عه‌لی عوسمان یاقووب
زۆر له ره‌خنه‌گران شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” به باشترین به‌رهه‌می پینته‌ر داده‌نێن. خۆ هه‌ندێکیان به یه‌کێک له به‌رهه‌مه هه‌ره نایابه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌می ناوزه‌د ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، ئه‌م شانۆنامه‌یه، به پێی بۆچونی هه‌ندێ له ره‌خنه‌گره‌کانی ئه‌وێ رۆژێ، هه‌وڵدان بووه بۆ قووڵکردنه‌وه‌ی ره‌شبینی و نه‌بوونی دڵسۆزیی راسته‌قینه و به سووک سه‌یرکردنی مرۆڤ و ئابڕووبردنیهتی. “رۆناڵد کنۆڵز”٦پییوایه ئه‌وه‌ی شانۆنامه‌که باسی لێوه ده‌کات پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یه. ئه‌وه‌ی له‌م شانۆنامه‌یه رووده‌دا وه‌کوو رووخاندنی بینایه‌کی کۆن، وه‌کوو پاککردنه‌وه‌ی خۆڵ و دار‌و به‌ردی خانوویه‌کی رووخا‌و و پشکنینی بناغه‌که‌یه‌تی. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌خنه‌گرتن و هێرشکردنه له‌به‌رچاو بگرین، که له هه‌ندێ شوێنی شانۆنامه‌که‌دا به‌رچاوه، ده‌رده‌که‌وێت، که شانۆنامه‌که، دواجار، بیرۆکه‌ی ره‌شبینی یان خۆپه‌رستی و نه‌بوونی دڵسۆزیی راسته‌قینه قووڵ ناکاته‌وه.
ڕاسته مرۆڤ زۆر جار شت له ده‌ست ده‌دا، له زۆر شت بێبه‌ش ده‌کرێ و بارودۆخی تێک ده‌چێت و تووشی جۆرێک له شێواندن دێت، به‌ڵام رێک له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌م ناله‌بارییه و به‌دڕه‌وشتیه‌ی، که له به‌رامبه‌ریدا ده‌کرێ، پێویستی به هه‌ندێ شت هه‌یه، که ناکرێ بنبڕ بکرێن. ئه‌و خێزانه‌ی، که پینته‌ر له‌م شانۆنامه‌یه‌دا باسی لێوه ده‌کات، دیوێکی ناشیرینی هه‌یه و پینتهریش ئه‌م دیوه ناشیرینه ده‌قۆزێته‌وه بۆ پیشاندانی هه‌موو به‌دڕه‌وشتیه‌ک، که له‌م ناشیرینییه ده‌که‌وێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، مه‌سه‌له‌که لێره ته‌واو نابێت. ئه‌وان پێویستیان به خۆشه‌ویستیه و خۆشه‌ویستیش شتێکه بنبڕ ناکرێت با ئیفلیج و کپیش بکرێت. که‌واته مرۆڤ، به‌پێی بۆچوونی “کنۆڵز”، پێویسته له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دیوه ناشیرینه، له روانگه‌ی خۆشه‌ویستیه‌وه سه‌یری رووداوه‌کانی ناو ئه‌م شانۆنامه‌یه بکات. به واتایه‌کی تر پینته‌ر له‌م شانۆنامه‌یه‌دا کار له‌سه‌ر چه‌مکه دژه‌کان ده‌کات. به‌ڵام چۆن؟
کاتێک مرۆڤ له‌وه ده‌گا، که به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی، وه‌ک ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ی ئێستا، واقیعه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵ پیشان ده‌دات، ئه‌و کاته ده‌کرێ بیر له بنیادی درامی و شێواز و فۆرمهڵهکردنهکهی بکاته‌وه. له‌م روانگه‌یه‌وه، ده‌شێ یه‌که‌م شت، که سه‌رنجی مرۆڤ رابکێشێت له‌م شانۆنامه‌یه ئه‌وه بێ، که زۆر ناتوورالیستیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به قووڵی له بنیادی دیمه‌نه‌کان وورد بیته‌وه، بۆت ده‌رده‌که‌وێ، که شانۆنامه‌یه‌که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر کارلێکی جه‌مسه‌ره دژه‌کان بنیاد نراوه. ئه‌م بینینه بنیادگهرایه نه‌ک هه‌ر بۆ شانۆنامه‌که زۆر گرنگه، به‌ڵکو توخمێکی بنچینه‌ییه له خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌ی پینته‌ر. پینته‌ر خۆیشی له چاوپێکه‌وتنێکا ده‌رباره‌ی ئه‌م بینینه له روانگه‌ی بنیادگهرییهوه ده‌ڵێ:” تاکه شانۆنامه‌یه‌ک، که زۆر له بنیادگهرییهوه نزیکه و ئاره‌زووی من به‌دی دێنێ، شانۆنامه‌ی ‘گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ’ ه.” ٧
هه‌ڵبژاردن و پیشاندانی هه‌ر جۆره واقیعێک له‌ناو دراما، چ واقیعی دیوی ده‌ره‌وه بێت و چ واقیعی دیوی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌که، ده‌وه‌ستێته سه‌ر پێوه‌ندی نێوان نه‌ریت و شێوازی ده‌ربڕین به که‌لتووری ئه‌و چرکه ساته له چوارچێوه‌ی به‌ها و کاریگه‌رێتیه پێوه‌ندیداره‌کان. بۆ نموونه، واقیعی ناو مه‌تبه‌خێک له‌ناو شانۆنامه‌یه‌کی ساڵانی شه‌سته‌کان، به پێی پێوه‌ره‌کانی ئێستا، له کاتی نمایشکردندا، خۆنوواندنی تیادا ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه سه‌یری شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” بکه‌ین، چه‌ند حاڵه‌تێکی ناکۆک و جیاواز به‌دی ده‌که‌ین. به‌بێ ئه‌م جیاوازیانه، کۆتایی شانۆنامه‌که سه‌یر و ناپه‌سنده و راستگۆیی تیا به‌دی ناکرێت.
شانۆنامه‌که، له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر واقیعی ناو ژوورێکی دانیشتنی تایبه‌ت به شار بنیاد نراوه. پینتهریش به دیالۆگێکی لهندهنیانه له نێوان “ماکس” و “لێنی”، وه‌ک له‌ده‌ستپێکی ئه‌م نووسینه ئاماژه‌مان پێ کردووه، ئه‌م بیرۆکه‌یه ده‌چه‌سپێنێت. کاتێک رووداوه‌کان به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چن و هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی ئه‌ندامه‌کانی تری خێزانه‌که، واته “سام” و “جۆی” ، رق وکینه، لاقڕتێکردن، شه‌ڕپێفرۆشتن و ده‌مارگرتن که‌شوهه‌وای شانۆنامه‌که داگیر ده‌که‌ن. دوای ئه‌وه‌ی شانۆ تاریک ده‌کرێت، بێئه‌وه‌ی پێشتر هیچ ئاماژه‌یه‌کی بۆ بکرێت، “تێدی” و “رووسا” هه‌ر له‌گه‌ڵ رووناک کردنه‌وه‌ی شانۆ ده‌رده‌که‌ون. “تێدی” سه‌رنجی “رووسا” و هه‌روه‌ها بینه‌ران بۆ باری نائاسایی پێکهاته‌ی ژووره‌که راده‌کێشێت ــ دیواری پشته‌وه نه‌ماوه:
تێدی
“دێت و ده‌چێت”
ڕات چییه به‌م ژووره؟ گه‌وره‌یه، وانییه؟ خانوویه‌کی گه‌وره‌یه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ژووره‌که خۆشه، وانییه؟ راستی، جاران لێره، له‌مبه‌ر بۆ ئه‌وبه‌ر دیوارێک هه‌بوو . . . ده‌رگایه‌کی تیا بوو. خۆمان دیواره‌که‌مان رووخاند . . . چه‌ند ساڵێک به‌ر له ئێستا . . . بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی دانیشتنمان به‌رین و کراوه بێت. وه‌ک ده‌یبینیت، هیچ کاریشی له خانووه‌که نه‌کردووه. دایکم مردبوو.
مرۆڤ له قسه‌کانی “تێدی”، که نائارامی پێوه دیاره، هه‌ست ده‌کا، له‌پشت که‌ره‌سه وشکه‌کانی ئه‌م دیمه‌نه دیوێکی شاراوه هه‌یه. به‌م پێیه‌ش مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکێ له کاردانه‌وه‌ی بینه‌ران قووڵ ده‌بێته‌وه. پاشان ئه‌و هێرشه‌ی، که ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌کرێته سه‌ر “رووسا” و ناوزڕاندنی پێوه دیاره، ئه‌م مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوکێیه، دووپات ده‌کرێته‌وه. له لایه‌کی تر، دیکۆرکێشی به‌ریتانی”جۆن بێرگ”٨ (١٩٢٥−٢٠٠٠) پێیوایه، که ڕووخاندنی ئه‌م دیواره له دوای مردنی “جێسی” ئاماژه‌یه بۆ کاریگه‌رێتی ره‌گه‌زی مێ.
له به‌شی دوه‌می شانۆنامه‌که، کاتێك “تێدی” و هه‌روه‌ها به‌ڕواڵه‌ت “رووسا” ش خۆیان بۆ گه‌ڕانه‌وه ئاماده ده‌که‌ن، رووداوه‌کان له سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ زۆر سه‌یر ده‌رده‌که‌ون. “تێدی” له‌م کاته‌دا “له‌سه‌ر پێ وه‌ستاوه و پاڵتۆکه‌ی رووسای به ده‌سته‌وه‌یه” و هه‌ر به‌م حاڵه‌ته‌وه سه‌یری “لێنی” ده‌کات، که له‌گه‌ڵ “رووسا” سه‌ما ده‌کاو پاشان ده‌یداته “جۆی”ی برای. ئه‌ویش به‌وه ناسراوه، که خولیای پێوه‌ندیی سێکسیه له‌گه‌ڵ ژن. “جۆی” ده‌یباته سه‌ر قه‌نه‌فه‌که و له‌ناو حه‌ز و ئاره‌زووه سێکسیه‌کانی “له‌باوه‌شی ده‌گرێت و ماچی ده‌کات”. کاره ههوهسبزوێنهکه به‌رده‌وام ده‌بێت و تێکستی رێنماییه شانۆییه‌کان له‌م باره‌وه زۆر توندوتیژ و زه‌قه:
“جۆی به هه‌موو قوڕساییهکهوه له‌سه‌ر رووسا پاڵ ده‌که‌وێت. به ته‌واوی کپ و بێده‌نگن. لێنی ده‌ستی به‌ناو قژی رووسادا دێنێت”
به‌م شێوه‌یه ئه‌م ره‌فتاره سه‌رنجڕاکێشه‌ی “جۆی” و “رووسا” خۆنواندنێکی فۆرمهلهکراوی دوور له ناتورالیستیه. یه‌کسه‌ر دوای ئه‌مه‌ش، تێکستی رێنماییه‌کان به‌م شێوه‌یه‌یه:
“جۆی و رووسا له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که گلۆر ده‌بنه‌وه بۆ سه‌ر عه‌رزه‌که. جۆی به توندی باوه‌شی پیا کردووه. لێنی لێیان نزیک ده‌که‌وێته‌وه و به‌سه‌ر سه‌ریانه‌وه ده‌وه‌ستێت. سه‌ری داده‌گرێته خواره‌وه و سه‌یریان ده‌کات. پێی به نه‌رمییه‌وه به له‌شی رووسادا دێنێت. له پڕێکا رووسا پاڵێک به جۆی ده‌نێت. ئینجا هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ. جۆی هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ. له رووسا راده‌مێنێت”
ئه‌م دیمه‌نه ههوهسبزوێنه به دیمه‌نێکی تر، که شایسته‌ی پێکه‌نینه وه‌لاده‌نرێت، چونکه رێک له‌م کاته‌دا، “ماکس به شێوازێکی باوکانه له‌گه‌ڵ “تێدی” ده‌دوێت، وه‌ک هیچ شتێکی ناشیرین روونه‌دات و دۆخه‌که هه‌تا بڵێیت ئاسایی بێت. ئه‌م دیمه‌نه ناوازه‌یه زیاتر قووڵ ده‌کرێته‌وه، کاتێک رووسا، به‌ڕاستی، وه‌ک باڵاده‌ستێک ره‌فتار ده‌کا و فه‌رمان به پیاوه‌کان ده‌دا، خواردن و خواردنه‌وه‌ی بۆ بێنن. دواتر، کاتێك پیاوه‌کان خه‌ریکی ئاخاوتنن، رووسا بۆ ماوه‌ی دوو کاتژمێر له‌گه‌ڵ “جۆی” ده‌چنه ژووری سه‌ره‌وه، بێئه‌وه‌ی “جۆی” بشێوێ یا ئاسووده‌یی تێک بچێت. که “رووسا” له‌سه‌ره‌وه دێته‌وه خواره‌وه بۆ ناو پیاوه‌کان، ئه‌وان داوای لێ ده‌که‌ن، وه‌کوو ژنێکی جه‌سته‌فرۆش، وه‌کوو ژنێک، بتوانێ له‌گه‌ڵ پیاوێک بژی و به‌بێ هیچ گرێبه‌ندێکی هاوسه‌رگیری، بمێنێته‌وه.
دیاره هه‌ندێک له ره‌خنه‌گره‌کان پێیانوایه، که ئه‌م دیمه‌نانه، دیمه‌نی راسته‌قینه نین. هه‌ندێکی تر بێئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن به دیمه‌نی سوریالی ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌م دیمه‌نانه، وه‌کوو واقیعی ده‌وروبه‌ر، له واقیعی دیوی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ جیا ناکرێنه‌وه. کرۆکی کێشه‌که له‌وه‌دایه، که هه‌ندێک واقیع له‌بارودۆخه جیا جیاکاندا راسته‌قینه‌تر یاخود دوورودرێژتر ده‌رده‌که‌ون له هه‌ندێکی تر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ناکرێ له واقیعی سایکۆڵۆژی مرۆڤه‌کان جیایان بکه‌یته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م راستیه له‌به‌ر چاو بگرین، ده‌توانین شته‌کان له مه‌ودایه‌کی فراوانتر ببینین و خوێندنه‌وه‌یه‌کی باشتر بۆ رووداوه‌کان، بۆ کاره‌کته‌ره‌کان، بۆ بیرۆکه‌کان به‌ده‌ست بێنین.
شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”، له ده‌ستپێکا، به ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر، دیوه ده‌ره‌وه‌که‌ی واقیعی پێوه‌ندییه خێزانیه‌کان پیشان ده‌دا. واقیعی ناوه‌وه، له‌م قۆناغه‌دا، ته‌نیا به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێ: ئایا مه‌رگی “جێسی”، ژنی “ماکس”، چ وه‌کوو دایک و چ وه‌کوو ژن، بۆ ئه‌ندامانی خێزانه‌که چی ده‌گه‌یه‌نێ؟ هاتنی “رووسا”، وه‌کوو دایکێکی تر و وه‌کوو ژنێکی تر، دۆخه‌که خراپتر ده‌کات و واقیعه‌که له هه‌ردوو ئاستدا، واته له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی و له ئاستی سایکۆڵۆژیدا، ده‌خاته نێو ململانێوه. پینته‌ر، لێره‌دا، ته‌کنیکی بژاره‌کردن به‌کار دێنێت، واته ره‌وتی به‌ڕێوه‌چوونی واقیعێک له ئاستێکا راده‌گرێت و ده‌چێته سه‌ر ئه‌وه‌که‌ی تر تا به هۆی یه‌کێکیان ئه‌وه‌ی تر روون ده‌بێته‌وه. واقیعی سایکۆڵۆژی واقیعه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که ده‌ڕووخێنێت، که “تێدی”، له راستیدا، ده‌یشارێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر په‌لکێشی ناو گێژاوه‌که نه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له تابلۆی کۆتاییدا، ئه‌و ململانێیه‌ی، که له ناوه‌وه، له ناو خوددا، له نێوان خۆشه‌ویستی له‌لایه‌ک و سووککردن و بێنرخکردنی مرۆڤ له‌لایه‌کی تر به‌ڕێوه ده‌چێت و به شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه، دواجار له‌ده‌ره‌وه ره‌نگ ده‌داته‌وه، ئاشکرا ده‌بێ و بینه‌ر ده‌یبینێ. ئینجا ئه‌مه چ قبوڵکردنی “رووسا” بێت به مانه‌وه وه‌کوو جهستهفرۆشێک، چ ئاشکراکردنی حه‌قیقه‌تی “جێسی”، که له پشته‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی “سام” له‌گه‌ڵ “ماک گریگۆر” جووت بووه. ئه‌مه‌یش بۆ شانۆنامه‌که ده‌بێته کۆتاییه‌کی به‌هێز. ئه‌گه‌ر ئێستا له‌رووی شێوازی داڕشتن و پێکهاته‌ی درامییه‌وه به شانۆنامه‌که‌دا بچینه‌وه و بیپشکنین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ، که ئاسته‌کانی واقیع چۆن به درێژایی شانۆنامه‌که به شێوازێکی بنیادگهرانهی زۆر وورد له‌ناو به‌ربه‌ره‌کانیکردنی چه‌مکه دژه‌کان فۆرمه‌ڵه کراون.
بنیادگه‌ری، وه‌کوو بیرۆکه، شێوازی کارکردنی له پێشکه‌وتنی زانستی زمان هه‌ڵێنجاوه، که زانای سویسڕی فه‌ردیناند دی سۆسێر (١٨٧−١٩١٣) بنه‌ماکانی بۆ دانا. به پێی بۆچوونی سۆسێر، زمان له‌چه‌ند هێمایه‌ک پێک هاتووه و هه‌ریه‌ک له‌م هێمایانه دوو دیوی هه‌یه: یه‌که‌میان شێوه‌ی ده‌ره‌وه یا وێنه‌ی وشه‌که‌یه، واته ریزبه‌ندی پیته‌کان هه‌روه‌ها فۆنیمه‌کانی یا ده‌نگی وشه‌که. دوه‌میشیان ئه‌و چه‌مکه یا بیرۆکه‌یه‌یه، که له مێشکی مرۆڤ دروست ده‌بێت به بیستنی وشه‌که. بیرۆکه‌کانی ئه‌م زانایه هه‌ر زوو ته‌شه‌نه‌ی کرد بۆ به‌شه‌کانی تری زانست وه‌کوو سۆسیۆلۆژیا و تیۆری ئه‌ده‌بی. هه‌ر بۆ نموونه، زانای فه‌ره‌نسی، کلۆد شتراوس(١٩٩٠٨−٢٠٠٩)، که به باوکی ئه‌نترۆپۆلۆژیای سه‌رده‌م ده‌ناسرێت، بیرۆکه‌ی ئه‌م دوو دیوییهی، که “سۆسێر” باسی لێوه ده‌کا، به‌سه‌ر کۆمه‌ڵه سه‌ره‌تاییه‌کان و ئه‌فسانه‌دا جێبه‌جێ کرد٩. بنیادگه‌ری واتای هه‌ر شتێکی دیار، به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێکهاته‌یه‌کی فراوانتری واتا، دیاری ده‌کات. به‌مانایه‌کی تر، هه‌ر ده‌قێک به هۆی چه‌ند یاسایه‌کی دیاریکراو به‌ڕێوه ده‌چێت و له‌سه‌ر بنه‌مای دوو جه‌مسه‌ریی رێک ده‌خرێت، که له‌یه‌ک جیاوازن. ئه‌مه‌یش سرووشتی مێشک پیشان ده‌دا. ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره جیاوازه به ئاسانی له مرۆڤدا ده‌دۆزرێته‌وه، وه‌کوو جه‌سته و ده‌روون، ئه‌قڵ و سۆز یان چاکه و خراپه. له‌م روانگه‌یه‌وه، ده‌توانین ووردتر سه‌یری وورده‌کاریه‌کانی ده‌قی ئه‌م شانۆنامه‌یه بکه‌ین.
سه‌ره‌تا ده‌کرێ ئه‌و بانگه‌شه‌یه بکه‌ین، که خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌ی پینته‌ر له بنچینه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م دوو جه‌مسه‌ریه داڕێژراوه، که ئاماژه‌مان پێ دا، چونکه ناوه‌ڕۆکی گشت به‌رهه‌مه‌کانی پینته‌ر جه‌مسه‌رێکی خۆنوواندنه و ئه‌وه‌که‌ی تریشی ریالیزمه، جه‌مسه‌رێکی پێکه‌نینه و ئه‌وه‌ی تریشی جیددیهته. ئه‌م بهیهکداکردن و تێکه‌ڵاوبوونه‌ی دژه‌کان له هه‌ر چرکه‌ساتێکی شانۆنامههکهدا به‌دی ده‌کرێت. له هیچ شانۆنامه‌یه‌کی پینته‌ر پانتایی ململانێکان ئه‌وه‌نده فراوان نییه وه‌کوو له‌م شانۆنامههدا هه‌یه. چه‌ندان جۆری ململانێ، له ئه‌نجامی تێکه‌ڵاوبوونی به‌رده‌وامی جه‌مسه‌ره دژه‌کانی وه‌کوو به‌دڕه‌وشتی و ره‌وشت جوانی، توندوتیژی و ژیانی خێزانی، سۆزداری و مه‌یلی جووتبوون. ئه‌مانه‌ش، به درێژایی شانۆنامههکه و به نۆره، جارێ به‌ستراونه‌ته‌وه به هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر‌و مێ، تاوێ به خێزان و به خودی تاک و که‌ڕه‌تێکیش به پیاهه‌ڵدان و ناوزڕاندن. بۆ نموونه، له‌سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که، “ماکس” دێته ژووره‌وه. به‌دوای مقهستهکهدا ده‌گه‌ڕێ. “لێنی” رۆژنامه ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌مه که‌شوهه‌وایه‌کی خێزانی ئاساییه. به‌ڵام ئه‌م که‌شوهه‌وایه به هۆی قسهڕهقیی “لێنی” ده‌وه‌ستێت. که‌چی ئه‌و خۆی له خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌که ناوه‌ستێت و گوێ به قسه‌کانی باوکی نادا. هه‌ر ئه‌مه‌شه، که تووڕه‌یی باوکی جۆش ده‌دات و دواجار به “ماکس” ده‌ڵێ:
“پێتوایه من سه‌رکێش نه‌بووم؟ ده‌متوانی دوو جار له‌سه‌ر یه‌ک پیاتا بکێشم. ئێستاش هێز و تاقه‌تم ماوه. له ” سام”ی مامت بپرسه من چی بووم. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هه‌رده‌م دڵنه‌رم و رووخۆش بوومه، هه‌رده‌م”
له چوارچێوه‌ی ئه‌م که‌شوهه‌وا خێزانیهدایه، هه‌ڕه‌شه‌ی توندوتیژیی له دوو رسته‌ی یه‌که‌می ئه‌م قسه‌یه‌ی “ماکس” چڕ ده‌کرێته‌وه. له‌لایه‌کی تر، ئه‌و راستیه‌ی، که “ماکس” گۆچانێکی به‌ده‌سته‌وه‌یه و به‌دوای مقهستهکهدا ده‌گه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی رێکڵامێک که “ده‌رباره‌ی یه‌له‌کی خووری”یه له رۆژنامه‌که ببڕێت و هه‌روه‌ها دانپێدانانی پێشتری، که چووه‌ته ناو ساڵانه‌وه و رێک پێش ئه‌و حیواره‌ی سه‌ره‌وه‌یه، که باسی به‌هێزیی و سه‌رکێشیی خۆی ده‌کات، واته کاتێك به “لێنی” ده‌لێت: “به خودا وا به‌ره به‌ره پیر ده‌بم”، له‌گه‌ل بانگه‌شه‌ی “بههێزبوونهکهی” ناکۆکه. بیرۆکه‌ی نێرینه‌یی، که له وشه‌ی “سه‌رکێش” به‌رجه‌سته‌یه پێچه‌وانه‌ی سووکایهتیپێکردنهکهی “لێنی”یه، که به‌رامبه‌ر “ماکس” ده‌یکا کاتێك پێی ده‌ڵێ:” گه‌مژه‌ی بێ که‌ڵک”. رسته‌ی دواتر، که ده‌رباره‌ی “سام”ه، بۆ یه‌که‌م جار پێوه‌ندیه خێزانیه‌که به شێوه‌یه‌ک ده‌ورووژێنێت، که بۆ شانۆنامههکه زۆر گرنگه. “سام” ده‌بێته به‌ڵگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی باوکانه‌ی راسته‌قینه، چونکه له رووی رێزگیرییهوه، وه‌کوو به‌ڵگه بۆ توندوتیژیی رابووردوو په‌نای بۆ ده‌بردرێت. بێجگه له مه‌ش، “ماکس” له‌م قسه‌یه‌دا “سام” نه‌ک “تێدی”، وه‌کوو بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ک بۆ “لێنی” به‌کار دێنێ، سه‌باره‌ت به پله‌وپایه‌ی خۆی ــ واته “ماکس”ـ له‌ناو خێزان. دواجار ئه‌م په‌نابردنه‌ی “ماکس” بۆ خێزانه‌که، که جه‌مسه‌رگیریی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌که‌ی نێوان خود و خێزان ده‌سڕێته‌وه، به فێڵ دووپات ده‌کرێته‌وه، کاتێك دۆخه‌که ده‌گوازێته‌وه بۆ جۆرێک له ره‌وشت نواندن له رێگه‌ی ده‌ربڕینی هه‌ستێکی ناسک: “سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هه‌رده‌م دڵنه‌رم و رووخۆش بوومه، هه‌رده‌م”
ده‌ربڕینی ئه‌م ههستناسکییهی سه‌ره‌وه له کۆتایی به‌شی یه‌که‌می شانۆنامه‌که زۆر زه‌قه، کاتێك “ماکس” باوکی کۆچکردووی هه‌ڵده‌کێشێت:
“که باوکم مرد، پێی گوتم، ماکس ئاگات له براکانت بێت. ئه‌مه پوخته‌ی ئه‌و قسه‌یه بوو، که باوکم پێی گوتم” ئه‌م قسه‌یه هه‌ره‌س دێنێت کاتێك “سام” به گاڵته‌وه پێی ده‌ڵێ، ” چۆن ده‌توانێت ئه‌و قسه‌یه به تۆ بڵێت له کاتێکا ئه‌و مردووه؟” به‌ڵام، قسه‌که‌ی “ماکس”، دواجار، ده‌بێته هێرشێکی توند دژی براکه‌ی، که پێی ده‌لێ،”سه‌رخۆشی ناپه‌سند”. هێرشه‌که تێکه‌ڵکردنێکی سه‌یری رێزگیریی له‌گه‌ڵ توندوتیژی لێ ده‌که‌وێته‌وه:
“من رێزم له باوکم گرت نه‌ک هه‌ر وه‌کوو پیاوێک، به‌ڵکو وه‌کوو گۆشتفرۆشێکی پله یه‌که‌م! بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ش بسه‌لمێنم، له‌سه‌ر رێوشوێنی ئه‌و رۆیشتم و دووکانهکهیم گرته ده‌ست. هه‌ر له مناڵیه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و فێر بووم لاشه پارچه پارچه بکه‌م. من ناوی باوکمم له‌ناو خوێنی خۆما زیندوو کردۆته‌وه بێئه‌وه‌ی که‌س پێم بڵێ”.
دوا به‌شی قسه‌که‌ی “ماکس” جۆرێک له جێگۆڕکێی رۆڵه‌کانی پێوه دیاره. ئه‌مه‌یش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیه‌یه، که به درێژایی شانۆنامه‌که له‌نێوان نێر‌و مێ قووڵ ده‌کرێته‌وه، کاتێك ده‌ڵێ،”هه‌ر به ویستی خۆم، سێ کوڕم، نه‌خێر، سێ پیاوم هێناوه‌ته دونیاوه. ئه‌ی تۆ چیت کردووه؟”. دوای وچانێکی کورت، “ماکس به سام ده‌ڵێ، “گه‌نده”. ئه‌مه‌یش، به گه‌ڕانه‌وه بۆ قسه‌که‌ی پێش ئه‌و وشه‌یه، ریسواکردنه له‌ڕووی سێکسییه‌وه. ئینجا دۆخه خێزانیه‌که جارێکی تر دێته پێشه‌وه، کاتێك “ماکس” به “سام” ده‌ڵێ، ” پێویسته ئه‌و رق و کینه‌یه له دڵدا نه‌هێڵیت، سام. پاشان خۆ ئێمه براین”
دواتر، که “تێدی” و “رووسا” له ژووری خه‌وتن دێنه خواره‌وه که‌شوهه‌وا خێزانیه‌که هه‌ر به‌رده‌وامه کاتێك “تێدی” به بزه‌وه به باوکی ده‌ڵێ “چۆنی . . . باوکه”. به‌ڵام هێنده‌ی نابات، ئه‌و کاره‌ی به “سام” کرا، به “تێدی”یش ده‌کرێت. ئیتر ناوزڕاندنه‌که سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و وشه‌کانی “قه‌حپه‌ی بێشه‌رم” و “ئافره‌تێکی بۆگه‌ن” و”فهلیتهیهکی شههوهتپهرست” نه‌ک هه‌ر که‌شوهه‌وا خێزانیه‌که راده‌ماڵن، به‌ڵکو ده‌چنه خانه‌ی چڕکردنه‌وه‌ی هێرشی “نێر” بۆ سه‌ر “مێ”. پاشان ریسواکردنهکه له چوارچێوه‌ی تاکه که‌سی ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ته‌واوی خێزانه‌که. “ماکس” ده‌ڵێ:
“به‌شه‌ره‌فم له‌وساوه دایکت مردووه تا ئێستا هیچ قهحپهیهکم له‌ژێر ئه‌م ساپیته‌یه نه‌بینیوه “
“روو له جۆی ده‌کات”
ئایا تۆ تا ئێستا قهحپهیهکت هێناوه‌ته ئێره؟ ئایا لێنی تا ئێستا قه‌حپه‌یه‌کی هێناوه‌ته ماڵه‌وه؟”
به‌هه‌رحاڵ، دوایین تابلۆی شانۆنامه‌که، که دایکایه‌تی و قهحپهییکردن تیایدا ده‌بێته وێنه‌یه‌کی زاڵ، رێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی “ماکس”ه، چونکه “جێسی” واته ژنی “ماکس”، وه‌ک “سام” باسی لێوه ده‌کات، له‌گه‌ڵ “ماک گریکۆر” له پشته‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی “سام” جووت ده‌بن. توند‌و تیژیی راسته‌قینه‌ش ئه‌و کاته رووده‌دات، که “ماکس” ” مشته‌کۆڵه‌یه‌ک له سکی جۆی ده‌دا” وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک بۆ قسه‌که‌ی “جۆی”، که پێی ده‌ڵێ “تۆ پیرو خه‌ڕۆ بوویت”. پاشان “به گۆچانه‌که‌ی له سه‌ری سام ده‌دات”. له دوا چرکه‌ساته‌کانی به‌شی یه‌که‌م، “رووسا” به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌موو ناوزڕاندن و جنێوه سێکسیه ئابڕووبه‌رانه‌ی، که “ماکس” ده‌یخاته پاڵ، ده‌بێته دایکێکی پڕ سۆز، کاتێك “ماکس” پێی ده‌ڵێ: “تۆ بوویته دایک”. دۆخه خێزانیه‌که زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه، که “تێدی” و باوکی باوه‌ش له یه‌کتر ده‌که‌ن و “ماکس” ده‌ڵێ:” هێشتا باوکی خۆی خۆش ده‌وێت!”
سه‌رنج:
ئه‌م نووسینه، وه‌کوو پێشه‌کی، بۆ شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”، نووسراوه. شانۆنامه‌که له نووسینی هارۆلد پینته‌ره و عه‌لی عوسمان یاقووب له ئینگلیزییه‌وه وه‌ریگێڕاوه و له بڵاوکراوه‌کانی زنجیره‌ی شانۆی بیانیی ده‌زگای ئاراسه، ژماره ٤٢ی ساڵی ٢٠١٠
٦ . هه‌مان سه‌رچاوه.
٧ . بڕوانه:
”Harold Pinter: An Interview” (with Lawrence Bensky), In Pinter: A Collection of Critical Essays, Edited by Arthur Ganz,1972
٨ لاپه‌ڕه ٢٥−−٣٧ له: Lahr, John, 1971 A Casebook on Harold Pinter’s The homecoming. Edited by John Lahr Grove Press New York
٩ لاپه‌ڕه 15ـ19 له
Dan Sperber, Structuralism and Science, Oxford: Oxford University Press. 1979.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.