02/05/2024
DidiMn Logo
Top

دە هۆنراوە لەسەر خێجۆنگ “سەمەرقەند” لە هەرێمەکانی خۆراوا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – یالۆ چۆکای
لە ئینگلیزییەوە: ڕەها ئەبوبەکر

پێشەکییەکی کورت

یالۆ چۆکای، ڕامیار و هۆنەری چینی، لە ساڵی ١١٩٠ لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگی خیتانی لەدایک بووە و لە ساڵی ١٢٤٤ مردووە. پاش هێرشی مەنگۆلەکان لەنێوان ساڵانی ١٢١١-١٢١٣ بۆ باکووری چین و بەدیلگیرانی، بەهۆی زیرەکی و توانای قسەکردنییەوە، هەر زوو جەنگیز خان سەرسام دەکات و دەبێت بە ڕاوێژکاری. لە کاتی هێرشی جەنگیز خان بۆ خۆراوا و خواریزم لە ساڵی ١٢١٩ کە چەند ساڵێک دەخایەنێ، هاودەمی دەبێ و لەو ماوەیەدا هۆنراوەگەلێک دەنووسێ، لەنێویشیاندا زنجیرەهۆنراوەی “دە هۆنراوە لەسەر خێجۆنگ (سەمەرقەند) لە هەرێمەکانی خۆراوا”، کە لە دە هۆنراوە پێک دێت و لە ساڵی ١٢٢٢ نووسراون. بەگشتی، هۆنراوەکان دەربڕینێکی تەواو خۆیی، سرووشتی و مرۆیین و تژین لە هەستکردن بە تەنیایی، دوورەوڵاتی، نامۆیی و جوایەزی ژینگە و کولتووری خێجۆنگ (سەمەرقەند) لە ژینگە و کولتووری زێدی خۆی. هەموو هۆنراوەکانی زنجیرەکە بە هەمان دێڕ دەست پێ دەکەن: ” بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ”.

هۆنراوەی یەک

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
لەگەڵ میچە یەکلەدوایەکەکان و خانووە بێشوومارەکان.
ئەوان بادەی ترێی خۆیان درووست دەکەن و
بە بادەمە پێگەیشتووەکاندا هەڵدەڵێن.
تێر دەبن لە خواردنی زمانی مریشکەکان و
ئەسپە سەر قەبارە کاڵەکەکان لەنێوان خۆیاندا بەش دەکەن.
ئەگەر ژیان تەنیا دەربارەی تێرکردنی ورگ بێ،
بۆچی بڕینی لمە خزۆکەکانم بە بەربەست دانا؟

هۆنراوەی دوو

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
بەتەنیشت ڕووبارەکەوە پۆلێ کۆختە هەن.
پەرداخەکانیان بەرز دەکەنەوە، بادەی بەتام دەنۆشن،
تۆڕەکانیان فڕێ دەدەن، ماسی تازە دەگرن.
ئەگەر میوانێکم هەبێت، دەتوانین پێکەوە هۆنراوە بنووسین،
خۆ ئەگەر کەس نەیەت، ئەوا بەتەنیا کتێبەکانم دەخوێنمەوە.
بۆ هەبوونی خۆشییەکی ئاوا لە کەناری ئاسۆدا،
لە تەواوی ژیانمدا، چی دیکە هەیە بەوە بەراورد بکرێ؟

هۆنراوەی سێ

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
دوور و لە گۆشەیەکی دوورەدەستەوە.
ترێیەکان وەک شاقوت[1]ی ئەسپ گەورەن،
بادەمەکان وەک کەرە دەدرەوشێنەوە.
هیچ سەرانەیەک نییە بۆ درووستکردنی مەی،
کرێیەک نادرێ لە هەنبەر کێڵانی زەویدا.
بڕینی زیاتر لە ١٠،٠٠٠ لی[2] بۆ خۆراوا،
کێ دەڵێ ئەوە بیرۆکەیەکی چاک بوو؟

هۆنراوەی چوار

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
دانیشتووانەکە ڕووبەڕووی کارەساتی یەکلەدوایەک دەبنەوە.
تونێل هەڵدەکەنن تا خۆیان لە شەڕ بشارنەوە و
تاوەری بەرز درووست دەکەن تا خۆیان لە لافاو بپارێزن.
لە شەشەم مانگدا بەزۆری باران نابارێ و
کتوپڕ لە کۆتاییی زستاندا هەورەگرمەکان دەبیسترێن.
ئەگەر بێتوو کەسێک بیر لە زین کوانەکان[3]یش بکاتەوە،
ناتوانێ وا بکات پێنەکەنێ.

هۆنراوەی پێنج

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
دیوارە ڕووخاوەکان دەوری شارە کۆنەکەیان داوە.
ڕووەک و دارەکان بەردەوامن لە گەشەکردن،
گژوگیا و دارەکان گیانێکیان نەبینیوە.
لە کەناردەریای باشوور پیاوێکی تەنیا قولاپەکەی شۆڕ کردووەتەوە،
لە کێڵگەکانی خۆراوا تاقە جووتیارێک بەتەنیا زەوییەکەی دەکێڵێ.
ئەگەر تەنیا لە ناخی دڵتەوە ڕەزامەند بی،
لە هەر جێیەک بێ ئاسوودەیی دەدۆزییەوە.

هۆنراوەی شەش

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
ڕووبارەکان لەباتی خۆرەڵات بەرەو خۆراوا دەڕۆن.
ئاشە بایەکان هێز بۆ هاڕینی گەنم دابین دەکەن،
چەکوچە هەڵواسراوەکان بۆ پێوانەکردنی برنجی تازە بەکاردێن.
لە بەهاردا، گوڵەکان سیس دەبن و دەمرن،
لە زستاندا، گژوگیا دووبارە دەڕوێتەوە.
هەموو ئەمانە بە ئاسایی وەردەگرم و ڕۆژەکانم بەڕێ دەکەم،
وە چی دی بیر لە گەڕانەوە بۆ نیشتیمان ناکەمەوە.

هۆنراوەی حەوت

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
شادی ڕاستەقینە شتێکە کە دەبێ تاک خۆی بیدۆزێتەوە.
پیتەکانم لەسەر ئەم پارچە گوش[4]ە دەنووسم و
قامیشەکان وەک فڵچە بەکاردێنم بۆ نووسینی وشە ئاشناکان.
دەسکی چەترەکان دەکەم بە فلوت و
لە دەرگای سەرا کۆنەکان عوود درووست دەکەم.
لە بەرانبەر تەنگ و چەڵەمەدا، تاک دەبێ ئەوە بکا کە ناخی دەیخوازێ و
پشت لە کەسێتیی ڕابردووی نەکات.

هۆنراوەی هەشت

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
هاتن بەرەو خۆراوا شتێک بوو کە بە ڕێکەوت ڕوویدا.
ئەوان هەموو بەهارێک مانگە زیادکراوە کۆنەکە فەرامۆش دەکەن.[5]
شوێن مانگەکان دەکەون بۆ دیاریکردنی ساڵی نوو.
قامچی بەهێز لەو قامیشانە درووست دەکەن کە کلۆر نین،
قورسە بە داوەوەکردنی دراوێک کە هیچ کونێکی نەبێ.[6]
هیچ پێوەرێکی دیاریکراو نییە بۆ لێکچوون و جیاوازییەکان،
لە هەرچییەکدا کە دەیکەم، شتەکان وەک خۆی قەبووڵ دەکەم.

هۆنراوەی نۆ

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
لە ڕابردوودا نێوبانگیم بیستبوو.
پەرستگاکان لە تەنیشت کێڵگەکانن.
لە ناوەڕاستی بازاڕدا گۆڕستانیان هەیە.
برنج بە جین[7] دەفرۆشرێ.
گەنم بۆ پێوانەی زێر و زیو بەکاردێ.
خەڵکی ناوچەکە بێزارن لەو ڕاستییەی کە لە ساتی گەیشتنی ئێمەوە،
دەبێ بۆ خواردن داوا لە سەرکردەکەمان بکەن.

هۆنراوەی دە

بەتەنیایی لە خاکی خێجۆنگ،
ڕزگاربووەکان دەتوانن خۆراکی پێویست بۆ خۆیان دابین دەکەن.
پرتەقاڵی زەرد شەڵاڵ کراون لە هەنگویندا و سوور کراونەتەوە،
وە کێکی سپیی بەستوو بە شەکرەوە.
کاتێک وشکەساڵییە، ئاوی ڕووبار جێگەی باران دەگرێتەوە،
کاتێک پۆشاکەکانیان تێک دەچێ ئەوا لۆکەی داری کاپوک[8] بەکاردێنن.
لەو کاتەوەی بۆ هێرشکردنە سەر خۆراوا هاتووینەتە ئێرە،
چی دی بیر لە زێدەکەم ناکەمەوە.

سەرچاوە:

  • D. Sally K Church and  Prof. Qiu Jiangning. Impressions of early 13th century Central Asia as seen through the Poetry of Yelü Chucai. 2017

[1] گۆی مەمک.

[2] یەکەیەکی دوورپێوانی چینییە. پێشی دەگووترێ مایلی چینی.

[3] Zen koans.

[4] ڕووەکێکە، کاغەزی لێ ساز کراوە.

[5] لێرە مەبەستی لە جیاوازی ساڵنامەی بەکارهاتووی سەمەرقەند و چینە؛ لە سەمەرقەند ساڵنامەی ئیسلامی بەکار هاتووە، کە بە سادەیی ساڵێک دوازدە مانگە. ساڵنامەی چینیش هەر مانگییە، بەڵام ئەوان لە ساڵنامەکەیاندا مانگێکی زیادەیان هەیە.

[6] مەبەستی لێی جیاوازی دراوی سەمەرقەند و چینە؛ دراوی چینی ئەوکات، لە ناوەڕاستدا کونێکی هەبوو و بە داوەوە دەکران.

[7] یەکەیەکی پێوانەی بارستاییی کۆنی چینییە.

[8] Kapok.

هاوبەشی بکە

Poetry,