02/05/2024
DidiMn Logo
Top

شانۆیی دوو پەیامبەری سلاڤۆمێر مرۆژەک دەخرێتە سەر تەختەی شانۆ

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ڕێباز محەمەد، دەرهێنەری شانۆیی دوو پەیامبەر

دیدی من

شانۆیی دوو پەیامبەر دەبێتە دوایین کاری هونەریی شانۆکار ڕێباز محەمەد، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە شاری سلێمانی نمایش بکرێت.

شانۆنامەی ئەم نمایشە لە نووسینی نووسەری پۆڵۆنی، سلاڤۆمیر مرۆژەکە و د. فازیل جاف بۆ زمانی کوردی وەری گێڕاوە، ڕێباز محەمەد کاری دەرهێنان بۆ ئەم نمایشە ئەنجام دەدات و ئاراس عەبدولڵا وەک یاریدەدەری دەرهێنەر لەم نمایشەدا بەشدارە. ئەم کارە شانۆییە بەرهەمی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزەیە بە هاوبەشیی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی/ بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی سلێمانی.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم نمایشە، ڕیباز محەمەد، دەرهێنەری شانۆییەکە، بۆ دیدی من گوتی: ”ناوەڕۆکی کارەکە هەڵگری پەیامێکی سیاسییە، کە نووسەر هەوڵی داوە بە شێوەیەکی کۆمیدی لە شانۆنامەکەدا بیخاتە ڕوو؛ ئێمە لە نمایشەکەماندا هەوڵمان داوە لەو پەیامەی نووسەر لا نەدەین و هەمان پەیام بەرجەستە بکەینەوە.”

دەربارەی چیرۆکی نمایشەکە، دەرهێنەر گوتی: ”چیرۆکی ئەم نمایشە زۆر گونجاوە بۆ ئێستای ئێمە، لەبەر ئەوەی دۆخێکی سیاسی دەخاتە ڕوو کە لەگەڵ دۆخی سیاسیی ئەمڕۆی ئێمەدا یەک دەگرێتەوە.”

جێی ئاماژەبۆکردنە، ژمارەیەک ئەکتەری بەئەزموون و گەنج لەم کارەدا بەشدارن، کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوی سەرجەم ئەکتەرەکان و وردەکاریی تەواو دەربارەی کارەکە بۆ ڕۆژنامە و میدیاکان بخرێتە ڕوو.

ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من یەکێکە لە سپۆنسەرانی ئەم نمایشە شانۆییە و سەرجەم زانیارییەکانی کارەکە بۆ خوێنەرانی خۆی دەخاتە ڕوو.

هاوبەشی بکە

du peyambaer, Theater,