22/03/2024
DidiMn Logo
Top

ڕیپۆرتاژێك ده‌رباره‌ی ئیعدام، هاوار محه‌مه‌د

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

ڕیپۆرتاژێك ده‌رباره‌ی ئیعدام
هاوار محه‌مه‌د

 

کورد بەشدار نییە لە پرۆسە ئۆنتۆلۆژییەکەى خۆیدا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى ئەم دۆخە غیابى بیرکردنەوەیە. ئەوەى وا دەکات کورد نەچێتە نێو مێژووەوە، نەبوونى دەوڵەت نییە، بەڵکو نەبوونى بیرکردنەوەیە. گەر بیرکردنەوە (بە سەرجەم واتاکانى: تێڕامان، تێگەیشتن، ڕەخنە، خەبات، بەرەنگاریى) بوونى هەبێت ئەوا دەوڵەتیش ئەبووە پرۆژەیەک بۆ کارى جددى. ئەوەیش ڕاستە لەم چەقبەستنە دەرە-مێژووییەماندا لایەنە ماتریالییەکەى بابەتەکەیش ڕۆڵى هەیە، وەکو: ئابووریى خێڵەکى و هەڵکەوتەى جوگرافی و شتى لەم بابەتە، بەڵام گەر بە گریمانەى دیالەکتیک بووایە دەبوو ئەنتى تێزەکەى لە هەناوى خۆیدا سەریهەڵدایە و ئەم قۆناغانە تەجاوز بکرێن، بەداخەوە دیالەکتیکیش جاروبار لە کار دەکەوێت، یان ڕەنگە ئەوە ئێمەبین دیالەکتیکمان بەدرۆدا خستبێتەوە؛ چونکە لە جیاتى تەجاوز درێژبوونەوە هەیە، بەڵام لە فۆڕمى نوێ و کۆنتێکستى جیاوازدا. لەم دواییانەدا سێ گەنجى کورد لەلایەن کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە لە سێدارەدران؛ وەک هەمیشە ڕیزێک هەڵچوون و کەفوکوڵى بەدوادا هات (کە ڕەنگە ئاسایى بێت)، بەڵام لەمە گرنگتر پێویست بوو ببێتە پاڵنەرى بیرکردنەوەى شێنەیى، نەک تەنیا لە کوردبوون بەڵکو لە کێشەیەکى گرنگ و ئاڵۆزى وەکو ”ئیعدام“ـیش. ئێمە ناتوانن دابڕاو لە ئەنفال و جینۆساید و ئیعدام بیر لە کوردبوون بکەینەوە، وەک چۆن یەهودییەکان ناتوانن دابڕاو لە بەدبەختییەکانیان لە سەردەمى یوسفەوە تاوەکو دواى ئاوشڤیتز بیر لە جوولەکەبوون بکەنەوە. ئەمە هەڵگەڕاندنەوە کاتیگۆرییەکەى دیکارتە. ئێمە بۆ ناسینى جیهان لە نزیکترین شتەوە دەستپێناکەین کە ”خۆمان“ـین، بەڵکو پێویستە لە شتەکانەوە دەست پێبکەین، وەک ئاوێنەکەى جاک لاکان. تاوەکو ئاوێنە نەبێت و خۆمانى تێدا نەبینین، هەست بە یەکپارچەیى خۆمان ناکەین. کورد هیچ ”ئێمە“یەکى یەکگرتووى نییە، کوردایەتیش ئەوەندەیتر دابەشیکرد و برینەکانى قووڵ کردەوە، کەوایە پێویستە شتێکى تر کۆمان بکاتەوە؛ ئەو شتە تەواو لە دەرەوەى خۆمان نییە، ”ئەویترێکى ڕەها“ نییە؛ پتر ئاوێنەیە کە ئەزموونى بەرکەوتنى سەرکەوتکراوانەى ئێمەیە لەگەڵ جیهاندا. کەواتە بۆ ئەوەى کوردبوون مانایەکى هەبێت، ئەوەندە بەس نییە لە کاتى کارەسات و نەهامەتییەکاندا بڵێین ”هەر کوردبووین و هەر کورد ئەبین“، لەمە گرنگتر پەرەدانە بە فیکر بۆ قسەکردن لەسەر ئەزموونە تفتوتاڵەکانمان. ئەم وتارە بەرهەمى ئەم خەمەیە.

بۆ داگرتنی نامیلكه‌كه‌ كلیك لێره‌ یان له‌ به‌رگی نامیلكه‌كه‌ بكه‌

هاوبەشی بکە

Hawar Muhemed, كتێبی دیدی من,