26/04/2024
DidiMn Logo
Top

شانۆیی پیسکە بە شێوازی کۆمیدیای دیلارتێ لە سلێمانی نمایش دەکرێت

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من ئاراس عەبدولڵا

 

پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی – بەشی شانۆ بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی – بەشی هونەری شانۆ، شانۆیی پیسکە کە لە نووسینی نووسەری فەڕەنسی ژان باتیست پوکڵن مۆلێرە و ئەحمەد بوداغی بۆ زمانی کوردی وەری گێڕاوە، نمایش دەکات. ئەم بەرهەمە ئەزموونی خوێندکارانی قۆناغی دووەمی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، کە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی ڕەهەند تاهیرە و بڕیارە ڕۆژانی 10-2018/5/11 لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی سەعات 5:00ی ئێوارە نمایش بکرێت. بلیت لە هۆڵی نمایش دەست دەکەوێت.

وەک دەرهێنەری شانۆییەکە ئاماژەی بۆ دەکات، شێوازی کارکرنیان لەم نمایشەدا لەسەر شێوازی کۆمیدیای دیلارتێیە.

دەربارەی چیرۆکی نمایشەکە، ڕەهەند تاهیر بۆ دیدی من گوتی: ”ئەم شانۆییە باس لە باوکێکی پیسکە و چاوباشقاڵ دەکات کە دوو منداڵی هەیە و هەمیشە خەمی پارە و سەروەت و ماڵەکەیەتی و لە لایەکی دیکەشەوە ئەم پیاوە پیسکەیە لەگەڵ کوڕەکەیدا هەردوو دەکەونە داوی خۆشەویستیی کیژێکی شۆخوشەنگەوە و دەبێتە دژایەتییان و کۆمەڵێک ڕووداوی دیکەش کە لە نمایشەکەدا دەخرێنە بەر دیدی بینەر.“

هەرچی سەبارەت بە ناوەڕۆکی شانۆییەکەیە، ناوبراو گوتی: ”بێگوومان هەر دەقێکی باش دەبێت هەڵگری پەیامێک بێت، جا ئەگەرچی دەقەکە کۆمێدی یاخود تراژیدی بێت؛ لە ناوەڕۆکی ئەم شانۆ کۆمێدییەدا پەیامێکی تراژیدی خۆی حەشار داوە، کە لە لایەن بینەری بەسەلیقە و بەسەرنج هەست پێ دەکرێت، ئەویش ناکۆکیی نێوان خێزانە و نەبوونی ڕێزە لە نێوان ئەندامانی خێزاندا، پێشمان دەڵێت چی کارەساتێک دەخوڵقێت ئەو دەمەی کەسێک نامێنێت بە ناوی سەرۆکی خێزان و خێزانەکە لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی نامێنێت کە ئەم کێشانە لە ڕۆژانی ئەمڕۆماندا بەرچاوە و بوونی هەیە.“

دەرهێنەری شانۆییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کارکردنی ئەوان لەم نمایشەدا لەسەر شێوازی کارکردنی کۆمیدیای دیلارتێیە و دەربارەی کۆمیدیای دیلارتێ گوتی: ”کۆمیدیای دیلارتێ سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1550 و لە ناوەڕاستی سەدەی 6 لە ئیتاڵیا سەری هەڵداوە، تا 200 ساڵ ئەم جۆرە نمایشە لە ئیتاڵیاوە تا باکووری ئەورووپا بڵاو بووەتەوە. ئەم جۆرە نمایشانە پشت دەبەستن بە خەڵکی خاکی ئەو وڵاتە، واتە هەر شتێک بێت پەیوەندیی هەبێت بە میلەتەکەیەوە. دیارە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم جۆرە نمایشەوە کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ڕۆمانییەکان، واتە لە نێوان سەدەی 1 بۆ 3، کە پێی دەگوترا نواندنی ئەتیلانی کە نواندنێکی درامی بوو و بە زمانی ئەتیلانی پێشکەش دەکرا. دیلارتێ کۆمەڵە تابلۆیەکە کە خەتێک یان هێڵێکی سەرەکیی هاوبەشی هەیە بەبێ ئەوەی ئەم نمایشانە پەیوەندییەکی پتەوی هەبێی بە یەکترەوە، هەروەها لەم هونەرەدا کاریگەریی پێکەنین لەسەر بینەر پشت دەبەستێت بە نواندن و ئیحساسی ئەکتەر لەسەر شانۆ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدەم، ئەوەیە کە لەم نمایشەدا جلوبەرگی ئەکتەر تایبەتە و ئەکتەرەکان ماسک بە کار دەهێنن بەپێی کەسایەتییەکانی نێو کۆمیدیاکە.“

ڕەهەند تاهیر باسی لەوەش کرد کە ”لەم نمایشەدا م. هێرۆ سەباح، مامۆستای نواندنمان هاوکارمان بووە و هەمیشە پاڵپشتیی کردووین جێگەی ڕێز و پێزانینە.“

ئەکتەرانی بەشدار لەم نمایشەدا بریتین لە محمد بەهادین، هێڤار نەجات، ڕاهۆز فایەق، لەنیا یاسین، ژیر جووتیار، سانا ئەبوبەکر، ڕەهەند تاهیر، سەروەر نەهرۆ، ڕێبەند کاروان و ژیار وشیار.

هاوبەشی بکە

Piska, Theater,