20/04/2024
DidiMn Logo
Top

سروودى ڕزگارى، بانگەوازێكى ساده بۆ بەئاگاهاتنەوە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

بۆب مارلی

ديدى مننەقدێ رووز
له فارسييەوه: سەليم جەمال

 

سروودى ڕزگارى بە يەكێك له كاريگەرترين گۆرانیيەكانى بۆب مارلى دادەنرێت، له تەواوى سەردەمەكان. مارلىی گۆرانيبێژ، تێكستنووس، داهێنەرى ژانرى موزيكى ڕيگى (Reggae)، چالاكڤانى كۆمەڵايەتى و گيتارژەنى وڵاتى جامايكا بوو. گۆرانىی ىسروودى ڕزگارى بەم شێوەيەى كە له ناوەكەيدا ديارە، ئاماژە دەخاتە سەر باسى ڕزگارى، ئازادى و ڕەهايى.

بەشێك له تێكستى گۆرانىی ناوبراو، ئيلهامى له وتارى ماركۆس گارڤى چالاكڤانى جامايكى و ڕێبەرى وڵاتى پانى ئەفريقيا وەرگرتبوو، بە ناونيشانى كارێك كە بەئەنجام گەيشتووە. دێڕگەلێك لە تێكستى گۆرانيیەكەى مارلى لەبارەى ئازادكردنى هزرى خەڵكە له كۆيلەبوون. ياخود بەيانكردنى ئەم باسە؛ هيچ كەسێك بەدەر لە خۆمان ناتوانێت له كۆيلەبوونى هزر ڕزگار و ئازادمان بكات، كە ڕاستەوخۆ له وتارە بەناوبانگەكەى گارڤى وەرگيراوە. له بەشێكى ديكەى وتارى گارڤیدا هاتووە، فەرمانڕەواى هەر تاكێك، هزرى خودى خۆيەتى. بير و زەينێك كە باش پەروەردە كرابێت و بە كار هاتبێت، پێويستى بە هيچ ڕێبەر و فەرمانڕەوايەكى ديكە نييه. ئەو دەڵێت كەسێك كە تواناى ئەوەى نەبێت هزرى خۆى پەروەردە بكات و سوودى لێ وەربگرێت، له كۆتاييدا دەبێته ديل و كۆيلەى كەسێكى ديكە و كۆنتڕۆلكردنى خۆى لە دەست دەدات.

سروودى ڕزگارى بانگەوازێكى سادەيه بۆ بەئاگاهاتنەوە، كە هاوكات بەرهەمێكى ڕەخنەيى، هەستانەوەيەكى هيوابەخش و ملكەچبوونێكى جەرگبڕ و خەمگينه. بۆب مارلى له دێڕى كۆتايى تێكستى ئەو گۆرانیيەدا دەڵێت: ”تەواوى ئەو شتانەى كە هەمبووه، سروودگەلێكى ڕزگارين. كە وەكو پرسەنامەيەك وايه بۆ كێشمەكێشەكانى ئەو“.

مارلى دەڵێت: ”باوكم سپىپێست و دايكم ڕەشپێست بوو. منيان بە دوو ڕەگەز ناو دەبرد. من لايەنى هيچ كاميان نيم. نە لايەنى خەڵكى ڕەشپێست و نە لايەنى خەڵكى سپىپێست. من لايەنگرى خودام، كەسێك كە منى بەرهەم هێنا و جێگيرى كرد كه له هەردوو ڕەگەز بم.“

تێكستى گۆرانیى سروودى ڕزگارى له دوو بەش  پێك دێت، كە بە درێژايى گۆرانيیەكە دووبارە دەبێتەوە. هەروەها بەرهەمێكى فۆلكلۆریيه و سوودى له ژانرى موزيكى ڕيگى وەرگرتووە، كە بۆب مارلى هەر خۆيشى به داهێنەر و خاوەنى ئەو ژانره موزيكييه دادەنرێت. ڕۆحى گۆرانيیەكە بە هيچ شێوەيەك بانگەوازى بەئاگاهاتنەوە له هەنبەر زوڵم و ديكتاتۆرى ناشارێتەوە، لەوانەيه پەيامى ئەو گۆرانيیه ڕێگەخۆشكەر بێت بۆ ڕزگاربوون، بەبێ ئەوەى گوێ به چەندوچۆنى ڕزگاريیەكە بدات.

هاوبەشی بکە

Bob Marley, Music, Redemption Song,