26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئەستێرەکانی کەلار: ئەرکی کۆمەڵایەتی پێش بەهای هونەری

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

زاموا محەمەد

من بە گشتی حەزم لە هیچ ئیشێکی قوبادی جەلیزادە نییە، هەروەها زۆریش هەستیارم بەرامبەر شانۆ و دەرهێنان لای خۆمان و بە دەگمەن شتێکم بە دڵ دەبێت. هۆکارەکەیش دەزانم، کە بەشێکی پەیوەندیی بە میزاجی توند و خراپ و چەشەی ڕەقی خۆمەوە هەیە. ڕەنگە منیش، بەم هەموو هیچنەزانینەمەوە لە شانۆدا، کە ئاگاداریم سنووری ئاگاداریی بینەرێکی ئاسایی تێناپەڕێنێت، گەر ئەو شانۆییە ببینم بە دڵم نەبێت؛ ڕەنگە بتوانم کێشەی تێدا بدۆزمەوە، ڕەنگە دواتر بڵێم هەستم بە بێزاری دەکرد بە دیاریەوە و… هتد. بەڵام کاتێک کارێکی هونەری، یان دەقێکی ئەدەبی، وەزیفەی کۆمەڵایەتیی بۆ خۆی پەیدا دەکات و دەیەوێت بەشداری بکات لە گۆڕینی کۆمەڵایەتیدا، ئەوسا مەسائیلی تەکنیکی و جوانیناسی و بەهای هونەری (بە مانا پەتییەکەی، یان ڕەخنەییەکەی)، ژێرباس دەکەوێت و تا ڕادەیەکیش بەهای نامێنێت. قسەی قۆڕە لە بەردەم کارێکدا کە دەیەوێت وەزیفەی کۆمەڵایەتییانەی خۆی، وەک کارێکی هونەری، بە جێ بهێنێت، تۆ بێیت و باسی ئەدا و کوالیتیی هونەری و ئیستیتیکیی تەقلیدی بکەیت، چونکە زۆر بە سادەیی، لە ئیشێکی وادا، بواری کۆمەڵایەتی و کولتووری بە تەواوی بواری ئیستاتیکی و ڕەخنەیی داپۆشیوە و ئیدی قسەکە لەسەر کۆمەڵگە و پێکدادانی گوتارەکانە، نەک فۆڕم و ناوەڕۆک.

ئەو گەنجانە و بەشدارانی ئەم شانۆییە (وەرن ببین بە سەگ)، شایەنی پشتگیریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەر کەسێکن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەلای کتێبێک، پێشانگەیەک یان هۆڵێکی نمایشدا ڕۆیشتووە. پشتگیریی فیعلی، نەک کەمپین و هاشتاگ و شیعرهۆنینەوە و شتی قۆڕ. یەکەم پشتگیرییش (کە دەمێکیشە ئەرکی ئەستۆی هەر مرۆڤێکی کەمێک ڕۆشنبیرە)، وەلانان و پشتگوێخستن و سفرکردنەوەی ئەو خەڵوەتگەی پیرییەیە کە ناوی لە خۆی ناوە ”وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان”؛ دەزگایەک کە لە دوای لەناوچوونی بەعسەوە تاکو ئێستا، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە ئاگای و بێ ئاگایی، بە ئاشکرا و بە دزییەوە خەریکی دژایەتیکردن و ڕووخاندن و پەکخستنی گەنج و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانی جیدییە، مێزگردێکە لە کۆمەڵێک کاربەدەستی پیری دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە ئێکسپایەرەکانی زەمانی زووی بەغداد، کە بە ناوی هاوکاری و پاداشتەوە خەریکی جەژنانەبەخشینەوەن بەسەر یەکتری و خزموکەسی یەکتریدا و تەواو. لە مەسەلەیەکی کەمێک هەستیار و جیدییشدا، ئەمە هەڵوێستی خۆیان و بەڕێوەبەرێتییەکانیانە.

هاوبەشی بکە

Art, Freedom of Art, Theatre,