕش دەبن. تا دواجار بەرازەکان تەواوی یاساکانی مەزرا دەشکێنن و دەسەڵاتێکی تۆقێنەری دیکتاتۆریی تاکڕەوی بەسەر تەواوی ئاژەڵەکاندا پیادە دەکەن.

Basic CMYK

کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە پێک هاتوون لەمانەی خوارەوە، کە لە ڕێگەی جووڵە و ڕەفتارەکانیانەوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی هزری و سیاسی بۆ ڕۆمانەکە بکەین:

جۆنز، کە سیمبولە بۆ سەرۆکێکی نابەرپرس، سەرۆکێک کە بێباکە لە خزمەتکردنی خەڵکی و تەواوی کۆمەڵگەی فەرامۆش کردووە و تەنیا بیر لە بەرژەوەندی و ژیانی تایبەتی خۆی و بنەماڵەکەی دەکاتەوە. 

مێجەری پیر، کە هێمایە بۆ ئەو کەس و کارێزما ڕاستەقینانەی کە خەونێک بە کۆمەڵگەکەیان دەبەخشن، دێن و بە ڕاستی ویستی ئەوەیان هەیە کە وڵات و کۆمەڵگە و ئاڵا و یاسا و کیانێکی سەربەخۆیان هەبێت، کە تێیدا تەواوی هاووڵاتیان لە ماف و ئەرکدا بە ڕێژە و قەبارەی خۆیان هاسەنگ و یەکسان بن، ئەم جۆرە لە دەستەبژێری شۆڕشگێڕ دەیانەوێت نان و ئازادی و شکۆ بۆ هەموان بێت، ئەوانن کە بە بزوێنەر و هاندەر و خستنەگەڕی شۆڕش دادەنرێن.

ناپلیۆن، کە نیشانەیە بۆ شۆڕشگێڕێکی ساختە، کە دەیەوێت بە هۆی بەشداریکردنی لە شۆڕشدا بگات بە دەسەڵات، تاکڕەوانە بڕیار دەدات و بۆی گرنگ نییە چی ڕوو دەدات تەنیا پێویستە قسەی خۆی دواقسە بێت و قبووڵ بکرێت، هەروەها هەمیشە لەگەڵ هاوتا شۆڕشگێڕەکانیدا لە دژایەتی و شەڕدایە و زۆربەی کارەکانی لە ڕێگەی هێز و پیلانەوە دەکات.

animal-farm-character-map

سنۆباڵ، کە ئاماژەیە بۆ شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکان، ئەوانەی کە دەیانەوێت لە ڕێی کۆبوونەوە و گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و دونیای دوای شۆرش و ئابووری و سیاسەت و کۆمەڵگد ڕێک بخەنەوە، بەڵام هەمیشە لە لایەن شۆڕشگێڕەکانی وەک ناپلیۆنەوە دژایەتی دەکرێن و بچووک دەکرێنەوە و دووردەخرێنەوە و دەبنە قوربانی جووڵە و توانا و بەهرەکانی خۆیان لە دوای شۆڕشدا.

سکۆیلەر، کە سیمبولە بۆ میدیای حیزبی و لایەندار، کە هەمیشە بە هۆی چەواشەکاری و درۆ و دووڕووییەکانیەوە ڕەوایەتی دەدات بە سەرۆک و زوڵم و زۆردارییەکانی دوای شۆڕش، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و دروستکردنی موقەدەس و بەراوردکاری دیکتاتۆری پێشوو و سەرۆکی ئێستاوە وا دەکات کە کۆمەڵگد بە لاڕێدا ببات.

سەگەکان، سیمبولن بۆ ئەو هێزانەی کە بە چەک دەنگە ناڕازی و ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگە دەکوژن و ترس و بێدەنگی دروست دەکەن، هەروەها بە هۆی بەرژەوەندیی خۆیان و ئەو پەروەردە توندڕەوەی کە کراون، بەرگرییەکی توند لە سەرۆک و سیستەمە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرییەکەی دەکەن.

باکسێر، سیمبولە بۆ چینی زەحمەتکێش و کرێکار کە هەمیشە و بەردەوام لە ڕەنج و هەوڵداندان و هەمیشە بەو بیانووەی کە لانیکەم دەسەڵاتی دوای شۆڕش لە خۆیانە باشترە لە دەسەڵاتی پێش شۆڕش کە لە خۆیان نییە، بۆیە بێدەنگن و هیچ کاردانەوەیەکیان نییە سەرەڕای ئەوەی کە ناڕازین لەو حاڵەی کە تێیدان.

موزز، هێمایە بۆ دەسەڵاتی ئاینیی و کڵێسا و مزگەوت و دێرەکان، کە هەمیشە بە هۆی پەیامە وەهمییەکانیان ناڕاستەوخۆ داوای بێدەنگی و ئارامی دەکەن، بە جۆرێک خەیاڵی بوونی دونیایەکی تر کە تێیدا خۆشبەختییەکان بۆهەموانە، دەرزی سڕبوون و بێهۆشی لە تاکەکانی کۆمەڵگە دەدەن، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵ و دیکتاتۆریدا هەیە و هەمیشە و لە سەردەمی هەموو جۆرە حکومڕانییەکدا توانای مانەوەیان هەیە.

مەڕەکان، نووسەر لە ڕێگەی مەڕەکانەوە دەیەوێت چینی زۆرینە و عەوام دیاری بکات، کە دەسەڵات و میدیا و ئایین دەتوانن بەهەموو جۆرێک ئاڕاستەیان بکەن و بیانجوڵێنن. ئەم چینە لەهەموو دۆخێکدا گەوجێندراون فریو دراون، بەو هۆکارەی نەخوێندەوار و نائاگا و ناهۆشیارن هەمیشە بە شکۆ و باڵای دەسەڵاتەکەیاندا هەڵدەڵێن و باعەباعیانە، چینێکن کە ناتوانن هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ڕووداوەکان هەبێت، چون نە هێزیان هەیە و نە بەرهەم و نە خاوەن هۆشیارین و نە ئیرادەیان هەیە، ئەوان هەموو کات کارتێکراون.

مینی ماس، ڕۆشنبیر، نووسەر، شاعیر، گۆرانیبێژ و ڕۆژنامەنووسە فووتێکراو و کڕدراوەکانی دەسەڵاتن، کە شیعر، تێکست، گۆرانی و پەرەگرافی وەسفئامێز و شانازی بۆ دەسەڵات و موقەدەسە ناموقەدەسەکانی سەرکردە دیکتاتۆر و بێباکەکان دەنووسن و لەڕێی وشە و ئەدەبەوە پشتگیرییان دەکەن.

بنیامین، ئەو توێژەی کۆمەڵگەیە کە نە قسەیان لەسەر خۆیان و نە لەسەر ئەوانی تر و نە لەسەر دەسەڵات و نە لەسەر خودی ژیان هەیە، دەکرێت ئەم چینە بەبێ خەونترین و سستترین و کڵۆڵترین و بێکاریگەریترین چینی کۆمەڵگە دابنرێن، نە لە برسێتی ناڕازین و نە لە تێری ڕازین، نە بە گژ کۆیلایەتی و نە لە پاڵ ئازادیدان.

پشیلەکە، لە لەبینینی ئەم کاراکتەرە و کارەکانیەوە دەتوانین ئەو تاکانەی کۆمەڵگە ببینین کە بەرژەوەندی لە کوێ هەبێت، ئەوان لەوێن، خۆپەرست و هەلپەرستن.

هاوبەشی بکە

Animal Farm, George Orwell, پەڕاوی ئۆروێڵ,