28/04/2024
DidiMn Logo
Top

من فۆتۆیەک دەگرم

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – داستان مارف

لە عەشق دەدوێم وەک نەخۆشێک، بە باشترین شێوە:
ڕۆیشتنت لە ژوورەوەی نام، بیماری کردم!
کردمیە هاوڕێی دەنگی جێماوت کە دەتگوت "ئەم ماڵە بە پشیلەوە ماڵە"…
لە خۆت و خۆم و تەنیاییت دابڕیم.
بوومە دۆستی تیڤی و چات و سێکسە هەواییەکان…
                                   زیندووی هێشتمەوە، باوەشە نوێیەکان.
جەفا، وەفا، خەم، خار، مردن؛
                                     ڕۆیشتیت و نەمردم.
عەشق، ڕۆتین، ڕۆتین، ڕۆتین، ڕۆتین، ڕۆتین، ژیان؛
                                     جێت هێشتم و زیندووم.
ژیان، خەون، هیوا، تۆ، تەنیایی؛
                       زیندووی هێشتمەوە، باوەشە نوێیەکان.
گەڵایەک بوویت
                      ڕەشەبا، خەزان و با نەیخستیت...
بوویتە تۆز
بە گەروومدا چوویت.
ئەگەر نەکۆکم،
شیعرێک بەسە لە ڕۆژێکدا...
شیعرێک، بۆ ئەوەی ڕۆژەکەت ڕۆژێکی تر بێت.
پاش تۆ، جەنگ ڕوودەدات؛
بە ناڵەی بۆمبێک ڕادەپەڕم! بەیانییەک،
پشیلەکان ئەو ناوەیان چۆڵ کردووە،
ئیدی ماڵ بوونی نییە؛
کۆتایی شیعرە.
جلکی تەنافەکە خۆڵاویی، خۆڵاویی، خۆڵاویی؛
بە گەروومدا دەچن.
                "خیزەی سینگم دێت"...       
                             بۆمبێک لە حەوشەکەمانی داوە؛
تەنها بارووت نییە ئەم بۆمبە،
لە شاردا دەمێنێتەوە، ئەم دەنگە؛
بیرمان دەچێتەوە ڕۆژێک شار بووە و تێیدا گەورەبووین،
لە پارکەکانیدا سەمامان کردووە،
لە پێشانگەکانیدا ماچ؛
بیرمان دەچێتەوە شار بووە!
ئێستا چڵک لە ژێر نینۆکەکانیدایە و لرفەی دێت و دەست بە دەستنوێژ،
با لێی دەتۆرێت، ژنەکان بە سەرپۆشەکانیانەوە ستایشی دەکەن،
پیاوەکان بە شمشێرەکانیانەوە حەی حەی...
ڕەگەزەکانی تر،
      ڕەگەزەکانی تر،
               ڕەگەزەکانی تر،
                        بوونە خۆڵ و بە گەروومدا چوون.
                                 "هەناسەم سوارە"...
ئاسمان، گەڵا، کەناراوەکان و با،
خودا دروستی کردوون!
هەڵە بوو خۆری نارد، تۆ لێرە بوویت.
زەریا، گردەکان، گیا و گەنم،
خودا دروستی کردوون!
هەڵە بوو مانگی نارد، تۆ لێرە بوویت.
لم، تەم، بەرد و بەیبوون،
خودا دروستی کردوون!
هەڵە بوو ئەستێرەکانی نارد، تۆ لێرە بوویت.
مرۆڤ، مرۆڤ، مرۆڤ، مرۆڤ، مرۆڤ؛ خودا دروستی کردوون!
هەڵە بوو تۆی نارد، ئازار لێرە بوو.
خوێن، برین، شین؛
خودا دروستی کردوون...
هەڵە بوو منی نارد، هەڵە بوو منی نارد، هەڵە بوو منی نارد،
بە خوێن و برین و شینەوە؛
بەرەو لای تۆ.
تۆ کە گەڵایەک بوویت،
بوویتە تۆز و بە گەروومدا چوویت.
                      "هەناسەم توندە"...
لە ئاهەنگێکدا کە هیچ شیعرییەتێکی تێدا نییە،
                                                     تێپەڕیت!
"دەنگی بەرزی دیجەی
                                                   ونم کردیت...
هەڵدەبەزنەوە و دەقیژێنن، گوێم لە دەنگیان نییە،
دەگرین، دڵخۆشن و سەما دەکەن،
                                                  غەمگینم من.
کۆکتێلی وێسکی فڕ دەکەن لە ژێر گڵۆپە سورەکاندا،
پێڵاوە گرانبەهاکانیان بریقەی دێت و لێیەوە لە یەکتر دەڕوانن و دەتریقێنەوە،
ئەمە شەوێک نییە بۆ شیعر،
                                                 بەڵام، تێپەڕیت...
ڕاپ، دیجەی، کۆکتێلی وێسکی، پێڵاوە گرانبەهاکان و گلۆپە سوورەکانیش دەبنە شیعر.
دەبنە شیعر، چونکە تۆ تێپەڕیت...
"من فۆتۆیەک دەگرم"
هاوبەشی بکە

Kurdish Poetry, Poetry,