19/03/2024
DidiMn Logo
Top

بەیاننامەی یەکەمی ز بۆ شانۆ: زیندوێتی

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕاگه‌یاندنی ز نۆ شانۆ

لە دەستپێکی کارکردنمان لەسەر خەونی شانۆییمان لە پاڵ ئەوەی کە ئێمە کارمان لەسەر پێداویستییەکانی شانۆیەک دەکرد، کە بتوانێت بە یەکسانی بینەران و نماییش لە ناو پانتاییەکی جیاوازدا کۆ بکاتەوە، هەمیشە کارکردنمان لەسەر هەڵسەنگاندنی بەرهەمە شانۆییەکانی دەوروبەرمان و شانۆ باوەکان بووە، ئامانجی ئێمە لە (پانتایی شانۆی واڵا)دا تێپەڕاندنی پانتاییە باوەکان و بینینە تەقلیدییەکان بوو .

ئەم هەوڵە حەوت ساڵ کارکردن و حەوت بەرهەمی شانۆیی و دەیان وۆرکشۆپ و وەرشەی داخراوی شانۆیی ویست، لەم ماوەدا زۆر بیروبۆچوون و شێوازی کارکردن و ڕێگای کارکردنمان گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەڵام ئەو خەونەی (پانتاییەکی زیندوتر و جیاوازتر) بدۆزینەوە تاکە شتێک بوو کە نەگۆڕا بەڵکو ڕوونتر و موکوڕتر کاری لەسەر دەکرا .

ئێمە بڕوامان وایە شانۆ هەم وەک نماییش هەم وەک بوون لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تاوەکو ئێستا هونەرێکی (زیندوە) و دانەبڕاوە لە دەوروبەری، هەر دابڕانێکیش لێی ڕاستەوڕاست جگە لە مردن هیچ دەرەنجامێکی دیکە نادات بەدەستەوە !

چەمکی زیندوێتی لای ئێمە لە چەندین ڕەهەندی (نماییشی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئەخلاقی و فەلسەفی و سیاسی) کاری لەسەر دەکرێت و بە ڕیفۆرمکردن لە خەونە شانۆییەکی (پێرتۆڵد برێشت و ئەنتۆنین ئاڕتۆ) کار لەسەر ”بە شانۆییکردن”ی ڕووداوە بە شانۆییکراوەکان دەدەین .

زیندوێتی لای ئێمە لە داهاتودا سەرجەم ڕەهەندەکانی نمایش تەژی دەکات، ئێمە تەنها بە بابەت و نواندنەوە ناوەستین و بڕوامان وایە زۆر کەس پێش ئێمە ”بە خۆشمانەوە لە ڕابردوودا” لە شوێنێکی هەڵە بۆ ئەم چەمکە گەڕاون لە ناو نماییشەکانیاندا و ئەوپەڕی هەوڵ بۆ ”زیندوکردنەوەی زیندوێتی” لە نمایشەکاندا لە باشترین حاڵەتدا تەنها لە جەستەی ئەکتەر یان بابەتی نمایش یان لە کەمترین حاڵەتدا لە پانتاییدا بینراوە.

بەڵام لە کەمترین نمایشدا، یان لە هیچ نمایشێکدا ئێمە ”نە بینەری زیندومان دیوە، نە ڕوناکی زیندو، نە پانتایی زیندو، نە دیکۆر و سینۆگرافی زیندو، نە کارتێکەری زیندو، لە هەموویشی گرنگتر کەمترین زمانی زیندو” بینراوە، دەیڵێینەوە زیندوێتی لە ڕەهەندی قوڵیدا ئامانجی ئێمەیە.

بڕوامان وایە لە کۆمەڵگەی بە نماییشیکراوی ئێستامان و سیخناخ لە گرفتی نماییشئاسا، کە تێیدا سنوورەکانی نێوان ڕاستی و ناڕاستی لە بابەتگەلی گەورەی وەک سیاسەت تا بابەتگەلی بچوکی وەک جوانی ڕوخسار، تا بگات بە بابەتی وجودی وەک ”هەقیقەت و ناهەقیقەت” هێندە کاڵکراونەتەوە مرۆڤی ئێمەی توشی جۆرێک لە (واقوڕمان) کردووە بەرامبەر بە وێنەکەی خۆی لە ناو ئاوێنەکەیدا، ئیشی ئێمە نییە ئامۆژگاری بکەین لە بەردەم ئاوێنەکەیدا و بە قسە و بە وتاری حەماسی هانی بدەین تا ئاوێنەکەی بشکێنێت و خۆی لە دیلی خۆپەرستییەکەی ڕزگار بکات، بەڵکو وای دەبینین کە دەبێت بابەت و زمان لەوپەڕی زیندوێتییاندا لە هەقیقەتەوە سەرچاوە بگرن تا بتوانین مرۆڤی بەردەم ئاوێنەکە بجوڵێنین .

زمانی شانۆیی یەکێکە لە گرنترین ئەرکەکانمان لە ”ز بۆ شانۆ” ئێمە ڕەنگە تا کۆتایی ئەم خەونەشمان نەگەین بەو زمانە شانۆییەی کە دەمانەوێت، بەڵام باش دەزانین ئەو زمانە شانۆییەی کا دەمانەوێت چییە و چۆنە، ئێمە زمانێکمان دەوێت کە ئانتۆنین ئاڕتۆ ناوی ناوە ”شیعری میتافیزیک”ی، ئێستا لە گەڕانداین بۆ ئەو زمانە و نازانین چۆنە، بەڵام دڵنیاین دوورە لە هەموو ئەو زمانانەی کە بەکار هاتوون و بەکار دێن، لای ئێمە زمانێکی زیندو کرۆکی شانۆییەکی زیندووە .

(زیندوێتییەک کە لە مەرگەوە سەرچاوە بگرێت، کە لە تاعوونەوە سەرچاوە بگرێت.)

١٣\٢\٢٠٢٠

Z for Theatre ز بۆ شانۆ
هاوبەشی بکە

Theatre, z for theatre,