26/04/2024
DidiMn Logo
Top

چیرۆکی پشت فۆتۆ سوریاڵییەکەی سەلڤادۆر دالی و سێ پشیلە فڕیوەکە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئارتسی
لە ئینگلیزییەوە: گەلان جەبار

لە کاتی وێنەگرتنی فۆتۆی ”دالی ئەتۆمیکس”دا پێش ئەوەی فیلیپ ھاڵسمانی فۆتۆگرافەر و نیگارکێشی سوریالیست سەلڤادۆر دالی بیرۆکەی پشیلە فڕێدانە نێو ھەوایان بە فیکردا بێت، ھونەرمەندی ئیسپانی فیلیپ هاڵسمان پێشنیاری ئەوەی کردبوو، لە ڕێی ڕژاندنی ئاوەوە وێنەکە بگرن. زیاتر لە بیستوشەش جار ھەوڵیان دا وێنەی دالی بگرن لە کاتێکدا لە هەوادا و لە دیمەنێکی شێواودا، بەرز بووەتەوە.

ھاڵسمان لە بارەی فۆتۆگرافییەوە وتویەتی ”فۆتۆگرافەری حەقیقی، هەوڵی چرکاندنی کرۆکی حەقیقەتی مرۆڤ دەدات.” بەڵام چرکاندنی کرۆکی حەقیقی دالی کارێکی ئاڵۆز و قورس بوو. بە نزیکەیی زیاتر لە چوار دەیە هاڵسمان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا خەریکی چرکاندنی وێنەی سەلڤادۆر دالی بووە.

”دالی ئەتۆمیکس” ناوی ئەو فۆتۆیەیە کە هاڵسمان چرکاندویەتی، لە وێنەکەدا هاڵسمان پراکتیزەی شێوازێکی کردووە کە خۆی پێی دەگوت جەمپۆلۆجی – بازدانۆلۆجی و چەندین کەسایەتیی ناودار ئەم شێوازی وێنەگرتنەیان بەکار هێناوە و تێیدا هاڵسمان داوای لێ کردوون بازێک بدەن بۆ گرتنی وێنەکە، هاڵسمان لە بارەی شێوازی وێنەگرتنی جەمپۆلۆجییەوە دەڵێت ”کاتێک داوا لە کەسێک دەکەیت باز بدات، هەموو تیشکی خۆی دەخاتە سەر شێوازی بازدانەکەی و لێرەدایە کە ماسکی کەسەکە دەکەوێت، کەسە حەقیقییەکە دەردەکەوێت.”

پێش ئەوەی هاڵسمان بتوانێت کەسایەتییە دیارەکانی وەک ئۆدرێی ھێپبێرن، گرەیس کێلی، ڕیچارد نیکسۆن و شازەداکانی ویندسۆر قایل بکات بەوەی بازێکی بچوک بدەن لە کاتی چرکاندنی وێنەکانیاندا، وێنەی دالی و سێ پشیلە فڕیوەکەی گرت کە تێیدا ئاو با ئاسماندا ڕژاوە و کەلوپەلەکانی وێنەکە لە هەوادان. ئەمەش بووە یەکێک لە نموونە گرنگەکانی هاڵسمان.

کاتێک لە ساڵی چلەکاندا دالی و ھاڵسمان بوونە ھاوڕێی نزیکی یەکتر، ھاڵسمان بە ئەزموونێکی ژیانکردنی سەختتدا تێپەڕیبوو. ھاڵسمان لە ساڵی ١٩٠٦دا لە شاری “ڕیگە” لەدایک بووە، لە تەمەنێکی زووەوە و لە ساڵی ١٩٢٨دا بە هەڵە لەسەر کوشتنی باوکی تۆمەتبار کرا و چوار ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپێنرا. هەر لەوێش تووشی نەخۆشی سیل بووە. دوای دوو ساڵ مانەوەی لە زینداندا بە هۆی ئەو کەمپینە بەرفراوانەی خوشکەکانی ڕێکی دەخەن بۆ سەلماندنی بێتاوانی براکەیان، ئازاد دەکرێت.

فیلیپ هاڵسمان و سەلڤادۆر دالی

فیزیاناسی ناودار ئەلبێرت ئەنیشتاین، یەکێک بووە لەو کەسانەی بە نامەیەک بەشداری کەمپەینی ئازادکردنەکەی هاڵسمانی کردووە. کاتێکیش هاڵسمان لە ساڵی چلەکاندا لە پاریس دەست دەکات بە پیشەی خۆی، پێویستی بە وەرگرتنی ڤیزا دەبێت و بۆ ئەمەش ئەنیشتاین یارمەتی دەدات تاکو لە دەست داگیرکاری فەڕەنسا لە لایەن نازییەکانەوە ڕا بکات. دوای حەوت ساڵ هاڵسمان وێنەیەکی پۆرترەیتی ئێجگار قووڵ و ماناداری ئەنیشتاین دەگرێت، کە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین و باشترین کارەکانی.

یەکەم پۆرترەیتی دالی کە ھاڵسمان لەساڵی ١٩٤١دا لەسەر بنمیچی نیویۆڕک گرتی، ھاوڕێیەتی ئەوانی نزیکتر و بەهێزتر کرد. ئەمەش بووە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین کاری وەک ”سمێڵەکەی دالی ١٩٥٤” کە پیشاندانی ٣٦ گۆشەنیگای سمێڵە بە مۆم ڕووپۆشکراوەکەی دالی بوو.

سمێڵەکەی دالی ١٩٥٤

لە پڕۆژە کاری ”گەنمەشامی ڕووت ١٩٤٩”دا دالی بە هێز و بڕستی خۆی شەق لە گەنمەشامییەک هەڵدەدات و تەواوی گەنمەشامییەکە بەسەر مۆدێلێکدا دەڕژێت. هەروەها لە کاتی ئامادەکردنی وێنەی ”ڤۆڵەپتاس مۆرس ١٩٥١”دا هاڵسمان سێ کاتژمێری ویست تاکو جەستەی ژنەکان بە شێوازێک ڕێک بخات وێنەی کەلـلەسەرێک بنوێنن.

”گەنمەشامی ڕووت ١٩٤٩”

بە هەمان شێوەی پڕۆژە فۆتۆییەکانی پێشوو، چرکاندنی وێنەی ”دالی ئەتۆمیکس”یش ئامادەکاری زۆری پێویست بووە. هاڵسمان بیرۆکەی وێنەگرتنەکەی لە نیگاری ”لێدا ئەتۆمیکا”ی دالییەوە وەرگرتووە کە دالی ساڵی ١٩٤٥ دەستی بە کارکردن لەسەری کردووە و ساڵی ١٩٤٩ بڵاو بووەتەوە. بەڵام جیاوزتر لە نیگارەکە، هاڵسمان وای کردووە کەلوپەلەکان ڕیزبەندێکی ئاساییان نەبێت، بەڵکو لە هەوادا بێن و بچن.

‘ڤۆڵەپتاس مۆرس ١٩٥١”

وێنە ئۆریجناڵەکە چەند نهێنییەک دەردەخات: یاریدەدەرێک کورسییەکەی لە لای چەپی چێوەکە ھەڵگرتووە، کۆمەڵێک وایەر بۆ هەڵگرتنی تابلۆیەکە هەڵواسرابوون هەروەها کورسییە بچوکەکەش لەسەر نھۆمەکە بەرز کرابووەوە. بەڵام سەبارەت بە فڕینی پشیلەکان و ئاوە ڕژاوەکە، ھیچ فێڵێکی شاراوە بوونی نەبوو.

بۆ هەر گرتەیەک، یاریدەدەرەکانی هاڵسمان، کە یوڤۆنی هاوسەری خۆی و یەکێک لە کچەکانی خۆی تێدا بووە، پشیلەکانیان لە سەبەتەیەکدا هاوێشتووە بەرەو لای نیگارەکە. دوای هەر هەڵدانێک، هاڵسمان گرتەیەکی گرتووە و ئەمە بۆ چەندین جار دووبارە کراوەتەوە. لەو وێنانەشدا کە هاڵسمان بە دڵی نەبوون و ڕەتی کردوونەتەوە تێبینی خۆی لەسەر نووسیون وەک ”لە جیاتی پشیلەکان ئاوەکە بەسەر دالیدا ڕژاوە.” و ”سکرتێرەکە لە وێنەکەدا دەرچووە.”

کاتێک دوا جار هاڵسمان بە یەکێک لە گرتەکان قایل بووە، وێنەکە لە گۆڤاری ژیاندا بڵاو کراوەتەوە، هاڵسمان هەر لەوێ ئاماژە بەوە دەدات کە تۆماری گرتەکانی ئەو فۆتۆیە زۆرترین تۆماری هەبووە لە هەر وێنەیەکی دیکە چرکاندبێتی کە دەگاتە ١٠١ گرتە.

لە بارەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان دالی و هاڵسمانەوە، ئێرینی کچی هاڵسمان دەڵێت ”پەیوەندی نێوانیان هەرگیز کێبڕکێی تێدا نەبوو، دالی هەرگیز نەیدەویست ببێت بە فۆتۆگرافەر و هاڵسمان هەرگیز نەیدەویست فڵچەی نیگارکێشان بە دەستییەوە بگرێت. بەڵام پێکەوە کاریان کرد و توانیان باشترین وێنەکان بخولقێنن.”

سەلڤادۆر دالی و سێ پشیلە فڕیوەکە
هاوبەشی بکە

Artist, Salvador Dali,