26/04/2024
DidiMn Logo
Top

موزیکی شانۆیی دوو پەیامبەر

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

پۆسته‌ری شانۆیییه‌كه‌ | زۆزک قەرەداغی

دیدی من

شانۆیی دوو پەیامبەر لە دەرهێنانی ڕێباز محەمەد کە بڕیارە ڕۆژانی  13 تا 22ـی 4ـی 2018 له‌ هۆڵی ڕۆشنبیریی  له‌ شاری سلێمانی نمایش بکرێت، موزیکێکی تایبەتی بۆ ئامادە کراوە لە لایەن موزیکدانەر و کەمانچەژەن زۆزک قەرەداغییەوە، بەشێکی ئەم موزیکە لە شاری تاران تۆمار کراوە لە لایەن سیاوەیش کامکارەوە، 19 ژەنیار لەم پارچەیەدا کاریان کردووە کە گرووپی موزیکی ژێداری ئەرسەلان کامکارن، پارچەکانی دیکەی ئەم موزیکە لە شاری سلێمانی تۆمار کراوە و عومەر عەبدولڵا کاری تۆمارکردنی بۆ کردووە.

دەربارەی چۆنییەتیی ئامادەکردنی ئەم کارە زۆزک قەرەداغی بۆ دیدی من گوتی: ”دەرهێنەر بیرۆکەی کارەکەی بە من دا و بابەتی شانۆییەکە ڕاستەوخۆ تێكەڵ بوو بە بیرۆکە و ئەندێشەم، هەر زوو ڕۆ چوومە ناو ئیلهامی داڕشتنییەوە وەکو ئەوەی کە دەرهێنەر بە لێهاتوویی خۆی تێڕوانینمی بۆ بابەتی شانۆییەکە خوێندبێتەوە پێش باسکردن و ئاشکراکردنی دەقەکەی بۆ من، منیش لە سەرەتاوە تا کۆتایی شانۆییەکە کۆمەڵێک ڕیتمم دانا لەسەر خواستی هەردوو لا هەروەها موزیکێکی تایبەتم بۆ بەشی کۆتایی شانۆییەکە دانا.“

سەبارەت بەوەی تا چەند گرنگە شانۆییەکان موزیکی تایبەت بە خۆیان بۆ بەرهەم بهێنرێت، زۆزک قەرەداغی وتی: ”لە هەموو وڵاتان کاتێك شانۆییەک ئامادە دەکرێت لەگەڵیدا موزیکی تایبەت بە خۆیشی بۆ دروست دەکرێت، ئەمە گرنگە و کارێکی خراپە گەر موزیکی بەکارهاتوو بۆ شانۆییەکان دابنرێتەوە، توانیم لە ماوەیەکی کورتدا بزانم چی بۆ ئەم شانۆییە گونجاوە، ڕەنگە گەر سەربەخۆ کارێک بکەیت نزیکەی ساڵێک بخایەنێت، بەڵام کە لەسەر بنەمای چیرۆک و بابەتێک ئاواز دابنییت، من وەکو خۆم دەتوانم زووتر کارەکە بدەم بە دەستەوە.“

هەروەها سەر کارکردنی خۆی بۆ داهاتوو لە موزیکی شانۆدا وتی: ”لە بەرنامەمدایە بۆ ئایندە کار لەسەر شانۆی گۆرانی بکەم، گەر بارودۆخ گونجاو بێت ڕاستەوخۆ گرووپێکی موزیکیی گەورە لەگەڵ شانۆی گۆرانیدا بە شێوەی زیندوو پێشکەش دەکەم.“

ئەم شانۆییە لە نووسینی نووسەری پۆڵۆنی، سلاڤۆمیر پرۆژکە کە د.فازیل جاف بۆ زمانی کوردی وەری گێڕاوە. ئاراس عەبدولڵا وەک یاریدەدەری دەرهێنەر لەم نمایشەدا بەشدارە. شیراز عەزیز سینۆگرافیای کارەکەی کردووە. ئەم کارە بەرهەمی تیپی شانۆیی هاوڕێیانی گەزیزەیە و بە هاوبەشی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی/ بەڕێوبەرایەتیی هونەری شانۆی سلێمانی.

ئەکتەرانی بەشدار لە شانۆییەکە:
چریکە عەبەڕەش، نەهرۆ مەلا محەمەد، کەمال عەلی، هاوڕێ کەمال، میران ئازاد، هێڤار نەجات، شنیار ئه‌بوبكه‌ر

هاوبەشی بکە

du peyambaer,