29/11/2020
DidiMn Logo
Top

به‌یاننامه‌ی دووه‌می ز بۆ شانۆ: زبری

لە لایەن دیدی من 1 مانگ پێش ئێستا

هەموو شتێک لە دیمەنى لاشەى ئەکتەردا مانایەک دەبەخشێت، وەک چۆن هەمو شتێک لە دیمەنى لاشەى توشبوویەک بە تاعوون مانای ئەوە دەبەخشێت کە کاردانەوە بۆ ژیان گەیشتووەتە ترۆپکی، لەگەڵ ئەوەى کە هیچ شتێک ڕووی نەداوە.

لە نێوان توشبوویەک بە تاعوون کە بەدەم ڕێکردنەوە هاوار دەکات و دواى وێنەیەک کەوتووە و ئەکتەرێک کە دواى هەست و سۆزەکانى کەوتووە، لە نێوان زیندویەکدا کە کارەکتەرگەلێک دروست دەکات کە هەرگیز تواناى یادکردنەوەیانی نەبووە، ئەگەر ئەو شتە نەبوایە کە ئێمەى خەلق کردوە لە نێوان کۆمەڵێک بینەری لە لاشەی مردو، شێت، وڕێنەکەر و شاعیر کە کارەکتەرەکانى لە کاتى خۆیدا خەڵق ناکات و دەیان بەخشێت بە بینەرێکی بەستوو، وڕێنەکەر لێکچونێکی تەواوەتى هەیە کە تاکە حەقیقەتێکمان بۆ دەچنێتەوە کە بە لاى ئێمەوە گرنگە و ڕووداوەکانى شانۆ و ڕووداوەکانى تاعوون دەخاتە ئاستى نەخۆشییەکی کوشندەى بەربڵاوى ڕاستەقینە.

ئا بەم چەند ڕستە زۆر گرنگەی ئانتۆنین ئاڕتۆ، لە پاژی (تاعوون و شانۆ) لە کتێبەکەی شانۆ و هاوتاکەی دەست پێ دەکەین، سەبارەت بە چەمکێک کە لە قووڵمەودادا کرۆکی زۆر شانۆ و زۆر بەرهەمی هونەری جیدیی و ناوازە بووە، بەداخەوە لەم چەند ساڵەی ئێستادا کەوتووەتە بەر دوو هەڵمەتی پێچەوانە لە هونەردا بە گشتی، نەک تەنها لە پارچە خاکی هەرێم بەڵکو گرفتەکە لە هەموو دونیادا وەک جۆرێک لە پەتای جیهانی لێ هاتووە ئەویش گرفتی (سادەبوونەوە) سادەبوونەوە جۆرێک لە فۆڕمی ناسکی بە دوای خۆیدا هێناوە، لای ئێمە ئەو سادانە گرفت نین کە لە نەزانینەوە سەرچاوە دەگرن، ئەو سادانەی کە بینەر ئاسان بۆی پۆلێن دەکرێت و دەزانێت ئەمانە چ جۆرە نماییشێکی سادەن و دەتوانێت جیایان بکاتەوە.

بۆ ئێمە گرفتەکە وا لەو نمایشانەدا کە لە قووڵایی فۆڕمێکی ناسکدا جۆرێک لە سادەگۆی نمایش دەکەن کە بینەر سەرمەست دەکات و وای لێ دەکات وا هەست بکات کە ئەمە فۆڕمی جیدییە !

”ڕەنگە خۆشمان لە ڕابردوودا بەشێک بووبین لەو هێزەی کە سادەگۆیی بە جیدیات دەفرۆشێتەوە و ڕیکلامی بۆ دەکات”

ئێمە (زبری) بە چارەسەر دەزانین لە بەرامبەر ناسکی و سادەبوونەوەدا، زبرییەک کە لە مەعریفە و زانینەوە سەرچاوەی گرتبێت زبرییەک کە وەک ئارتۆ دەڵێت ”کاردانەوە بۆ ژیان بگەیەنێتە ترۆپک”

کارکردنمان لەسەر چەمکی زبریی لە شانۆدا تەنها لەسەر فۆڕم کورت نابێتەوە، وەک چۆن هێزی بەرامبەر کارکردنی لەسەر سادەیی/ناسکی لەسەر فۆڕم کورت نەبووەتەوە، ئێمە پێش فۆڕم کار لەسەر (پانتایی زبر) دەکەین، زبرییەک لە پانتایدا کە زیاتر لەوەی لە شوێن و کاتەوە سەرچاوە بگرێت سەرچاوەکەی لە هەست و نەستدا بێت ”پانتایی هەست و نەست” بە جۆرێک پانتایی نماییش نەک وەک پارچەیەک لە وەهمی فریودەر، بەڵکو حەقیقەتی ئازاربەخش بە یەکسانی لە نێوان هەست و نەستی (ئەکتەران و بینەران)دا بێت و بڕوات .

ئێمە لە ئێستاوە ڕای دەگەیەنین کە شۆڕشی ئێمە دژ بە شوێنی باوی شانۆیە، ئێمە هۆڵمان ناوێ، شوێنمان دەوێ .

لە پڕۆسەی سادەکردنەوە و ناسککردنەوەی شانۆدا هیچ پێکهێنەرێکی شانۆ هێندەی (زمان)ی شانۆی بەر گرفت نەکەوت، زمانی شانۆیی بە جۆرێک سادە کرایەوە کە هەندێک جار نمایش لە بینراوێکی هەستەکییەوە دەگۆڕا بۆ زمانێکی ڕۆمانسیی ناسک، زمانی شانۆیی جگە لەوەی کە ترسناک ناسک کراوەتەوە، بگرە وای لێ هاتووە دەستەواژەی (زمانی شانۆیی) لە وشەسازی و گوتندا کورت کراوەتەوە و زمان لە شانۆدا خراوەتە ناو چوارچێوەی (وشە و بگرە خراپتریش لەوە ئەدەب) جۆرێک لە تێگەشتنی باو دروست بووە کە زمانی شانۆیی واتە ئەوەی لە ناو دەقەکان دەنوسرێت یان لە دەمی ئەکتەرەوە دێتە دەر سەرەڕای ئەوەی ئەم تێگەشتنە هەڵەیە بەڵام هەڵەتر لەوە ئەوەیە کە ئەم زمانە ئەدەبییە (ناسک و سادە) بێت !

ئیشی ئێمەیە ئەم تێگەشتنە بۆ شانۆ ڕێک بکەینەوە کە ڕەنگە خودی خۆشمان بەشێک بووبین لە بەرهەمهێنانی.

دەرچوون لە فۆڕمی باو کە بینەر تەنها تەماشاکەرێکی پاسیڤە و شانۆکاریش واعیزێکی پیرۆزە لە زبریدا وەچنگ دێ، ناکرێت لە سەدەی بیستویەکدا شانۆکار و شانۆ لێرە ئیش لەسەر فۆڕمە پیرۆزەکانی سەدەکانی شانزە و حەڤدە و هەژدەی ڕۆژئاوا بکەن، هەنگاوەکانی بە شانۆییکردنی شانۆ زۆرن بەڵام لە ئێستادا و لێرەدا گرنگترین هەنگاو (ز بۆ شانۆ) کاری لەسەر دەکات (تێپەڕاندنی فۆڕمی باو و دۆزینەوەی فۆڕمێکی مۆدێرنە بۆ شانۆ) لە ڕێگەی دوو چەمکی (زیندوێتی/بریی)ەوە کە پێکهێنەری سەرەکی ناوی (ز بۆ شانۆ)ن .

ز بۆ شانۆ

١٧\٢\٢٠٢٠

z for Theatre ز بۆ شانۆ
ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Theatre, z for theatre,