16/04/2024
DidiMn Logo
Top

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ستافی شانۆیی دوو پەیامبەر

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

له‌ ڕاسته‌وه‌: شه‌هێن سابیر، خاتوو گه‌زیزه‌، ڕێباز محه‌مه‌د
فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

دیدی من

ڕۆژی 2018/3/26، تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاند کە لە ئەمنە سوورەکەی سلێمانی ساز کرابوو، دوایین کاری شانۆیی خۆی ڕاگەیاند. لە ڕاگەیانراوەکەدا کە لە لایەن بەرپرسی ڕاگەیاندنی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە، شەهێن سابیرەوە خوێنرایەوە، هاتبوو: ”هەر لەم کاتەدا کە ئێمە لێرەین بە سەدان هاووڵاتی ئێستا لەسەر شەقامن و نیگەرانی و داواکاری مافی ڕەوای خۆیان بەرز کردووەتەوە، ئێمەش وێڕای پشتیوانیمان بۆ هەموو هاونیشتمانییان جەخت لەوە دەکەینەوە کە هونەر، پەیامی لە هەموو ساتە جێگیر و ناجێگیرەکاندا هەیە، بەڵکو لەو ساتانەدا کە کێشەیەک هەیە یاخود بارودۆخێکی نەخوازراو هەیە پەیامی هونەر، دەنگی هونەر، بڵندتر دەگەیەنینە جێگەی مەبەست. ئەوەی کە تێبینی دەکرێت لە ئێستادا جووڵە و چالاکیی هونەری کەمترە بە بەراورد لەچاو ڕابردوودا، بەڵام ئێمە لێرەوە دەمانەوێت بڵێین چالاکیی هونەری پێویستییەکی گرنگە تەواوکارییە لەگەڵ واقیعی ئێستا و داخوازیی میللەت. تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە لەم دیدارەدا دەمانەوێت بەرهەمێکی نوێ ڕابگەیەنین، کە شانۆییەکە بە ناوی دوو پەیامبەر، دەقێکی وەرگێڕدراوە و هونەرمەند ڕێباز محەمەد کاری دەرهێنان بۆ ئەم بەرهەمە دەکات.“

دواتر خاتوو گەزیزە وەک سەرۆکی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە دەربارەی ئەم بەرهەمە نوێیە گوتی: ”ئێمە هەموومان دڵتەنگین بەم بارودۆخە نالەبارەی کە داچۆڕاوەتە سەر ئێسقانی هەموومان و برینداری کردووین، ڕووی دەروونیمان لە ئاستێکی لەرزۆک و برینداردایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی شانۆدا من ئەوە دووپات دەکەمەوە کە لە هەر شوێنێکی دنیادا مرۆڤ هەبێت لەو شوێنە شانۆ دەبێت، شانۆ پەیامی خۆی هەیە. ئێمە وەک تیپی هاوڕێیانی گەزیزە لێرەوە ڕای دەگەیەنین دەرگامان کراوەیە بەرامبەر هەر کار و پڕۆژەیەکی هونەری و چالاکیی ڕۆشنبیریی شانۆیی.“

ستافی شانۆییه‌كه‌
فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

دەرهێنەری شانۆییەکە ڕێباز محەمەد، دەربارەی ناوەڕۆک و پەیامی شانۆییەکە لە کۆنگرەکەدا گوتی: ”ناوەڕۆکی ئەم دەقە ناوەڕۆکێکی سیاسییە، پەیامێکی سیاسیی هەیە و ئێمەش هەوڵمان داوە هەمان ئەو پەیامە بەرجەستە بکەینەوە و لا نەدەین لەو پەیامەی نووسەر لە دەقەکەدا هەیەتی. چیرۆکی ئەم نمایشە باس لە کۆشکێکی سەرۆکایەتی دەکات لە بۆشایی سەرۆکێکدا، هەوڵ دەدەن سەرۆکێک دابنێن کە ئەو بۆشاییە ئیداری و ڕۆحییەی هەیانە سەرۆکەکە بۆیان پڕ بکاتەوە و چارەسەری کێشەکانیان بکات، لە چاوەڕوانیی هاتنی سەرۆکێکدا دوو سەرۆک دێنە سەر تەختەی شانۆ، بە هەمان جووڵە و جلوبەرگ و دیالۆگەوە، لێرەوە دەست پێ دەکات؛ ئایا ئەم دوو سەرۆکە لەیەکچووە کامیان ببنە سەرۆکی ئەم خەڵکە؟ ئەمە بە شێوازێکی کۆمیدی دەردەکەوێت، بابەتەکە جیدییە، بەڵام مایەی پێکەنینە.“

ستافی شانۆییه‌كه‌ | فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

پڕیارە ئەم شانۆییە لە سەرەتای مانگی چواردا نمایش بكرێت و ماوەی چەند ڕۆژێک بخایەنێت. شانۆنامەی ئەم شانۆییە لە نووسینی نووسەری پۆڵۆنی، سلاڤۆمیر مرۆژکە کە د. فازل جاف بۆ زمانی کوردی وەری گێڕاوە.لە دەرهێنانی ڕێباز محەمەدە و ئاراس عەبدولڵا وەک یاریدەدەری دەرهێنەر لەم نمایشەدا بەشدارە. شیراز عزیز سینۆگرافیای کارەکەی کردووە و زۆزک قەرەداغی دابەشكردنی موزیکی ئەم کارەی کردووە کە لە لایەن تیپی ژێداری ئەرسەلان کامکار لە تاران کاری ژەنینی بۆ کراوە و تۆمار کراوە. ئەم کارە شانۆییە بەرهەمی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزەیە بە هاوبەشی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی/ بەڕێوبەرایەتیی هونەری شانۆی سلێمانی.

ئەکتەرانی بەشدار لە شانۆییەکە:
چریکە عەبەڕەش – نەهرۆ مەلا محەمەد – کەمال عەلی – هاوڕێ کەمال – میران ئازاد – هێڤار نەجاتێ

دیدی من یەكێكە لە سپۆنسەرانی ئەم شانۆییە و ڕۆژانە هەواڵ و زانیاری بۆ خوێنەرانی دەخاتە ڕوو.

فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

هاوبەشی بکە

du peyambaer, Theater,