19/04/2024
DidiMn Logo
Top

“دوو پێی ون”

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ژیار ئەسوەد

ژیار ئەسوەد، لەدایکبووی ساڵی دووهەزارویەکە و خەڵکی هەولێرە. لە کۆتا قۆناغی ئامادەیی دەخوێنێت. ماوەی دوو ساڵە شیعر و چیرۆکەکانی، لە گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتەکان بڵاو دەکاتەوە. هێشتا خاوەنی هیچ کتێبێکی چاپکراو نییە.

“دوو پێی ون”

بۆ خۆی، ھەر تەنها پردێکە…
پەرژینەکەی، ملی قەیتانێکی ڕاکێشاوە.
تاکێ پێڵاوی خۆڵاویی
بەسەر لاشەی تاریکی ئاودا چەماندووەتەوە،
غەمگینترە لە ھەرچی ئاڵایە
کە جارناجارێ با دەیشەکێنێتەوە.
پێدەچێ نووکەشەقی ڕێبوارێ
یان لمۆزی سەگێک، تاکەکەی دی
ھەڵدابێتە سەر شۆستەی ئەوبەر.

ئەم جووتە، وەک پێڵاوێکی ئاسایی
دوێنێ ھاوھەنگاوی جووتێکی ھاوڕێی
بەسەر پشتی پرددا دەپەڕییەوە،
درزی نێوان خانەکانی دەپێوا.
ئەمڕۆ، ئاوا تەریک و تەنها کەوتووە
بیری دوو پێی ون دەکات.
پردەکە، ھەر لە جێی خۆیەتی
پەراسووەکانی وەک پێشتر سەلامەتن.
بەڵام بۆ مرۆڤ، ھەر تەنیا پردێک نییە…
دوێنێ، بۆ ئەو کەسەی جێی پیاسە،
یاخود ماچ گۆڕینەوە بوو
ئەمڕۆ، شوێنی خۆھەڵدان.
کەچی بۆ خۆی، ھەر تەنها پردێکە.

هاوبەشی بکە

DidiMnPoetry, Poem, Poetry, young emerging poet,