06/05/2024
DidiMn Logo
Top

کورتەفیلمی شمشێری بیابان بەرهەم دەهێنرێت

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

ڕاگەیاندنی کورتەفیلمی شمشێری بیابان – دیدی من

کورتە فیلمی شمشێری بیابان، بریتییە لە دوایین کاری هونەریی ژمارەیەک هونەرمەندی چەند شارێکی جیاوازی هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی فیلمەکە دەربارەی مێژووی هاتنی ئایینی ئیسلامە بۆ ئەم ناوچەیە کە سیناریۆ و دەرهێنانی لەلایەن ڕێباز محەمەد ـەوە بۆ ئەنجام دەراوە و هەریەک لە پێشەوا ناسح، چۆمان دڵشاد و ڕێباز محەمەد وەک ئەکتەر بەشدارن لە فیلمەکەدا، کاری وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە لەلایەن زانیار فەتاحەوە ئەنجام دراوە.

دەربارەی ناوەڕۆکی فیلمەکە ڕێباز محەمەد، سیناریست و دەرهێنەری کورتەفیلمەکە بۆ دیدی من گوتی: ”چیرۆکی فیلمەکە باس لە مێژووی هاتنی ئاینی ئیسلام دەکات بۆ ئەم ناوچەیە کە چۆن بە زەبری شمشێر و هەڕەشە و کوشتن، خەڵکیان کردووە بە ئیسلام.“

وتیشی: ”دوای ئەوەی بۆ جاری یەکەم ترەیلەری فیلمەکەمان لە شۆسیال میدیا بڵاو کردەوە، بە چەند شێوەیەکی جیاواز دەربارەی کارەکە پەیوەندیی هەڕەشەئامێزم لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە پێوە کراوە.“

دەربارەی بەشداربووانی ئەم بەرهەمە، ناوبراو وتی: ”ئەکتەرانی ئەم کورتەفیلمە خۆم و هەریەک لە پێشەوا ناسح و چۆمان دڵشادین، هەروەها کاری وێنەگرتنی لەلایەن زانیار فەتاحەوە ئەنجام دراوە، هەوڵیش دەدەین لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەچەند شێوازێکی جیاواز فیلمەکە بڵاو بکەینەوە.“

هاوبەشی بکە

Kurdish Cinema,