25/04/2024
DidiMn Logo
Top

چەند سەرەنجێک لەبارەی ڕۆمانی ‘مێژووی هەنگ’ـەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – هەڵۆ فەریق

‘مێژووی هەنگ’ ناوی ڕۆمانی خانمە ڕۆماننووسی نەرویجی’ مایا لوند’ـە. یەکەم پرسیار بەر لە خوێندەوە کە لەلای خوێنەر دروست دەبێت ئەویە ئایا ناوی ‘مێژووی هەنگ’ ناوێکی گونجاوە بۆ ڕۆمان؟ یاخود ناوێکە زیاتر بۆ کتێبی زانستی دەبێت؟
سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە ئەم کتێبە سەر بەو جۆرەی ڕۆمانە کە بە (ئەدەبیاتی-کەش) یاخود (ئەدەبیاتی سروشت) climate fiction—cli-fi ناسراوە. ئەم جۆرەی ڕۆمان گرنگی بە سروشت و پیسبوونی ژینگە دەدات و لە زۆر شوێندا نزیکی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی دەبێتەوە.
“چی دەبێت ئەگەر هەنگ لە دونیادا نەمینێت؟”ڕۆمانەکە لە لاپەڕەکانی سەرەتاوە ئەو پرسیارەمان لەلا دروست دەکات و تا کۆتایی لەگەڵ خۆیدا دەمانبات. نووسەر ڕێڕەوی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە و تەکنیکی نووسینی ڕۆمانەکەی تێکەڵ کردووە. بەجۆرێک گێڕانەوەی دابەشکردووە بە سێ ڕایەڵی جیاوازەوە و هەر ڕایەڵەی لە شوێن و سەردەمێکی دوور لەوانی دیکەدا ڕوودەدات. لە تەواوی ڕۆمانەکەشدا خوێنەر ناچارکراوە لە نێوان ئەو سەردەمانەدا لە سەفەردا بێت و هەر بەشە و لە جوگرافیا و مێژوویەکدا بێت. بەڵام یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی ناو هەرسێ چیرۆکەکەی ناو ڕۆمانەکە، ئەوەیە کە پاڵەوانی سەرەکی هەر سێ چیرۆکە جیاوازەکە هەنگەوانن.

هێڵەکانی گیڕانەوەی کتێبەکە بەم جۆرە دابەش کراون:

هێڵی یەکەم؛ ولیەم بایەلۆجیستە و لە ناوەڕاستی ١٨٠٠کاندا لە بەریتانیا دەژی. جۆرێکی نوێی کورەی هەنگ دروست دەکات و ناوبانگێکی مەزن بۆ خۆی و خێزانەکەی بەدەست دێنێت.

هێڵی دووەم؛ جۆرج خاوەنی کێڵگەیەکی گەورەیە و هەنگەوانە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠کاندا لە ئەمریکا دەژی. جۆرج بەشێکی زۆری ژیانی شەڕکردنە لەگەڵ شێوازە مۆدێرنەکەی کاری ناو کێڵگەدا و هەوڵ دەدات کوڕەکەی ببێت بە فریادڕەس.

هێڵی سێهەم؛ تاو دایکێکی چینییە و لە ساڵی ٢٠٩٨دا دەژی، لە سەردەمێکدا کە هەنگ نەماوە. لە کێڵگەیەکدا کاردەکات کە بە دەست کاری هەنگەکان دەکات و بە شێوەیەکی دەستکرد کاری پیتاندنی و تۆکردنی گوڵ دەکات. بەڵام پاش ئەوەی ڕووداوێکی نەخوازراو بەسەر کوڕە تاقانەکەیدا دێت و لەلایەن دەسەڵاتەوە دوور دەخرێتەوە، تاو دەست دەکات بە گەڕان بە شوێنیدا.

هەرسێ چیرۆکەکە کار لەسەر کێشەی ئەو سێ کەسە دەکەن لەگەڵ هەنگدا. بەڵام نووسەر لە هیچ بەشێکدا لە کارەساتە ژینگەییەکانمان دوورناخاتەوە و بەردەوام کار لەسەر سروشت دەکات. بەشێکی زۆری گێڕانەوەکە دەکەوێت مێژووی بەر لە ڕوودانی کارەساتەکەوە، کە هێڵی یەکەم و دووەمە. هێڵی سێهەم [چیرۆکی تاو] تەنها بەشە کە تێیدا کارەساتەکە ڕوویداوە. واتە چیرۆکەکەی ئەو دەکەوێت پاش کارەساتەکە.
تاو زۆربەی کاتەکان بەشوێن منداڵە سێ ساڵانەکەیدا دەگەڕێت، بەڵام جۆرج و ویلیان لە تێگەیشت و پەیوەندیکردندان بە منداڵ و کیشەکانیانەوە، کە هەموویان پێکەوە تێکەڵی ڕووداوە سەرەکییەکانی ڕۆمانە دەبن.
ڕۆڵی مرۆڤ لە باسە ژینگەیی و جیهانییەکاندا و ئاگایی بەرانبەر زەوی، مەبەستی سەرەکی ڕۆمانەکە نییە. بەڵکو ڕۆمانەکە کار لەسەر ناوبانگ و دیاردە کلتوری و پەیوەندییە خێزانییەکان دەکات، هەروەها ئەو پرسیارەش دەجوڵێنێت ‘ئایا ئامادەیت هەموو ئەوانە بکەیت بە قوربانی لە پێناو شتانێکی باشتردا؟’
ئەو خاڵەی وادەکات ئەم ڕۆمانە لە هەر تێکستێکی دیکە جیاوازتربێت، ئەو تەکنیکەیە کە نوسەر بەکاریهێناوە بۆ گێڕانەوەی هەر سێ چیرۆکەکەی ناو ڕۆمانەکەی. لە کاتێکدا چیرۆکی ژیان و هەوڵەکانی ولیەم دەخوێنیتەوە لە سەدەی حەڤدەدا، هەست دەکەیت ڕۆمانێکی کلاسیکی دەخوێنیتەوە. ئەو کاتەش کە چیرۆکی جۆرج و خەمە گەورەکانی دەخوێنیتەوە لە ساڵی دوو هەزارەکاندا، هەست دەکەیت مامەڵە لەگەڵ ڕۆمانێکی مۆدێرندا دەکەیت کە لەم ساڵانەدا نوسراوە. دواجار کاتێک چیرۆکی تاو و گەڕان و دوودڵییەکانی دەخوێنیتەوە لە سەد ساڵی داهاتوودا، هەست دەکەیت ڕۆمانێکی خەیاڵی زانستی دەخوێنیتەوە. ئەم یاریکردنە لە ناو زەمەن و جوگرافیا و جۆرەکانی ڕۆماندا، وادەکات خوێنەر بە حەزێکی زیاترەوە بەردەوامبێت لە خوێندنەوە، چونکە هیچ شتێک دووبارە نییە هەر چەند پەڕەیەک و لە شوێنێک و زەمەنێکی جیاوازدایە و بە تەکنیکێکی جیاواز دەخوێنێتەوە.

دیدارێکی کورت لەگەڵ نووسەردا:

پرسیار: هەموو کاراکتەرە سەرەکییەکان دایک و باوکن و منداڵیان هەیە، هەمووشیان کاریگەرن بە هیوا و بێهیواییەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا. لە بەراوردی پەیوەندییەکانیان بە منداڵەکانیانەوە، دەتەوێت چی بڵێیت لە بارەی سروشتی دایکوباوکایەتییەوە؟
مایا لوند: کاراکتەرە سەرەکییەکان زۆر جیاوازن لە یەکتر، لە زەمەن و شوێنی جیاوازدا دەژین، بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە لێوانلێون لە ترس و هیوا، هەموو ڕۆحێکی پڕ بەرەنگارییان هەیە. هەمووشیان باشترینیان دەوێت بۆ منداڵەکانیان، بەڵام هەموو جارێک نازانن ئەو شتە چییە. ئەمە بابەتی سەرەکییە کە من، وەک دایکی سێ منداڵ، مەبەستمە. منداڵان بەردەوام لە گەشەدان، بۆیە ڕۆڵی دایکوباوکیش بەردەوام لە گۆڕاندایە. زۆر ئاسانە لەیادی بکەیت کە منداڵەکەت کەسێکی تەواو جیاوازە و لە تۆ ناچێت، ئەوەش کە بۆ تۆ ڕاستە، زۆر کات بۆ ئەوان ڕاست نییە. جۆرج و تاو و ولیەم زۆر دڵنیان کە دەزانن چ شتێک باشترینە بۆ منداڵەکانیان، بەڵام هەڵەن.
پرسیار: هەر گێڕەرەوەیەک لە باکگراوندێکی جیاوازدایە و ئەولەوییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. ئاسانترینیان بۆ تۆ کامیان بوو بۆ نووسین؟ قورسترینیان کامیان بوو؟
مایا لوند: جۆرج ئاسانترینیان بوو، زۆرم خۆش دەویست، لەگەڵ هەموو لاوازییەکانیدا لە یەکەم ڕۆژەوە هەستم بە ئاشنایی دەکرد لەگەڵیدا. تاو قورسترینیان بوو بۆ نووسین، بەشێکی زۆری لەبەرئەوەی کە خەڵکی داهاتوو بوو. بەڵام کاتێک سەرنجم لەسەر داهاتوو لابرد و هۆشم خستە سەر ئەوەی کە دایکە، ئیدی نووسین ئاسانتر بوو. کوڕەکەی تاو سێ ساڵە، منیش کوڕەکەم سێ ساڵ بوو کاتێک دەستم بە نووسینی ڕۆمانەکە کرد. لە کاتی نووسینیاندا، وێنای خۆم و کوڕەکەمم دەکرد، بۆیە ئەو بەشانەی ئەو زۆر عاتیفیبوون بۆم.
پرسیار: چ شتێک سەرەتا ئیلهام بەخشت بوو بۆ ئەوەی لە بارەی گرنگی هەنگ بۆ مرۆڤ بنووسیت؟ بۆچی ئەم کارەت بە ئەدەبیات کرد و کتێبێکی لێکۆڵینەوەت نەنووسی؟
وەڵام: ئەم بیرۆکەیەکەم کاتێک بۆ هات کاتێک سەیری دیکۆمێنتارییەکم کرد بە ناوی Colony Collapse Disorder. لە هەمان کاتدا ترساندمی و سەرنجیشی ڕاکێشام، ئیدی ڕاستەوخۆ زانیم کە دەبێت ئەم ڕۆمانە بنووسم.
کاتێک دەستم کرد بە کارکردن لەم کتێبەدا، سێ پرسیارم لە مێشکدا بوو، هەنگەکان چۆن دەمرن؟ لەدەستدانیان چ هەستێکی دەبێت؟ ژیان چۆن دەبێت بەبێ ئەو مەگەزانەی هاوکاری پیتاندنی گوڵ و ڕووەک دەدەن؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، لێکۆڵینەوەم زۆر کرد، لە ناو ئەو لێکۆڵینەوانەدا، سێ کارەکتەرە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکەم دۆزییەوە. وەک نووسەری ئەدەبیات، ئەوە کارەکتەرانە بوون کە ئیلهامیان پێبەخشیم و وایان کرد بەردەوام بم.
پرسیار: بۆ تێگەیشتن و بینینی بەریتانیای سەدەی ١٩، چ کتێب و وێبسایتێکت خوێندەوە؟ چ سەرچاوەیەکت بەکارهێنا بۆ وێناکردنی وڵاتی چین لە ساڵی ٢٠٩٨دا؟
وەڵام: چارلیس دیکینسـم لە هەموو نووسەرەکانی دیکە زیاتر خوێندوە، بەتایبەتی ‘چاوەڕوانییە مەزنەکان Great Expectations’. چەندین کتێبی جیاوازی مێژوویشم خوێندەوە و قسەم لەگەڵ مێژووناساندا کرد. بەشە بایەلۆجییەکەی زۆر قورس بوو. زۆرترین بەشم لەسەر ئەو زانیارییانە خوێندەوە کە ئەوکات لەبارەی هەنگەوە هەبوون.
سەبارەت بە چین، دەبوو ئەوە بدۆزمەوە کە جیهان بەبێ هەنگ و ئەو مێرووانە چۆن دەبێت کە یارمەتی هەڵاڵە گواستنەوە دەدەن. ئاسان نەبوو، دەبوو ئەندێشەی هەموو شتەکان بکەم. لەبارەی چینی ئەمڕۆشەوە کتێبم خوێندەوە، تێبینیم دەنووسی لەبارەی چۆنێتی سیستمی هەڵاڵەگواستنەوە لەوێ، ئەو ناوانەی بەکاریان دەهێنن و زۆر شتی دیکەش کە لە ڕۆمانەکەدا بەکارم هێناون.
پرسیار: تا ئێستە بیرت لەوە کردووەتەوە خۆشت هەنگ بەخێوبکەیت؟
مایا لوند: هەموو ڕۆژێک، هیچ نەبێت لە هاویناندا. بەڵام باخچەکەم زۆر بچووکە و لە تەنیشت گۆڕەپانێکی یاریکردنیشدایە. پێموانییە دراوسێکانیشم بەوە دڵخۆشبن.
پرسیار: خوێنەران دەتوانن چی بکەن تا ڕێ لە داڕمانی ئەم شانشینی هەنگانە بگرن؟ پێشنیازت چییە بۆ خەڵکە دەیانەوێت هاوکار بن؟مایا لوند: هەنگ بەخوێوبکەن. ئەو گوڵانە بڕوێنن کە هەنگەکان حەزیان لێیەتی. تا دەتوانن ژیانێک بژین پاڵپشتی سروشت و سەوزایی بکات. کاتێک زەوی لە مەترسیدابێت، هەنگەکانیش لە مەترسیدا دەبن. ئێمە هەموو پەیوەستین بە یەکەوە.
پرسیار: لەگەڵ کام پاڵەوانی ڕۆمانەکەت، جا سەرەکی بێت یان لاوەکی، زۆرترین خۆشەویستی، ڕق، توڕەییت هەیە؟
مایا لوند: منداڵەکانی ناو ڕۆمانەکەم خۆش دەوێن. چارلۆت و تۆم و وێی-وێن. ئەوان پاڵەوانی چیرۆکەکەمن. خوێنەر لە ناو ئەواندا هیوا دەدۆزێتەوە. لەکاتی نووسیندا لە سێ کاراکتەری سەرەکی توڕە دەبووم، بەتایبەتی ویلیەم. هەندێک جار زۆر ئیزعاج بوو. بەڵام هەستم پێدەکردن و لێیان تێدەگەیشم و خۆشم دەویستن، ناشزانم بڵێم کامیانم لەوانی دیکە خۆشتر دەوێت. وەک ئەوە وایە لێم بپرسیت کام لە سێ منداڵەکەمم خۆشتر دەوێت.
پرسیار: لە ئێستەدا کار لەسەر هیچ ڕۆمانێکی دیکە دەکەیت، ئەگەر بەڵێ، دەتوانیت کەمێکمان لەبارەیەوە پێ بڵێیت؟
مایا لوند: بەڵێ. جارێکی دیکە لە بارەی دایک و باوک و منداڵەوە دەنووسم، ڕابردوو، ئێستە، داهاتوو. لەگەڵ سروشت. لە نەرویج قسەیەکمان هەیە دەڵێت، “لەو جێیەدا بنووسە کە دەسوتێت” بۆ من لێرەدا دەسوتێت.

ئەم دیمانەیەی نووسەر لەگەڵ دەستگای چاپەکەدا کراوە و لە کۆتایی کتێبەکەدا دانراوەتەوە و دەشتوانن لەم وێبسایتە تەواوی دیمانەکە بخوێننەوە: https://www.theatlantic.com/world/

هاوبەشی بکە

DidiMn, didimnarticle,