26/07/2024
DidiMn Logo
Top

بەیاننامەی یەکەمی ناوەندی شانۆی تاڤ

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دەستەی دامەزرێنەران: محەمەد مستەفا، دێرین حامد، زەریا سامی

‏‎دیدی من

3 شانۆكاری باشووری كوردستان لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا، ناوەندێكی شانۆیی ڕادەگەیەنن و لە بەیاننامەی دامەزراندنیدا، كە بۆ دیدی من نێردراوە، باس لەو هۆكار و پاڵنەرانە دەكەن كە وای لێ كردوون ناوەندێكی لەو جۆرە دروست بكەن.

 

دەقی بەیاننامەكە:

 

نکوڵی لەوە ناکرێت کە ئێستا کۆمەڵگەی ئێمە لە ساتێکی بێناسنامە و بێئیرادەدا دەژی: نەبوونی شوناس، جەنگ و بێبایەخیی ژینگە و ژیانی مرۆیی وێرانەیەکی خوڵقاندووە، کە ئەگەر کار بۆ وەستاندنی نەکرێت، زۆر بە قورسی باجەکەی دەدەین، وەک چۆن ئێستا دەستوپەنجە لەگەڵ ئاکامەکانی نەرم دەکەین… لە سۆنگەی دركکردن بەم مەترسییانە، ئێمە وەک کۆمەڵێک شانۆکار، کە پێمان وایە هەموو کات شانۆ بۆ ژیان و خەون و ئاییندەی کۆمەڵگە گرنگیی خۆی هەیە، دەمانەوێت كۆمه‌ڵه‌يه‌كى هونه‌ريى تايبه‌ت به‌ شانۆ ڕابگه‌يه‌نين.‎ لە کاتێکدا ئێمە باش دەزانین ئێستا و ڕابردوویش، شانۆ نەیتوانیوە پێوەندییەکی دروست بە ژیانی تاکی کوردەوە چێ بکات و وەک پێویستییەک خۆی بسەلمێنێت، هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆشیارییەی لە ئاست پەیبردن بە ئامانج و پێگەی شانۆدا لای شانۆکاری ئێمە نەبووە، لە لایەکی ترەوە ئەو کارانەی کراون دیسان نەیانتوانیوە پێویستیی گرنگیی ئەم هونەرە بۆ بینەر و کۆمەڵگە بەیان بکەن. هەڵبەت ئێمە دەزانین هەمیشە بە درێژایی ئەو 100 ساڵەی کە شانۆ لەم هەرێمەدا سەری هەڵداوە، چەند شانۆکارێک هەبوون لێبڕاوانە و لەوپەڕی پەرۆشی و بە دڵسۆزی کاریان کردوە و ویستوویانە شانۆیەکی ڕاستەقینە بخوڵقێنن، ‎بەڵام شانۆ پێویستی بە زەمینەکی پتەو هەیە تا بگاتە ئامانجە باڵاکانی، بێگومان ئەمەش تەنها بە شانۆکار ناکرێت و دەبێ حکومەت و کەرتی تایبەت و خەمخۆرانی شانۆ هاوکارێکی باش بن، کە بە داخەوە تا ئێستا هاوکار نەبوون، ‎ئەوەشی کراوە تەنها هەوڵێکی بچووک بووە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە شێوەیەکی ناچاری بەردەوامی بە شانۆ بدرێت. ‏‎‏‎

ئێمە لە ناوەندی شانۆی تاڤ ڕای دەگەیەنین، وەک چۆن پێشتر لە پڕۆژە و بەرهەمە تاكەكەسییەكانی خۆماندا خۆنەویستانە و بە هاوکاریی هاوڕێیانمان نەمانهێشتووە هیچ شتێک ببێ بە ڕێگر لە بەردەماندا بۆ ئەوەی شانۆیەکی ڕاستەقینە پێشکەش بکەین، ئێستاش بەڵێن دەدەین بەردەوام بین لەسەر کارکردن، تا شانۆ ببێتە پێویستییەکی کۆمەڵگەکەمان. ‎

‏‎ناوەندی شانۆی تاڤ کار دەکات بۆ دروستکردنی شانۆیەکی زیندوو، کە وابەستەی ئەم سەردەم و ڕۆژگارە بێت، دەمانەوێت شانۆ ببێتە بەشێک لە پێویستیی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیە، ئەمەش لە ڕێگەی کار و پڕۆژەی جیدی و لە پاڵ نمایشەکانمان لە هۆڵەکانی شانۆ و سەر شەقام و شوێنە گشتییەکاندا. ‎ ‏‎ناوەندی شانۆی تاڤ کار دەکات بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی شانۆکار کە شانۆ وەک پیشەیەکی ژیان ببینن و لە بایەخ و گرنگیی تێبگەن، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی وۆرک شۆپ و ستۆدیۆی تایبەت بە پێگەیاندنی ئەکتەر بە سوودوەرگرتن لە تواناکانی شانۆکارانی خاوەن ئەزموون و کاری جیاوازی کورد و هەر کەسێک کە خاوەن پسپۆڕی و تایبەتمەندی بێت لە بوارێکی شانۆدا.

‏‎ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی لە پاڵ پراکتیک و نمایشەکاندا گۆڤار و کتێبی تایبەت بە شانۆ کە ببنە سەرچاوەیەکی باش بۆ شانۆکار و ئارەزوومەندانی شانۆ، چاپ و ئامادە بکەین و بایەخی تیۆر و پراکتیک وەک یەک ببەینە پێشەوە.

دەستەی دامەزرێنەران:
زەریا سامی، ئەکتەر و دەرهێنەر
محەمەد مستەفا، دەرهێنەر
دێرین حامد، دەرهێنەر

هاوبەشی بکە

Tav Theater Center, Theater,