24/04/2024
DidiMn Logo
Top

لەبەردەم ئەوی تردا: سەما وەك دەرخستنى خود لە ڕوانگەى ژان-لوك نانسییەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – هاوار محەمەد

لە ساڵى ٢٠٠٣-٢٠٠٤ فەیلەسووفى فەڕەنسى، ژان-لوك نانسى و هونەرمەندى كاریۆگراف ماتیلدا مۆنێر چەند نامەیەك لەگەڵ یەكتریدا دەگۆڕنەوە و بابەتى سەرەكیى گفتوگۆكەیان پرسى پەیوەندیى نێوان دانس و فەلسەفەیە؛ دواتریش دەبێتە گفتوگۆیەكى سێ كەسى و ڕووبەڕوو لە نێوان ئەو دوو هاوڕێیە و كلەیر دێنیسى فیلمسازدا. نانسى لە بیركردنەوەى خۆیدا دەربارەى دانس ”سەما” دەپرسێت: چۆن دەتوانین لە سەما وەك شتێكى كراوە بۆ هەموو كەسێك تێبگەین، لە كاتێكدا ئەفزەڵیەت لە ئێستادا دراوە بە پسپۆرێتی؟ كەواتە چۆن دەشێت هەموو كەسێك سەما بكات بێ ئەوەى پێویستى بەوە بێت بڕوانامەى سەماكردن وەربگرێت. هەروەها چ پەیوەندییەك لە نێوان دانس و بیركردنەوەدایە و چۆن دەتوانین وەها لە سەما تێبگەین كە تاقانەیى خۆى دەپارێزێت و لە یەك بیركردنەوەدا كورت نابێتەوە؟ وەڵامى نانسى بۆ هەردوو پرسیارەكە پەیوەستە بە پرسى جەستەوە وەك فرەییەك، وەك بێشومار یەكەى جیاواز كە هیچیان لەوی تریان ناچن، ئەمەیش دەرفەتى ئەوە دەڕەخسێنێت بەردەوام بە پاڵ یەكترییەوە و لەگەڵ یەكتریدا هەبن. ئێمە لێرەدا پەیوەندیى سەما و بیركردنەوە دوا دەخەین بۆ كاتێكى تر و بە كورتى قسەیەك لەسەر سەما وەك كردەیەكى هاوبەش لەنێوان ”من-ئەوی تر”دا دەكەین.

لە فەلسەفەى ڕۆژئاواییدا تاوەكو هایدیگەریش ”بوون” پرسیارى سەرەكیی فەلسەفەیە: بۆچى بوون هەیە لە جیاتى نەبوون؟ لە دواى هایدیگەر، بە هۆى ئەو ڕووداو و كارەساتانەى لە ئەورووپا ڕوویان دا، گۆڕانێك لە پرسیارى فەلسەفەدا ڕوو دەدات، بە تایبەتى لە ناوەندى فیكرى فەڕەنسیدا مشتومڕ دەنێتەوە و هەر لە لێڤیناسەوە تاوەكو سارتەر و تاوەكو دێریدا و دۆلۆز بەشدار دەبن لە وەڵامدانەوەیدا: ئایا دەكرێت ئەوی تر ببێتە چەقى بیركردنەوەى فەلسەفى؟ بۆ ئەوانەى كە دەیانەوێت لە هەژموونى ”بوون” دەربچن، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن لە من بەرەو ئەوی تر تێدەپەڕین؛ چۆن هەر لە پێشەوە مەرجى بوون بەستراوە بە حزوورى ئەوی ترێكى كورتنەكراوەوە. دوایین فەیلەسووفى دیار لەو نەوەیەدا كە هێشتا لە ژیاندا بێت و مشتومڕى ئەم پرسیارەى كردبێت، ژان-لوك نانسییە. بە بڕواى نانسى بۆ ئەوەى شتێك هەبێت پێویستە، شتێكى هەبێت لە بوون زیاتر بێت؛ ئەم زیاترە تەنیا ”ئیزافەیەك” نەبێت، بە پێچەوانەوە، دەبێت نەكرێت ئیزافەى بكەین بۆ سەر خودى بوون و ببێتە بەشێكى دیكە لە بوون؛ دەبێت بوون شتێك نەبێت تەنیا لەوێدا هەبێت؛ دەبێت ئەمە شتێك بێت بە جیددى وەرگیرێت، دەربكەوێت و ئەزموون بكرێت. ئەم دەركەوتن و ئەزموونكردنە هەمیشە فرەیی بوونە؛ لێرەوە نانسى دا-زاین [لەوێ-بوون] Da-sein لەسەر بنەماى میت-زاین [لەگەڵ-بوون] Mit-sein دادەڕێژێت. تاكێتى Singularität تەنیا لەسەر بنەماى فرەیى Pluralität هەیە؛ یان: تاكێتى بۆیە هەیە، چونكە زۆرێتی هەیە، ئەوانیتر هەن. حزوور و ئامادەیى لە دەمى ئێستادا بەردەوام بوونێكى دەستەكۆییە. گەر وابێت نانسى هاوكێشەكە هەڵدەگێڕێتەوە: یەكەم جار بوون نییە و دواتر لەگەڵی بۆ زیاد كرابێت، بۆى ئیزافە كرابێت؛ بەڵكو یەكەم جار لەگەڵ Mit هەیە وەك مەرجى ئیمكانى بوونى مرۆیى، پاشان تاكێتى بوون هەیە[1]. ئەم Mitـە نە دەرەكییە و نە ناوەكییە، نە گشتییە (جەماوەرى) نە سوبێكتە؛ بەڵكو بە واتاى كرانەوەیە. كرانەوە بەو واتایە نییە شتێك وەك سندووقێك، یان وەك ژوورێكى قەپات لە دەرگایەك یان پەنجەرەیەكەوە بە خواستى خۆى دەكرێتەوە؛ یان هێزێكى تر بە قەرەقووشى دەیكاتەوە؛ بەڵكو هەر لە پێشترەوە كرانەوەیە لە دەرەوە؛ كرانەوەیە بۆ پێشوازى: «جەستە ژوورێك بۆ بوون دەسازێنێت»[2] ئەمە بە ڕوونى تێپەڕاندنى هایدیگەرە كە زمان دەكات بە ماڵى بوون. لاى نانسى جەستە لە قەڵمڕەویخستنى ئەم ماڵەیە، چونكە بوون ناتوانێت بە تەواوەتى ببێتە خاوەنى، بوون لە جەستەدایە و هەرگیز هیچ كەس شتێكى تر نازانێت جگە لە جەستە. جەستەیش لەو پێناوەدا نییە لەش و بیچمێك بدات بە ڕۆح، فۆڕمى زەین و دەروون نییە، بەڵكو فۆڕمى خۆیەتى، فۆڕمى فۆڕمە. ئەگەر بڕیارە ڕۆح هەبێت ئەوا ڕۆحى جەستە خۆیەتى، بەڵام لەش وەك ڕۆح زیندانی نییە، لەش دەتوانێت بەردەوام سوبێكت جێ بهێڵێت و لە خۆى دەربچێت. جەستە لە سنوورى نێوان بوون و ئەوی تردایە، هەبوونى ئەویترێتییە. من بەسەر ئەوی تردا ناكرێمەوە؛ من هەر لە پێشەوە كراوەم و لەگەڵ ئەوی تردام، وەختێك ئەوی تر ڕەت بكەمەوە دەكرێت دابخرێم و بۆ نێو خۆم، بۆ تاكێتییەكەم هەڵبێم، بەڵام لێرەدا دیسان تاكێتییەكەم هەڵدەوەشێتەوە، چونكە تاكێتیى من پەیوەستە بە هەبوونى ئەوانی ترەوە.

لە فەلسەفەى نانسیدا جیهان دەرەوەیە، بۆیە ئێمە هەموومان لە دەرەوەین؛ ئەمەیش جیاوازە لە هەموو ئەو تێزانەى كە دەرەوە هەمیشە لەسەر بنەماى ”من” یان ”سوبێكت” یان ”ئیگۆ” وێنا دەكەن؛ بە مانایەكی تر ئەو لە یەك كاتدا دەچێتە ئەودیوى دیكارتیزم و هیگڵیزم، بگرە ئەودیوى تیۆلۆژیا و فەلسەفە و دەروونشیكارى كە (بەلاى ئەوەوە) جەستە تەنیا وەك بەرجەستەبوون وێنا دەكەن: بەرجەستەبوونى خودا، مانا، ڕۆح، دەروون؛ بە دەربڕینى نانسى: وەك جەستەى ڕۆح دەیبینن،[3] لە كاتێكدا جەستە خۆى لە ڕۆحى پەتی دەچێت.[4] دەرەوە، دەرەكێتى، لە غەیرییەتێكەوە نەهاتووە كە خودى لە ناوەوەڕا دووكەرت كردووە، لە دووكەرتبوونى ناوەوەیشەوە نەهاتووە، كە كەرتێكیان ئەوی تریانى لە خۆى نەفى كردبێت و لە دەرەوە ئوبێكتیڤ بووبێتەوە؛ ئەویترێتى پرسى دابەشبوونى ناوەكیى خود نییە، بەڵكو وەك دەرەوە پرسى هەر خودێكە وەك ”كەسێك” كە لەگەڵ ئەوانی تردا بوونى هەیە.[5] ئەگەر ئێمە هەموومان دەرەوە بین و كەسێك بین لەنێو و لەگەڵ كەسانى تردا، كەواتە نە هیچ كەرتبوونێكى دیالەكتیكیى سوبێكت لە ئارادایە و نە ئاگایى ناوەكى دەخرێتە دژیەكییەوە لەگەڵ دەرەكێتیى سروشتدا؛ هیچ دووپاتكردنەوەیەكى ئاوێنەیى یەكێكیان لەوی تریشیاندا، سوبێكت- ئەویتر، دەرەوە-ناوەوە لە ئارادا نییە.

جەستە ڕووبەرى ئەم دەرەكێتى و ئەویترێتییەیە. وەك نانسى دەڵێت، ئەگەر ژیانى مرۆڤ لە زەویدا لە دواى ڕووداوى سقوتەوە دەستى پێ كردبێت، ئەوا ئێمە بە هۆى قورسایى جەستە خۆیەوە كەوتووینەتە خوارەوە. جەستە نەك تەنیا قورسایى، لەشقورسیشى هەیە؛ هێشتایش شتانێكى دیكەى هەن كە دەكرێت وەك نوقسانى بیبینین، بەڵام بە هەمان واتا دەروونشیكارییەكانى ئەم وشەیە نا. جەستە خەواڵوو دەبێت، ماندوو دەبێت، نەخۆش دەكەوێت، ئازار دەكێشێت، دەنوێت، دەمرێت. هەر كەس لە ئێمە دەتوانێت بڵێت جەستە پێرفێكت نییە، بەڵام جەستە خۆیشى هیچ كات بانگەشەى ئەمەى نەكردووە؛ بگرە دەزانێت پاكژیش نییە و هەرگیز بێ نینۆك، موو، پێست، بۆن، عارەقكردنەوە، پاشەڕۆ؛ واتە بە گشتى دەر-هاویشتەكان، خۆى پیشان نەداوە. جەستە پێرفێكت و پاكژ نییە، بەڵام تاوانبار نییە. نوقسانى و دەرهاویشتەكان خۆیان لە دەرەوەن، دەرەكێتیى جەستە دەنوێننەوە؛ واتە بە بەردەوامى پەیوەندیى جەستە لەگەڵ دەرەوەیدا دەهێڵنەوە. بە دیوێكى تریشدا، ئەمانە ناتوانن ڕێگرى لەوە بكەن كە جەستە كۆنتاكت لەگەڵ دەرەوەى نەگرێت؛ بە هەمان شێوەى دەرهاویشتەكان جەستە سیگناڵیش پەخش دەكاتەوە، نیشانە بۆ ئەوانی تر كە لە دەوروبەرى ئامادەییان هەیە، دەنێرێت و حزوورى خۆى لەوێدا ڕادەگەیەنێت. سەما جۆرێكە لە وەرگرتنى ئەم سیگناڵە لە لایەن ئەوانی ترەوە، جۆرێكە لە دەرچوونى جەستە لە خۆى. بەم پێیە، فاكتى قورسایى جەستە دژ نییە بە ئایدیاى سووكەڵەیى جەستە لاى نیچە. دەرچوون لە قورساییەكان و جێگرتنەوەى قورسایى بوون بە سووكەڵەیى بوون ئامانجى فەلسەفەى نیچە بوو. قورسى و سووكى لە فیكرى ئەودا دوو میتافۆڕن بۆ دوو تایپى جیاوازى بەهاكان و هێز؛ ئەخلاق و ئایین و دەسەڵات كە قورسایى تاقەتپڕوكێن دەخەنە سەر ژیان، مرۆڤ دەگۆڕن بۆ وشترێك كە بە بارى سەر پشتى خۆى ڕازییە. ڕۆحى سووك كە هەمان ناوە بۆ جەستەى سووكەڵە، بە پێچەوانەوە، ئەوەیە لە بارى ئەخلاقى كۆیلە و ئایین دەردەچێت و دەبێت بە باڵندە. سەما ئەم سووكەڵەییەیە تا ڕادەى بەباڵندەبوون. ئالان بەدیۆ لە وتارەكەیدا كە تەرخانى كردووە بۆ شرۆڤەى ڕوانگەى نیچە بۆ پەیوەندیى نێوان بیركردنەوە و سەما، دەڵێت: «سەما لەبیركردنە، چونكە جەستەیەكە كە قورسایى خۆى، كێشى خۆى لەبیر كردووە.»[6] بەم جۆرە جەستە ئەگەرچى، بە دەربڕینى نانسى، قورساییەكى كەم كێشى هەیە، بەڵام تەنیا خۆیەتى كە دەتوانێت هێندە سووكەڵە بێت باز بدات و لە بارى قورساییە مەعنەوییەكان دەربچێت؛ سەما هونەرى سووكەڵەیى جەستەیە، قورساییەكەیشى تەنیا بۆ ئەوەیە بەرەو ئەوی تر بكێشرێت، لەگەڵ جەستەكانى تردا بەر یەكتر بكەون، پەستان لەسەر یەكتر دابنێن، پاڵ بە یەكترییەوە بنێن، بكەونە سەر یەكتر، یان بە هۆى كێش و قەبارەیانەوە بكەونە سەر ڕووكارى ئاو. بە یەك دەربڕین، قورسایى جەستە بۆ ئەوەیە لەگەڵ جەستەیەكى تردا بكەونە هێزى یەكترڕاكێشانەوە.[7] جەستە هەم نەفرینى میتافیزیك و هەم فەرمانە بێشومارەكانى ئەخلاقى خراوەتە سەر، بەڵام لە دنیاى مۆدێرندا نابێت دیسپلینە زۆروزەبەندەكانى دەسەڵاتیشمان لەبیر بچێت؛ بۆ نموونە جەستەى سەرباز (لە كۆمەڵگەى كوریدا، ئەفسانەى بەناوبانگى ”عەسكەریكردن” هێشتایش لەسەر زارى نەوەى پێش ئێمەیە.) نیچە بەم جۆرە جەستەى سەربازیى ئەڵمان وەسف دەكات: ”گوێڕایەڵ و دوو لنگى درێژكراو” بەدیۆ لە شرۆڤەى ئەمەدا دەنووسێت: «جەوهەرى ئەم ئەڵمانییە خراپە نمایشى سەربازییە، جەستەیەكى ڕیزبەندكراو و بیچمپێدراو بە چەكوشكارى، سەرشۆڕ و مارشگۆ. جەستەیەك بۆ ڕیتم و زرموكوت. لەبرى ئەوە سەما جەستەیەكى بەژنزراڤ و ڕاستەوەبووە، جەستەیەكى قیت و قنج.»[8]

بە لاى نانسییەوە ئێمە نابێت وەها لە جەستە تێبگەین كە تەنێكە و بۆشایى داگیر كردووە. جەستە شتێكى پڕ یان بۆشاییەكى داگیركراو نییە، چێوەیەكى خاڵى و بەتاڵییش نییە؛ پتر بۆشاییەكى كراوەیە، شوێنێكى كراوەیە كە پڕە لە جەستەكانى تر.[9] شوێنیش هەمیشە لەوێدایە، لێرەدایە، ئەوەیە لەوێدا. بەم پێیە جەستە شوێنێكە لەوێدا، لە دەرەوە وەك غەریبەیەك. جەستە هەمیشە لە سوبێكت كراوەتە دەرەوە، ئەدرەسێكە لەوێدا بۆ جەستەى دیكە و خراوەتە بەردەمى ئەوی تر. لێرەدا جەستە لە سنووردایە و وەك سنوور هەیە؛ واتە وەك شتێك بۆ دەستلێدان و لەمسكردن. من جەستەى خۆم ناناسم و خاوەنى نیم، پێویستە ئەوی تر لەمسى بكات تاوەكو جەستەم ڕوو بدات؛ بەڵام لە ڕێگەى ئەم لەمسەوە، من نابمە خاوەنى جەستەى خۆم، بەڵكو جەستەم دەبێتە هی من، دەبێتە شوێنێك لە نێوان من و ئەوی تردا. بە پێچەوانەوە هەر لە سەرەتاوە ئەوانی تر لەوێدا وەك جەستەكان دەناسم، چونكە سنوورەكانیان، چێوەكانیان دەبینم و دەتوانم دەستیان لێ بدەم «ئەوی تر جەستەیەكە، چونكە تەنیا جەستە ئەوی ترە. ئەوە كە ئەم دەنگەى هەیە، ئەم پێستەى هەیە، ڕەنگى هەیە، لەشولارى هەیە، قەبارەى هەیە، چرچولۆچى هەیە، پتەویى هەیە.»[10] سوبێكت لەمسى خۆى ناكات، ناتوانێت ڕاستەوخۆ لەمسى خۆى بكات و هاوكات وەك لەمس هەست بە لەمسەكەى بكات، لەمس هەستێكە لە بەركەوتنى دەست و لەشى ئەوی ترى دەرەكییەوە دروست دەبێت. سوبێكت لەوی ترەوە لەمس دەكرێت و خۆیشى لەمسى ئەوی تر دەكات؛ لە ڕێگەى ئەم دوو لەمسەوە دەتوانێت لەمسى خۆى بكات، واتە وەك جەستەیەكى هەستەوەر هەست بە خۆى بكات.

ئەم جۆرە تیاژیانە لە لەشدا یان لە جەستەدا، لەمڕۆدا هونەر دایدەهێنێت. بوون پێویستە بوونێكى جەستەیى بێت، دەبێت جەستەیەك بەخۆیەوە بگرێت، تاوەكو بشێت بناسرێتەوە. ناسین لە جەستەدا و لە ڕێگەى جەستەوە دەبێت. سەما یەكەمین هونەرى جەستەیە و هێشتایش هەر بەو جۆرەیە، چونكە سەما بە خودى جەستەى هونەرمەندەوە لكاوە و جودابوونەوە هەڵناگرێت؛ بە پێچەوانەى زۆربەى هونەرەكانى دیكەوە، كە لە ڕێگەى جەستە و زەین و لێهاتوویى هونەرمەندەوە، بە تێپەڕین بە میدیۆمى ئامێر (مۆسیقا) یان قوماش و ڕەنگ (نیگاركێشى) یان ئەكتەر و كامێرا (سینەما) بەرهەم دێت. لە سەمادا بەرهەم جووڵەى خودى جەستەیە بەبێ كەلێن و میدیۆم، ئەوەى لە جەستەوە پەخش دەبێتەوە خۆى بەرهەمە هونەرییەكەیە و پێویستى بەوە نییە بكەوێتە سەر سەتحێكى تر (كانڤاس، بەرد، پەردە، شاشە) یان لە ڕێگەى ئامرازى دیكەوە (فڵچە، چەكوش، گەچ، كامێرا)وە پێك بهێنرێت، تاوەكو وەك بەرهەمێكى هونەرى دەربكەوێت. تەنانەت سەماى ڤیدیۆكلیپ یان وێنەگیراو دواى وێنەگرتن نەبووەتە سەما، بەڵكو خودى بەرهەمەكەیە وێنەگیراوە و هەمیشە وێنەگرتن لاوەكییە. سەما تەنیا پەیوەستە بە شوێنەوە،[11] چونكە جەستە خۆى فەزایە. دال نییە، بەڵكو ژێستى پەتییە؛ ژێستێك كە گەشەكردن و لەدایكبوونى هاوكاتە و هیچ ژیانێكى پێشوەختەى لە ”مانا”یەكدا نییە؛ بە قەولى بەدیۆ دەستپێكردنێكى نوێیە، چونكە ژێستى سەما پێویستە هەمیشە شتێكى وەك داهێنانى دەستپێكەكەى خۆى بێت.[12]

بەڵام تێرمى ”هونەرمەند” تەنیا كەسانى ”پڕۆفیشناڵ” ناگرێتەوە. هونەر لاى نانسى لە لایەن هەموانەوە دروست دەكرێت و هەرگیز ناكرێت شتێكى تەواو نوخبەیى بێت. هەموو مرۆڤێك دەتوانێت بە خۆى بڵێت هونەرمەند، چونكە هونەر بابەتى پسپۆڕى نییە، بەڵكو لەنێو خودى مومارەسەى ژیاندایە؛ بەڵام هەندێک كەس بایەخێكى زیاتر بە هونەرەكەیان دەدەن و ڕەنگە كۆنتێكست و ڕەوشێكى گونجاوتریان بۆ بەرەوپێشبردن بۆ هەڵبكەوێت. مادام هونەر تایبەت نییە بە كەسێك، بلیمەتێك و ئیلهامى تاكەكەسى نییە، كەواتە شتێكە لە نێوان جەستەكاندا، لەگەڵ ئەوی تردا ڕوو دەدات، یان لە نێوان مرۆڤەكاندا مومارەسە دەكرێت؛ هەر لەبەر ئەمە دەشێت لە هەر كات و شوێنێكدا بێت و هەر جێیەك ڕۆڵى سەكۆ و ستەیجى بۆ بگێڕن، بە بچووكترین دەنگى میوزیك ڕوو بدات. هەڵبەت خوداپەرستییش دەكرێت لە هەر كوێدا بكرێت، بەڵام نەك وەك مومارەسەیەكى گشتى و هاوبەش، بەڵكو وەك بڕوایەكى تاكەكەسى كە پێویستى بە گرتنى ڕووبەر و مەساحە نییە؛ چونكە وەك پرەنسیپ خوداپەرستى پتر پەیوەستە بە دڵ و دەروونى خودى تاكەكەسەوە كە خودا لە بێدەنگیشدا نیەت و نیاز و داواكانى دەیبیستێت و حزوورى ئەوی تر بە مەرج ناگرێت، (مەگەر وەك ڕیاكارى یان وەك ئەجنداى سیاسى.) ئایین پێرفۆرمانس نییە، پتر زوهدە، واتە تەنانەت لە قەرەباڵغییشدا زیاتر مەیلى بە لاى كەشى تەنیایى و خەڵوەتدایە تاوەكو بە لاى فەزاى گشتى و هاوبەشدا. سەما نواندن و پێرفۆرمانسە، جووڵەیەكە ڕووبەر ئاوەڵا دەكات؛ هیچ تەوقیتێكى وەكو كاتى بانگدان و نوێژ و ڕۆژووشكاندنى نییە، هیچ پرۆگرامێكى وەكو بەرنامەى تەلەفزیۆنى و ماوەى منداڵانى نییە؛ هەر سات و كات و چركەیەك دەكرێت ئەنجام بدرێت، ژێستێكە كەس نازانێت كەى ڕوو دەدات؛ وەكو سەماكەى چارلى چاپلن لە گەرمەى كارى نێو كارگەیەكى تەواو دیسپلینكراودا لە فیلمى ژیانى مۆدێرندا. لە سەمادا ئەم ئیمكانە گشتى و یونیڤێرساڵە لەگەڵ ئیمكانى تاكەكەسیدا، واتە ئیمكانى ئەوانەى هەلومەرجى باشتریان بەهرەمەندبوون لە هونەرەكەیان هەبووە، یەكتر دەبڕن. سەما هونەرێكە لەگەڵ ئەوی تردا، بە مەشق و تێكەڵبوونى ئەم دوو توخمە مرۆییە، دەتوانێت یونیڤێرساڵ لە خۆیدا چڕ بكاتەوە تاوەكو دەبێتە شارەزاییەكى جوانتر[13] و دەچێتە سەر شانۆ و ستەیج، بەڵام ئەم شارەزایى زیاترە بە واتاى پسپۆڕێتى و خاوەندارێتى نییە. هونەر، بە تایبەتى سەما، پەیوەستە بە جیهانەوە وەك ڕووبەرێك بۆ بەشداریكردن لە نێوان ئێمەدا؛ بۆیە واتاى سەما لاى نانسى هەمیشە لە پەیوەندیدایە بە جیهانەوە،[14] چونكە جەستەكان بەو هۆیەى لە یەكترى جیاواز و تا ڕادەیەك سەربەخۆن، شوێنى هاوبەشیپێكراوى نێوان ئێمەن: «جیهان جەستەكانە»؛ لە جێیەكدا وا دەڵێت. ئەم شرۆڤەیە دەتوانێت ببێتە بنەماى دووبارە وێناكردنەوەى ”هاوبەشێتى” و ”یەكسانی”ـى جەستەى سەماكاران لەگەڵ یەكتریدا. ڕەنگە ئەمەیش هۆكارێكى ئەوە بێت لەو كۆمەڵگایانەى وەك ئێمەدا، كە لەسەر هیرارشییەت و نایەكسانیى قووڵى ڕەگەزى دروست بوون، سەما وەك هەڕەشەیەك لە بونیادى كۆمەڵایەتى و دامەزراوەى خێزان دەبینرێت.

نانسى شرۆڤەى وتەیەكى ستانسلاڤسكى دەكات دەربارەى سەما: «دەستپێكردن لە خودەوە یان جێهێشتنى خود.»[15] نیوەى یەكەمى ئەم گوزارەیە ”دەستپێكردن لە خودەوە” وا دێنێتە زەینمان كە دەستپێكردنە لە سوبێكتەوە وەك حزوور لە بەردەم خۆیدا، لە ڕێگەى خۆیەوە و بۆ خۆى. بە گوێرەى ئەمە، سوبێكت هەمیشە لە پەیوەندیدا بە خۆیەوە سەما دەكات، هەمیشە لە خۆیەوە دەست پێ دەكات؛ لەم بارەدا تەنانەت ئەگەر سەماى دووكەسى یان دەستەجەمعییش بێت هێشتا وەك مومارەسەیەكى تاكەكەسییانە و خودسەنتەرانە مومارەسە دەكرێت. نانسى ئەمە ڕەت دەكاتەوە؛ لای وایە ئەم تێگەیەى خود self بەدحاڵیبوونێكە؛ چونكە ئەگەر لە خۆم بپرسم ئەم ”خود”ە كێیە، ئەم ”خۆم” ‘me’ـە كە من هەمیشە لەگەڵى لە پەیوەندیدایە و لەوەوە هەموو شتێك دەست پێ دەكات، ئەوا هەرگیز ناتوانم ئەم خودە بدۆزمەوە، چونكە دواجار ئەو تاكە سوبێكتەى كە دەیبینم سوبێكتى بگۆیە، سوبێكتى وتن: من I نەك خۆم me. خۆم یان خود هەمیشە بەرهەمهێنراوى دەربڕینە، دەربڕینى سوبێكتى بگۆ كە ئاماژە بۆ خۆى بكات؛ بەم پێیە خود هەمیشە لە دواترەوە دێت و لاوەكییە، نەك بەرایى؛ هەرگیز بنەڕەت نییە، بەڵكو هەمیشە لە پەیوەندیدایە ”بە خۆیەوە”[16]

دووەم نیوەبڕگەى گوزارەكە ”جێهێشتنى خود” یان ”جودابوونەوە لە خود” بیركردنەوەیە لە سەما وەك ئەوەى هیچى تێدا دیارى نەكرابێت. جێهێشتنى خود جێهێشتنى شتێك، بوونێك نییە، چونكە لە خوددا هیچ شتێك هێندە پێدراو نییە جەستە بپارێزێت. لەمە زیاتر، ئەم جەستەیە بەشێكى كۆتادارى ماددەیە، كە تەنیا بۆ درێژبوونەوەى هەیە كە لە جەستەكانى تر جودا بووەتەوە. خود فیگورێكە نەك سەرەتا بۆ داخران و نوشتانەوە بەسەر خۆیدا، بەڵكو بۆ جودابوونەوە و بەجێهێشتنى خۆى. سەما دەربڕینى خودێكى پێشوەختپێداو نییە، پتر درێژبوونەوەى جەستەیە وەك فۆڕمەكانى كە لەگەڵ فەزاى دەوربەریدا هاوفۆڕم دەبێت و لە فۆڕم دەكەوێت. بە مانایەكی تر، سەماى خودێك واتا نا-خودسەنتەرى و دەرچوون بەرەو دەرەوە. ئەگەر خود خۆى جێ دەهێڵێت و لە خۆى جودا دەبێتەوە، ئەوا سەما درێژبوونەوەیەكى ئەم شوێنگیرییەیە، درێژبوونەوەیەكى ئەم قەبەبوونەوەیە كە خودە؛ بەم مانایە خودشوناسییەكى پێشوەختە و هاوكاتى سوبێكت لەگەڵ خۆیدا لە ئارادا نییە. سەما نا-هاوشوناسیى خودە كە تێیدا جەستە لە ڕێگەى جودابوونەوەوە گریمانە كراوە،[17] حزوورێك كە خودێك دەخاتە ڕوو كە لە خۆى جودا بووەتەوە. سەما دانانى جەستەیە لە دەرەوە؛ شوێنى دەرە-خودى جەستەی خودە. لەبەر ئەمە، ئەم جێهێشتنە هێشتا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ خۆدا، بەڵام لە دەرەوە، ناوەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ خۆیدا لە دەرەوە و لە ڕێگەى دەرەوە؛ كەواتە ئەم جودابوونەوەیە پەیوەندییشە لەگەڵ خود: «سەما دەبێتە ئەم ناوەوەیەى كە دەچێتە دەرەوە، لەم دەرەوەیەى جیهاندا [نەك دەرەوە لە جیهان]دا ئەم دەرەوەیە، هاوكات ناوەوەى جیهانیشە. كەواتە وەها شتێك بۆ ئەوە نییە كەسێك ناوەوە لە دەرەوە جودا بكاتەوە؛ بەڵكو ئەمە پرسى دەرخستنە.»[18] دەرخستن لە ماناى نمایش و نیشاندان زیاترە؛ دەرخستن واتە دەر-خستن ex-position، ناردنى شتێك بۆ دەرێ؛ دانانى لە دەرەوە.

بە گوێرەى ئەم شرۆڤەیە سەما تاكەكەسى نییە، تەنانەت ئەگەر تاكەكەسێكیش بیكات؛ ئەو خۆى بەجێ دەهێڵێت، لە خۆى دەردەچێت چونكە هەرگیز بە تەواوى تێیدا نیشتەجێ نەبووە: «جەستە جەستەى ئێمەیە و موڵكى ئێمەیە، ڕێك تا ئەو ڕادەیەى كە سەر بە ئێمە نییە و هاوگیانیى خاوەندارێتیى خۆمان لە بوونمان وەلا دەنێت.»[19] هیچ كەسێكى تر خاوەنى جەستەى ئێمە نییە تاوەكو بە ویستى ئەو بەكاربهێنرێت، لەشى خۆمان هی ئێمەیە و ئێمە لە پەیوەندیدا بە لەشى خۆمان و ئارەزووەكانمان و هەلومەرجە سوبێكتیڤ و ئوبێكتیڤەكانەوە، بڕیار لە دۆخەكانى جەستەمان دەدەین، بەڵام ئەم ”هەبوون”ـە تەنیا بۆ ئەوەیە بەرەو ئەوی تر بەجێمان بهێڵێت. بەم جێهێشتن و كۆچە جەستە دەكەوێتە نێو ڕووبەرێكى گشتییەوە كە بەر جەستەكانى تر دەكەوێت، لەگەڵیان دەكەوێتە عەشق، دژایەتى، سێكس، كار، و هتد؛ واتە دەكرێت بە جەستەكانى ترەوە بلكێت و پێوەى بلكێن، نەك بە شێوەى ”بۆ زیادبوون” و ”ئیزافە” بۆ سەر شتێكى بنەڕەتى، بۆ سەر سوبێكتێك لە سەنتەردا؛ نەك وەك جەستەیەكیش لە ڕووبەرى هاوبەشدا بۆ بەكارهێنان و بەكاربردن كە باڵادەستى و نایەكسانى بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵكو وەك سەیرورەیەكى چەند لایەنە كە بەبێ یەكترى هیچ خودێك بوونى نابێت؛ وەك گەشەكردنى هونەر، چێژ، ئێستاتیك، بەرەنگارى لە نێواندا. ئەمانەیش ئامانجگەلێك نین لە دەرەوەى سەما تا سەماكاران وەك ئەستێرەى ڕێنیشاندەر بەرەو ڕوویان بڕۆن؛ پتر خۆیان لەنێو سەمادا بەرهەم دەهێنرێن. مەرجى گرنگیى سەما وەك هونەرێك بە دالێكى گرنگتر، بە گوتارێكى دیكەى گەورەترەوە نەبەستراوە تاوەكو ”مانا”یەكى پێ بدەن. مامەڵەى ئامانجگەرایانە لەگەڵ جەستەدا هەر لە بنەڕەتەوە ناكۆكە بە سەما. سەما لە یەك كاتدا جووڵەى خودجێهێشتنە و ڕووى لە خودیشە تاوەكو خود سەما نەكات بە ئامرازى ”خۆپەرستى”، یان ئامرازێك لە خزمەت ئامانجى دیكەى پێشتر دیاریكراودا (بۆ نموونە سەما ئەگەرچى ڕەهەندى ئیرۆتیكی هەیە، بەڵام لەپێناوى سێكس یان بەرهەمهێنانى وێنەى سێكسیدا نییە.) وەها جودابوونەوەیەك لە ئامانجێكى بنجبڕ ئێمە ناگەڕێنێتەوە بۆ خودێكى تەنیا و داخراو، بەڵكو كەسێك بەرهەم دەهێنێت كە لە دۆخى دەرخستن و دەرەكێتیدا، لە كرانەوەى جیهاندا ئامانجى دەستبەجێ دادەهێنێت،[20] بەڵام ئەم خۆلادانە لە خۆپەرستى، وا ناكات هەموو ئەوانی تریش خۆپەرست نەبن. بە دەربرێنێكى تر، لە دەرچوون و جێهێشتنى خوددا، كەمتازۆر مەترسى ئەوە هەیە ئەوانی تر جەستەم لە خۆیاندا بتوێننەوە، بیقۆزنەوە، بیپڕوكێنن، بەڵام بەم كارە تەنیا پەیوەندیى من بە خۆیانەوە وێران ناكەن، بەڵكو پەیوەندیى خۆیشیان بە منەوە وێران دەكەن، چونكە ئەوانیش جەستەن لە جیهانى دەرەوە.

وێڕاى ئەوەى هیچ دالێكى گرنگتر نییە كە مانا بە سەما بدات، بەڵام تێكەڵبوونى سەما و عەشق لە تێكەڵبوونى سەما بە هەر كایەیەكى دیكە سازگارترە، چونكە عەشق خۆى دال نییە، كایە یان گوتاریش نییە (تەنانەت ڕۆلان بارت ناوى لە كتێبەكەى خۆى ناوە ”فراگمێنتەكانى گوتارى عاشق” نەك ”گوتارى عەشق” و بەلاى منەوە ئەم جیاوازییە چكۆلەیە مانادار و گرنگە.) عەشق وەك سەما پەیوەستە بە ئەوی ترەوە و لە نێوان دوواندایە، وەك سەما ڕووداوە؛ وەك سەمایش تیاژیانێكى تاقانەیە. لە سەماى عەشقانەدا تێكەڵبوونى جەستەكان ڕوو دەدات بەبێ ئەوەى مەترسىی توانەوە و پارچەپارچەبوونى جەستە، بەبێ ئەوەى مەترسى بەكاربردن و قۆستنەوەى جەستە ڕوو بدات. جەستەكان پێكەوە دەبن و ئاوێزان دەبن، بە دەورى یەكتر و بە دەورى خۆیاندا دەسووڕێنەوە بێ ئەوەى هیچ مومارەسەیەكى دەسەڵاتگەرییانە لەسەر یەكتر بكەن، بەو مەرجەى لە پێشەوە عەشقمان وەك ”توانەوە”یەكى عیرفانى، وەك ”یەكبوونێك”ـى سەروو-جەستەیى وێنا نەكردبێت. بە پێچەوانەى تێگەیشتنى باوەوە، عەشق خۆى لە سنوورى هەڵنەگیراو و نەسڕدراوەى ”دوو” جەستەدا ڕوو دەدات كە تێیدا لە ڕێگەى یەكترەوە دەبن بە خۆیان. لە عەشقدا بۆنى ناخۆش و درێژبوونى قژ و نینۆكى من و ئەوی تر ناوەستن، بەڵام جەستە تێیدا دەتوانێت تا ڕادەیەك دڵنیا بێت لە خۆى و متمانە بەوی تر بكات؛ هەروەها دەتوانێت شاد بێت بە خۆى و شەرم لە خۆى نەكات.


پەراوێزەكان:

[1] Klaus Waiß: Versuch über das szenische Ereignis. Eine Annäherung an zeitgenössischen Tanz und Performance in der Philosophie von Jean-Luc Nancy, (Magister der Philosophie (Mag.phil.), Wien: 2010, P. 90.

[2] Jean-Luc Nancy: Corpus, Translated by: Richard A. Rand, Perspectives in Continental Philosophy, Frodham University Press, New York: 2008, P. 15.

[3] Ibid., P. 69.

[4] Ibid., P.151.

[5] Ibid., Pp.145-146.

[6] Alain Badiou: Dance as a Metaphor for Thought, in ‘Handbook of Inaesthetics’, Translated By: Alberto Toscano, Sanford University Press, Sanford-California, 2005, P. 57.

[7] Jean-Luc Nancy: Op. Cit., P. 93.

[8] Alain Badiou: Op. Cit., P. 59.

[9]Jean-Luc Nancy: Op. Cit., P.150.  

[10] Ibid., P.31.

[11] Alain Badiou:  Op. Cit., P.64.

[12] Ibid., P. 57-58.

[13] Nancy and Visual Culture, Edited by Carrie Giunta and Adrienne Janus, Edinburgh University Press, 2016, P. 41

[14] Klaus Waiß: Op. Cit., P. 96.

[15] Ibid., P. 98.

[16] Nancy and Visual Culture, Op. Cit., P. 42.

[17] Ibid., P. 43.

[18] Ibid., P. 42.

[19] Jean-Luc Nancy: Op. Cit., P.157.

[20] Nancy and Visual Culture, Op. Cit., P. 43-44.

هاوبەشی بکە

dance, Hawar Muhemed,