25/04/2024
DidiMn Logo
Top

جۆسێف بێری: دەربارەی بڕۆدساید

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

 دیدی منجۆسێف بێری

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

ھۆنراوە بە وردەکارییەوە بەرھەم دێت، زۆر بە وریاییەوە لەگەڵ ئەوانی تردا بەش دەکرێن، لە ھزری ئێمەوە دەست پێ دەکەن و دواتر لە کۆبوونەوە ھونەرییەکاندا دەخوێندرێنەوە، یان ھەندێک کات وەک کتێبێکی زۆر بچووک چاپ دەکرێن و دەچنە ڕەفەی کتێبخانەکانەوە. بەڵام پێویستە ھۆنراوە لە دیواری ماڵەکەشتدا ھەبێت و بە وشەکانی ھاوار بکات و ستران بچڕێت. بڕۆدساید ئەو  ئامڕازەیە کە ھۆنراوە دەناسێنێت.

 

بڕۆدساید چییە؟
بڕۆدساید بچووکترین و سادەترین شێوازی پەیوەندیکردنە و پێش بوونی کتێب بەکار دەھات.  بڕۆدساید پەڕەیەکە کە تەنھا یەک دیوی چاپ دەکرێت. لەمڕۆدا ملیۆنان کۆپی لێ دروست دەکرێت بە ھۆی ئامێری چاپەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کۆمەڵێکی زۆر لەم کارتانە لە فرۆشیارەکانی شار و شارۆچکەکانی ئەوروپا بە پارەیەکی زۆر کەم دەفرۆشران. زۆر جار لە مەیخانە و قاوەخانەکاندا ھەڵدەواسران و لەو کاتەدا، لە پێش دەرچوونی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، باوترین جۆری بڵاوکردنەوە بوون.  ھەندێک کات بەکارھێنانی ئەم کارتانە بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆنراوە و لیریکی گۆرانی بووە.  لە سەردەمیک کە رادیۆ و تۆمارکەر  بوونی نەبوو، جگە لە نماییشکردن، بڕۆدساید تەنھا رێگە بوو بۆ بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکان.  بەڵام لەم سەردەمەدا، نووسەر و  ھونەرمەندەکان بڕۆدساید وەک داھێنانێک بۆ مەیلی چاپ کردن بە دەست نوێ دەکەنەوە.

 

گرنگی چاپکردن بە ڕێگەی بڕۆدساید چییە؟
بڕۆدساید یادکردنەوەی وشەیە لە دیواری ماڵەکەتتدا و بۆ ھەموو کەسێکە کە بیبینێت.  جوانترین ڕێگەیە بۆ هاوبەشی کردنی ئەدەب لەگەڵ میوانەکانماندا. بیرخەرەوەیەکن بۆ  ئەو کتێبانەی خۆشمان دەوێن.

بڕۆدسایدی وشەکاریی جۆسێف بێری:
چەند ساڵێک لەمەوبەر من ئەم دوکانی وشەکاریەم دەست پێ کرد و دەستم کرد بە فێربوونی چاپکردن بە پیتی تەختەیی. من زۆر حەز بە کارکردن لەگەڵ ھۆنەر و نووسەرەکان دەکەم کاتێک وشەکانیان پیت بە پیت بە وریاییەوە بە پیتە کانزاییەکان ڕێک دەخەین، وێنەیەک لەسەر پارچە تەختەیەک ھەڵدەکۆڵین و دواتر ھەموو ئەمانە لەسەر پەڕەیەکی زۆر جوان چاپ دەکەین. ئەمە جوانترین ڕێگەیە بۆ نماییشکردنی ئەو وزەیەی لە خوێندنەوەی ھۆنراوەدا ھەیە، بەتایبەت کاتێک بیسەران پارچەیەک لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.

هاوبەشی بکە

Art, Broadside, LetterPress, Poetry,