دیدی من – سەرۆ مەحموود
گوێم لە سروەی پێیە
دەشێ ئاو سەفەر بكا
پێدەچێ بیابان
شەرمی بێپۆشتەی گرتبێ
ڕەنگە “با”
وسڵی تووڕەبوون دەر بكا
باران یوسفئاسا
حەوت دەرگای جووتبوون لە هەور دابخا!
دەشێ ئاسمان پێكەنیبێ،
ئەستێرە چڵ چڵ دەشكێنەوە نێو جامی
ماچ.
ژیان وا لەجێ دەچێ:
دەبێ دەستی هەق بدەینەوە دەستی ئاو
ماچ لە باران بسەنینەوە بۆ خاك و
دڵی پەپوولە متوربە بكەین لە مرۆڤ!
دەبێ نەوت بكەینە بن داری گوناهـ
تف بكەینە بناگوێی شەیتان
بانگ بدەین بە ڕووی منارەدا
دەستنوێژ لە وەهم بشكێنین!
دەبێ دڵ بكەینەوە بە ئاو،
گیان بكەینەوە بە گیا.
هەتا تمووع هەس، جوانی خڕ كەین
هەتا بێز هەس، ڕق فڕێ دەین
دەبێ بژین تا ژیان پشتی تێ نەكردووین
لازمە بمرین تا ناهەقی لەگۆڕێ بێ!
“با”كان لانەی كوكوختییەكانیان شێواند
گەڵاكان باری مێروولەكانیان بەر دایەوە
باران ئاهەنگی پاسارییەكانی تێكدا
بەفر تاقەتی مارەكانی لە كون نا.
دەبێ ئاسمان ئاگادار بكرێتەوە
دەبێ سروشت بەخەبەر بهێنرێ
ئەم عەزابە تا كوێ دەڕوا..
ئەم گڕە تا كەی دەگڕێ!
ئاسكەكان ناسكییان خورا
باڵندەكان ئاسمانیان كەوت
تووتییەكان تووشی لەبیرچوونەوە بوو
دەبێ خودا قسەیەك بكا
دەبێ مرۆڤ ڕاچەڵەكێ،
هەقێك هەستێتە سەر پێ و دەنگ هەڵهێنێ
چاوێك چاو بكاتەوە و بڕوانێ
ئەم زوڵمە چیای بە ئەژنۆدا هێناوە
ئەم غەدرە دەریای سووتاندووە…
كانییەكان تێكڕا كوێر بوون
چرۆی گەڵاكان پێكڕا ژاكان
خەمەكان خێراخێرا تەشەنەیان سەند
دەبێ شادمانی شتێك بڵێ
دەبێ پێكەنین قسەیەك بكا
بارانێك میهرەبانی بنوێنێ
زەوی خەریكە تینوێتی دەیخوا
هەتاوێك نیانی بنوێنێ
گوێسەبانەكان چلوورەیان كردووە!
هەناسەم لێ بڕاوە
“با” لە سنگی كچێكدایە
پەنجەم لەرز گرتوونی
شیعر خۆی نادا بەدەستەوە
سەرم بۆ خەونێ دەگەڕێ
سەرین لەژێر سەری كێدایە؟
دەبێ دەنگ نووزەیەك بكا
زمان دەستكا بە خشەخش
ئەم برینە لیخن بووە
ئەم زامە هەر تلۆقە دەكا!
گەرووم پڕە لە لوغمی قسە
ڕیشم پڕ چڵكی مەراق؛
سەدایەك لە پەنجەرەوە نایەت
شەرمێك لە بارانەوە نابارێ
لقێكی شكاو هەڵناسێتەوە سەر پێ
گوڵێك خۆی سوور ناكاتەوە
دەبێ موسافیر ڕابوەستێ
دەبێ ژانتا خۆی بزر كا
ئەم هەنگاوانە تا كوێ دەچن
ئەم ڕووندكانە هەتا كەی دەڕژێن؟
باڵام هێندەی تابووتێك درێژ بووە
دەروونم ئەوەندەی لاملێ گازی پێوەیە
بۆنێك لە بەدەنمەوە دێ
بۆڵەبۆڵێ لە زارمەوە؛
پێدەچێ مردن بیەوێ شتێ بكا
خودا بیەوێ دوامرۆڤ بكوژێ!
دەبێ نیلوفەڕێ لە خەیاڵماندا بڕوێ
دەبێ كانییەك بە دەستمانەوە بتەقێ
ئەم باخچە بۆچی زەرد دەچێتەوە
ئەم ئاوە بۆچی ئۆقرەی لێ بڕاوە؟
شارێك خەریكە وێران دەبێ
قەڵایەك وا بەر دەبێتەوە.
گرمەیەك لە سەرمەوە دێ
پژمەیەك لە پەنجەی پێمەوە،
دەست بۆ شیعر دەبەم، دەوەرێ
بۆ پیت و دێڕ… دەژاكێن!
ڕەنگە چڵی سێبەرێ شكابێتەوە
پێدەچێ تابووتی مەرگێ سووتابێ،
دەبێ بەڵا زیندانی بكرێ
دەبێ سزا بدرێ لەسێدارە!
ئەم كۆڵانە بۆ وا ڕەشپۆشە
ئەم شەقامە بۆ وا برسییە؟
باخچەیەك وەختە دەخنكێ
گوڵ بەهەڵەداوان ڕادەكا
زنجیرێ خۆی ڕادەپسكێنێ
شۆستەیەك سنگی شەق دەبا
بەلووعە دەپڕمێنێ
هەرێز تا سەرلووتی لە ئاودایە
بانگ لە باخەوان دەكەن؟…
لە زاریەوە… خودا مەرگ… خودا مەرگ، بەڵێ
دەبێ زەوی قۆڵ هەڵبماڵێ
دەبێ گڵ سەد بیر لێبدا،
ناكرێ باخچە بخنكێ
ناكرێ ببینین گوڵ دەمرێ!
گریانێك زمانی گرت
سەرینێك فێرە نووسین بوو
پەنجەرە گشت گیانی بوو بە گوێ
ئاوێنە پڕ بوو لە ڕوانین…
كراسێك لە كەنتۆرەوە دەستی دەر هێنا
شووشەبۆنێك كەوتە خوارەوە شكا
ملپێچێك چاوی پڕ بوو لە ئاو
قەمسەڵەیەك تەنگەنەفەس بوو!
دەبێ شكات لە لامل بكرێ
دەبێ لەپی دەست بدرێتە دادگا!
چۆن دەبێ ژوورێك بتاسێ
مێزێك تووشی ڕەبووە ببێ؟
دارستانێك خۆی تووڕە كرد
مێخەرەندێ زەندەقی چوو
گورگێك دەستی كرد بە لوورەلوور
بزنەكان سەریان لە شوانەكە تێكدا.
تاریكی گوندەكەی داپۆشی
چرای بەرهەیوانەكان پێكران
دەرگایان لەسەر كەڵەشێرەكان داخست
سەگەكان دەستیان كرد بە حەوحەو!
دەبێ ئەنجوومەنی گوند بگیرێ
ڕدێنی مەلا بتاشرێ،
ڕێگەی كانی بۆچی چۆڵە
ئەوین بۆ حەرام كراوە؟
زەمین تووشی دڵەكزە بووە
ڕووبار هەر نزگەرە دەكا،
لە ڕووی هەور دەڕوانم… چڵكن،
لە قوڕگی باران… وشك،
دەست بۆ ئاو دەبەم… مات،
بۆ گیا… زریكە!
ترێ لێدەكەمەوە، دەگریم
پیاز دەجنم، شیوەن دەكەم
كە بەرگی لالە لا دەبەم
دڵم توند دەبێ،
كە سێو قاش دەكەم
ژان دەمگرێ.
پشیلە دەبینم دەترسێ، دەترسم
مریشك دەبینم تینووە، دەخنكێم.
دەبێ ئادەم زیندوو بكرێتەوە
حەوا دیسان دووگیان ببێ،
ئەم نامرۆڤییە تا كەی
ئەم كوشتارگەیە تا كوێ؟
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.