06/05/2024
DidiMn Logo
Top

ئەوەی لە مێشكی مندا دەگوزەرێت ترسناكترە لە دونیا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – دلۆڤان فه‌ره‌یدون

قاپوتێكی ڕەشم لەبەرە
وەك چاوی تۆ.
‏‎جگەرەیەك دەكێشم
‏‎وەك ناخی دایكم.
‏‎سێوەكەم بەچۆقۆی سەر مێزەكە
‏‎قاش دەكەم
‏‎وەك سەری خوشكم.
‏‎پەیكەرێكی سیزیف لەنێوەڕاستی شەقامێكە
‏‎هەروەکو باوكم.


‏‎باران دەبارێت لەدەرەوە، وەک چاوی من،
هەموو شەوێک بۆ؛
قاپوت و جگەرە وسێو و سیزیفەكەم.

ئەوەی لە مێشكی مندا دەگوزەرێت
ترسناكترە لە دونیا.

‏‎كراسێكی سپی لەسەر مێزەكەمە
وەک ڕووی تۆ.
‏‎بەفری چیاكان سپیین
‏‎وەك سەری باوكم.
‏‎هەمیشە هەورێكی ڕەش بەسەر زەوییەوەیە
‏‎وەک دڵی دایكم.
‏‎بولبولە جوانەكەم هەمیشە ئازار دەچێژێت
‏‎وەک مێشكی خوشكم.
‏‎دارەكان دەسوتێن لەنێو ئاگردانەكەدا
‏‎وەک جەستەی من.

‏‎هەموو شەوێک
‏‎بۆ كراس و بەفر و دار و بولبولەكەم؛
‏‎هەموو سوچێكی ژوورەكەم پڕ لەگومانە بۆم
‏‎وەک مێشكی تۆ.

‏‎چوار دیواری ژورەكەم پڕ لە درزە
‏‎وەک دڵی باوكم.
‏‎سەقفی ژوورەكەم كون كونە
‏‎وەک دەستی دایكم.
‏‎كورسی ژوورەكەم قاچەكانی دەلەقێت
‏‎وەک ژیانی خوشكەکەم.

‏‎چركە چركی سەعاتەكەم ڕاوەستاوە لەوكاتەوەی
‏‎مێشكی تۆ پڕ بوو لە گومان و
‏‎دڵی باوكم پڕبوو لە درز.
‏‎دەستی دایكمم دی كون كون بوو،
‏‎خوشكەکەمم بینی وەکو كورسی نێو ژورەكەم
‏‎ژیانی لەسەر یەك قاچ بوو…

هاوبەشی بکە

DLOVAN FARAIDON, Poetry,