08/05/2024
DidiMn Logo
Top

چاوپێكەوتنى بڵاونەكراوەى سێرژ دانێى ڕەخنەگرى سينەمايى

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – سينێماتـێك (Cinémathèque)
سازدانى: فرانسوا مارگۆلا – ٢٧ى ئايارى ٢٠٢٠
له فەڕەنسييەوە: سەليم جەمال

فرانسوا مارگۆلا بەرهەمهێنەر و فیلمسازى فەڕەنسى، له ساڵى ١٩٨٦دا چاوپێكەوتنێكى دوورودرێژ و گرنگى لەگەڵ سێرژ دانێی ڕۆژنامەنووس، ڕەخنەگرى سينەمايى و ئەندام له گۆڤارى Cahiers du cinéma كاييێ دو سينەمادا، ساز دا. بە تايبەتى بۆ بەشى سينەمایی گلۆب، بەڵام لەو كاتەدا كاسێتى ئەو چاوپێكەوتنە ون دەبێت، لە دواى تێپەڕبوونى سيوچوار ساڵ، چاوپێكەوتنەكە لە لايەن فرانسوا مارگۆلا لە ناو كۆگاى ماڵەكەيدا دەدۆزرێتەوە. 

بەشى يەكەم

ئەم چاوپێكەوتنه هى ماوەيەكى زۆر بەر له ئێستايه، واتا كۆتاييەكانى ئايارى ١٩٨٦، با وردتر بيڵێم، هى سەردەمێك كە سێرژ دانێ هێشتا نەبووەته سەردەستەى ڕەخنەگرانى سينەما. به تايبەتى ئەو كاتەى كە هێشتا نەيدەزانى تووشى نەخۆشى ئايدز بووە، ياخود وا باشترە بڵێين كە نەيدەويست بڕوا بەوە بكات. هى سەردەمێكە كە هێشتا متمانەى به كامێراكانى تەلەفزيۆنى پييێر ئاندرێ بوتۆنگ و پرسيارەكانى ڕێژى دێبراى و سێرژ توبيانا، نەبوو. زۆر خۆشحاڵ بوو لەوەى كە دەتوانێت بەسەرهاتى ژيان و هەيەجانەكانى خۆى بگێڕێتەوە… هى سەردەمێكە كە پێى وا نەبوو بەيانيیەكەى دەبێت بەرەو مەرگ هەنگاو بنێت. واتا ململانێيەكى بێڕەحمانە له ئارادا بوو له دژى كات و مەرگ. هى سەردەمێكە كە هێشتا خاوەنى ئەو جەستە لاواز و كاسكێتبەسەرە نەبووە.

له ڕاستيدا، باڵايەكى بەرزى هەبوو، جگەرەيەكى زۆريشى دەكێشا. ئێمە هاوڕێى يەكدى بووين. بەتايبەتى ئەو كاتەى كە لە لايەن ئێمانوێل بێرنهايم بۆ چەند ساڵێك وەكو وێنەگرى كاييێ دو سينەما كارى دەكرد. زۆرينەى جار بە درێژايى ڕۆژ بە ديدارى يەكدى شاد دەبووين و باسى هەموو شتێكمان دەكرد، هەر له سينەماوە تاوەكو يارى تێنس ياخود ئەو وڵاتە ئەفريقيانەى كە مەيلم بوو سەردانيان بكەم. هەروەها ئێمە چەندين هاوڕێى دێرينى ديكەيشمان هەبوو، لەوانه پاسكال دۆمان، وێندەرس، جيم جارمووش و ستيفن فريەرس، كە خۆشمان دەويستن و من وەكو فێرخوازێك لە لايان بووم. دواتر سێرژ دانێ پێشنيارێكى كرد كە له ڕۆژنامەى ليبێراسيۆن (Libération) دەست بە نووسين بكەم.

سێرژ دانێ

سێرژ دانێ تەنها شەش مانگ وەكو ڕەخنەگر له تەلەڤزيۆنى ليبێراسيۆندا كارى كرد، چونكە كەمێك هيلاك بووبوو له ڕەخنەى سينەمايى، بە هۆكارى خراپى كوالێتى  فيلمەكان لەو سەردەمەدا. هەروەها بە هۆى ئەو ململانێيانەى كە له بەشى كەلتوورى ڕۆژنامەكان له ئارادا بوو، ئەويان ئازار دەدا.

گوێگرتن له سێرژ دانێ چێژبەخش بوو، بە تايبەتى ئەو كاتەى كە خۆى ڕەها كردبوو، واتا لە برى نووسين، زياتر سەرقاڵى ژيانى خۆى بوو. ئەو ئيدى ڕێزى لەو بەها پيرۆزييانەى ڕابردوو نەدەگرت و دەيويست پەردە لەسەر شتى نوێتر هەڵبداتەوە، وەكو پرسه فەرامۆشكراو و ونبوو و پەكخراوەكانى پەيوەست بە دنياى سينەما. كە منيش لەسەر ئەوە كۆك و ڕازى بووم.

سێرژ دانێ له ساڵى ١٩٩٢دا بە هۆى نەخۆشیی ئايدز كۆچى دوايى دەكات. بەڵام لەو كاتەوە گۆڕانكارييەكى ئەوتۆ بەسەر شتەكاندا نەهاتووە. ئەگەر وا نييه ئەوا بەرنامەكانى تەلەفزيۆنى (The Voice – Top Chef – Sexy Folies) هەر لەسەر ڕەوتى جارانيان نەدەڕۆيشتن. ياخود ئەو ڕووداوەى كە ساڵى ڕابردوو له شارى برۆكسێل ڕووي دا، له يارى كۆتايى جامى پاڵەوانەكانى ئەوروپا لە نێوان هەوادارانى هەردوو يانەى ليڤەرپوول و يوڤێنتوس. كە له ئەنجامدا بووە هۆى كوشتنى چل كەس.

كۆتاييەكانى ئايارى ١٩٨٦ – پاريس. لە ماڵەكەى ئەودا، تايبەت به سينێ ژورنال: ١٩٨١-١٩٨٦

ئەمساڵ تۆ له فێستيڤاڵى كان نەبوويت. لە لايەكى ديكە بەنيازى چاودێریی يارييەكانى مۆنديال بكەيت…؟

بە ڕادەيەكى باش له كان بوومە. له ڕاستيدا، ئەمە خۆراكى من نييه. وەكو ئێمە كە له ڕۆژنامەگەرى ليبێراسيۆندا (Libération) بيرۆكەيەكى گەورەمان خوڵقاند، پێم وايە ئەمەيان كەمتر جێى پێكەنينە، بەو واتايەى كە ئێمە دەمانزانى چیی بكەين. تەنيا شتێك كە بەڕاستى منى بەخۆيەوە سەرقاڵ دەكرد هەر ئەو ديوارە بوو كە شانم پێوەی دەدا و بۆى دەگەڕامەوە، ئەگەرچى ڕۆژێكيش درەنگ كەوتبين لێى. لە بارەى مۆندياليشەوە كارێكى هەر لەم شێوەيە دەكەين، ئەگەر فيلمێكمان نەبينيوە، بە دڵنياييەوە ناتوانين قسە لەسەر ناوەڕۆك و دۆخى فيلمەكە بكەين. هەڵبەته كاركردن له كان تا ڕادەيەكى زۆر، زەحمەت و هيلاككەرە، هەست بە پيربوون دەكەيت ئەگەر هەموو ساڵێك لەوێ بيت. بۆ مەسەلەى وەرزشيش ئەگەر تيمێكم بەلاوە گرنگ بێت، دوازدە تا سێزدە ڕۆژ له فشارى دەروونيدام و دواتر پشوو دەدەم. لە بارەى چێژى كێبڕكێ دەتوانين بە شێوەيەكى جەوهەريتر تاوتوێى بكەين…

زياتر پێت خۆشە بۆ فێستيڤاڵى كان، یان مۆنديال يانيش ڕۆلان گارۆس بڕۆيت؟

ڕۆلان گارۆس، ئەويان شتێكى جياوازه، ئەركێكى دژوار و زەحمەتيش نييە. ئێمە لە برى ئەوەى كە باس له بيرەيەك بكەين لەگەڵ كەسێك، ئەوەى كە بينيومانە گفتوگۆى لە بارەوە دەكەين، سەبارەت بەوەى كە بينيومانە دەينووسين و پەيوەندیی تەلەفۆنيمان دەبێت لەگەڵ دەستەى ڕۆژنامەڤانيیەكە و دواتر دەگەڕێينەوە بۆ ماڵەوە. له ڕاستيدا ئەمە تا ڕادەيەك فێڵ و تەڵەكەبازييە كە ڕۆژنامەوانێكى وەرزشى بيت له ڕۆلان گارۆس. هيچ كارێك نييه بۆ لێكۆڵينەوە لێى، لە شوێنێكى تايبەت دايان نيشاندووين… بە خۆشییەوە سەيرى يارييەكان دەكەين، ياريزانەكانيش بەو هەموو ئارەقكردنەوەيه ناچار دەكرێن كۆنگرەى ڕۆژنامەوانیی ئەنجام بدەن. ياخود ئەو گۆڕەپانەى كە ياريیەكەى لێ دەكرێت، ئەمە پاڵەوانى نييە. له توور دو فرانس بەم شێوەيه نييه، تا ڕادەيەك ڕيسواييه، يارى تێنيس!

واتا نمايشێكە بە هەمان شێوەى فيلمێكى سينەمايى؟

خاڵى هاوبەشيان زۆرە. وەكو ديالۆگێك دادەڕێژرێت، خاڵەكانيان دەژمێرين. له زۆر ڕووەوە لەيەك دەچن. سەرەتا، كات دەبێت كۆتايى پێ بێت بەڵام نازانين كەى. دواتر، لە ڕێگەى تەلەفزيۆنەوە، خوومان بەوەوە گرتووە كە لە نزيكەوە سەرنج بدەينە ڕووخسارى كەسەكان، هەر وەكو لە ناو سينەمادا، وەكو ئەكتەرەكان. نمايشێك له  ڕووخسارەكان تێيدا بەرجەستەيه. هەروەها بيرۆكەيەك بوونى هەيه لە پشت پەردەوە، لە شێوەى سينەما. وەكو هەموو ئەو تۆپانەى كە لە لايەن ياريزانەكانەوە ئاراسته دەكرێن. واتا شوێنێكە بۆ ئەندێشە و خەياڵكردن. كەواتە لە ڕێگەى ئەو تۆپ  ئاراستەكردنانە جۆرە پەيوەندیی و ديالۆگێك دروست دەبێت.

دەبێت بڵێم له هەمووى گرنگتر ئەو خاڵه هاوبەش و سەرەكيیەيه كە من تاوەكو ئێستايش بۆ بينينى فيلمەكان بە باشى دەزانم، ئەوەى كە هيچ شتێك بەر له دروستبوونى پێشكەش ناكرێت و پێويستى به كاته، هەموو شتێك به تێپەڕبوونى كات ئەنجامەكەى بەديار دەكەوێت. بۆ پەیبردن بە كڕۆكى فيلمێك، نابێت بە تەنيا لەسەر ناونيشانی میوزيكەكەى ياخود هەر لايەنێكى ديكەى ئەو فيلمە بوەستينەوە، بەڵكو پێويسته ئاگەدارى ئەو هەستەش بين كە لە كاته لەناكاو و چاوەڕواننەكراوەكاندا دەيگوازێتەوە. لە بارەى يارى تێنيسيشەوە بە هەمان شێوەيه، هەموو كات دوو تا سێ سيناريۆى بەردەست بوونيان هەيه، كە هيچ پەيوەنديیەكيان به هيوا و بێهيوابوونەوە نييه، زۆرينەى جار ئەوە ڕوو دەدات كە چاوەڕوانكراو نييه.

كەواتە هێشتايش جياوازيیەكى گەورەى هەيه لەگەڵ سينەما؟ يارى تێنيس له دوو ياريزان پێك دێت كە له يەك ڕەگەزيشن. جگە لەوەيش كە هەندێك جار دووبەدوو ڕووبەڕووى يەكدى دەبنەوە.

ڕاسته.

ژان لۆك گۆدار و سێرژ دانێ

جياوازييەكى ديكەى ياريیەكە ئەمەيه كە تەنها دەتوانين بە ڕاستەوخۆ بيبينین.

دەكرێ وا بێت. له ڕاستيدا ئەو بۆچوونه گۆڕانكارى بەسەردا دێت لە كاتى سەيركردنى ياريیەكە بە شێوەى ڕاستەوخۆ، بۆ نموونه بينەران لە كاتى دووباره سەيركردنەوەى ياریی فيناڵى ڕۆلان گارۆس، له هەمان كاتدا لەگەڵ نوحدان. بەڵام بۆ من نەشياوه دووباره سەيركردنەوەى ياريیەكە، ئەگەرچى ياريیەكى بێوێنەيش بێت. من تاوەكو ئێستا ئامێرى ڤيديۆ كاسێتم نييه، لەبەر ئەوەى كە كۆكردنەوەى ئەو هەموو هەسته پاكيزانە دەمخەنە مەترسى. بەڵام بە پێچەوانەى ئەوەوە حەز دەكەم له تەلەفزيۆنەوە سەيرى فيلمێك بكەم. لێ ئەوانەى كە ڕۆل دەگێڕن پێويسته خۆيان بن، وەكو چۆن له ژيانى ئاساييدا خۆيانن.

فيلمەكان وەكو ئەستـێره وان، گوزەر دەكەن، دەگەڕێنەوە، دوورتر دەڕۆن، ترووسكەيەك دەكەن، فەرامۆش دەكرێن و ديسان دەگەڕێنەوە. فيلمەكان ئەو شته نين كە پێشبينینەكراو بن. ئەمەيش شتێكى باشه. بۆ نموونە كەناڵ+ (Canal +) ئەوەى كە هەموو شەوێك سەيرى دەكەم، ئەو فيلمانەى تێدا دەبينمەوە كە ئامادە نەبووم جارێكى ديكە سەيريان بكەمەوە. واتا وەكو هاوڕێيەك وان كاتێك دەياندۆزيتەوە زياتر له جاران دركيان پێ دەكەيت.

ئايا له ئەمڕۆدا، ڕەخنەگرانى ديكە لە ناو دابونەريتێكى تايبەتيدان ياخود له دۆخێكى عيرفانیی و مەعنەوى؟

پرسيارێكى پەكخراو له ئارادايه. ئەو دۆخە تەمەنێكى تايبەتى تێپەڕاند، ئێمە ئاماژە بە ناوەكان نادەين، بەڵام بە دڵنياييەوە هەندێكيان هەن! من پێم وايه كە هەر كەسێك به دەيان فيلمى سينەمايى له ژيانى خۆيدا بينيوە، ئەمەش هۆكار بووە بۆ دروستبوونى ئێمەى ڕەخنەگران، كە هەميشه به ديد و ڕوانينێكى تايبەتى ڕەخنەگرانەوە، ڕووبەڕووى ئەو فيلمانه ببينەوە. دواتر ليستێكى تايبەتى بۆ دروست بكەين، كە له كوێ بەرهەم هێنراوە و چۆن بووەته هۆى سەرهەڵدانى فەرهەنگێكى نوێ، له هەمان كاتدا ئێمە دەست دەكەين به جياكردنەوە و شيكردنەوەيان، بەڵام نەك بەو مانايەى كە ئەوانى ديكەيش وەلا بخەين.

هەروەكو موزيكى كلاسيكى وايه ئەگەر كەسێك باخى بەلاوە پەسند بێت و شۆنبێرگى خۆش نەوێت، تۆ ناخوازى لەسەر ئەوە سەرزەنشتيان بكەيت. بەڵام بۆ سينەما دەشێت شتێكى تازە بێت، واتا دەبێت ئەو شتە ئەنجام بدەيت كە پێويسته لە سەرت، بەدەر لەو تەقليده ڕۆشنبيرانەيه، واتا ئەو شته فەراهەمبووانەى ناو ژيان كە من منەتباريانم. بۆ نموونه فيلمى گيرفانبڕ، هۆكارێك بوو بۆ ئەوەى گۆڕانكاریی لە مندا ڕوو بدات، ياخود فيلمى هيرۆشيما و عەشق. من له ساڵى ١٩٥٩وە سەيرى فيلم دەكەم، ئەو كاتە بوو كە  دەستم كرد بە ڕۆيشتن بەرەو سينەماكان، ئەمە شتێكى بەهاداره، ئێستاش، ئەو شتەى من دەمەوێت لێى بڕوانم ئەمەيه كە ئەم فيلمانە تا چ ڕادەيەك له حەقيقەتەوە نزيك بوون، نەك تەنيا بۆ من.

كەواتە، دوورتر له ماجەرا و بەسەرهاتى برێسۆنى دەرهێنەر چى هەيه؟ لەوديو شۆكەكانى گۆدار چى؟ يان لەوديو بيرۆكەكانى ڕۆنوار چى هەيە؟ ئێمە ناچارين گريمانە بكەين و بە شێوەيەكى ديكە لێى بڕوانين. ياخود، هەوڵ دەدەين ئەم گريمانەيە بكەين كە ئەمە ماجەرا و بەسەرهاتێكى گەورەترە و پەيوەندیی بە تەواوى سەدەكانەوە هەيه. لە ڕاستيدا ئێمە خەريكى دروستكردنى ئارامگەيەكى سينەمایين، كە دڵنيا نين چى لە ناودايه. وەكو من كە خاوەن ڕۆحێكى مەزهەبيم، بەڵام دينداريش نيم. جۆره ڕەوتێكى چەقبەستوو لە كاركردن له ئارادايه كە حەپەسانم دەكات و دەمترسێنێت. من وەكو شتێكى نەرێنى سەيرى ئەمە دەكەم بۆ فيلم. جيا له پرسێكى خۆويستانه.

ئايا دەبێت ڕەخنەگرێك لەگەڵ لايەنگریی خۆى له پەيوەنديدا بێت؟

نەخێر، پێويست بە بڕياردان ناكات لەسەر ئەمە، چونكە كۆمەڵگە خۆى بەستراوەتەوە بەو پرسەوە. بەڵام دەبێت بۆ مۆگاديشۆ (پايتەختى سۆماڵ) بڕۆيت تاوەكو پەى ببەيت بەو پەيوەنديى و پەيوەستبوونەى من بە فەرهەنگەكەيان، كاتێك كە له ڕابردوودا لەوێ بووم. بەڵام تا ئێستايش ئەم گريمانەيه بوونى هەيه كە وێنە و ديمەنەكانى ناو سينەما بە يەكسانى دركيان پێ ناكرێت له هەموو شوێنێك. بەڵام دەتوانن بگەن بە هەموو شوێنێك و سەير بكرێن. بگره هێزى كارتێكەرى سينەما، له ڕێژەى فەرهەنگى ئەوان بەهێزتره. ئەمە هێز و بوێرى سينەمايه.

سێرژ دانێ

كەواته خاڵى بەپێزى هەبوونى چييه؟ مۆگاديشۆ پێويستى بە ڕەخنەگر نييه؟

نەك تەنيا لەوێ! خەڵك پێويستيان پێى نەماوە. كەم كەس پێويستيان بە ڕەخنەگرە، بە گشتى فيلمسازەكان پێويستيان پێيەتى. ئەوان بە هۆى نەبوونى ڕەخنە و ڕەخنەگرەوە دەناڵێنن. لە لايەكى ديكەوە بينەر لە ڕێگەى سەيركردنەوە گەشە بە بير و هزرى خۆى دەدات، لەو كاتەدا نەبێت كە كارەكتەرەكانى ناو فيلمێك نەتوانن بە باشى ڕۆڵى خۆيانی تێدا بەرجەسته بكەن.

ئەگەر فيلمێك بە شێوەيەكى ڕاست و دروست بڵاو بكرێتەوە، ژمارەى ئەو بينەرانەى كە حەز بە بينينى دەكەن و ئەوانەيشى كە ڕەتى دەكەنەوە، بەديار دەكەوێت. كەواتە گرفتەكە چۆنيیەتى شيكردنەوەى ژمارەكانه. بەڵام لە نێوان كاردانەوەى گشتى و ئەوەى كە دەكرێت ڕەخنەگرێك بيڵێت، ناوەڕۆكەكە جياوازى هەيه.  

لە ڕاستيدا دەكرێت بينەران فيلمى ٣٧,٢ پلەى سيليسى له بەرەبەيانيان خۆش بوێت و شتێكى بۆ گوتن تێدا بێت. بەڵام له هەمان كاتيشدا هيچ ئاسەوارێكى لێ نامێنێتەوە و ناتوانرێ بنووسرێت. بەو شێوەيەى كە ئێمه وەكو نەريتێك دەڵێين كە تەواوى فيلمەكان شياوى دركپێكردنن، بەڵام ئەمە كارى هەر كەسێك نييه. كەواته له بەرامبەريدا پارە بە ڕەخنەگرێك دەدرێت كە لە بارەى فيلمەكانەوە بنووسێت، جا چ ڕەخنەگرێكى باش بێت ياخود خراپ. كەواتە كارى ڕەخنەگر دژوارتر دەبێت لەوەى كە چۆن مامەڵەى لەگەڵ دەكرێت لە لايەن هەندێك كەسى ديكە و لە دوايدا ڕەخنەگرەكە پاشگەز دەبێتەوە. كەواته ئەگەر ئەو كاره له ئەستۆ نەگرێت، فيلمەكە بە شێوەيەك دەڕواته ژێر پرسيار و ڕيكلامكردن بۆى ئەستەمتر دەبێت. بگرە خۆى دەخاته ناو كۆمەڵێك ڕەخنەى ديكە كە بە پێچەوانەى سينەمايه.

له ڕاپرسييەكى ئەم دواييانەى گۆڤارى كاييێ دو سينەمادا هاتووە، بە ڕێژەى ٣٣%ى خوێنەران دەڵێن كە ڕەخنه پاڵنەرە بۆ ئەوەى بەرەو سينەما بڕۆن، لە كاتێكدا بە ڕێژەى ٣٤%يان دەڵێن كە بە هۆى ئەو ترەيلەرانەى كە له تەلەفزيۆنەوە پيشان دراون زياتر سەرسامن بە فيلمەكان…

دەمەوێت بڵێم، ئەوەى كە كەناڵ+ (Canal +) ترەيلەرى فيلمەكان دەگوازێتەوە، كارێكى يەكجار باشه. واتا ئەو هەستەم پێ دەدات كە پێشتر فيلمەكانم بينيون. بە پێچەوانەوە ڕەخنەگرتن له هاوپيشەم هيچ دەستكەوتێكى بۆ من تێدا نييه، جگە له جياوازى سەليقە و ڕوانينمان. هەروەها دەتوانين بڵێين بينينى كورتەيەك له فيلمەكان، هەندێك جار هۆكارە بۆ ئەوەى بڵێين كە فيلمەكە بەهێزە ياخود نا.

بەڵام ئەگەر كورتەباسێك له فيلمەكان بە شێوەى نووسين بڵاو بكرێتەوە، لەوانەيه بۆ هەر بينەرە و جۆرە ڕوانين و ديمەنێكى جياواز دروست بكات. هەر بەم هۆيەوە پێويسته بينەران بۆ هەستكردن بە فيلمێك، خواستى بينينى بەشێك له فيلمەكەيان هەبێت، تاوەكو لە ڕێگەى ئەوەوە بڕيار لەسەر بينينى ”كۆتاييه گەورەكە” بدەن.  ڕاستيەكەى ئەمەيە كە هەندێك جار دەبێت لەو جۆره نووسين و ڕەخنانە تێپەڕين، كە بۆ ماوەيەكى زۆره ڕووبەڕووى درۆمان دەكەنەوە. واتا فەرهەنگى ئێستا فەرهەنگى وێنە و ديمەنە، نەك نووسين.

ڕەخنەگرەكان، تەنيا شوێنێك كە لەناوياندا دەیانبينين ڕۆژنامەكانن. يان ئەو كاتەى كە فيلمسازەكان داواى پارە دەكەن بۆ فيلمێكى ديكەيان. ئەمە كاريگەریی هەيه لەسەر تەئمين و دابينكردنى بودجه.

بەڵێ. هەرچى ئەم بەدواداچوونە دەيخوڵقێنێت، ڕاسته. با بێين ڕۆژنامەى ليبێراسيۆن Libération وەربگرين، چونكە بڕيارە كاريگەريیەكى گەورەى بەسەر فيلمەكانەوە هەبێت، كە ئەمه ڕاست نييه. چونكە كاريگەريیەكى ئەوتۆيشى بەسەر فيلمەكانەوە نييه كە بينەران هەمو جار بەدڵيان بێت. بڕێك كاريگەرى دەبێت ئەويش تا ئەو كاتەى زەمەنەكەى تێدەپەڕێت، بەڵام بە پێدانى مۆڵەت و هەڵكردنى چراى سەوز بۆ فيلمەكانى يەكێكى وەكو جيم جارموش، خۆى بە فەرميبوون دەناسێنێت و ناوى دێتە سەر زمانەكان.

خاڵى بەپێزى سينەما ئەمەيه كە گەشەت بە بيرۆكەى خەڵكى دی دابێت و دواتر بە خۆت بڵێيت كە ”بەڵێ من سينەماكارم” بۆيه ئەركى ئێمە وەكو ڕەخنەگر ئەمەيه كە وردتر مامەڵه لەگەڵ فيلمەكان بكەين. هەر بۆيە ئێمەيش وەكو هەر ڕەخنەگرێكى ديكە، بڕە پارەيەك له بەرانبەر ئەو كاره دەدەين و وەسفى فيلمەكە دەكەين لە چاوپێكەوتنێكدا، كە هەندێك جار دەبێتە هۆى ئەوەى كە نەتوانين تەنانەت ناوى دەرهێنەريش بێنين، بە حوكمى ئەوەى كە لە كەناڵێكدا بانگەشەى بۆ دەكەين. واتا كاتێك كە له ميديا و تەلەفزيۆنين، دەبێت بڵێين بەڵێ شتێكى باشە.

__________________________________

فرانسوا مارگۆلا دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر و سيناريۆنووسى فەڕەنسييه. ئەو كارى لەگەڵ ژمارەيەك دەرهێنەر كردووه، لەوانەش ڕائوول ڕوييز، هو شياو- شين، ئۆليڤيێ ئاساياس، كاترين برێييا، كلێر دونى و عەباس كياڕۆستەمى.

هاوبەشی بکە

Cinema,