19/04/2024
DidiMn Logo
Top

شاعیرەکان برینێکی زیندوون، خۆیان بۆ تیمار ناکرێت

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – پێشەنگ شێرزاد

فاشیزم هێڵی سوورە، 
کەچی سەرکێشی ئەفسووناوی تەنها لەو شوێنانە ڕوودەدات کە جەللادییان تێدان.
تاوێک ڕادەوەستم، ناوی خۆم و ئەوانی تر دێنم؛ 
هیچ کەس ڕۆحی خۆی لە کۆڵانە نهێنییەکاندا جێنەهێشتووە؟
هیچیان باوکیان نییە یان دایکیان شیری لێ پیس کردوون؟
ناوی ڕەخنەگرە میللییەکان بهێنم؟ -نا، کای کۆن بە با نادەم-.
ئیدی ژانەکەت بگێڕەوە، بە دەنگێکی نەوی،
بە چڵێسێتی گورگێک بۆ گوتن، بڵێ: من پیر بووم، شایەنی ئەوەم.
«من زەمانی منداڵیم لێ ونبووە، ئاساییە گیرفانەکانی ئێوەی بۆ بگەڕێم؟»

***

گوێم لە ناوی خۆم دەبێت -ترسناکە-
داخ بۆ ئەو ژانەی لە پێیەکانمدایە، -چەند ڕامکرد، چەند خۆم ون کرد و گەڕامەوە!-
وەک ئەوەی زۆر خۆشییان لێت بێت، بانگت دەکەن؛
بانگی جیهانەکەت دەکەن.
«ناوەکەت نییت، بیرەوەرییەکەشت مەبە.»

***

گەر لەبارەی ژیانەوە بنووسم:
لەبارەی شتێکەوە دەنووسم کە لە منداڵییەوە ونە.
هەوڵ دەدەم جیهانێک بەبێ تافی منداڵی دروست بکەم، 
تا هەمووان تابلۆی مەرگێکی پوخت بنەخشێنن.
«شاعیران لەبارەی هێزێکی دوور لە واقعەوە دەنووسن».

***

لە قاپییەکەم دا، 
-سێ جار-
ـ ئەستێرەیەکی وڕ بەسەر خوێنی مەیووی درەختێکەوە.
ـ عەشقێکی کوژراو بەسەر باڵی قەلەڕەشێکی شومەوە.
ـ دڵێک؛ لەت لەت بووە.
«خۆ زەمەن بە شەرتی بەردەوامی نییە.»

***

خۆشبەختانە ژیان بە نەهامەتییەکی پەیاپەی تووشە،
ژیانی باش وردەکاری تێدا نییە،
خۆشحاڵم بە شاڵاوی ئەو حەسرەتانەی کە سینە وەک بووکەڵەی سێکسی تێدەگەن؛ 
لە ناوەڕاستەوە دەیکەن بە دوو لەتەوە.
«مەرگی تاقانەکان لە مەرگی شکۆفەی گوڵێکی دەگمەن دەچێت.»

***

پێکڕا جیهان لەدەستدەدەین،
شەوێک بە ئاوی پیرۆز خوێنی خۆم پیس دەکەم.
دەشێت ڕۆژێک وەک پاڵتۆیەکی نوێ، 
شوناسی خۆم ئەزبەربکەم، یان ئیمان بە ژانێکی ئەبەدیی بهێنم.
-نوێژ بۆ ئەو ڕۆژە لێکترازاوانە دەکەمەوە کە بە هاوارەوە جێم هێشتوون.-
«ئیدی بە ڕێچکەی خۆمدا هەمووان بەرەو ژانێکی پڕوکێنەر ڕادەکێشم.»

***

گومان لە هەموو دۆزینەوەکانی مرۆڤ دەکەم،
ڕێزمان نەیتوانی مەرگی زمان ڕاگرێت. 
خەون نەیتوانی وەهم وەک خۆی نیشان بدات/ منیش ئەگەر لەبارەی تۆوە بنووسم؛ خەونەکانم دەگێڕمەوە.
وەک شاعیران کە برینێکی زیندوون و خۆیان بۆ تیمار ناکرێت.
«لە جیهانە مەستەکاندا هەموو شتێک بەرەو وێرانبوون دەچێت.»

***

ئەوەی دێڕەکان و چیرۆکە قوڵەکان نایدەن بە دەستەوە،
ئەوەی لە وێرانەکەی خۆیەوە ڕەبەنێکی پیرە و هیچ ئاماژەیەک بۆ وێرانەکەی لە دەرەوە نادۆزێتەوە،
ئەوانەی پەیمانی کۆنییان بە سینگەوە گرتووە و بانگەواز بۆ بەهەشت دەکەن،
هەموو شتێک؛ لە تینی خەو زڕانێکی سامناکەوەیە.
-من ناخەوم، خەون وەستانی جیهانە-
«گەردوون بەردەوامییە، بەڵام لەو جێیەی وەڵام وەردەگریت ئیدی دەوەستێت.»

***

گۆڕستانەکان تەژیین لەو لێوە ئەفسووناوییانەی کە کۆدی غەریب دەردەبڕن،
منیش لە سێبەری درەختێکی پیردا؛ میوەیەکی دەگمەنم خواست/ لێوەکانم تەیکرد بە بارانی ئاسمانێکی چڵکن،
بە نێو گۆڕی جەللادەکاندا لەشوێن جەنگێکی سارد گەڕام؛ کە لە شەودا نەکرابێت.
«گەر پێغەمبەران زیندوو بوونایە؛ ئێستا بۆ پەرجوویەک جەستەیان توێکاری دەکرا.»

***

ئەوەی گوڵ شەکەت دەکات پەنجەرە و خودایە.
هەمان شەکەتییم لە مرۆڤدا دیوە، 
کۆتا گریان،
کۆتا ونبوون،
کۆتا مل دان،
هەموو شتێک لەپێناو خۆتدایە…
«من لەم کاسکێتە بێزارم، سەد جار لێی بێزارم.»

***

ئەی پیرە هەڵۆ، تۆیش دەنووکەکەت بشکێنە و مەهێڵە بمریت،
ئەگەر لەم دەرگایە بدەیت؛ وەک کەروێشکێکی ترساو دەمریت.
ئەی پیرە هەڵۆ خۆت دەنووکەکەت بشکێنە و ماڵیی مەبە.
«ڕێ نیشاندەرەکە هەڵەی کرد، گریا، گریا، گریا…»

هاوبەشی بکە

Galawej, Shi3r,