عه‌لی عوسمان یاقووب
له سه‌ره‌تای به‌شی دووه‌می شانۆنامه‌که، “ماکس” و “رووسا” به‌یه‌کتردا هه‌ڵده‌ڵێن. دۆخه خێزانیه‌که گه‌رم و گوڕتر ده‌بێت, کاتێك “ماکس” سه‌رگوزشته‌یه‌کی پڕ خۆشه‌ویستی ژیانی پێشتری ناو خێزانه‌که‌ی ده‌خاته‌ڕوو:
“. . . ئینجا پێم گوت: جێسی، وابزانم که‌شتیه‌که‌مان خه‌ریکه ده‌گاته جێ. نیازم وایه دوو دانه شتت بۆ بکڕم. ده‌مه‌وێ کراسێکی ژنانه‌ی شینی ئاوریشمت بۆ بکڕم، دامێنه‌که‌ی به قه‌یتان هه‌ڵچنرابێت و به مرواری رازاندرابێته‌وه. له بۆنه‌کاندا بیکه‌یته به‌ر. له‌گه‌ڵ جووتێk پانتۆڵی گوڵگوڵی تافته‌ی ره‌نگ ئه‌رخه‌وانی. پاشان چۆڕێ براندی سووری ئاڵم پێ دا. بیرمه کوڕه‌کان هه‌ر به بێجامه‌وه هاتنه خواره‌وه. قژیان ده‌ترووسکایه‌وه. ده‌موچاویان په‌مه‌یی بوو. ئه‌و کاته هێشتا بۆ یه‌که‌مجار ریشیان نه‌تاشی بوو. له‌به‌ر پێی هه‌ردووکمان، من و “جێسی” به چۆکدا چوون . . .”
کاتێك پینته‌ر دۆخه خێزانیه‌که ئاوا گه‌رم و گوڕ پێشان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌یه بینه‌ر دواتر هه‌ست به کاریگه‌رێتی پێچه‌وانه‌که‌ی بکات. واته، هه‌تا دۆخێک له دۆخه‌کان یا خه‌سڵه‌تێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی کاره‌کته‌رێک قووڵتر بکرێته‌وه، دواجار، پێچه‌وانه‌که‌ی، که دواتر ده‌رده‌که‌وێت، بۆ کاره‌کته‌ره‌کانی تر و بۆ بینه‌ریش جۆرێک له خورپه و راچڵه‌کین دروست ده‌کات.
به‌هه‌رحاڵ، دۆخه‌که جارێکی تر هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه, کاتێك “رووسا” له‌پڕێکا پرسیارێک ده‌رباره‌ی گۆشتفرۆشه‌کان ده‌ورووژێنێت. بۆیه، هه‌ر ئه‌و “جگه‌ره ده‌ره‌جه یه‌ک” هی، که “ماکس” له به‌شی یه‌که‌می شانۆنامه‌که باسی لێوه ده‌کات ده‌بێته “جگه‌ره‌یه‌کی خراپ” و دۆخه نموونه‌ییه‌که‌ی ناو خێزانیش ده‌بێته “خێزانێکی ئیفلیج و په‌ککه‌وته. سێ کوڕی زۆڵ. ژنێکی قه‌حپه”. هه‌روه‌ها “سام” زیاتر ئابڕووی ده‌برێت، ” . . . تۆ بۆ نیو دۆلار له‌سه‌ر پردی “بلاک فرایه‌ر” ده‌چه‌مێیته‌وه”. یه‌کسه‌ر دوای ئه‌مه دۆخه خێزانیه‌که جارێکی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه:
ماکس
“روو له تێدی ده‌کات”
کوڕم، چۆن گوزه‌ران ده‌که‌یت؟تێدی
زۆر باش گوزه‌ران ده‌که‌م، باوکه.ماکس
دڵخۆشین که تۆ گه‌ڕایته‌وه لامان.
خالێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش له شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” له هه‌ڵوێستی “تێدی”دا به‌رجه‌سته ده‌بێ. کاتێك “تێدی” به بێ ئاگاداری باوک و براکانی ژن دێنێت و ده‌چێته ئه‌مریکا و خێزان پێک دێنێت، له راستیدا هه‌ڵوێستێک جێبه‌جێ ده‌کات، که تا سه‌ر ئێسقان هی خۆیه‌تی و دژی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌تی. ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌یسه‌لمێنێت، که بانگه‌شه بۆ مافی خێزان گه‌وره‌تره له خۆپه‌رستی و خۆسه‌پاندنی یه‌کێک. گرنگی ئه‌م بانگه‌شه‌یه له‌رووی ته‌کنیکیه‌وه له‌وه‌دایه، که پینته‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌دا ئه‌م بیرۆکه‌یه دێنێته پێشه‌وه. ئه‌و وشه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی، که له چوارچێوه‌ی ژیانی ناو خێزان به درێژایی شانۆنامه‌که‌دا به‌کار دێن زیاتر له سه‌دو سی جار دووباره ده‌کرێنه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له رووی چه‌مکه دژه‌کانی تایبه‌ت به پیاهه‌ڵدان و ناوزڕاندن، به رێزگرتن و جنێودان سه‌یریان بکه‌ین، ده‌رده‌که‌وێت، که کۆڵه‌گه‌ی خێزانه‌که به هۆی به‌ربه‌ره‌کانی نێوان ره‌وشتجوانی و به‌دڕه‌وشتی بنکۆڵ ده‌کرێت. دووباره‌کردنه‌وه‌ی وشه‌کانی وه‌کوو دایک، باوک، برا، ژن، باوکه، خێزان، کوڕ، دواجار ده‌بێته گاڵته‌پێکردن به پێوه‌ندیه خێزانیه‌کان و به سووکی سه‌یرکردنیان.
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی هه‌ردوو جه‌مسه‌ری پیاهه‌ڵدان و ناوزڕاندنه‌وه سه‌یری کاره‌کته‌ری ژن له شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” بکه‌ین، ده‌کرێ شیکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌روونی و به پشتبه‌ستن به بۆچوونه‌کانی “فرۆید”ی بۆ بکه‌ین. له‌م باره‌وه، “کنۆڵز” پێیوایه، که شانۆنامه‌که دوو دیو بۆ وێنه‌ی ژن ده‌کێشێت: ژن وه‌کوو دایک و هه‌روه‌ها ژن وه‌کوو جه‌سته‌فرۆش. “ماکس” له ناوزڕاندنی هه‌ریه‌ک له “جێسی” و “رووسا” ده‌ستپێشخه‌ره. سه‌ره‌تا”رووسا” وه‌کوو “جهستهفرۆشێکی سووک و بێ حه‌یا . . . فهلیتهیهکی به‌دره‌وشت” و پاشانیش “جێسی” وه‌کوو “ژنێکی قه‌حپه” وه‌سف ده‌کات. هه‌روه‌ها “لێنی” هه‌موو ژنێک وه‌کوو ئه‌و کچه سۆزانیه‌ی “سه‌ر شۆسته‌ی ده‌ریا” ده‌بینێت، که “کێشه‌که‌ی له‌وه‌دابوو، به‌هۆی نه‌خۆشی ئاوڵه‌وه په‌کی که‌وتبوو”. له‌لایه‌کی تر، فڕاندنی دوو کچه‌که له‌لایه‌ن “لێنی” و “جۆی” له دڵداره‌کانیان و به زۆر جوووتبوون له‌گه‌ڵیاندا له‌ناو “وردهبهردهکان”، پاشان چه‌ندجار به‌کارهێنانی وشه‌ی “قه‌حپه” له‌لایه‌ن “لێنی” و “ماکس”، هه‌موو ئه‌مانه وێنه‌ی “رووسا” چ وه‌کوو ژنێکی به مێرد و چ وه‌کوو دایك ته‌ڵخ ده‌که‌ن. دیاره ئه‌و نهێنیه‌ی، که “سام” ده‌رباره‌ی جووتبوونی “ماک گریگۆر” له‌گه‌ڵ “جێسی” له پشته‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی ئاشکرای ده‌کا، ئه‌گه‌ر راست بێ، ته‌ڵخکردنی وێنه‌که دووپات ده‌کاته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌سڵه‌تی قهحپهییکردن، که به ره‌گه‌زی مێینه ده‌لکێنرێت، نزمترین ناولێنان و ریسواترین ئاست بێ، ئه‌ی بۆچی ره‌گه‌زه‌که‌ی تر په‌نای بۆ ده‌بات؟
کاره‌کته‌ر له شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”
به پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی، که “فرۆید” له‌سه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ی کردووه، که په‌نا بۆ جووتبوون ده‌به‌ن له‌گه‌ڵ ئافره‌تێکی تر، له کاتێکا خۆیان ژنه‌کانیان جوان و قه‌شه‌نگه، ده‌رده‌که‌وێت، که ته‌نیا له رێگه‌ی دابه‌زین بۆ ئه‌و ئاسته نزمه، بۆ ئه‌و ریسواییه ده‌توانن ئاره‌زووه سێکسیه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌ن. به واتایه‌کی تر، ئاره‌زووه جه‌سته‌ییه‌کان ته‌نیا له رێگه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی له‌زه‌تی جه‌سته له هه‌ست و سۆزی خۆشه‌ویستیه‌وه، شه‌هوه‌تپه‌رستی له هه‌ستناسکی و به‌نه‌رمی جووڵانه‌وه جێبه‌جێ ده‌بن، چونکه ئه‌م جۆره پیاوانه ناتوانن ئاره‌زووه جه‌سته‌ییه‌کانیان له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و هه‌ستناسکی له هه‌مان که‌سدا بدۆزنه‌وه یا ئاوێته‌ی یه‌کتریان بکه‌ن تا له ئه‌نجامدا جووتبوون بکه‌ن به خۆشه‌ویستی. “فرۆید” له لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی ده‌رباره‌ی گه‌شه‌کردنی کوڕ ـ نێرینه ـ تێبینی ئه‌وه ده‌کات، که هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی، که له سه‌ره‌تا تێکه‌ڵی هه‌ست و سۆزی منداڵی نێرینه ده‌بن شێوه‌ی دایکی یان خۆشکی یاخود دایه‌نه‌که‌ی یا هه‌ر که‌سێکی نزیکی ئه‌و ده‌که‌ن. له‌سه‌ره‌تای هه‌رزه‌کاری و کامڵ‌بوونی له‌ڕووی سێکسیه‌وه، له‌زه‌تی جه‌سته له‌گه‌ڵ ئه‌و پێوه‌ندیه خۆشه‌ویستیه‌ی پێشتر له‌لای چه‌سپیوه به‌ریه‌ک ده‌که‌ون. دیاره پێشتر به هۆی کامڵنه‌بوونی له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه به‌ری لێ گیرابوو. ته‌نیا ئه‌گه‌ر ره‌وشت و پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی به ناخدا ببات و بۆ ئاستی ئه‌و ریسواییه دابه‌زێت، که ئاماژه‌مان پێ‌کرد، به‌ربه‌سته‌کان نامێنن. “فرۆید” ئه‌م حاڵه‌ته وه‌کوو تراژیدیایه‌ک ده‌بینێت دژ به خود، چونکه ئه‌م جۆره پیاوانه ناتوانن خۆشه‌ویستیه‌کی ته‌واو به‌ده‌ست بێنن.
“مارتین ئه‌سلین” له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کیدا ده‌رباره‌ی شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” ده‌ڵێ: “شانۆنامه‌ی (گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ)، له روانگه‌ی بیروبۆچوونی کوڕه‌کانه‌وه، ئاره‌زوویه‌کی ئۆدهیپیانهیه، که خه‌ون به جێبه‌جێکردنیه‌وه ده‌بینێت: سه‌رکه‌وتنی دایکه له رووی سێکسیه‌وه، هه‌روه‌ها ریسوابوونی بێئه‌ندازه‌ی باوکه. به‌ڵام له روانگه‌ی بیروبۆچوونی باوکه‌که‌وه مۆته‌که‌یه‌کی ترسناکی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی کوڕه‌کانه” ١٠
ناونیشانی شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” ناونیشانێکی ته‌وسئامێزه. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه کام له کاره‌کته‌ره‌کان ده‌گرێته‌وه؟ سه‌ره‌تا، مرۆڤ بیری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی “تێدی” ده‌چێت، که له ئه‌مریکاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ له‌نده‌ن. پاشان بۆ “رووسا”، که له “شوێنێکی نزیک له‌و ده‌وروبه‌ره له‌دایک بووه” و دواجار هه‌ر ئه‌ویش له‌وێ ده‌مێنێته‌وه. له‌لایه‌کی تر، ده‌شێ گه‌ڕانه‌وه‌که ره‌هه‌ندێکی تری هه‌بێ. بۆ نموونه، گه‌ڕانه‌وه‌ی “رووسا” بێ بۆ “خود”ی خۆی، که له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی وازهێنانی له “تێدی”.
دیاره هه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌کردنه‌ی پینته‌ر له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ر له‌پاڵ مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ واقیع و به‌کارهێنانی تایبه‌تی زمان بووه‌ته مایه‌ی سه‌رسامی زۆرێک له رهخنهگرو بینه‌ران به راده‌یه‌ک تا ئێستاش کۆمه‌ڵێ پرسیار هه‌ن چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ن ئه‌گه‌رچی ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆر کتێب و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر شانۆنامه‌کانی نووسراون. دیاره به‌رهه‌مه‌کانی پینته‌ر له کاتی خۆیدا کاردانه‌وه‌ی جیا جیای لێ که‌وتۆته‌وه، به تایبه‌تیش شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”. هه‌ندێک له‌و کاردانه‌وانه ده‌چوونه خانه‌ی پیا هه‌ڵدان و هه‌ندێکیشیان ده‌چوونه خانه‌ی بێزاری و تووڕه‌بوون. نموونه‌یه‌کی به‌رچاو بۆ ئه‌م کاردانه‌وه جیا جیایانه ده‌رباره‌ی ئه‌م شانۆنامهیهه، ئه‌و کاردانه‌وه نه‌گه‌تیڤانه بوو که، که “رۆبه‌رت برۆستاین” له ساڵی١٩٦٥ له گۆڤاری” نیو ریپه‌بلیک New Republic” ، هه‌روه‌ها ئه‌و وتاره‌ی، که “رۆناڵد برایدن” له هه‌مان ساڵدا له گۆڤاری “نیو سته‌یتمان New Stateman له‌ژێر ناونیشانی “هه‌ڵپه هه‌ڵپی پینته‌ر” بڵاویان کرده‌وه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌شدا، “ریچارد گیڵمان” له ساڵی ١٩٦٧ له رۆژنامه‌ی “نیوۆرک تایمز New York Times”، هه‌روه‌ها “هنری هیوز” له هه‌مان ساڵدا، له هه‌فته‌نامه‌ی “ساتهردهی ریڤیو لیتراچه‌ر Saturday Review of Literature”، که له له‌نده‌ن ده‌رده‌چوو، تیادا به به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌کاندا ده‌چووه‌وه، پێداچوونه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤانه‌یان خسته‌ڕوو. ١١
به‌هه‌رحاڵ، ڕه‌خنه‌گره‌کان، به‌گشتی، پێیانوایه، که شانۆنامه‌کانی پینته‌ر ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌و شانۆنامانه، که ڕه‌خنه‌گری هه‌نگاری مارتین ئه‌سلین به شانۆی پووچگهراـ ئه‌بسێرد ـ ناویان ده‌با، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پینته‌ر له شانۆنامه‌نووسه‌کانی سه‌ر به رێبازی پووچگه‌رایی ـ ئه‌بسێردیزم ـ جیا ده‌کاته‌وه ئه‌و ته‌کنیکه‌یه، که بۆ پێشاندانی ئه‌و بینینه پووچگه‌رایه به‌کاری دێنێ. بۆ نموونه “ئێف. جه‌ی. بێرنهارد” پێیوایه، که دیالۆگه‌کانی پینته‌ر “زیاتر له شیعر ده‌که‌ن تا له هه‌ر شتێکی تر” چونکه پینته‌ر زۆر شێوازی تایبه‌ت به زمانی ئاخاوتنی رۆژانه ده‌کاته دیالۆگێکی کاریگه‌ری ئه‌وتۆ، که نه‌ک هه‌ر کاره‌کته‌ر، به‌ڵکو بینه‌ریش به ئاسته‌م له ئاماژه‌که‌ی ده‌گات. ١٢
به پێی بۆچوونی “ویلیه‌م. جه‌ی فری”١٣، ئه‌م ته‌کنیکه له شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” به راده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر به‌کار دێ. کاره‌کته‌ره‌کان له ئاخاوتن و نواندنه‌کانیان به جۆرێک پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌که‌ن، به شێوازێک زانیاریه‌کان به یه‌کتر ده‌ده‌ن، که ده‌بێته مایه‌ی حه‌په‌سان و سه‌رلێشێواندن و له خشته‌بردن. به‌ڵام هیچ زانیاریه‌ک بۆ بینه‌ر ناگوازنه‌وه. بینه‌ر هه‌ست به دوژمنایه‌تی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان ده‌کات، به‌ڵام هه‌رگیز په‌ی بۆ هۆکاره‌کان نابا. دیالۆگ ده‌بێته گه‌مه‌یه‌ک به هۆیه‌وه کاره‌کته‌ره‌کان هۆکاری ره‌فتاره‌کانیان له یه‌کتر و له بینه‌ر ده‌شارنه‌وه. کاریگه‌رێتی دیالۆگ لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت. “رووسا”، له به‌شی دوه‌می شانۆنامه‌که‌دا، ده‌ڵێ:
. . . شتێکت بیر چوو. سه‌یری من بکه. من . . . قاچه‌کانم ده‌جووڵێنم. هه‌ر ئه‌وه‌یه و هیچی تر. به‌ڵام من جلی ژێره‌وه‌م . . . له‌به‌ردایه، که له‌گه‌ڵم ده‌له‌رێنه‌وه . . . ئه‌م له‌رانه‌وه‌یه . . . سه‌رنجی تۆ ده‌پێکێت. دوور نییه تۆ لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی بۆ بکه‌یت. مه‌سه‌له‌که ئاساییه. ئه‌مه قاچه و . . . ده‌جووڵێته‌وه. لێوه‌کانم ده‌جووڵێنه‌وه. تۆ بۆچی سه‌رنجه‌کانت له‌مه چڕ ناکه‌یته‌وه؟ دوور نییه جووڵانه‌وه‌که، به‌ڕاستی پڕماناتر بێت له‌و وشانه‌ی، که له لێوه‌کانه‌وه دێنه ده‌ره‌وه. تۆ پێویسته . . . ئه‌م ئه‌گه‌ره . . . له‌بیر نه‌که‌یت.
“فری” پێیوایه، به درێژایی شانۆنامه‌که، ئه‌وه‌ی بینه‌ر هه‌ستی پێ ده‌کات، که ژێربه‌ژێر له‌ودیوی ئاخاوتنه‌کان رووده‌دا، دواجار له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو شتانه‌ی، که به‌رچاون و به ئاشکرا رووده‌ده‌ن، هه‌ره‌س دێنێ. “جلی ژێره‌وه زیاتر مایه‌ی ده‌ستدرێژکردنه سه‌ره له “قاچه‌که”، که‌چی له‌به‌رچاو نییه. شاراوه‌یه. سه‌رنجی بینه‌ر له‌نێوان ره‌فتاره به‌رچاوه‌کان، که هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی روون بۆ واتاکانیان نییه، له‌گه‌ڵ ره‌فتاره شاراوه‌کان، که بۆ بینه‌ر ناگوازرێنه‌وه، ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ر ده‌کات. “رووسا” کاره‌کته‌رێکی سه‌ره‌کیه له شانۆنامه‌که. له راستیدا، هه‌ر ئه‌وه، که له ئه‌مریکاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیشتمانه‌که‌ی ـ به‌ریتانیا ـ دووباره نه‌خشه‌یه‌کی تازه بۆ پێوه‌ندیه‌کانی ناو خێزان داده‌ڕێژێت و خۆیشی گرنگترین شوێن له‌م نه‌خشه‌یه داگیر ده‌کات. پینته‌ر بۆ ناونیشانی شانۆنامه‌که‌ی وشه‌ی “home”ی هه‌ڵبژاردووه، که به مانای ماڵ و هه‌روه‌ها به مانای نیشتمانیش دێت. شانۆنامه‌که‌ش هه‌ردوو ره‌هه‌ندی تیا به‌رجه‌سته کراوه. به‌هه‌رحاڵ، “رووسا” کاره‌کته‌رێکی ئاڵۆز‌و بهپێچووپهنایه. “رووسا” ئه‌و کاته دێته ناو خێزانه‌که، که پێوه‌ندیه‌کان تیادا نوشووستیان هێناوه. پێوه‌ندی باوک و کوڕ، برا له‌گه‌ڵ برا، گرژی و ئاڵۆزیان تێکه‌وتووه. پینته‌ر، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌دا، گرژی و ئاڵۆزیه‌که قووت ده‌کاته‌وه، وه‌کوو له‌سه‌ره‌تای پێشه‌کی ئه‌م شانۆنامه ئاماژه‌مان بۆ کرد. “ماکس” و “لێنی” له‌سه‌ر بڕینی پارچه‌یه‌کی رۆژنامه‌یه‌ک، له‌سه‌ر خواردن، له‌سه‌ر زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌سپ ده‌بێته مشتومڕیان. له‌لایه‌کی تر، “ماکس” و “لێنی” گاڵته به “سام” ده‌که‌ن، که پێیوایه شۆفێرێکی لێهاتووه. “ماکس” گاڵته به “سام” ده‌کا، که نه‌یتوانیوه ژیانی هاوسه‌رێتی پێک بێنێت. “رووسا” هه‌ر له‌یه‌که‌م ده‌رکه‌وتنیدا وه‌کوو کاره‌کته‌رێکی کڕ و بێده‌نگ و نه‌بزۆک دێته به‌رچاو، به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵچوون و جۆش و خرۆشی “تێدی”. ئه‌گه‌ر سه‌یری تێکستی رێنماییه شانۆییه‌کان بکه‌ین، که جوولهو کرده‌وه‌کانی “رووسا” ده‌رده‌بڕێت و له‌گه‌ڵ هی “تێدی” به‌راوردیان بکه‌ین بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که “رووسا” کاره‌کته‌رێکی ناچالاکه:
“(رووسا) له شوێنی خۆ‌یا ناجووڵێت . . .”. “(تێدی) ده‌چێته ناو هۆڵه‌که، سه‌ری به ئاڕاسته‌ی پێبلیکانه‌کان به‌رز ده‌کاته‌وه. ده‌گه‌ڕێته‌وه دواوه . . . به دزییه‌وه له پێبلیکانه‌کان سه‌رده‌که‌وێت”. “(رووسا) هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ. پاشان له‌سه‌ره‌خۆ ده‌چێته ئه‌وبه‌ری ژووره‌که”. “(تێدی) ده‌گه‌ڕێته‌وه . . . “. (رووسا) سه‌یری ده‌کات . . . “. “(تێدی) ده‌سووڕێته‌وه”. “(رووسا) داده‌نیشێت”. “(تێدی) له‌ناو ژووره‌که ده‌سووڕێته‌وه”
بینه‌ر له سه‌ره‌تا هه‌ست به‌وه ده‌کات، که “رووسا” حه‌ز ناکات له‌ناو بنه‌ماڵه‌که‌ی “تێدی” بمێنێته‌وه. له یه‌که‌م ئاخاوتنیدا ده‌ڵێ: “که‌سێ لێره نییه”. پاشان هه‌موو وه‌ڵامه‌کانی بۆ پرسیاره‌کانی”تێدی” بێمهیلی “رووسا” پیشان ده‌ده‌ن سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ئه‌م خێزانه:
تێدی
. . . سه‌رماته؟
رووسا
نه‌ء.
تێدی
ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌که‌یت شتێکت بۆ ئاماده ده‌که‌م، بیخۆیته‌وه. شتێکی گه‌رم.
رووسا
نا، هیچم ناوێ.
تێدی
بێتاقه‌تیت؟رووسا
نه‌ختێک.
دواجار “رووسا” له پرسیارێکدا، که ئاڕاسته‌ی “تێدی” ده‌کا، مه‌یلی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رده‌بڕێ، که نایه‌وێ بمێنێته‌وه:رووسا
حه‌ز ده‌که‌یت بمێنیته‌وه؟تێدی
بمێنینه‌وه؟“وچانێکی کورت
هاتووین بمێنینه‌وه. پێویسته . . . چه‌ند رۆژێک بمێنینه‌وه.رووسا
وابزانم . . . مناڵه‌کان . . . بیرمان ده‌که‌ن.
ئه‌و ههڵوهستهکردنانهی، که “رووسا” له قسه‌کردنیدا ده‌یکا، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، که په‌نا بۆ بیانوویه‌ک ده‌با تا نه‌مێنێته‌وه. پاشان ژووره‌که به جێ دێڵێ بۆ ئه‌وه‌ی “هه‌وایه‌ک هه‌ڵمژێ” سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو بهرههڵستکردنهی “تێدی”. ئایا هۆکاری ئه‌م ره‌فتاره‌ی “رووسا” چییه؟ شه‌رم ده‌کات؟ ده‌ترسێت؟ بێزاره؟ دیاره له‌م قۆناغه‌دا شته‌که بۆ بینه‌ر روون نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پێوه‌ندیه شڵۆقه‌ی ناو ئه‌ندامانی خێزانه‌که له‌به‌رچاو بگرین، که پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کرد، ده‌کرێ بڵێین ده‌ترسێ.
“رووسا” له دیمه‌نی داهاتووش له‌گه‌ڵ “لێنی”، هه‌روه‌کوو کاره‌کته‌رێکی کڕو بێده‌نگ و ناچاڵاک ده‌رده‌که‌وێ. به‌شی زۆری گفتوگۆکه هه‌ر لێنی به‌ڕێوه‌ی ده‌با. قسه‌کانی “لێنی” هه‌ڕه‌شه‌ئامێزن، چ کاتێك باسی په‌لاماردانی ئافره‌ته سۆزانیه‌که ده‌کات و چ کاتێك باسی ئه‌و ژنه ده‌کا، که ویستی ئامێری جلشوشتنهکهی بۆ بگوازێته‌وه. “رووسا” لێره‌ش، وه‌ک چۆن پێشتریش، به کورتی وه‌ڵامی “تێدی” ده‌داته‌وه، ئاوا به وشه‌یه‌ک یان دوو وشه وه‌ڵامی “لێنی” ده‌داته‌وه. ئه‌م بێده‌نگیه‌ی “رووسا” ئه‌وه دووپات ده‌کاته‌وه، که ده‌یه‌وێ خۆی له‌م بنه‌ماڵه‌یه بکێشێته‌وه:
لێنی
. . . ئێستا په‌رداخه‌که‌م پێ بده.رووسا
نایده‌م.
“وچانێکی کورت”لێنی
که‌واته خۆم هه‌ڵیده‌گرم.رووسا
ئه‌گه‌ر تۆ په‌رداخه‌که هه‌ڵبگریت . . . منیش تۆ هه‌ڵده‌گرم.
“وچانێکی کورت”لێنی
ئه‌ی چۆنه ئه‌گه‌ر من په‌رداخه‌که هه‌لبگرم بێئه‌وه‌ی تۆ من هه‌ڵبگریت؟رووسا
ئه‌ی بۆ هه‌ر من تۆ هه‌ڵنه‌گرم؟
“وچانێکی کورت”
له‌م دیالۆگه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که “رووسا” هه‌موو رێگایه‌ک له فڕوفێڵه‌کانی “لێنی” ده‌گرێت و به هه‌ندێک قسه هێرشی ده‌کاته سه‌ر، که ئاماژه‌یه‌کی سێکسیان هه‌یه. “لێنی” ته‌نیا به‌رگری له خۆی ده‌کات. بۆیه دواجار به تووڕه‌ییه‌وه هاوار ده‌کا:
“گوایه ئه‌مه چی بوو؟ پێشنیازی خواردنه‌وه بوو؟”
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی “رووسا”، وه‌کوو “فری” باسی لێوه ده‌کات، وا له بینه‌ر ده‌کات هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و هۆکارانه بکات، که له پشت ئه‌و ره‌فتارانه‌ی “رووسا”یه، که پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کرد. ئه‌وه‌ی له‌م ره‌فتارانه‌ی “رووسا” ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وه نییه، که نایه‌وێت بمێنێته‌وه، به‌ڵکو ده‌ریده‌خا، که “رووسا” دڕ و شه‌ڕانی بووه. ئه‌م دوو حاڵه‌ته ناکۆکه له کاره‌کته‌ری “رووسا” وا له بینه‌ر ده‌کات له هه‌ر هه‌ڵوێستێکی سه‌باره‌ت به کاره‌کته‌ری “رووسا” دوودڵ بێت. ئه‌م هاوتهریبنهبوونه له کاره‌کته‌ری “رووسا” یاخود به‌رجه‌سته‌بوونی دوو کاره‌کته‌ری جیاواز له کاره‌کته‌ری “رووسا” به درێژایی شانۆنامه‌که سه‌ر له بینه‌ر ده‌شێوێنێت. سه‌ره‌تا “رووسا” وه‌ک کاره‌کته‌رێکی پاسیڤ و پاشان وه‌کوو کاره‌کته‌رێکی ئه‌کتیڤ، که ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر خێزانه‌که‌دا بسه‌پێنێت، ده‌رده‌که‌وێ. بینه‌ر له‌م ئهمسهروئهوسهرپێکردنهدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی به‌ده‌سته‌وه نییه تا پشتی پێ ببه‌ستێ بۆ هاوته‌ریبکردنی حاڵه‌ته ناکۆکه‌کان.
سه‌رنج:
ئه‌م نووسینه، وه‌کوو پێشه‌کی، بۆ شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”، نووسراوه. شانۆنامه‌که له نووسینی هارۆلد پینته‌ره و عه‌لی عوسمان یاقووب له ئینگلیزییه‌وه وه‌ریگێڕاوه و له بڵاوکراوهکانیزنجیرهی شانۆی بیانیی ده‌زگای ئاراسه، ژماره ٤٢ی ساڵی ٢٠١٠
١٠ * بڕوانه لاپه‌ڕه ١٥٥ له:
Martin Esslin, Pinter: A study of His Plays (London and New York: Eyre Methuem, 1977)
١١. بۆ زانیاری ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕکی ئه‌م وتارانه سه‌یری ئه‌م گۆڤارانه بکه:
*New Republic(June. 26,1965), Robert Brustein, Pinter’s homecoming .* New Statesman (June. 11, 1965), Ronld Bryden, The Stink of Pinter. * New York Times(Jan. 22,1967)Richard Gilman.
* Saturday Review, L (Jan. 21,1967) Henry Hewes, Pinter’s Hilarious Depth Charge
١٢. بڕوانه لاپه‌ڕه 185 له: F. J.Bernhard, Beyond Realism:The Plays of Harold Pinter,” Modern Drama,V111 (Sept.,1965)
١٣. بڕوانه
William. J. Free, South Atlantic Bulletin, Vol. 34, No. 4 (Nov.,1969) pp 1-5.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.