16/11/2024
DidiMn Logo
Top

دوو فیلمسازی گەنجی کورد لە نەرویج دەبنە دادوەر

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

شەماڵ سەبری و بینا قەرەداغی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ ڕێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌

دیدی منڕاگه‌یاندنی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک

دوو لە بەڕێوەبەرەکانی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک لەگەڵ کردنەوەی دەرگای وەرگرتنی فیلم بۆ ساڵی 2018، وەکو دادوەر بەشداری لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی لە نەرویج دەکەن، هەروەها هاوبەشییەک لە نێوان هەردوو فێستیڤاڵەکە ڕێک دەخەن.

لە ڕۆژانی 21 تاوەکو 24ی ئەم مانگە لە شاری لیله‌هاممه‌ر له‌ نەرویج فێستیڤاڵی فیلمی ئەماندۆس بۆ خوێندکاران وەکو بەشێک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئەماندۆس بەڕێوە چوو.

لە هەرێمی کوردستانەوە هەریەک لە شەماڵ سەبری و بینا قەرەداغی، بەڕێوەبەرانی هونەری و پڕۆگرامی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دهۆک بۆ فیلم بەشدارییان کرد. ئەوان لەگەڵ سینەماکاری چینی لیدان وەکو دادوەر هەڵسەنگاندنیان بۆ 14 فیلمی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی ئەماندۆسدا کرد.

شەمال سەبڕی، به‌ڕێوه‌به‌ری هونەریی فێستیڤاڵی دهۆک لەبارەی ئەم ئەزموونە ڕایگەیاند: ”خۆشحاڵین وەکو دوو گه‌نجی کورد بەشداری لە چالاکییەکی گەورەی وەکو ئەماندۆسدا دەکەین، به‌تایبه‌تییش ئه‌م فێستیڤاله‌ فۆکس دەکاتە سەر گه‌نجه‌كان. ئێمه‌ش وه‌كو ڕێکخەرانی فیلم‌ فێستیڤالێ دهۆك زۆر بایه‌خ به گه‌نج و‌‌ ناسنامه‌ی كه‌لتووریی گه‌لی كورد ده‌كه‌ین و به‌ به‌رده‌وامییش كار دەكه‌ین لەسەر ناسناندنی كورد له‌ چالاكییه كه‌لتوورییه‌كانی‌ جیهان. به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌مڕۆ ناسنامه و هه‌بوونی گه‌لی كورد له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی زۆر هه‌ستیارددایه‌.

فێستیڤاڵی ئەماندۆس یەکێکە لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی جیهان بۆ پشتیوانیکردن لە گەنجانی سینەماکار کە لە نەرویج ساز دەکرێت لەژێر چاودێریی شازادەی نەرویج مەتتە ماریت.

بینا قەرەداغی بەڕێوەبەری بەرنامەی فێستیڤاڵی دهۆک لەبارەی سەردانەکەی ڕایگەیاند: ”سه‌ردانەکەمان بووە بنا‌غه‌ی دامه‌زراندنی هاوبه‌شییەكی گرنگ بۆ پشتیوانیكردن له‌ فیلمسازانی گه‌نج له‌ كوردستان و به‌رنامه‌ی ئاڵۆگۆڕیکردن له ‌نێوان فێستیڤاڵی دهۆك و ئه‌ماندۆسدا ڕێك ده‌خرێت بۆ مه‌به‌ستی‌ پێشخستنی سینه‌ماكارانی گه‌نج لە کوردستان و لە نەرویج“.

ئەم فێستیڤاڵە له‌ شاری لیله‌هاممه‌ری نه‌رویج ساز ده‌كرێت، ئه‌م شاره‌ش بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی یونسکۆ، یەکێکە لە گرنگترین شارە کەلتوورییەکانی جیهان، بەتایبەت لە بواری ئەدەبیاتدا، هه‌روه‌ها جووڵه‌ی سینه‌ما له‌و شارەدا‌ زۆر چالاكه‌، به‌وه‌ی گرنگترین زانكۆی سینه‌ما له‌ نه‌رویج له‌ لیله‌هاممه‌ره‌، کە زانكۆی نه‌رویجی فیلمسازییە.

لیندا ستاینهۆف، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی ئەماندۆس لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە خۆشحاڵیی خۆی دەڕبڕی بە ئامادەبوونی کوردستان لە فێستیڤاڵی ئەماندۆس بۆ یەکەم جار کە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی فێستڤاڵی دهۆکی بە گرنگ نرخاند بۆ دروستکردنی هاوبەشیی درێژخایەن.

سەرەڕای هەڵسەنگاندنی فیلم، بینا و شەماڵ لە فێستیڤاڵەکەی نەرویجدا لە پانێڵێک باسیان لە هونەر و سینەما لە ناوچە گەرمەکان کردووە، بەتایبەتی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە لە زۆنی شەڕدان.

له‌ كۆتاییدا خه‌ڵاتی باشترین فیلم به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی دادوه‌ران كه‌ له‌ شه‌مال سه‌بری، بینا قه‌ره‌داخی و سینه‌ماكاری چینی لیدان پێك هاتبوون، درا به‌ فلمێكی سویدی به‌ ناوی Förebilder له‌ ده‌رهێنانی فیلمسازی سویدی گه‌نج ئه‌لین ئۆڤه‌رگارد Elin Övergaard‌ بابه‌ته‌كه‌ی ڕۆشنایی ده‌خاته‌ سه‌ر كه‌مپه‌ینی Metoo و كێشه‌ی به‌كارهێنانی هه‌ڵه‌ بۆ ئافره‌تان له‌ بواری فیلم و میدیادا.

هاوبەشی بکە

Duhok International Film Festival, Kurdish Cinema,