12/03/2024
DidiMn Logo
Top

له‌باره‌ی وێنه‌كێشی ئه‌ڵمانی گابریێلا مونتەره‌وه‌

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من- لێنباخ هاوس

‎ لە ئەڵمانییەوە: کەنار قەرەداغی

‎گابریێلا مونتەر لە گوڵانی ١٨٧٧ لە بەرلین هاتۆتە دنیاوە. لە پێش ئەوەی مونتەر بێتە دنیاوە، دایک و باوکی بەرەو ئەمەریکا کۆچ دەکەن و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەمەریکا ژیان بەسەر دەبەن. تێکەڵ بە کلتوری ئەو وڵاتە دەبن و لەگەڵ خۆیاندا ئەو شێوازی ژیانە هەڵدەگرن و بە هەمان شێوە پەروەردەی منداڵەکانیان دەدەن، باوکی گابریێلا لەگەڵ ئەوە نەبووە کە ژنان دەبوو لەماڵەوەبن و پەرە بە بەهرەکانیان نەدەن و بچنە دنیای هاوسەرگیرییەوە، بەڵکو هەوڵیدەدا بە جۆرێکی دیکە ژیانیان پیشان بدات. پاش ئەوەی کە گابریێلا بۆ ماوەیەکی کورت لە خوێندنگە بۆ وێنەکێشان خوێندی ١٨٩٨ تاکو ١٩٠٠. لەگەڵ خوشکەکەی گەشتێکی دوو ساڵی بۆ ئەمەریکا دەکەن. هەڵبەتە بۆ گابریێلای تەمەن ٢٠ ساڵان ئەو کات قەدەغەبوو کچان لەو بوارەدا بەشێوازێکی ئەکادیمی بخوێنن. بۆ ماوەی دوساڵی تەواو زۆربەی ناوچەکان دەگەڕێن و لەو ماوەیەدا چەندەها وێنەی تایبەت دەگرن، کە دەبنە سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بۆ تابلۆکانی دواتری. لەپاشاندا دەگەڕێتەوە ئەڵمانیاو لە پەیمانگەی هونەریی بۆ وێنەکێشان دەخوێنێت و لە چەندەها کۆرسی وێنەکێشان بەژداری دەکات و دواتر لە پەیمانگای فالانکس لە مونشن دەخوێنێت و چاوی بە وێنەکێشی بەناوبانگ واسیلی کاندینسکی دەکەوێت کە مامۆستای وێنەکێشانی بوو. کاندینسکی نەک تەنیا بە بەهرەکانی گابریێلا سەرسام بوو، بەڵکو ئەوینداریشی بوو. بەو ھۆیەوە ھەتا دوو ساڵ وەک دوو خۆشەویست دەژیان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کاندینسکی هاوسەریشی هەبوو!

“یەکگرتنی هونەرمەندەکانی مونشن”

‎لە بایەرنی ئەڵمانیاوە، وینەکێشەکان لەساڵی ١٩٠٩ یەکدەگرن ،کە تا ئەوکات بە شێوازی ئیمپرسیۆنیزم کاریگەربوون. ئینجا بەرەو هونەری ئیکسپریۆنیسم. کە تیایدا گابریێلاو کاندینسکی و ماریانە ڤۆن ڤێرەفکین، ئەلکسێی یاڤلینسکی، کە گابریێلا هاوشێوەی مۆدەرسۆن بێکەر بە یەکێک لە ڕابەرەکانی ئەم شەپۆلە دادەنرێت. کە ناونیشانی سوارچاکی شینیان لە گروپەکە نابوو. هەرچەندە کاندینسکی و فرانیزمارک بە دامەزرێنەری سەرەکیی کۆمەڵەکە دادەنران، بەڵام گابریێلا بەردەوام کاری بەڕێوەبردنەکەی بەڕێدەکردو لە ڕۆژناماکانەوە بەردەوام پێشانگەو کاتەکانی ڕێکدەخست. سوارچاکی شین چارەنوسی وەک زۆربەی کۆمەڵەو گروپەکانی تر لە ساتی جەنگدا بەرەو دامرکان چوو. ماکەو مارک بەرەو بەرەکانی جەنگ ڕۆیشتن و کاندینسکی هەڵهات و مونتەریش لە سوید چاوەڕیی کاندینسکی دەکرد ھەتا دواجار بۆی دەرکەوت کە لە مۆسکۆ هاوسەرگیریی کردووە.

“دوبارە دەستپێکردنەوە”

‎مونتەر لە ساتی جەنگدا کارە هونەرییەکانی وەستاندبوو و لە هونەر دوورکەوتبووەوە، لەهەمانکاتیشدا باری دەروونی تێکچووبوو. بەڵام گابریێلا زوو کۆڵی نەداو دوبارە گەڕایەوە ئەڵمانیاو جوڵەیەکی باشی خستەوە  نێو هونەر و فەزای وێنەکێشانی ئەوکاتەوە.

‎مونتەر بە شێوازی وێنەکێشانی سەرنجی دنیای هونەریی و وێنەکێشانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو، شێوازی بەکارهێنانی ڕەنگەکان و ستایلی کێشانەتایبەتەکەی لە هەڵبژاردنی رەنگەکانیدا کارەکتەرێکی جیاوازی بەخشیبوو بە کارەکە، هەرچەندە لەساڵانی دواییدا مافی بەشداریکردنی لە پێشانگەدا لێسەنردابوویەوەو ژیانێکی دوور لە کۆمەڵگە دەژیا، بەڵام کۆمەڵێکی زۆر لە وێنەکانی کاندینسکی لای خۆی پاراستبوو، تەنانەت لە ساتی  جەنگیشدا پاراستبوویی و نەیگەڕاندەوە بۆ کاندینسکی، دواتریش کەوتنە دادگاش بە هۆی ئەو تابلۆیانەوە، مونتەر بردیەوەو تابلۆکانی لای خۆی هێشتنەوە.

گابریێلا مونتەر و ڕەنگ

‎ڕەنگ، کارەکتەری تابلۆکانی دەپۆشی و گیانی دەکرد بەبەری کەسایەتیی تابلۆکانی و گوڵە سەرنجڕاکێشەکانیدا. ئەو ڕەنگانە سەرنجی تەماشاکەرەکانی تەواو دەبرد. تابلۆی لادێ و سروشت کە دەیکێشان بەدووربوون لە کۆتوبەند، پڕپڕ بوون لە جوانیی و ئازادانە دەیکێشان، تەنانەت لە کۆتوبەند یاسای ناتورالیسموس دەرباز بوبوو، گابریێلا کەسایەتیی و سروشتی بەو جۆرە بوو، نەوەک لە ڕێگەی خوێندن و فێربوونەوە وەریگرتبێت. کەسایەتییەکی ئازا و بوێری هەبوو، لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ بوو، ئەوانەیش لە تابلۆکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. هەر لەم خاڵەدا گابریێلا وەک پێشڕەوی ئیکسپریسیۆنیست دادەنرێت، لەهەمان کاتیشدا وەک ئەندامێکی کارای کۆمەڵەی سوارچاکی شین، کە ئەو کۆمەڵەیە بە کاراترین و دیارترین کۆمەڵەی هونەرمەندانی ئیکسپریسیۆنیسزمی دادەنرێت، کە زۆربەی هونەرمەندەکان تیایدا یەکیان گرتبوو.

‎گابریێلا لەڕیزی ئەو وێنەکێشە ژنانە دادەنرێت کە بیروڕا و ڕێچکەی ئازادانەی خۆی پاراستووەو لەڕووی داراییشەوە کەسێکی سەربەخۆ بووە، وەک ژن دەرکەوتووەو بەجۆرێک ژنێتی خۆی بەرجەستە کردووە کە لەو کاتەدا نامۆ بووەو لە کۆمەڵگەدا دیاردەیەکی نوێ بووە.

‎گابریێلا لەپاڵ کاندینسکی و سوارچاکی شیندا لە چەند ساڵێکی کەمدا شێوازو قوتابخانەو ستایلێکی جیاوازیان دامەزراند، بە جۆرێک کە ئەو دامەزاوەیە بە دیارترینی سەردەمی بیستەم لەقەڵەم دەدرێت، تا ئێستایش سەد ساڵ بەسەر ئەو کاتانەدا تێپەڕیووەو ھێشتا یاد دەکرێنەوەو بەرز هەڵدەسەنگێنرێن.

‎گابریێلا هەمیشە سوور بووە لەسەر ئەوەی کە پێویست دەکات کاتێک کە وێنە دەکێشرێت ڕەنگەکان وەک خۆی بکێشرێتەوە بەبێ جوانکاریی و زیادەڕەویی، ڕای وایە بەو جۆرە بە ڕاستگۆییانە دەگوازرێتەوە بۆ کەسی تەماشاکەرو دیدەن. هەرچەندە لە کاتی نمایشکردنی تابلۆکانی گروپی سوارچاکی شیندا زۆربەی کات نەفرەت لە وێنەکان دەکران و دەڕوشێنران و دەشێوێندران، یاخود تفیان تێدەکران و لەناودەبران، چونکە بەو شێوازە ڕانەهاتبوون و نەیاندەویست گۆڕانکاری لە ستایلی کێشاندا ڕووبدات. بەڵام سەرەڕای ھەموو ئەو شتانە کۆڵیان نەداوەو بەردەوام هەوڵیانداوە ئەو ستایلە بکەنە قوتابخانەیەک بۆ هونەری وێنەکێشان.

‎بەم جۆرە گابریێلا مونتەر بەیەکێک لەو وێنەکێشە ژنانە دادەنرێت کە لە کێشانی وێنەی مۆدێرندا توانی بگاتە لوتکەو بەبەردەوام یادی دەکرێتەوەو بەرهەمەکانی لە پێشانگەی تایبەت بە تابلۆکانی گابریێلا لە مونشن و چەند پێشانگەیەکی دیکە پێشکەش بە خوالیاخوازانی هونەری وێنەکێشان دەکرێت.

هاوبەشی بکە

Artist, gabriel, muunter,