19/04/2024
DidiMn Logo
Top

چاپەمەنیی مینێرڤا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

چاپەمەنیی مینێرڤا، چاپەمەنییەکی نوێیە و بەمزووانە کار و پڕۆژەکانی بڵاودەکاتەوە. هەفتەی داهاتوو، لەڕێی پلاتفۆڕمە ئۆنلاینەکانییەوە، کار و چالاکییەکانی بڵاودەکاتەوە. هەروەها لە پاییزی ئەمساڵدا، دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی یەکەم ژمارەی گۆڤاری مینێرڤا، هاوشانی چەند کتێبێک.

ئەمەی خوارەوە، ڕاگەیاندنی چاپەمەنیی مینێرڤایە لەبارەی ئامانج، کار و بڵاوکراوەکانیان:  

چاپەمەنیی مینێرڤا، چاپەمەنییەکی بیری ڕادیکاڵە، گرنگیی بە چاپکردنی هزری پێشکەوتوخواز لە بوارەکانی سیاسەت، هونەر، کولتوور، ئەدەب، فیمینیزم، ئابووریی و بەرهەمهێنانی پەیوەندیی نێوان جوانیناسیی و سیاسەت دەدات. پشت بە توانای بەرهەمهێنانی هونەریی و کولتووریی و سیاسیی تاکە پێشکەوتوخوازەکان دەبەستێت. هەوڵی بەرهەمهێنان و هەڵکشاندنی وشیاریی دەدات و لەو ڕێگایەوە دەیەوێت هەم تیشک بخاتە سەر هەیمەنە باڵادەستەکانی بەها کۆنەکانی وەک دژەژنیی، جیاکاریی، ڕاسیزم، فاشیزم، ڕق و کینەی ئایینیی، نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو فۆرمەکانی دیکەی چەوساندنەوە، و هەم خەبات لە دژیان بکات. دواجار لە پاڵ هەموو ئەو توێژ و چینانەی کۆمەڵگاوە دەوەستێت کە بە هەموو فۆرمەکانی ئایدیۆلۆژیا و سەرکوت، پەراوێز و ژێرپێ خراون.

مینێرڤا ئامانجییەتی بەشداریی لە فراوانکردنی ئەو بوارانەی سەرەوە و دەرککردن و وەرگرتنی پێشکەوتوخوازانەی کولتوور و هونەر و سیاسەت لە پانتاییە فراوانەکەیدا بکات. ئامانجی ئەم چاپەمەنییە هاوشانی گرنگیدان بە زەقکردنەوەی توانا و وزە ناوخۆییەکان، هاوکات گرنگیی بە گواستنەوەی کولتووری پێشکەوتوخوازی کۆمەڵگاکان و زمانەکانی دیکەش دەدات.

پێکهاتە:

یەک: دەستەیەک هاوڕێ و هاوکار بەشێوەی دیموکراتیی چاپەمەنییەکە بەڕێوە دەبەن.
دوو: چاپەمەنییەکە لە فۆرمەکانی: چاپکردنی کتێب، نامیلکە، گۆڤار و فۆرمە گونجاو و ئاسانەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی زانست و زانیاریی، پێکدێت.
سێ: وێب سایتێکی تایبەت بەخۆی دەبێت لەگەڵ چەند تۆڕێکی میدیای کۆمەڵایەتیی
چوار: لەسەرەتادا ئامانج بڵاوکردنەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفە بە زمانی کوردیی دەبێت و پاشان بیر لە ئەگەرەکانی دیکەش دەکاتەوە.
پێنج: پەیوەندییەکان لەگەڵ چاپەمەنییە هاوبیرەکان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا دادەمەزرێنێت.

پشتیوانیی دارایی:

یەک: پشت بە ئابوونەی مانگانە، ساڵانە و بەخششی هاوڕێیان و هاوبیران دەبەستێت.
دوو: لە ناوەندەکانی وڵاتانی خۆرئاوا، هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانیی دارایی لەسەر بنەمای پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوە هاوبیرەکان، دەدات.
سێ: پشت بە توانای فرۆشی بەرهەمەکانی دەبەستێت.

کۆمەکی دارایی بەشداران:

چاپەمەنییەکە بەگوێرەی توانای خۆی هەوڵی کۆمەککردنی دارایی بەشدارانی ناوخۆ دەدات.

بڵاوکردنەوە و گەیاندن:

یەک: پشت بە کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی کتێب لە ناوخۆ دەبەستێت.
دوو: لەگەڵ کتێبخانەکاندا لەسەر بنەمای گرێبەستی ڕاشکاو ڕێکدەکەوێت.
سێ: هەوڵی کردنەوەی ناوەند، نووسینگە، یان لە ئەگەر و توانای گونجاودا، کتێبخانەی تایبەت بە خۆی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانیی و بە ئەگەرێکەوە لە یەک دوو لە سەنتەرەکانی ئەوروپا، دەدات.

چاپ:

چاپەمەنیی مینێرڤا، کتێبەکانی لە چاپخانەکانی ناوخۆی کوردستان بەگوێرەی نرخی گونجاو چاپ دەکات، بۆ ئەوەی هەم پشتیوانیی لە پڕۆژەی بچووک و سەربەخۆی ناوخۆ بکات و هەمیش ڕاستەوخۆ لە کوردستان، بەرهەمەکان بڵاوبکاتەوە.

پەیوەندیی:

داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین چ بە توانای نووسین، وەرگێڕان، نووسینی وتار و لێکۆڵینەوە، کۆمەکە مرۆیی و مەعنەویی و داراییەکانی دیکە، پەیوەندیی بە چاپەمەنیی مینێرڤاوە، لەڕێگای ناونیشانەکانی بەردەست بکەن.

وەرزی یەکەمی کارەکان:

١. چاپکردنی ژمارەی یەکەمی گۆڤاری مینێرڤا کە تایبەتە بە کولتوور، سیاسەت، هونەر و ئەدەبی ئاڤانگاردی ڕادیکاڵ
٢. چاپکردنی شەش کتێب لە بوارەکانی فەلسەفە، مێژوو، فیمینیزم
٣. بەرهەمهێنانی پڕۆژەیەکی ئێسەی فیلم و دۆکۆمێنتاریی لەسەر مێژووی هونەر لە کوردستان

لە داهاتوویەکی نزیکدا چاوەڕوانمان بن و وردەکاریی زیاتر لەسەر ئامادەکاریی کتێبەکان بڵاودەکەینەوە.

هاوبەشی بکە

DidiMn, Didimnnews,