18/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئەستێرەکانی کەلار: کاردانەوەکانی سڕکردنی گرووپی هونەریی ئەستێرەکان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ساڤان عەبدولڕەحمان، لاوک ئەبوبەکر

شانۆیی ”وەرن با ببین بە سەگ”، لە نووسینی قوباد جەلیزادە و دەرهێنانی عومەر عەبدولڵا بوو، کە گرووپی هونەریی ئەستێرەکان لە کەلار وەک شانۆی سەر شەقام نمایشیان کرد.

ئەم نمایشە هەر زوو بووە جێی مشتومڕ و هاووڵاتییانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد، کە بەشێکیان دژی دەوەستنەوە و بەشێکیش پشتگیریی ئازادیی ڕادەربڕینیان دەکەن. هاوکات بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی گەرمیان سزای ساڵێک سڕکردنی بەسەر گرووپەکەدا سەپاند، بە پاساوی ”لادان لە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان”. ئەمەیش لە دوای ئەوە دێت کە گرتەیەکی یەک خولەکیی نمایشەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە و تێیدا باسی ڕەفتاری هەندێک لە مامۆستایانی ئایینیی باشووری کوردستان دەکرێت.

لە دوای نمایشە شانۆییەکە و بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەیە، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی گەرمیان و پیاوانی ئایینی بە گشتی، داوا دەکەن ستافی شانۆییەکە داوای لێبوردنیان ئاڕاستە بکات و لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

شوان نەقشبەندی، مامۆستای زانکۆ، لەسەر ئەم ڕووداوە نووسیویەتی: ”قسەم لەسەر شانۆییەکە و لادان و سووکایەتیکردن نییە، زیاتر ئەوەی مەبەستمە دەقی ئەم شانۆییە شتێکی نوێ و نەبیستراو نییە، ئەمە دەقی ‘سەگبوون’ی قوبادی جەلیزادەیە و پێشتر چاپ کراوە و دواجار لە فێستیڤاڵی گەلاوێژی پاردا لە لایەن خودی خۆیانەوە خوێندرایەوە. ئەوکات بۆچی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەڵوێستی نەبوو لە هەمبەر نووسەر! بۆچی هەوڵی کشانەوەی بەرهەمە چاپکراوەکەیان نەدا لە کتێبخانەی کوردیدا؟! ئێستا چەند گەنجێکی بێ پشت و بێ سەرمایە و بێ ئومێد و خاوەن وزە و چالاکی، بۆچی دەسەڵاتیان بەسەریاندا هەیە و لە هەموو لایەکەوە سەرکۆنە دەکرێن، ئەگەر بابەتەکە یاسا و پاراستنی ئایین و کولتوورە، ئەوا دەبێ خودی نووسەریش لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام کێ دەتوانێ بڵێ حاکم قوباد بە ئەرک نەبێت جەنابتان بێنە دادگا؟!”

سدیق عەزیزی شانۆکاریش نووسیویەتی: ”كێ بەرگری لە هونەرمەندان دەکات؟ سەندیکای هونەرمەندان؟ ئەگەرچی من لەگەڵ ئەو فۆرمەی نمایشدا نیم، بەڵام بەیاننامەکەی مەلایانی کەلار و بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی گەرمیان، ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ سەندیکای هونەرمەندان. هیوادارم سەندیکای هونەرمەندان بە هۆکارێکی شەرمنانە خۆی لەم حاڵەتە دەرباز نەکات، بە ناوی ئەوەی ئەو شانۆکارانە ئەندام نین یان نەهاتون سکاڵا لای سەندیکا تۆمار بکەن. ئەو هەموو ئیهانەیەی بە هونەرمەندان دەکرێت، ئەم ڕێکخراوە یان خۆی دەدزێتەوە، یاخود بە بەیاننامەیەکی شەرمنانە ئیدانەی ڕووداوەکە دەکات. ئەم جۆرە بڕیارانە بە هەر بیانوویەک بێت، کپکردنی دەنگەکان و لەباربردنی شانۆیە، چونکە شانۆ زیندووترین و ڕاستەخۆترین هونەرە کە بەر بینەر دەکەوێت.”

هاوشارییەکانی کەلاریش سەرنج و ڕای تایبەت بە خۆیان هەیە، هەر وەک هێدی سەباح، یەکێک لە گەنجە چالاکەکانی ئەو شارە دەڵێت: ”کەلار نزیکەی دوو ساڵە کەوتووەتە دۆخێکی چەقبەستوو و مەنگەوە، بەڵام لەپڕێکدا شانۆییەکی سەر شەقام وەکو بۆمبێکی تەوقیتکراو بە زیهنی خەڵکی ئەم شارەدا تەقییەوە.” هەروەها دژوار ڕێبواریش نووسیویەتی: ”لەژێر سایەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی و حوکمی کلیپتۆکراسیی کوردیدا، جگە لە ئازادیی ئیتیهامکردن و مافی ڕەوای سەربڕین و هەوڵدان بۆ بە ئاساییکردنەوەی سەرپەڕاندن، مەجالێک نەماوەتەوە بۆ شیعر، هونەر، ئەدەب و ڕەخنە. لە بەرامبەردا ڕۆژانە بەر چەندین داعشبیر دەکەوین.”

عومەر عەبدولڵای دەرهێنەری شانۆییەکەیش لە لێدوانێکدا وتی: ”ئامانجی کارەکەی من قسەکردن بووە لەسەر مەلایانی لاکۆڵان و ئەوانەی بێ بنەما قسە دەکەن.” محەمەد عەلیی ئەکتەری سەرەکییش دەنووسێت: ”ئیش ئەو ئیشەیە وشە هەڵبگرێت و دەنگ بداتەوە، هەر کەسێک دەیەوێ داکۆکی لە باوەڕی خۆی بکات، با بفەرموێت و بە هونەر وەڵام بداتەوە.”

شانۆکار هیوا فایەق، لە وتارێکیدا کە لە دیدی منیش بڵاو بووەتەوە، نووسیویەتی: ”ئەوەی ئەو هێز و حەماسە داعشییەی لەم کۆمەڵگەیەدا کە بە تواناوە لەگەشەدایە، نەهێڵین داهاتوومان وێران بکات و نەوەی دوای ئێمە بە دەیەها ساڵ خوێنڕشتنی پێویست بێت بۆ ئەوەی بیوەستێنێت، پێویستمان بە بەندێکی دەستووری هەیە کە ئازادیی مرۆڤەکان بخاتە سەرووی هەموو پیرۆزییەکانی ترەوە و پاشان بوونی هێزێکی یاساییش بۆ بەرگریکردنی. ئەگەرنا، خوێنڕشتنی داهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە هیی ئەو کەسانە دەبن کە دەیانەوێت ئازاد و ئارام بژین، بەبێ ئەوەی ئازاری هیچ کەسێکیشیان دابێت، بە دەستی ئەو کەسانەی کە لەسەر بیروباوەڕی دۆگما و توندڕەو بۆ ئەو کوشتارەگەیە لە ئێستاوە پەروەردە دەکرێن.”

شانۆکار شوان کەریم، لە وتارێکیدا کە تایبەت بۆ دیدی من نووسیویەتی، دەڵێت: “بۆ ھەر یەک لە ئێمەی شانۆکار کە ئێستا دەنووسین، ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و پرسیارێک ھەیە کە نابێت خۆمانی لێ بدزینەوە: ئەم چەند ساڵە ئێمە لە کوێ بووین؟ کوا بەرھەمەکانمان؟ کوا ئەو لێپرسراوێتییە مێژوویەی لە سەرشانمانە وەک مرۆڤێکی ئەم دەڤەرە؟ کێ وای کردووە وشەی شانۆ ھێشتا نامۆ بێت بە زۆرینەی خێزانی ئەو وڵاتە؟ ئەوەیش ھەر سەلەفییەکان بوون؟ ئێمە چەندین ساڵە تەممەڵ تەممەڵ تەماشا دەکەین و ھیچی تر… قسەی زل دەکەین و ھیچی تر… یەک دەشکێنین و ھیچی تر…”

هاوکات لەگەڵ ئەو کۆبوونەوانەی دژ بە شانۆییەکە ڕێک خراون، چەند چالاکوان و هونەرمەندێکیش لە بەرامبەردا پشتگیریی خۆیان بۆ ئازادیی هونەریی گرووپەکە دەردەبڕن. پەروێز هوما، هەڵمەتێکی سەرپێ خستووە و نووسیویەتی: ”لەمڕۆوە هەر چالاکییەک بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی گەرمیانەوە ساز بکرێت، ئەگەر تەنانەت لۆگۆی ئەوانیشی لەسەر بێت، من بایکۆتی دەکەم.” کارووخ ئەحمەد، شانۆکار، لە وڵاتی ئەڵمانیاوە دەیەوێت کەمپینێک سەرپێ بخات و نووسیویەتی: ”بۆ ئەوەی ھەناسەی مرۆڤبوونمان، جوانییەکانمان، ڕەنگاڵەییمان، جیاوازییەکانمان، لەیەکچوونەکانمان لە ناو دەچن، پێویستە کەمپینێک بە ناوی ‘نا بۆ سڕکردنی گرووپی ھونەریی ئەستێرە” ڕابگەیەنین… لێرەوە تەنھا دەتوانین لەسەریان بنووسین، بەڵام ھەموان دەتوانین واژۆ کۆ بکەینەوە و بڕیارەکە ھەڵبوەشێنینەوە… ئەوان لە مینبەرەکانیانەوە سووکایەتی بە مرۆڤبوونی ئێمە دەکەن، کەچی وتەکانی خۆیانیان لە ناو شانۆ و ھونەردا پێ قبووڵ نییە… بێدەنگی خراپە و وردە وردە گرووپەکانی تریش سڕ دەکەن… چەند جیاواز بین لە بیروڕادا، پێویستە لەم ھەڵوێستەدا ھەموومان یەک بین…”

پاش ھەموو ئەم کاردانەوە جیاوازانە، وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری سڕکردنی گرووپی ھونەریی ئەستێرەکانی ڕاگرت و لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دروست کردووە.

هاوبەشی بکە

Art, Theatre,