27/09/2020
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ دەربارەی ”ز بۆ شانۆ“ لەگەڵ ڕاڤیار نەوزاد

لە لایەن دیدی من 6 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

کۆمەڵێک گەنجی شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان، حەوت ساڵی ڕابردوو لەژێر ناوی ”پانتایی شانۆی واڵا” سەرقاڵی کارکرن و دروستکردنی نمایشی شانۆیی بوون. ئەوان لە ڕابردوودا زیاتر کاریان لەسەر دوو چەمکی ”بینەر و پانتایی” کردووە لە کارەکانیاندا، بەڵام لە ئێستادا دەیانەوێت لەژێر ناوی ”ز بۆ شانۆ”، بە واتای زبری و زیندوویەتی، بە شێوەیەکی جیاواز لە ڕابردوو کار بکەن و ئەم جارە سەرنج بخەنە سەر هەردوو چەمکی زبری و زیندوویەتی لە کارەکانیاندا. ڕاڤیار نەوزاد، کە لە ماوەی رابردوودا وەکو دەرهێنەر چەند بەرهەمێکی لەگەڵ ”پانتایی شانۆی واڵا” پێشکەش کردووە، ئێستایش یەکێکە لە دەرهێنەرانی ”ز بۆ شانۆ”. لەم گفتوگۆیەی دیدی مندا وەڵامی چەند پرسیارێک دەربارەی ”ز بۆ شانۆ” دەداتەوە.

”ز بۆ شانۆ” وەکو ناو چییە؟ ئەگەر ”زبری و زیندوویەتی”یە، بۆچی زبر و زیندوو؟

لە كۆتا كارمان وەك ”پانتایی شانۆی واڵا”، كە لە دوو شوێنی جیاوازی ”شانۆی و ناشانۆیی” نمایشمان كرد و لە ناو دوو كولتووری جیاوازدا بوو (لەدایكبوونی زیندان)، لە دەرەنجامی كاردانەوەكانی پێش نمایش بۆ خۆمان، واتە كاتی پڕۆڤەكردن و ئامادەكردنی نمایشەكە، زۆر باش لەوە تێیگەیاندین كە ئێمە ناتوانین بەم فۆڕمەوە (پانتایی شانۆی واڵا) زیاتر لەوە هەنگاو بنێین، كە لەو چەند ساڵەی پێشوو كارمان لەسەری كردووە. ئێمە بروایەكی تەواومان بە هێز و كاریگەریی ناو لەسەر شتەكان هەیە؛ پانتایی شانۆی واڵا زیاتر كاركردن بوو لەسەر دوو چەمكی ”بینەر و پانتایی”، بەڵام ئێمە لە كۆتاییدا لەوە تێگەیشتین كە هێزی نمایش توانای تێپەڕاندنی سنوورەكانی هەر پانتاییەكی دەبێت، ئەگەر تەنانەت تەقلیدیترین و داخراوترین پانتاییش بێت. بۆیە بڕیارمان لەسەر ئەوە بوو كە گۆڕانكارییەكی بنچینەیی لەسەر دوو چەمكی ڕوون، بەڵام ونی شانۆیی بكەین، ئەوانیش ”زبری و زیدوویەتی”ن و وەرگیراوی سەرەتای هەردوو وشەكە، دەبن بە ”ز بۆ شانۆ”. چونكە ئێمە بڕوامان وایە شانۆی ئەمڕۆمان پێویستی بە زیندوویەتی و زبری هەیە، تا بتوانێت بەسەر ڕووداوی ”بەزبركراو و بەزیندووكراو”ی دەوروبەریدا زاڵ بێت.

ز بۆ شانۆ کێن؟ ئەو باکگراوند و پاشخانەی هەیانە چییە؟

هەمان ئەو كەسانەی لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا كاریان لە پانتایی شانۆی واڵا كردووە، هەر ئەوان لە ز بۆ شانۆدا كار دەكەن و ئەم جارە ئێمە دەرگای كاركردن و پڕۆڤەكردنمان بۆ هەموو كەسێكی دیكە کراوەیە کە بیەوێت شانۆ بكات. ئێستایش جگە لە پشتبەستن بە دەرچوان یان فێرخوازانی شانۆ، وا كار لەسەر دروستكردنی بونیادی شانۆكار لە ناو خوێندنگەكانەوە دەکەین.

ز بۆ شانۆ درێژکراوەی گرووپێکی هونەریی دیاریکراون یاخود چی؟

ز بۆ شانۆ درێژكراوەی پانتایی شانۆی واڵا نییە، ڕاستە لە ڕەحمی ئەوەوە هاتووەتە دەرەوە، بەڵام شێوازی كاركردنمان لە ز بۆ شانۆ تەواو جیاواز و گۆڕدراو لە پانتایی شانۆی واڵا دەبێت. ئێمە لە سەرەتادا دەمانویست پانتایی شانۆی واڵا ئەرشیف بكەین و لە پەیجێك و وێبسایتێكی نوێوە دەست پێ بكەین، بۆ ئەوەی ڕوون بێت كە ئێمە قۆناغێكمان جێ هێشتووە و هەنگاوی قۆناغێكی نوێ دەنێین، كە بە دڵنیاییەوە لە داهاتوی دووردا ئەمیش كۆتاییەكی دەبێت.

ز بۆ شانۆ ئامانجی چییە؟ خەتێکی دیاریکراوی مەعریفیی هەیە؟

زۆر گرنگە وەڵامی ئەم پرسیارە بە درێژی بدەینەوە. لە ڕابردوودا ئێمە (لەو باوەڕەدام زۆربەی شانۆكارانی تریش)، دیراسەی نمایشەكانیان لە دوای نمایشەوە دەكرد؛ ئەوەی نمایش و دەرەنجامی نمایش لە پاش نمایش وەربگریت، بۆ ئێمە ڕێگەیەكی تەقلیدی و باو و بێئامانجیش بوو، لەبەر ئەوەی كردەی بەرهەمهێنانی نمایش لە هیچ گرووپێكدا نەبووە بە كردەیەكی بەردەوام و هاوتا، تا كاردانەوەی نمایشێك كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەوەی دوای خۆی هەبێت. هەمیشە دووبارەیی فۆرم، پانتایی و وتار، لە نمایشی شانۆیی هەمواندا گرفتێكی گەورە بووە، ئێمە یەكەم گۆڕانكاری كە ئەنجاممان داوە، ئەوەیە دیراسەی نمایش لە پێش نمایش، لە ڕێگەی وۆركشۆپی داخراو و لە كاتی پڕۆڤەكان، بە بەنمایشگرتنی هەر ڕۆژێكی پڕۆڤە ئەنجام دەدەین. دەبێ دانی پێدا بنێم کە ئەمە كارێكی زۆر قورسە، بەڵام بەچێژترە.

سەرسامیی ئێمە بە بێرتۆڵد برێخت شتێك نییە بشاردرێتەوە. پیتەر برووك دەیوت برێخت ڕووكاری شانۆی ئەم سەردەمەیە و ئێمەیش لە ڕابردوو و لە ئێستایشدا وۆرکشۆپ دوای وۆركشۆپ و نمایش دوای نمایش زیاتر لە ڕاستیی ئەو قسەیەی برووك تێدەگەین، بەڵام گەڕانی ئەم جارەمان لە ناو برێختدا، بۆ شتێكە كە ڕەنگە خودی برێختیش لە خۆیدا هەستی پێی نەكردبێت. بە دڵنیاییەوە ئێمە برێختێكی ئایدۆلۆژیست نابینین و دڵنیایشین لەوەی خودی خۆی چەندین ساڵی دیكە تەمەنی بكردایە، لە زۆر شت پەشیمان دەبووەوە. بۆ ئێمە، برێخت لە ئایدۆلۆژیا بەدەرە و ڕەنگە وتنی ئەم قسەیەیش قورس بێت، بەڵام ئێمە لە ز بۆ شانۆ، لە برێختدا بۆ چەمكی ”زیندوویەتی” دەگەڕێین. بۆ ”زبری”یش، بەڵام زیندوویەتی لە برێختدا بۆ ئێمە لە ئایدۆلۆژیا بەدەرە (هیچ شانۆكارێك لە مێژوودا هێندەی برێخت ئایدۆلۆژیا سوودی پێ نەگەیاندووە و زیانیشی لێی نەداوە). ئەوە ڕوونە لامان کە لە وتار و لە پەیام و لە ئامانجدا، برێخت زۆر بە ڕوونی زیندووبوونی نمایش وابەستە دەكات بە مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆخ و بە تایبەتییش ”دۆخی چینایەتی و سیاسی و ئابووری و مرۆیی”. ئێمە بە ڕوونی ئەمەمان لە بەیاننامەی یەكەمدا وتووە و ئێستایش بە ڕوونی دەیڵێینەوە: بۆ ئێمە ”زیندوویەتی” چەمكێكی جیاوازترە لە هەڵوێست و دۆخ، لای ئێمە ئەو زیندوویەتییەی لە برێختدا دەیبنینین، وابەستەیە بە ”شانۆ وەك شانۆ”ەوە. ئەوەی برێخت بەئاگا یان بێئاگا بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و نمایشی شانۆی بەخشیوە و بە تایبەتییش بە شانۆكاری بەخشیوە، دنیایەك تەكنیكی زیندووە كە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و ڕوانگەی لەدایكبوونیان لە ڕووی فەلسەفییەوە، لە هەر نمایشێكی شانۆییدا بە كار ببرێت، كاریگەرییەكی زۆر باش و گونجاوی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی كایەی بەرهەم هێنان و بەرهەمی شانۆیی.

ئێمە ”زبری” لە وتار، لە ڕاستەوخۆیی لە دید و ڕوئیادا چڕ دەكەینەوە، بە تایبەتییش لە نواندندا. پرۆسەی زبری لە نیچەوە بۆ ئارتۆ و بۆ شانۆ، هەمیشە وەك پرۆسەیەكی وەڵامدانەوە وا بووە بۆ فەلسەفەی ڕۆمانسیەت و شانۆی بۆرژوا و لای ئێمەیش بۆ سادەبوونەوە و ناسكبوونەوەی شانۆ لەم چەند ساڵەی دواییدا. بە جۆرێك وتاری شانۆ تا حەدی میمبەرێكی ناسكی كۆمەڵناسیی ناو سۆشیال میدیا برابوو، ئەوەیشی گرفتەكەی قووڵتر دەكردەوە، ئەوە بوو بینەران بە دڵیان دەبوو، بگرە هەوڵی تەقلیدكرنەوەیشی دەدرا!

ئەگەر لە ئێستا سەیر بکەیت و بە تایبەت لە نمایشە شانۆییەكان بڕوانیت، بە دەگەمەن نمایش دەبینی سنووری زەمەنی سەرەتای سەدەكانی نۆزدەی ئەورووپای تێپەڕاندبێت. لە ڕووی فۆڕمەوە بە گشتی، شانۆ لای ئێمە وا لە قەیرانی نەبینینی ”مۆدێرنە”دایە. مۆدێرنەی شانۆیی زۆر جیاوازە لە هونەرەكانی تر، وەك شۆڕشێكی سەرتاسەری وایە لە مەفهووم و تێگەیشتندا، لە بینین و نمایشدا. لە دنیادا، ئێستا باشترین ئەكتەر ئەو ئەكتەرە نییە كە زۆرترین جووڵەی ڕوخسار و جەستەی بكات و زۆرترین فۆرم بگۆڕێت، ئێستا ئەكتەر و ئاكتین لەسەر شانۆ وەك گشت دەبینرێن، لەبەر ئەوەی شانۆ گشتگیرتر بووە، پانتایی پیرۆز وردە وردە بەرەو نەمان دەچێت و شوێنی شانۆیی شوێنی دەگرێتەوە (ئیتر هەر شوێنێك بێت).

پاش ئەم قسانە، بینەر لای ز بۆ شانۆ لە کوێدایە؟

ئێمە دەمانەوێت ز بۆ شانۆ یەكەم هەنگاومان بێت بۆ گەیشتن بە شانۆیەكی مۆدێرن، ئەمەیش تەنها دروشمێك نییە و بەرزی بكەینەوە، بە دڵنیاییەوە كاری جیدی و وردی بۆ دەكەین. ئێمە لە چاوگی بینەر لە شانۆی مۆدێرندا دەڕوانینە بینەر لە ز بۆ شانۆدا، دەیشزانین ئەم ئەركە گرانە و پێشمەرجی مەعریفی و كۆمەڵایەتیی زۆری دەوێت، بەڵام وەستانی خۆمان تەنها لەسەر ستەیج و دانیشاندنی بینەر بە تەنها لەسەر كورسییەك (هەردووکیشیان چ جەستەیی و چ عەقڵی)، تاهەتایە لە ناو هەمان بازنەدا دەمانخولێنێتەوە و هیچی تر. ئێمە لەوە تێدەگەین ئەركی ئێمە لە بەرامبەر بینەر گرانتر دەبێت و شكاندنی ئەم بەستەڵەكە بە یەك جار كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام دەكرێت لە دوورمەودادا ئەم ئەركەی ئێمە و هەندێ لە هاوڕێكانمان ئامانجی خۆی بپێكێت و ئەو كاتەیش ئامانجی نوێتر دێتە بوون بۆ كاركردن لەسەری.

ز بۆ شانۆ سەرقاڵی بەرهەمێکی شانۆییە، تا ئێستا زانیارییەکان دەربارەی ئەو بەرهەم چین؟

ئێمە سەرقاڵی پڕۆڤە و ئەزموونێكی نوێین، هەر هێندە دەتوانم بڵێم کە یەكەم ئەزموونی ”زیندوویەتی و زبری”ی شانۆ دەبێت بۆمان.

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Art, Theater,