دیدی من – دلۆڤان فهرهیدون
قاپوتێكی ڕەشم لەبەرە
وەك چاوی تۆ.
جگەرەیەك دەكێشم
وەك ناخی دایكم.
سێوەكەم بەچۆقۆی سەر مێزەكە
قاش دەكەم
وەك سەری خوشكم.
پەیكەرێكی سیزیف لەنێوەڕاستی شەقامێكە
هەروەکو باوكم.
باران دەبارێت لەدەرەوە، وەک چاوی من،
هەموو شەوێک بۆ؛
قاپوت و جگەرە وسێو و سیزیفەكەم.
ئەوەی لە مێشكی مندا دەگوزەرێت
ترسناكترە لە دونیا.
كراسێكی سپی لەسەر مێزەكەمە
وەک ڕووی تۆ.
بەفری چیاكان سپیین
وەك سەری باوكم.
هەمیشە هەورێكی ڕەش بەسەر زەوییەوەیە
وەک دڵی دایكم.
بولبولە جوانەكەم هەمیشە ئازار دەچێژێت
وەک مێشكی خوشكم.
دارەكان دەسوتێن لەنێو ئاگردانەكەدا
وەک جەستەی من.
هەموو شەوێک
بۆ كراس و بەفر و دار و بولبولەكەم؛
هەموو سوچێكی ژوورەكەم پڕ لەگومانە بۆم
وەک مێشكی تۆ.
چوار دیواری ژورەكەم پڕ لە درزە
وەک دڵی باوكم.
سەقفی ژوورەكەم كون كونە
وەک دەستی دایكم.
كورسی ژوورەكەم قاچەكانی دەلەقێت
وەک ژیانی خوشكەکەم.
چركە چركی سەعاتەكەم ڕاوەستاوە لەوكاتەوەی
مێشكی تۆ پڕ بوو لە گومان و
دڵی باوكم پڕبوو لە درز.
دەستی دایكمم دی كون كون بوو،
خوشكەکەمم بینی وەکو كورسی نێو ژورەكەم
ژیانی لەسەر یەك قاچ بوو…
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.