26/04/2024
DidiMn Logo
Top

چین نەخۆشە، بەڵام نەخۆشییەکی زۆر قوڵتر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: هیوا فایەق

“ئای ویوی” هونەرمەندێکی هاوچەرخ و چالاکوانێکی چینییە، جگە لەوەی کارە هونەرییەکانی گفتوگۆی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنت، لەهەمان کاتیشدا هەمیشە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتە لە ملمانێدایە و زۆر جاریش باجی هەڵوێستە سیاسیەکانی لە چیندا رووبەڕووی سزای زۆر قورسی کردۆتەوە.


لەبەرواری ۸ی مانگی ئادار لە رۆژنامەی The Guardian ی بریتانی، “ئای ویوی” ووتارێکی لەسەر باردۆخی چین و بەتایبەت شاری ووهان بڵاو کردوە، لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵە گەورە و بێوچانەی چین بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە، ئەوەی شوێنی سەرنجە بۆ من، ئەوەیە کە نووسەر دەیەوێت هاوسۆزی بەرامبەر بە تووشبوانی چین، ئەوەمان لە بیرنەباتەوە کە هاووڵاتیانی ئەو ووڵاتە لە ژێر زەبری چ دەسەڵاتێکی ستەمکاردا ژیان بەسەر دەبەن، پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆ جیهان بەرامبەر بەو نەخۆشییە کوشندەیە هاوسۆزە؟ کەچی لەهەمانکاتدا دەسەڵاتی سیاسی لەو ڤایرۆسە کوشندەترە و نابێتە شوێنی سەرنجی دنیا؟ دەشێت ئەم پرسیارە بۆ هەموو ئەو ووڵاتانەی کە سیستمی سیاسی بە تۆقاندن و سانسۆرکردن هاووڵاتیانی خۆیان پێ راهێناوە زۆر گونجاو بێت.


ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی ئای ویوی ـیە کە لە گۆڤاری The Guardian ی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە:

چین نەخۆشە، بەڵام نەخۆشییەکی زۆر قوڵتر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

– ئای ویوی

دەسەڵات پشت بە تۆقاندن و سانسۆرکردن دەبەستێت. ئێستا، نەبوونی متمانە، پەتایەکە کە کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەتە.

لە چین، هەر بۆ خۆشیی بە خەڵکی شاری ووهان دەڵێن ” باڵندەی نۆ-سەر” ئەویش بەهۆی ئەو خووە شەڕانگێزییە کۆنەی هەیانە. کەچی چەند هەفتەیەک دەبێت، بێدەنگییەکی نامۆ باڵی بەسەر ئەو جیهانەی ئەواندا کێشاوە. شەقامەکان چۆڵ و هۆڵن، مۆڵەکان چۆڵ، هەموان لە ماڵەکانی خۆیاندا ماونەتەوە. حکومەت دەڵێت ۸٠ هەزار کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، هەروەها زیاتر لە ۳٠٠٠ کەسیش لە سەرتاسەری چین مردوون.


ئەم پەتایە هەتا ئێستا زیاتر لە ۱٠٠ وڵات و هەرێمدا بڵاو بۆتەوە. ئایا ئێستا تەواوی شارەکە بووە بە زیندانێک؟ نەخۆشخانەیەکی گەورە؟ بەدرێژایی رۆژ هەواڵ و قسەوقسەڵۆک لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە. بەڵام ئەم خەمە کەڵەکەبووەش وا دەکات ئاراستەی شتەکان بەرەو خراپتر بڕۆن. خەڵکانێک هەن بەرگەی ئەم فشارە ناگرن، دەرۆنە سەربانەکان و خۆیان فڕێدەدەنە خوارەوە بۆ ناو بێدەنگییەکی ڕەشەوە.

کە لەدەرەوە سەیری شارەکە دەکەیت، لە حەوزێکی زەبەلاحی ماسی دەچێت و بە بێدەنگی ماسییەکان دەبینیت مەلەی خۆیان دەکەن بە بێ ئەوەی یەک دڵۆپ ئاو فڕێ بدەنە دەرەوە. پۆلیس دەرگاکانی کڵۆم کردوە و چاودێریی ئەوەدەکەن ئاخۆ کێ دێت و کێ دەڕواتە ناو بیناکانەوە. ڕێگاکانی دەرەوەی شار بە خەندەقی زۆر قوڵ یان بە دیواری کۆنکرێتی داخراون. تەنانەت کوێرەڕێیەک کە دەچێتەوە سەر کێڵگەیەکی کشتوکاڵیی، ئەویش وێران کراوە. دەتەوێت لە قەراغی رووبارەکە مەلە بکەیت؟ ئەوە تۆڕی زۆر ی لێیە کە بتگرێ.

ئایا شارستانییەت بەبێ بوونی متمانە ڕزگاری دەبێت؟ ئایا حکومەتێک کە شەرعیەتی خۆی لە دەست دابێت دەتوانێت تا سەر بمێنێتەوە؟.

ئەو هاوارە بەناوبانگەی خەڵکی ووهان کۆمەڵێک شێوازی غەمگینی وەرگرتووە. سووتاندنی لاشەی مردوەکان لەسەر ئەنتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە. دەمامک بە بەرزترین نرخ دەفرۆشرێت. بازاڕی عەلاگەی مردووەکانیش لە هەڵکشاندایە. بێهودانەش، هەندێک لە دراوسێکان پەنجەرەکانیان دەکەنەوە تاوەکو ببنە بەشێک لەکۆرسی ئەو دراوسێیانەی گۆرانییەکانیان بۆ حکومەت دەچڕن.

لە شارێکی ۱۳ ملیۆن کەسییدا، ئەبێت چەند چیرۆکی کاریگەر هەبێت کە هەندێکیان هەرگیز نابیسترێن، بەڵام ئەمە یەکێکیانە: کوڕێکی گەنج لە سەری ساڵی چینییدا بۆ سەردانی دایک و باوکە پیرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. ئەم دایک و باوکە پیرەش دەمێکە هیواخوازی ئەوە بوون کە کوڕەکەیان هاوسەرگیریی بکات، بەڵام کوڕەکە تا ئێستا نەیتوانیوە سەرنجی کچێک ڕابکێشێت، حەزیش ناکات دایک و باوکی بێئومێد بکات، بۆیە کچێکی گەنج بە کرێ دەگرێت و لەگەڵ خۆیدا دەیباتەوە بۆ ماڵەوە هەر وەک ئەوەی دەزگیرانی بێت، لە هەمان کاتدا هەریەکەیان لەماڵەوە لە دوو ژووری نووستنی جیاوازدا دەخەون. هەردووکیشیان لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون هەر لە دوای ئەوەی ووهانیان بەجێهێشت ببنە دوو هاوەڵی ئاسایی یەکتر. بەڵام ڤایرۆسەکە بڵاو دەبێتەوە و ناچار لە ئاپارتمێنتی دایک و باوکەکە بە ئابڵوقەکراوی دەمێنەوە. خانمە گەنجەکەش هەر بە دەم درووستکردنی خواردنی توفوو-ەوە گفتووگۆیەکی کورت لەگەڵ خەسووی داهاتوویدا دەکات. لە دۆخێکی ئاوادا هیچ شتێک ناکرێت.

لەکاتی ئاساییدا، باڵندە نۆ-سەرەکانی ووهان پڕپڕن لە بیرورای سیاسی و بابەتی کەلتووری، بەڵام پرسی ئەم ڤایرۆسە نەفرەتییە هەموو شتێکی خستۆتە دوای دواوە. ژیان و مەرگ ئامبازی یەک بوون، هەروەها ئەوەش زۆر تۆقێنەرە کە شتێک سەرنجی مرۆڤی داگیر کردبێت و نەشزانرێت چییە. ئەم ڤایرۆسە لە کوێوە هات؟ هەتاکو کەی هەر بڵاو دەبێتەوە؟ ئەم پەتایە چەندی تری پێدەچێ تا کۆتایی پێدێت؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە بە دڕدۆنگی تەنراون و هیچ بنەمایەکی پتەویش بەردەست نییە تا بانگەشەی ئەوە بکات کە دەکرێت وەڵاممان چنگ بکەوێت. ئەمە وادەکات کە شارستانییەت خۆی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ئەو سیستمە کۆمۆنیستییە، بەو کۆنترۆڵە توندەی لەسەر بەخشینی زانیاریی هەیەتی کە بە تەنها بۆ لێپرسراوە بیرۆکراسییەکان بەردەستە و بۆ خوار خۆیان قەدەغەیە، چەند دەیەیەک دەبێت متمانەی کۆمەڵایەتیی لە دەست داوە. هاوڵاتییان چاوەڕوانی گۆرانکارییەکی گەورە ناکەن تاوەکو متمانەیان لەلا دروست بێت ئەمەش هەر لەبەرئەوەی کە ڤایرۆسێکی بکوژ خۆی دەرخستووە.
بەڵام بەبێ بوونی متمانە، خەڵکی بەرگریی لەشیان دژی درۆ و دەلەسەکان دادەبەزێت. لە ڕووبەری گشتییشدا، هەموو بییروباوەڕێک دەبێتە باوەڕی بێئەرزش.

لێدوانەکانیش ڕاست بێت یان درۆ وەکو هەور بڵاو دەبنەوە. پرسیار دەربارەی ڤایرۆسەکە دەکرێت، چۆن و بۆچی ئەمە ڕووی دا؟ ئەم جۆرە پرسیارە ئەزموونگەرانەیەش دەبێت وەڵامی دیاریکراوی هەبێت. بەڵام نەک لە چین، کە خۆی شوێنێکە تەنانەت کێشەی مەعریفەی نییە هێندەی کێشەی سیستەمەکەی هەیە کە ڕێگرە لە بەردەستخستنی مەعریفەدا. لە دەزگا فەرمییەکانی چیندا پێوەرێک هەیە بۆ پێوانەکردنی بەهای لێدوانە دەستنیشانکراوەکان، بەڵام پێوانەکردنەکە لەسەر بەهای درۆ و ڕاستیی نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە ئەو لێدوانە تا چەند ئەو شتەیە کە دەسەڵات خۆی دەیەوێت وابێت و بیبینێت.

وەستاندنی ئەو متمانە کلۆربووە کارێکی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی هەر خۆی بە قوڵیی بڵاو بۆتەوە. سەرباری هەموو ئەمانە، کێشەیەکی گەلێگ ترسناک لە ئارادایە کە ئەویش ئەوەیە پارتی کۆمۆنیست نە شەفافیەتی دەوێت و نە متمانە. ئەم حیزبە دەسەڵاتدارە پشت بە دوو کۆڵەکەی سەرەکی دەبەستێت: تۆقاندن و کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکان. لێرەشەوە خەڵکێکی تۆقیو و کوێر بە ئاسانی یارییان پێدەکرێت.

من چەند ساڵێکە لە مەنفا دەژیم، هەست بەوە دەکەم ژیان لە ووهاندا بە بەردەوامی پەلکێشم دەکات بە لای خۆیدا تا بەردەوام لەگەڵیدا بم. مەبەستم ژیانی ڕاستەقینەیە، نەک هەوری زمانێکی ئاڵۆز. ئایا بە ڕاستی هەستی خەڵک چۆنە؟ ئایا بووکە بەکرێگیراوەکە ئێستا دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەوە؟ من دەپرسم: ئایا دایک و باوکی ئەو کوڕە گەنجە دەتوانن لەگەڵ ئەو حەقیقەتەدا پێک بێن؟ ئایا هەریەکێک لەوان زانیاریی باشی لەسەر ڤایرۆسەکە دەست دەکەوێت تاوەکو بزانن ئەوان لە کوێدان؟

پێدەچێت من شتێکم لە باوکمەوە بۆ بە جێ ما بێت، «ئای تشینگ»ـی شاعیر، یەکێک لە بەناوبانگترین هۆنراوەکانی بەناوی “من ئەم خاکەم خۆش دەوێ”، کە لە ساڵی ۱۹۳۸ نووسیوێتی، ئەوکاتەی شاری ووهان لەبەردەم سوپای ژاپۆنیدا دەکەوێت.

“گەر من باڵندەیەک بوومایە
ئەوا بەدەنگێکی نووساوەوە گۆرانیم بۆ خۆم دەوت
بەسەر ئەو شارەی کە گەردەللول هەڵیتەکاند
بە هاژەی ئەو ڕووبارەی خۆی بە تووڕەیی ئێمەدا ئاڵاندووە
بە گیڤەی ئەو رەشەبا تووڕەیەش کە هەرگیز تەواو نابێت
بەسەر  ئەم خۆر هەڵهاتنە میهرەبانەدا کە لە ناو درختەکانەوە بەرز دەبێتەوە
پاشان دەمرێت
تەنانەت پەڕەمووچەکەم لەسەر ئەم زەوییە بۆگەنی کردووە
نازانم بۆچی هەمیشە فرمێسک لە چاوەکانمدایە؟
من زۆر بە قوڵی ئەم خاکەم خۆش دەوێت.”

چین نەخۆشە، بەڵێ. بەڵام زیاتر لەوەی کە تەنها تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت. هەموو مەترسی جیهان تەنها دەربارەی ڤایرۆسەکەیە، نەوەک لەو نەخۆشییە قوڵترەی کە هەیەتی.

چین لەگەڵ جیهاندا لە بەریەککەوتنێکی ئابوورییدایە، هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕووی سیاسییشەوە هەندێک بەریەککەوتنی هەبووە. ئەگەر ئەم نەخۆشییە بەسیستەمکراوەی بەردەوام بێت و بەرەو خراپتر بڕوات و ئەم پەتایە تەشەنە بکات، دەشێت هەموو دونیا ڕووبەڕووی جەبری ئەوپرسیارە وجوودییانە بێتەوە کە ئەم نەخۆشییە لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە. ئایا شارستانییەت بەبێ بوونی متمانە ڕزگاری دەبێت؟ ئایا حکومەتێک کە شەرعیەتی خۆی لە دەست دابێت دەتوانێت تا سەر بمێنێتەوە؟.

هاوبەشی بکە

Artist, Corona Virus,