18/03/2024
DidiMn Logo
Top

بەرهەمهێنانەوەى وێنەی مۆنستەر

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

هاوار محەمەد

کوشتنى جۆرج فلۆید و بارش چاکان چەند ڕۆژێکیان بەین بوو. یەکەمیان ڕەشپێستێک، دووەمیان لاوێکى کورد؛ پاڵنەرى هەردوو ڕووداوەکە ڕاسیزم: ڕاسیزمى سپیسالارى و ڕاسیزمى تورکسالارى. پاڵنەرى کوشتنەکانیان جیاوازە: فلۆید گوایە تەڵەکەبازییەکى چکۆلەى کردووە؛ بیست دۆلارییەکى تەزویرى لە مارکێتێکدا ساغ کردووەتەوە. چاگان لە پایتەختى فاشیزمدا گوێى لە گۆرانیى کوردی گرتووە. بەلاى منەوە کارەکەى فلۆید هیچ کردەیەکى ڕادیکاڵانەى تێدا نییە، کەچى دەرەنجامەکەى تەواو ڕادیکاڵ کەوتەوە. لە کاتێکدا کردەکەى چاگان تەواو ڕادیکاڵ بوو، بەڵام هیچ دەرەنجامێکى لێ نەکەوتەوە. بە هۆى ئەم دوو دەرەنجامە پێچەوانەیەوە، ئەم وتارە دەیەوێت خۆى لەسەر ڕووداوەکانى ئەمەریکا و هەڵکشانى ڕاسیزمى دژەڕەشپێست و ناڕەزایەتییە دژەڕاسیستییەکانى ئێستا چڕ بکاتەوە، بەڵام سەرەتا کردە ڕادیکاڵەکەى چاگان پیشان دەدات ئینجا جێی دێڵێت.

دوو ڕیوایەت بۆ مەرگى چاگان هەن کە بەلاى منەوە هەردووکیان شایەنى لێوردبوونەوەن و یەکتر تەواو دەکەن. بەگوێرەى ڕیوایەتى یەکەم گوایە چاگان ”گوێى لە گۆرانى کوردى گرتووە” و ئەمەیش بووەتە هۆى تووڕەکردنى تورکە ڕەگەزپەرستەکان. ڕیوایەتى دووەم دەڵێت، گوایە چاگان ”لە کاتى بانگدا گوێى لە گۆرانى گرتووە” و ئەمەیش بووەتە هۆى تووڕەبوونى گەنجانى موسڵمان. لە ڕاستیدا ڕیوایەتى دووەم دەیەوێت، بۆ دژایەتیکردنى ناسیۆنالیزمى کوردى، نکوڵى لە ڕیوایەتى یەکەم بکات؛ گوایە مەسەلەکە ئایینییە و نەتەوەیى نییە. بەگوێرەى ئەم تەفسیرە، ئەوانەی چاگانىان کوشت تورک نەبوون، بەڵکو موسڵمان بوون، چاگانیش لەسەر ”گۆرانیى کوردى” نەکوژرا، بەڵکو بە پاڵنەرى بێڕێزیکردن بە ”بانگى محەمەد” کوژا.

بەلاى منەوە، کە تا ڕادەیەک خۆم بە ئەنتى ناسیۆنالیزم دەزانم، ئەم تەفسیرە کورتکردنەوەگەرایە؛ دەتوانین هەردوو ڕیوایەتەکە لە یەک ڕیوایەتدا دابڕێژینەوە: چاگان لە ئەنقەرە، لە کاتى کاتى بانگدا گوێى لە گۆرانى کوردى گرتووە و بەم هۆیە بە دەستى تورکە ڕەگەزپەرستە موسڵمانەکان تیرۆر کرا. بەم جۆرە ڕیوایەتى دووەم نەک ڕیوایەتى یەکەم، پووچەڵ ناکاتەوە، بەڵکو دووهێندەکردنەوەى ڕیوایەتى یەکەمە؛ واتە دەستتێکەڵکردن و یەکترتۆخکردنەوەى دوو فاشیزم: فاشیزمى نەتەوەیى و فاشیزمى ئایینى کە لە تورکیا بە شێوەیەکى ئایدیاڵ لێک گرێ دراون. کەواتە کارەکەى چاگان دووجار ڕادیکاڵانە بووە: جارێک گوێى لە گۆرانى کوردى گرتووە دژ بە هەژموونى زمانى تورکى، جارێکیش لە کاتى بانگدا گوێى لە گۆرانیى کوردى گرتووە دژ بە هەژموونى ئیخوانیزمى تورکى. ئەو لە یەک کاتدا بە تۆمەتى کوردبوون و بە تۆمەتى دژەئایینى، تاوانبار بووە؛ هەم بە نەفرەت کراوە و هەم تەکفیر کراوە. گوناهێکى دووسەرە، شکاندنى دوو پەنجەرە بە بەردێک.

حزورى چاگان بە خۆى و گۆرانییە کوردییەکەیەوە، واتە بە هونەر، هەم تێکدەرى میزاجى ئایدیۆلۆژیاى تۆرانیەت بوو، هەمیش پێشێلکەرێکى ئایدیۆلۆژیاى ئیسلامیزم. بەڵام ئاخۆ خودى چاگان، وەک کوردێک، خۆیشى ئایدیۆلۆژیستێکى چکۆلە نەبوو؟ ئایا کوردبوون ئایدیۆلۆژیایە؟ با ئەم پرسیارە بۆ فلۆیدیش دابڕێژین: ئایا فلۆید وەک ڕەشپێستێک ئایدیۆلۆژیست بوو؟ هەردوو وەڵامەکە نەخێرە. نەتەوە و پێست گەرچى ڕەنگە ڕەوت و ڕێبازى ئایدیۆلۆژى و بگرە فاشیستیى تایبەت بە خۆیشیان بەرهەم بهێنن، لە خۆیاندا، تا ئەو شوێنەى لەژێر هەڕەشەیەکدا نەبنە بابەتى جەختلێکردنەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە ئایدیۆلۆژیاوە نییە. بەڵام ئەم ناپەیوەندیدارییە هەمیشەیش پارێزراو نامێنێتەوە؛ کەواتە ئەم گۆڕانە چۆن ڕوو دەدات، کەى ڕەنگى پێست (یان نەتەوە) دەبێت بە ئایدیۆلۆژیا؟ لەو ساتەدا کە ئایدیۆلۆژیستێک بانگ لە کوردێک و یان ڕەشپێستێک دەکات، چ بۆ دژایەتیکردنیان یان بۆ ملکەچپێکردنیان، ئەوا ئیمکانى لێدانى مۆرى ئایدیۆلۆژى لە هەردووکیان و ئیمکانى وەرگرتنى ئەم مۆرە ئاوەڵا دەبێت لەوێدا کە بۆ ئاوڕدانەوە/بەرپەرچدانەوەى ئەم بانگە، ڕەنگە هەردوو کەسە خامەکە ببنە سوبێکتێکى ملکەچ یان دەرمارگیرێکى کوێر. لەبەر ئەمەیە ئایدیۆلۆژیا بەردەوام سوبێکتەکان یان ئایدیۆلۆژیایەکى پێچەوانەى خۆیشى بەرهەم دەهێنێت. وێڕاى ئەمەیش، دەتوانین بڵێین چ چاگان و چ فلۆید بەرلەوەى ببنە ئایدیۆلۆیست، وەک کوردێک و وەک ڕەشپێستێک، مردن. لە هەردوو مردنەکەدا سیاسەتێکى ڕاستەوخۆ لەئارادا نییە، هیچیان سەر بە ئایدیۆلۆژیایەکى دیاریکراو نەبوون، هیچیان ئەندامى حیزبێک نەبوون و هیچیشیان شەهیدى ”ڕێبازێک” نین. ئەوان قوربانیى ڕووتن، قوربانیى شتێک کە لە ڕوانگەى ڕاسیستەکانەوە هەر بە ”وجود” پێی تاوانبارن یان هیچ نەبێ پێى بێزراون.

حزورى چاگان بە خۆى و گۆرانییە کوردییەکەیەوە، واتە بە هونەر، هەم تێکدەرى میزاجى ئایدیۆلۆژیاى تۆرانیەت بوو، هەمیش پێشێلکەرێکى ئایدیۆلۆژیاى ئیسلامیزم. بەڵام ئاخۆ خودى چاگان، وەک کوردێک، خۆیشى ئایدیۆلۆژیستێکى چکۆلە نەبوو؟ ئایا کوردبوون ئایدیۆلۆژیایە؟

گەر بڵێین ئەمەى لە ئەمەریکا ڕوو دەدات ڕاپەڕینى ”ڕەشپێستەکان”ە، هەر بە ماناى کورتکردنەوەى خەڵک نییە لە شوناسێک، چینێک، کاتێگۆرییەکدا؟ لام وایە بەڵێ، چونکە ئەوەى پێستى کرد بە شوناس و دوالیزمى سپیپێست/ڕەشپێستى دروست کرد، ئایدیۆلۆژیا بوو؛ گەر هەموو جارێکیش چەوسێنراوان خۆیان ئەم دوالیزمى بەرهەم بهێنینەوە، ئەوا خۆیان بەشدارن لەو ئایدیۆلۆژییەدا کە دروستى کردووە. هەر وەختێک بڕوا بەم دوالیزمە ئایدیۆلۆژییە بهێنین، ئەوا دەستبەجێ خۆمان لکاندووەتەوە بە سیاسەتى شوناستەوەرەوە، بەمەیش لە پشتەوە هەموو سپیپێستێکمان ڕاکێشاوەتەوە بەرامبەر ڕەشپێستەکانەوە، ئیدى جەنگەکە لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا دەگوازرێتەوە بۆ نێو خەڵک خۆی، واتە دەکەوێتە نێوان ”سپیپێست” و ”ڕەشپێست” (تەنانەت ئەگەر وەها جەنگێک ڕووی شنەدات هەر وەکو هەڕەشەیەک دەمێنێتەوە). ئەمە جەنگى ناوخۆییە. دەرچوون لەم دۆخە لانیکەم بە جەختکردنەوە لەسەر سێ گوتە نابێت:

  • گوتەى نکوڵیکردن: من ڕەشپێست نیم، سپىپێستم؛ دایکم ڕەشپێستە و باوکم سپى (یان بە پێچەوانەوە). من دووڕەگم؛ دەتوانم بە کرێم، ماکیاژ، نەشتەرگەرى چینە ڕەشەکەى پێستم لا ببەم و… هتد. 
  • گوتەى سەلماندن: بەڵێ من ڕەشپێستم؛ لە ئەسڵێکى ڕەشپێستم و دەست لە نەژادى خۆم هەڵناگرم، چەوساندنەوەى سپیپێست لە بیر ناکەم و… هتد.
  • گوتەى ئەبستراکت: من نە ڕەشپێستم، نە سپى پێستم، من مرۆڤم؛ هەموومان مرۆڤین و… هتد.

ئەوەى دەتوانێت لە سیاسەتى شوناستەوەرى و ڕاسیزمى نەتەوەیى و ڕەگەزى و ڕەنگى پێست ڕزگارمان بکات، هیچ یەک لەمانە نییە، بەڵکو گوتەى چوارەمە: کەمینەى سەرووشوناس. وەها گوتەیەک دەچێتە ئەودیوى شوناسەوە، بەڵام لەسەر خودى شوناس، نەک وەک بنچینە، بەڵکو وەک سەکۆ و تێپەڕگە، وەستاوە؛ ئەمە لۆژیکى پەلکەزێڕینەیە. پەلکەزێڕینە فرەڕەنگیى کەمینەکانە کە دەچەوسێنرێنەوە. کەمینە بە واتاى چەندێتیى ژمارەیى نییە، بەڵکو ئەوەیە کە لۆژیکى دەسەڵات نانوێنێتەوە. ڕەشپێست یان هەر ڕەگەزێکى تر ڕەنگێکى نێو ئەو پەلکەزێڕینەیە کە چەوساندنەوە وایان لێ دەکات لە یەک ئاوێزانبووندا، بە ڕەنگى خۆیانەوە، بچنە پاڵ یەکترى و لە خەباتێکى هاوبەشدا کۆ ببنەوە.

لەم ڕووداوانەى ئەم دواییەدا، خەڵکى ئەمەریکا لەوە هۆشیارتر بوون بە گەمەى دوالیستى فریو بخۆن؛ هەر کەسیش وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانى خۆپیشاندانەکان ببینێت، دەبینێت خەڵکانێکى زۆرى سپیپێست لە تەنیشتى ڕەشپێستەکان وەستاون، ئەمەریکى لە تەنیشت ئەفریقى، ئەورووپى لە تەنیشت نەیتڤ، کچان لە تەنیشت کوڕان، بەم جۆرە پەلکەزێڕینەکە پێکهات و فرەیى خۆپیشاندەران پارێزرا. هاوکات لۆژیکى پەلکەزێڕینە دژ بە زاڵبوونى ڕەنگێکە لەسەر ڕەنگەکانى تر؛ بۆیە بە ماناى نکوڵیکردن نییە لە ستەمێکى تایبەت کە لە خودى ڕەشپێستەکان دەکرێت لەبەر شوناسى خودى ”پێست”یان، هەر بۆیە بە هیچ کلۆجێک ناتوانین ستەم لە ڕەشپێست لەژێر کاتیگۆریى ستەم لە کرێکار، یان پرۆلیتاریا، یان ژندا جێ بکەینەوە. ئەمە بەم مانایەیە کە سەرمایەدارى مرۆڤ نەک تەنها وەک کرێکار بۆ قازانجى پارە، بەڵکو وەک ئوبێکتى هەژموونیش دەچەوسێنێتەوە، ئەمەیشى لە میراتێکى لەمێژینەى بەر لە سەردەمى سەرمایەدارییەوە وەرگرتووە و لەمڕۆدا لە نێو خوڕیى ئارەزووى دیکەى چەوسانەوەدا بەرهەمى هێناوەتەوە.

بەم جۆرە، ڕاسیزم هەمان ویستى قازانجخوازانە نییە، هەمان چەوساندنەوەى کرێکار نییە بە خاترى زێدەبەها، بەڵام وەک چەوساندنەوە لە یەکتریش دابڕاو نین؛ ڕاسیزم بەرامبەر ڕەشپێست لە ئەمەریکا چەوساندنەوەیەکە کە لە خودى ڕەنگى ”پێست”ەوە هاتووە، واتە پێست وەک شوناس دراوە بە مرۆڤ. پێست لە چینێکى فیزیۆلۆژیى لەشى مرۆڤەوە، کە لە بنەڕەتدا ئەو توێژاڵە تەنکە وشکهەڵاتووەى دیوى دەرەوەى لەشە کە پارێزگارى لە گۆشت و ماسولکە و دەمارەکانى ژێرەوەى خۆى دەکات، بووەتە مۆرک و بابەتى ناسینەوە و پەراوێزخستن. لەگەڵ ڕاسیزمدا پێست دەبێتە دەلالەت. لە ئەورووپا هەمان ڕاسیزم بەرامبەر ”سەرڕەش” هەیە، کە بە تەواوەتى هەموو تەفسیرە کۆنەکانى بۆ مەسەلەى چەوساندنەوە لەسەر بنەماى زێدەبەها قڵپ کردەوە. بەپێى گریمانەکان دەبوو ”سەرڕەش”، واتە پەنابەر و بێگانەکان، ببینە دەستى کارى هەرزان و بچنە خزمەتى چینى سەرمایەدارەوە، بەڵام هەر بۆ نموونە بانگەشەى حزبى ئەڵتەرناتیڤى ئەڵمانى (AFD) بۆ دژایەتیى پەنابەر ڕێک لەوێدایە کە گوایە پەنابەران یان دەبنە کرێکار و دەرفەتەکانى کار لە خەڵکى ڕەسەنى ئەڵمانى دەدەزن، یانیش دەبنە ”مشەخۆر” لەسەر دەوڵەت کە داراییەکەى لە باجى کرێکارانى ئەڵمانییەوە دێت. ئەم قڵپبوونەوانە فۆڕمەکانى ناڕەزایەتى و خەباتیشى لە ڕیشەوە گۆڕیوە.

هەر کەس ئاوڕ لە جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانى دواى ئایارى 68 تاوەکو ئێستا بداتەوە، بە تایبەت لە سەدەى بیستویەکدا، بۆى دەردەکەوێت سەرجەم گریمانە ئۆرسۆدۆکسییەکان بۆ سەرپێخستنى بزاوتى کۆمەڵایەتى، هەموو فۆڕمە کۆنەکانى دیسپلین و ڕێکخستن، هەموو فۆڕمە سوبێکتسازییە شۆڕشگێڕییەکان و پرسى چین و ڕابەر و حزبى قائید و ڕۆشنبیرى ئاڤانگارد و لە سەرووى هەموویشیەوە مەسەلەى گۆڕینى دنیا لە ڕێگەى دەسەڵاتەوە پێکڕا، یەک لە دواى یەک، هەڵوەرین و بە شکستێکى حەتمى و حاشاهەڵنەگر گەیشتن. ئەوەى لە ئەمەریکا دەگوزەرێت لە پاڵ سووتاندن و شکاندندا، سەماکردن، گۆرانیوتن، تێکەڵبوونى کوڕان و کچان، ژەنینی گرووپە مۆسیقییە پەراوێزییەکان، داهێنان لە فۆرمى دەربڕینى ناڕەزایەتیدایە، کە تا ڕادەیەکى زۆر بە بادانى هەوڵى ئەم چەند ساڵەى دوایی میدیاى ئەمەریکى بوو کە لە لایەن لیبۆک و قەرەقۆزەکانەوە داگیر کرابوو.

لە سەردەمى میدیاى وێنەییەدا ئەو دەلالەتەى لە ڕەنگى پێست و قامەتى ڕەشپێستەکانەوە دێت، دەبەسترێت بە چەندین دالى ترەوە و لە نێو گۆرانى و فیلم و وەرزش و پۆڕندا بە جۆرێکی تر تۆخ دەکرێتەوە، کە دەتوانین ئەم پرۆسە میدیاییە ناو بنێین ”مۆنستەرسازیى ڕەشپێست”، یان ”بەرهەمهێنانەوەى وێنەى مۆنستەر”. لەم ستراتیژییەدا ڕەشپێست بونیادە جەستەییە کۆیلایەتییەکەى لە ڕووبەرى تردا پێ دەدرێتەوە، لەشى ئەو گەر نێرینە بێت، ئاماژەیە بۆ زلى و بەهێزى و ناعەقڵانیەت، گەر مێیینە بێت ئاماژەیە بۆ ئیرۆتیزم و سمتى زل و چەپەڵى نێو ماڵ. ئەم وێنەى وەحشە میدیاییە دابەش بووە بەسەر دوو ڕووبەردا: ڕەشپێست وەک وەحشێکى خوازراو، کە پتر لە ئەستێرەسازیدا برەوى پێ دراوە، هەر لە ئەستێرەسازیى گۆرانییەوە تاوەکو ئەستێرەسازیى پۆڕن. هەروەها ڕەشپێست وەک وەحشێکى ناشارستانى، کە بەردەوام گرفتى مەدەنیەت و کەیسى پۆلیسیان هەیە؛ لەم وێنەدا زۆربەى ڕەشپێستەکان تاوانبارن و پێویستە بێڕەحمانە کۆنتڕۆڵ بکرێن. فلۆید لە نموونەى ئەم وەحشەى ڕووبەرى دووەمیان بوو. کایەى پۆڕنیش نموونەیەکى گونجاوە بۆ ڕوونکردنەوەى پرۆسەى بەرهەمهێنانەوەى وێنەى ڕەشپێست وەک وەحش. لەم وێنایەدا ڕەشپێست ئەوەیە کە خاوەنى چووکێکى گەورە و لەشێکى پتەو و ماسولکەییە، کە دەتوانێت چێژ یان زێدەچێژ بە مێیینە ببەخشێت (ئەمە لە شێوازە نوێیەکانى سێکسۆاڵێتیدا بووەتە وێنەیەکى خوازراو، چونکە تا ڕادەیەکى زۆر خودى مرۆڤ لە بوونەوەرێکى چێژگەرادا کورت بووەتەوە و چێژە کورتەکان، کە پێی وایە دواخستن هەڵناگرن، بووەتە خودى ئامانجى ژیانى). بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم بوونەوەرە چوکزل و پتەوە بێهەست و ناعەقڵانییشە کە تواناى لەمس و نیگا و گۆڕینەوەى ئیحساس و عەشقى نییە، پتر لە وەحشێک دەچێت، یان ماشینێکى گانکردن و هیچی تر.

لە سەردەمى میدیاى وێنەییەدا ئەو دەلالەتەى لە ڕەنگى پێست و قامەتى ڕەشپێستەکانەوە دێت، دەبەسترێت بە چەندین دالى ترەوە و لە نێو گۆرانى و فیلم و وەرزش و پۆڕندا بە جۆرێکی تر تۆخ دەکرێتەوە، کە دەتوانین ئەم پرۆسە میدیاییە ناو بنێین ”مۆنستەرسازیى ڕەشپێست”، یان ”بەرهەمهێنانەوەى وێنەى مۆنستەر”

لارس فۆن تریە لە دیمەنێکى فیلمى ”نیمفۆمانیاک”دا هەم ئەم ماشێنە و هەم ئەم وەحشە بێئەقڵەى پیشان داوین، وەختێ دوو ڕەشپێست لەسەر شێوازى گانکردنەکەیان دەبێت بە دەمەقاڵەیان و لە بیریان دەچێتەوە کچێک بە ڕووتى چاوەڕێى سێکسکردنە لەگەڵ ئەواندا. ئەم وێنایەى ڕەشپێست خۆى بە تەواوەتییش درۆ نییە و بوختانێکى پەتى نییە لە فیلمى پۆڕندا، ئەمەیش پنتى لێکبەستنەوەى هەردوو ڕووبەرەکەى سەرەوەیە؛ بە جۆرێک ڕەشپێستەکان و ئەوەى ڕۆژانە نیشانیان داوە، دەلیلى ئەوەیە کە ئەوان تا ڕادەیەک ئەو وێنانەى خۆیان قبووڵ کردووە کە لە نێو میدیادا، لە نێو گۆرانى و فیلم و پۆڕندا پێیان دراوە. بەم جۆرە ئەم واقیعەیش، وێڕاى کاریگەریى ڕەگەزە مێژووییەکان و شکڵگرتنى بونیادى لەشولارى ڕەشپێستەکان وەک فاکت، بەرهەمى بەرهەمهێنانەوەى وێنەى ڕەشپێستە لە شاشەدا. واقیع لە لایەن وێنەوە بەرهەم هێنراوە و لاى خۆیشیەوە وێنە بەرهەم دەهێنێتەوە، بەم جۆرە هەردووکیان یەکترى دووبارە بەرهەم دەهێننەوە. گرنگىی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەى ئێستا تەنها لەوەدا نییە کە دژ بە دڕندەییەکانى پۆلیسى ئەمەریکییە، بەڵکو شکاندنى ئەم لۆژیکە بازنەییەى میدیا – واقیع بوو، هاتنەدەرەوە بوو لە وێنەى ڕەشپێست وەک حیمایەى کەتە، مافیا، گرووپى تاوانکارى، گۆرانیبێژى گێلى ڕاپ، وەحش، ماشێنى سێکس. هاتنەدەرەوە بوو لە وێنەی ”کارداشیان” بۆ رەشپێستێکى دووڕەگ، کارداشیانى سمت زلى نزیک لە تڕەمپ کە دەتوانێت عافوات بۆ هەندێک لە تاوانبارانى مادەى هۆشبەر و ژنانى ئالوودە وەربگرێت.

بێگومان بەرهەمهێنانى وێنە کۆتایى نایەت، بەڵام ئەم جموجووڵە سەلماندى کە وێنەى تر هەیە لە پەراوێزەکاندا و لە یەک ساتدا دەتەقێنەوە، ساتێک کە ڕەشپێست بێ ئەوەى تاوانێکى ئەوتۆى هەبێت، ”تاوانبار”ێکە لەژێر ئەژنۆى پۆلیسێکى بەدفەساڵدا کە خەمساردانە بە سووکایەتییەوە دەیکوژێت. ئێستا ئەو وێنەیەى کە لە سێکسدا نیشانەى کۆنتڕۆڵنەکراویى هێزى جنسیى ڕەشپێستێکە، خۆى گواستووەتەوە بۆ کایەیەکى ترى هاوبەش و لە ڕووبەرێکى تردا ئیش دەکات: ڕووبەرى ناڕەزایەتی دژ بە ڕاسیزم؛ ئیرۆتیزم ڕووبەرى خۆى گۆڕیوە، لە سێکسەوە بۆ شەقام، لە چێژەوە بۆ تێکدان، لە ئیتمیازى تاکەکەسییەوە بۆ داهێنانى دەستەجەمعى.

هاوبەشی بکە

Baris Cakan, George Floed, Hawar Muhemed, Racism,