عه‌لی عوسمان یاقووب
له‌به‌شی دوه‌می شانۆنامه‌که، پینته‌ر باری سه‌رنجی بینه‌ر ئاڵۆزتر ده‌کا. “تێدی” به دوودڵیه‌وه باسی به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی “رووسا” ده‌کات. قسه‌کانی پچڕپچڕه، وه‌ک زمانی بگیرێت، وایه:
. . . ژیانی زانکۆ گرنگه . . . دڵنیابه . . . ژیانێکی زۆر خۆشه. خانوویه‌کی خنجیلانه‌مان دابین کردووه . . . هه‌موو شتێکمان هه‌یه . . . هه‌موو شتێکمان هه‌یه، که بمانه‌وێ. کهشو هه‌وایه‌کی تا بڵێی بووژێنه‌ر و هانده‌ره.
“وچانێکی کورت”
ئه‌و به‌شه‌ی، که من کاری تیا ده‌که‌م . . . زۆر سه‌رکه‌وتووه.
“وچانێکی کورت”
سێ کوڕمان هه‌یه، تێده‌گه‌یت.
ئه‌م قسه‌یه‌ی “تێدی” وا له بینه‌ر ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه هاوسۆز بێت، که “رووسا” دواتر بۆ ژیانی خۆی ده‌یکا و له‌گه‌ڵ قسه‌که‌ی”تێدی” ناکۆکه:
من له شوێنێکی نزیک ئێره‌وه له‌دایک بووم.
“وچانێکی کورت”پاشان . . . شه‌ش ساڵ پێش ئێستا چووم بۆ ئه‌مریکا.
“وچانێکی کورت”
هه‌مووی تاشه‌به‌رده، لمه. به هه‌ر لایه‌کدا بڕوانیت . . . هه‌تا چاو بڕ ده‌کات درێژ ده‌بێته‌وه.
“وچانێکی کورت”
زۆر جڕوجانه‌وه‌ریشی تیایه.
“وچانێکی کورت”
زۆر جڕوجانه‌وه‌ریشی تیایه.
“بێده‌نگی”
“رووسا” له‌م ئاخاوتنه‌دا دووجار وشه‌ی جڕوجانه‌وه‌ر دووباره ده‌کاته‌وه. جاری یه‌که‌م وچانێکی کورتی به‌دوادا دێت و جاری دوه‌میش بێده‌نگی. پینته‌ر ئه‌م ورده‌کاریه‌ی هه‌روا له‌خۆڕا به‌کار نه‌هێناوه، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌یه، که خۆدوورخستنه‌وه‌ی “رووسا” له‌و شوێنه ـ واته ئه‌مریکا ـ قووڵ بکاته‌وه. ده‌کرێ ئه‌مه به‌ڵگه بێت بۆ هاوته‌ریبکردنی ئاڕاسته پێچه‌وانه‌کان له کاره‌کته‌ری “رووسا”، به‌ڵام ئه‌م به‌ڵگه‌یه به ته‌واوی به‌رده‌وام نابێت.
“رووسا” له ئاخاوتنه‌کانی دواتریشی باسی ئه‌وه ده‌کا، که پێشتر، به‌ر له‌وه‌ی بچێته ئه‌مریکا، چه‌نده دڵخۆش بووه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به وێنه نمایشی مۆدێلی جلوبه‌رگی ده‌کرد. ئه‌م قسه‌یه وا له بینه‌ر ده‌کا، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی که‌میش بێت، له‌گه‌ڵ “رووسا” هاوسۆز بێت. بینه‌ر ئه‌و رایه‌ی له‌لا دروست ده‌بێت، که “رووسا” کاره‌کته‌رێکی به‌خته‌وه‌ره به‌ڵام کێشه‌که‌ی له‌وه‌دایه، که له گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ناگونجێ. بۆیه، جاوێ کڕوبێده‌نگ و تاوێکیش دڕو شه‌ڕانییه. دیاره پینته‌ر ئه‌م هاوسۆزیبوونه‌ی بینه‌ر تێک ده‌شکێنێت، کاتێك تووشی حه‌په‌سانی ده‌کا به هۆی ئه‌و ره‌فتاره قێزه‌ونانه‌ی، که دواتر له “رووسا” ده‌یبینێت. هه‌ڵبه‌ت، ده‌شێ بینه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه بدا، که ئه‌م ره‌فتاره قێزه‌ونانه له‌گه‌ڵ هاوسۆزیبوونه‌که بگونجێنێ. بۆ نموونه، دوور نییه بینه‌ر سه‌ماکردنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ “لێنی” و ته‌نانه‌ت ماچکردنیشی به ره‌فتارێکی سرووشتی ژنێکی بێزار بزانێت، که مێرده‌که‌ی لاوازه. به‌ڵام خۆ هه‌ڵسوکه‌وته‌که‌ی دواتری له‌گه‌ڵ “جۆی” هیچ پاساوی بۆ نییه. پاشان، نه‌ک هه‌ر وه‌ک که‌سێکی به‌ره‌للا بێ، ده‌چێته لای برای سێیه‌م بۆ جووتبوون، به‌ڵکو ده‌بێته فریوده‌ر، چونکه هه‌وڵی هه‌وه‌سهه‌ڵسانی”جۆی” ده‌دا و ئاره‌زووی جووتبوونی له‌لا ده‌ورووژێنێت، پاشان، بێئه‌وه‌ی ماوه‌ی بدا ئاره‌زووه‌که‌ی دامرکێنێته‌وه، خۆی لێ ده‌کشێنێته‌وه. دواین شت، که هه‌ره‌س به هاوسۆزیی بینه‌ر دێنێ له‌گه‌ڵ “رووسا” ئه‌و کاته دێت، که پێشنیازی بنه‌ماڵه‌که په‌سند ده‌کا، وه‌کوو ئافره‌تێکی له‌شفرۆش بمێنێته‌وه. ئیتر نه ئه‌و بێزاربوونه و نه ئه‌و دڵخۆشبوونه‌ی “رووسا”، که پێشتر ئاماژه‌مان پێ دان، نابن به پاساوی به‌جێ بۆ هه‌ڵسوکه‌وته‌که‌ی.
سرووشتی به‌دڕه‌وشتی “رووسا” هه‌ر له‌و ئاسته‌دا نامێنێته‌وه، به‌ڵکو تا دێ خه‌وشدارتر ده‌بێ. کاتێك “ماکس” بۆ یه‌که‌مجار سه‌روبه‌ندی ئاماده‌کاریه‌کان بۆ “رووسا” روون ده‌کاته‌وه، هه‌ڵوێستی “رووسا” له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه روون نییه. به‌ڵام کاتێك “تێدی” به “رووسا” راده‌گه‌یه‌نێت، که بنه‌ماڵه‌که‌ی داوای لێ ده‌که‌ن بمێنێته‌وه، دیالۆگه‌کان به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌چن:
رووسا
ئه‌مه نیشانه‌ی چاکه‌و ره‌وشت به‌رزی ئه‌وانه.“وچانێکی کورت”
ماکس
ئێمه پڕ به‌دڵ ئه‌و داوایه‌ت لێ ده‌که‌ین.رووسا
ئه‌مه له چاکی خۆتانه.ماکس
گوێ بگره . . . ئه‌مه بۆ ئێمه مایه‌ی خۆشحالیه.“وچانێکی کورت”
به‌پێی بۆچوونی “فری”، مرۆڤ ده‌توانێ بڕیار بدا، که ئه‌م قسانه‌ی “ماکس” راست نین. لاقڕتێن. له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و پلانه‌ی، که “ماکس” له‌گه‌ڵ “لێنی” و “جۆی” دایانڕشت، به‌ر له هاتنه‌ژووره‌وه‌ی “رووسا” سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌ی “رووسا”، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه‌کانی “ماکس” ره‌نگدانه‌وه‌ی راستی نه‌بن، ئه‌ی قسه‌کانی “رووسا”؟ ئایا ئه‌و قسانه‌ی، که ئه‌و به ساویلکه‌ییه‌وه ده‌یانکا لاقڕتێن، راست نین؟ پینته‌ر هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک ناداته ده‌ست. ئه‌وه‌ی بینه‌ر تا ئه‌م چرکه‌ساته‌ش هه‌ستی پێ ده‌کا ئه‌وه‌یه، که “رووسا” به ساویلکه‌یی و نه‌زانییه‌وه ده‌خزێنرێته ناو پیلانێکی پیس. به‌ڵام ئه‌م ساویلکه‌یی و نه‌زانییه‌ی “رووسا”ش، دوای قسه‌کردن له‌سه‌ر ورده‌کارییه‌کانی شوقه و بڕی مانگانه و نووسینی رێکه‌وتننامه‌که، هه‌ره‌س دێنێ، چونکه “رووسا”، خۆی، ده‌زانێ به‌ره‌و کوێ ده‌چێت. له کۆتایی شانۆنامه‌که، دۆخه‌که بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌شکێته‌وه، چونکه خۆی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمان ده‌رکردنی ده‌بێت و ئه‌ندامانی خێزانه‌که ئه‌وپه‌ڕی رێزی لێ ده‌نێن. هه‌ر هاوسۆزیبوونێک، که بینه‌ر به‌رامبه‌ر به “رووسا” هه‌یه‌تی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، که ژنێکی زۆرلێکراو و به‌دبه‌خته، دواجار، له دوایین دیمه‌نی “رووسا” به یه‌کجاری هه‌ره‌س ده‌با. مرۆڤ ده‌توانێ، له‌و قسانه‌ی، که “ماکس” ده‌یکات، مه‌زه‌نده‌ی داهاتووش بکا:
. . . گوێ بگره، من شتێکی سه‌یرم به خه‌یاڵدا دێت. رووسا له‌ژێره‌وه نیازی خراپه له‌گه‌ڵ ئێمه، گره‌وم له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت؟ رووسا ئێمه به‌کار دێنێت. دڵنیات ده‌که‌مه‌وه، ده‌یه‌وێ که‌ڵک له ئێمه وه‌ربگرێت! من هه‌ستی پێ ده‌که‌م. گره‌وم له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت؟
هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له شانۆنامه‌که‌دا نییه، که به ته‌واوی هۆکاری ره‌فتاری “رووسا” روون بکاته‌وه، چونکه پینته‌ر ره‌فتاره‌کانی ده‌خاته ناو چه‌ندان چواچێوه. بۆیه زانیاریه‌کان ده‌رباره‌ی ئه‌م کاره‌کته‌ره جۆراوجۆرن. “رووسا” له‌گه‌ڵ “جێسی” کۆچکردوو، که ژنی “ماکس” بوو هاوتایه. ئه‌و دوای مردنی “جێسی” تاکه ژنێکه، که دێته ناو ئه‌م ماڵه و وه‌کوو “جێسی” ناپاکه. ده‌شێ مناڵه‌کانی ئه‌ویش وه‌کوو هی “جێسی” زۆڵ بن. ئه‌ی ئه‌وه نییه “ماکس” له “تێدی” ده‌پرسێ، ئاخۆ مناڵه‌کان هی خۆیه‌تی. پاشان “لێنی”ش پرسیار ده‌رباره‌ی ئه‌و شه‌وه له “ماکس”ی باوکی ده‌کا، که ئه‌می تیا دروست کردووه. دیوێکی ئه‌م پرسیارکردنانه گومانکردنه له حه‌قیقه‌تی دروستکردنه‌کان. له‌لایه‌کی تر، “رووسا” وه‌کوو “جێسی” ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ماڵه‌که‌دا ده‌سه‌پێنێت ئه‌گه‌رچی هۆکاری ئه‌مه‌یش دیار نییه. پینته‌ر هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌ک، ئاماژه‌یه‌ک نادات سه‌باره‌ت به رازیبوونی “رووسا” له‌سه‌ر پێشنیازه‌که‌ی ئه‌مان. هه‌روه‌ها هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌کیش نادات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، که “رووسا” پێشنیازه‌که‌ی ئه‌مان بۆ سوود و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌کار بێنێت وه‌کوو “ماکس” له قسه‌که‌ی سه‌ره‌وه بۆی ده‌چێت. دواجار ئه‌م کاره بۆ بینه‌ر مایه‌ی حه‌په‌سانه، چونکه که‌سێک ده‌یکات، که له‌گه‌ڵیا هاوسۆز بووه. بێجگه له‌مه‌ش، “رووسا” ته‌نیا کاره‌کته‌ره، که ره‌فتاره‌کانی پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن. ئه‌وانی تر وا نین. بۆ نموونه، “تێدی” به‌دره‌فتار و زمانپیسه. به‌دڕه‌وشتی و خۆپه‌رستیی “لێنی” هه‌ر له یه‌که‌م گفتوگۆی له‌گه‌ڵ باوکیا ده‌رده‌که‌وێ. ئه‌م راستیه زیاتر بۆ بینه‌ر ئاشکرا ده‌بێ، کاتێك باسی سه‌رکێشیه‌کانی خۆی ده‌کا له‌گه‌ڵ ئافره‌ته سۆزانیه‌که و ئه‌و ئافره‌ته‌ی، که داوای گواستنه‌وه‌ی ئامێری جل ئووتووکردنی لێ کرد. “تێدی” کاره‌کته‌رێکی کڵۆڵ و داماوه. “جۆی”، وه‌کوو که‌سێک، بیه‌وێ بۆکسبازی بکات به پیشه بۆ پاره په‌یداکردن، هه‌رگیز له‌م ده‌به‌نگیه نایه‌ته ده‌ره‌وه، که ده‌قی پێیه‌وه گرتووه. ئه‌مانه هه‌موو شتی دیارن. ته‌نیا “رووسا” ئێمه‌ی بینه‌ر به هه‌ڵه‌دا ده‌با. دیاره ئه‌م راستیه بنه‌مایه‌کی زۆر گرنگه بۆ ته‌کنیکی پینته‌ر. ته‌نیا ئه‌و شوێنانه‌ی لێ ده‌ربچێ، که پێوه‌ندی به “رووسا”وه هه‌یه، شانۆنامه‌که کاره‌کته‌ره‌کانی زۆر ئاسایی ده‌خاته‌ڕوو. بۆ نموونه مه‌سه‌له‌ی جووتبوونی “جێسی” له‌گه‌ڵ “ماک گریگۆر” له پشته‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی “سام” بۆ بینه‌ر نابێته مایه‌ی حه‌په‌سان، چونکه پینته‌ر، پێشتر بینه‌ر بۆ ئه‌م ده‌ست تێکه‌ڵاوکردنه ئاماده ده‌کا، کاتێك “ماکس” به ستایشکردنه‌وه باسی “ماک گریگۆر” ده‌کا، به‌ڵام به ناشیرینییه‌وه باسی “جێسی” ده‌کا. هه‌روه‌ها “ماکس” به گاڵته‌وه “سام” به‌وه تووڕه ده‌کا، که “له پشته‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی له‌گه‌ڵ ژنێکا جووت بووه”، به‌ڵام “سام” نکووڵی لێ ده‌کا و ده‌ڵێ،”ئێمه وه‌کوو خه‌ڵکی تر نین”. له‌لایه‌کی تر “سام” دان به‌وه‌دا ده‌نێت، که پیاسه‌ی به “جێسی” کردووه له‌کاتێکا “ماکس” متمانه‌ی به “ماک گریگۆر” نه‌کردووه ئه‌م کاره بکات. ئه‌م قسانه له‌به‌شی یه‌که‌می شانۆنامه‌که ده‌کرێن و بۆ ئه‌وه‌یه، که بینه‌ر دواجار تووشی حه‌په‌سان نه‌یه‌ت کاتێك راستیی جووتبوونی “جێسی” و “ماک گریگۆر”ی بۆ ئاشکرا ده‌بێت. به‌ڵام پینته‌ر هیچ په‌یوه‌نیه‌ک له‌نێوان ئه‌م کاره‌ی “جێسی” و بڕیاره‌که‌ی “رووسا” پیشان نادات هه‌روه‌ک به هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌کوو رێگا خۆشکه‌رێک به‌کاری ناهێنێ بۆ تێگه‌یشتن له رووداوی سه‌ره‌کی شانۆنامه‌که.
له‌لایه‌کی تر، ئه‌گه‌ر مرۆڤ له کاره‌کته‌ری “تێدی” ورد بێته‌وه، هه‌ست ده‌کا، که زۆر له بینه‌ر ده‌کا. بینه‌ر چه‌نده سه‌ری له گرێکوێره‌کانی شانۆنامه‌که ده‌رده‌چێ، “تێدی” پرۆفیسۆریش هه‌ر ئه‌وه‌نده. “تێدی” له هه‌وڵێکا، که شایسته‌ی به‌زه‌یی پیاهاتننه‌وه‌یه، وه‌ک زمانی بگیرێ، گه‌وره‌یی و پایه‌به‌رزی خۆی ده‌خاته‌ڕوو:
“. . . من که‌سێکم، توانای بینینم هه‌یه. بۆیه، ده‌توانم به‌رهه‌مه ره‌خنه‌ییه‌کانم بنووسم. هیوادارم سوودیان بۆ تۆ هه‌بێت . . . سه‌یرێکیان بکه . . . بزانه خه‌ڵک چه‌نده به دڵنیاییه‌وه شت . . . ده‌بینن . . . چه‌نده به دڵنیاییه‌وه ده‌توانن هاوسه‌نگی مێشکیان . . . رابگرن. هاوسه‌نگی مێشک. ئێوه وه‌کوو چه‌ند ته‌نێکی هه‌ستپێکراو وان و هیچی تر. هه‌ر . . . به‌ملاو به‌ولادا ده‌سووڕێنه‌وه. من تێبینی ئه‌وه ده‌که‌م، ده‌بینم ئێوه چی ده‌که‌ن. هه‌ر هه‌مان ئه‌و شته‌ی، که من ده‌یکه‌م، به‌ڵام ئێوه له‌ناویا وون بوون، سه‌رتان لێ شێواوه. تۆ نا‌توانیت وا له من بکه‌یت . . . من له‌ناویا وون نابم.”
به‌ڵام “تێدی” شته‌کان، نه له بینه‌ر باشتر ده‌بینێت و نه له‌مان باشتر له شته‌کان ده‌گات. ئه‌و هه‌موو هه‌ڵوه‌سته‌یه له قسه‌کردن به‌ڵگه‌ی دڵنیانه‌بوونه. ئه‌و دڵنیانه‌بوونه‌ش له‌گه‌ڵ دڵنیانه‌بوونی بینه‌ر سه‌باره‌ت به ره‌فتاره‌کانی “رووسا” هاوته‌ریبه.
پینته‌ر له رێگای دیمه‌ن و کاره‌کته‌ره دواناوه‌ندییه‌کان بیری هه‌ڵه له مێشکی بینه‌ر ده‌چه‌سپێنێت. له هه‌مان کاتدا هه‌ر بیرۆکه‌یه‌کی درامیانه، که ئاماژه به پێوه‌ندی نێوان رووداو و کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که بکا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌مخایه‌نیش بێت، تێک ده‌شکێنێت. ئه‌مه‌ش دواجار، هه‌ره‌س به هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ک دێنێ، که بینه‌ر بۆ لێکدانه‌وه‌ی شانۆنامه‌که به‌کاری دێنێ. بینه‌ر ناتوانێ بڵێ، گۆڕانی رووسا له ژنێکی کڕوکه‌پ و بێده‌نگ، که له‌یه‌که‌م ده‌رکه‌وتنیا پێیه‌وه دیاره، بۆ دایکێکی جه‌سته‌فرۆش و ده‌سه‌ڵاتدار له کۆتایی شانۆنامه‌که، شتێکی پێویسته، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پینته‌ر وه‌کوو پێویست ناخی کاره‌کته‌ره‌که‌ی بۆ بینه‌ر ده‌رنه‌بڕیوه تا به هۆیه‌وه ئه‌و بڕیاره بدا. له‌لایه‌کی تر، بینه‌ر ناتوانێ ئه‌و گۆڕانه پشت گوێ بخات هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پچڕ پچڕ و بێسه‌روبه‌ره و شانۆنامه‌که‌ش له رووی هونه‌ریه‌وه به لاواز بزانێ، چونکه پینته‌ر پێوه‌ندی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان و رووداوه‌کان وه‌کوو پێوه‌ندی نێوان هۆو ئه‌نجام ده‌شارێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر به جۆرێک به هه‌ڵه ببات، بڕوا به هه‌موو ئه‌و شتانه بکات، که به‌رچاون و هیچی تر. “بێرنهارد” ده‌ڵێ، “پینته‌ر هه‌ڵومه‌رجێک دێنێته پێشه‌وه، که واتای وشه‌کان پڕ به پێستی خۆیان نین. زمان شتێکی تر ده‌گوازێته‌وه زیاتر له‌و واتایه‌ی، که وشه‌کان هه‌ڵیان گرتووه.١٤ ئه‌وه‌ی پینته‌ر له شانۆنامه‌که‌دا ده‌یکات دروستکردنی هه‌ندێ بیرۆکه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره، که وا له بینه‌ر ده‌کا نه‌توانێت به شێوازی کۆنباو هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ شانۆنامه‌که بکات. پینته‌ر به‌و شێوازه‌ی، که به‌کاری دێنێت بایه‌خێکی زۆر به سه‌رنجه‌کانی ئه‌و بینه‌ره ده‌دا، که له ته‌کنیکی کۆنباوی دراما بێزار بووه. بینه‌ر ناتوانێ ره‌فتاره‌کانی “رووسا” پشت گوێ بخا، یان وه‌کوو که‌سێکی بێبایه‌خ و سه‌رنجڕانه‌کێش سه‌یری بکات. بۆیه زۆر له بینه‌رانی شانۆمه‌کانی پینته‌ر، وه‌کوو “فری” باسی لێوه ده‌کا، به تووڕه‌ییه‌وه هۆڵه‌کانی شانۆیان جێهێشتووه، چونکه حاڵه‌ته پچڕ پچڕه‌کانیان بۆ لێک نه‌دراوه‌ته‌وه و گومانه‌کان بێزاری کردوون. زۆربه‌ی ئه‌و بینه‌رانه وا هه‌ستیان کردووه، که شانۆنامه‌که ئه‌مانی کێشاوه‌ته ناو دونیایه‌ک، بێئه‌وه‌ی هیچ هۆکارێک یا هیچ به‌هایه‌کیان بۆ روون کرابێته‌وه، به تایبه‌تیش، که ئه‌و دونیایه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه. ئاخر ئه‌وان، به پێی شێوازی کۆنباو، وا راهاتبوون له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ئه‌و هۆکارانه بدۆزنه‌وه. بۆیه شانۆنامه‌کانی پینته‌ر بیرۆکه‌ی پووچگه‌رایی ده‌گه‌یه‌نن نه‌ک له رێگای پێشکه‌شکردنی ئه‌و بیرۆکه‌یه به ته‌کنیکی کۆنباو ، بۆ نموونه، وه‌کوو له شانۆنامه‌کانی “سارته‌ر” ده‌کرێت، به‌ڵکو بیرۆکه‌ی پووچگه‌رایی ده‌کاته ناوه‌ڕۆکی ته‌کنیکه درامیه‌که. دیاره هه‌ر سه‌باره‌ت به‌مه‌یه، که شانۆنامه‌کانی پینته‌ر بێزاریی ده‌ورووژێنن و مشتومڕئامێزن. زۆر گرنگه مرۆڤ له روانگه‌ی بنچینه‌کانی ئه‌و ته‌کنیکه‌که‌وه قسه له‌سه‌ر شانۆنامه‌که بکا، که پینته‌ر به‌کاری دێنێ، نه‌ک له روانگه‌ی خودی بابه‌ته‌که.
سه‌رنج:
ئه‌م نووسینه، وه‌کوو پێشه‌کی، بۆ شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”، نووسراوه. شانۆنامه‌که له نووسینی هارۆلد پینته‌ره و عه‌لی عوسمان یاقووب له ئینگلیزییه‌وه وه‌ریگێڕاوه و له بڵاوکراوه‌کانی زنجیره‌ی شانۆی بیانیی ده‌زگای ئاراسه، ژماره ٤٢ی ساڵی ٢٠١٠
١٤ لاپه‌ڕه 185 له
F. J.Bernhard, Beyond Realism:The Plays of Harold Pinter,” Modern Drama,V111 (Sept.,1965
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.