20/04/2024
DidiMn Logo
Top

تەسبیحە پچڕاوەکەی عەباسی کەمەندی

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

 دیدی من – مەستورەی سلێمانی

 ئەو دەمەی کە ناوی عەباسی کەمەندی دەبیستین هەمیشە تاڤگەی جوانی و جیاوازی دەنگ و سەدا و تێکست و ئاوازی شیرینی گۆرانییەکانی لە گوێماندا هاژەیان دێت، ئەمە جگە لەوەی جێگای شانازییە وەها نیگارێک بە باڵای هونەری کوردییەوە دەبینرێت. شانازییەکی تر ئەوەیە کە خاوەنی نووسین وئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردە کە لە دووتوێی شەش هەزار لاپەڕەدا لە کتێبخانەی فەرهەنگی تاراندا پارێزراوە. 

چوار ڕۆمان و دوو کتێبی شیعریشی بە زمانەکانی کوردی و فارسی نووسیوە. کەمەندی بە هونەرمەندی حەوت هونەر ناسراوە کە دیارترینیان گۆرانی گوتن بووە. هەرکات کە گوێمان لە گۆرانییەکانی دەبێت ناچار دەبین خۆمان زۆر لە گۆرانییەکانی نزیک بکەینەوە تا بزانین لە قوڵایی هەستی کەمەندییەوە چ وشەیەک جریوەی دێت و چەشنی چۆلەکە هەڵدەفڕێ و خۆی بە هێلانەی هەستماندا دەکات، خۆی وتەنی “ئەوەی لە دڵەوە دەربچێت بەدڵەوە دەنیشێتەوە”

ئاشکرایە هەریەک لە بەرهەمەکانی عەباسی کەمەندی تەسبیحێکی هۆندراوی چەندین جۆر شێوە زاری زمانی کوردییە، ڕوانینی ئەلبومەکانی گەلاوێژ و پرشنگ و کیژی کورد، شەست گۆرانی لە نیگایاندا دەبینرێت کە شیرینترینیان گۆرانیەکانی (سەبری گوڵفرۆش، هۆهۆکاڵەبی، نەتۆرێی، کیژی لادێ، قافڵەچی، بەرزەکۆلیلە، تۆچاوت نەیشێ، بەینی من و تۆ) و چەندین شاکاری جوانی دیکەیە.

 ئەو پیاوەی کە لە سەبریدا بە گوڵفرۆش و لە قافڵەچیدا یارەکەی بە ئاسکی سرکی لەسێبەر سڵکەر و ڕوناکایی ناو ڕەشماڵانی جاف ناودەبرد. ئەم وێناکردنەی بە داخێکی قوڵەوە دەگوت، هەر بەداخیشەوە دەینا بەدڵمانەوە.  ئاخۆ ئەگەر ئێستا لە ژیان گوزەرابا نەیدەگوت: نازانم ڕاسەن یا خەو ئەوینم، کەوی ناو گۆرانیەکانم بوە بە جەردە و هەر ڕۆژەو لە دەمی گۆرانیبێژێکەوە دەبێتە ڕێگر.

 بەداخەوە ئەوەی دەبینرێ ئافاتێکەو لە ئێستادا لەناو زۆربەی گۆرانیبێژە نوێیەکاندا ڕوودەدات، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆئەوەی کە تەنها مەبەستیانە دەر بکەون و بە وردی ناڕواننە وشەی ناو تێکستی گۆرانیەکان، بێئاگا لەوەی کە تەنها وشەیەک بەسە بۆ ئەوەی ئاستی مەعریفی وئەدەبیی وهونەرییان نیشان بدەن. لەڕاستیدا گۆرانیبێژ پێویستە وەک خۆی و بە بەهاوە بڕوانێتە مادە خاوەکەی گۆرانی کە شیعرە. لێرەدا دەمەوێت باسی تەسبیحە پچڕاوەکەی کەمەندی بکەم و دەست بخەمە سەر برینێک لە گۆرانیی (بەینی من وتۆ) دا و ئاماژە بەیەک وشەی نازداری ناو گۆرانییەکە بکەم، کە چەندین گۆرانیبێژ تا ئێستا بێئاگا لەوەی هەست بکەن بە هەڵەگوتن و گۆڕینی یەک وشە لە گۆرانییەکدا کارەساتە، گۆرانییەکەیان گوتۆتەوە.

لە (بەینی من و تۆ) دا عەباسی کەمەندی چەندین وشەی شۆخوشەنگی شێوەزاری هەورامی لە هۆنینەوەی هۆنراوەکەیدا بەکارهێناوە. لەگۆرانییەکەیدا دەڵێت: (دییەم، نەونەمام، نەوتوڵی ساوا، پەژارەت وەبان ئەم دڵمە لاوە، دێیت و ڕادەبوری ژەرەژ ئاسایی، نە سڵامت هەس نە مەرحەبایی) (ژەرەژ)) لە شێوەزاری هەورامیدا بە واتای کەو دێت. مەبەستی هونەرمەند لێرەدا نەرم ونیان و بە ناز ڕۆشتنی یارەکەی بووە بە بەردەمیدا، بەڵام کۆمەڵێک گۆرانی بێژی نوێ ئەم نەرم ونییانی و بەناز ڕۆشتنەی ژەرەژ خاتونیان گۆڕیوە بە جەردە..

دێیت و ڕادەبوری ژەرەژ ئاسایی

دێیت و ڕادەبوری جەرده ئاسایی

بەداخەوە ئەم نادادیە ئەنجامی ئەو هەموو بێ سەروبەرەییەیە کە هونەری کوردی پێیدا تێدەپەڕێت، هەرچی هەڵدەستێ کەی بیەوێ و چۆن بیەوێ دەبێتە گۆرانیبێژ، هەر ئەمەش وای کردووە گوێگری ڕاستەقینە تامەزرۆیی بۆ گوێ گرتن لەگۆرانی ڕەسەنی کوردی نەمێنێت. لێرەدا تەسبیحەکەی عەباسی کەمەندی پچڕا و داد و بێداد بۆ خەمخۆرێک قۆڵی دڵسۆزی لێ هەڵکا و ئەم پچڕاوییەی گرێ بداتەوە.

هاوبەشی بکە

abbas Kamandi, Artist, Kurdish song, song,