24/04/2024
DidiMn Logo
Top

دووەمین هاتن

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ویلیەم بەتلەر یاتس
لە ئینگلیزییەوە: زاموا محەمەد

بازەکە دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە
لە تەندوورە ڕوولەفراوانبوونەکەدا و ناتوانێت بازیار ببیستێت؛
شتەکان لەیەکدی دەترازێن، چەق خۆی ڕاناگرێت
هەر بێسەروبەرەییە و بە جیهاندا بەرەڵا کراوە؛
شەپۆلانی خوێنین بەردراون، لە هەموو جێیەکیش
ڕەسم و ڕەوشی پاکێتیی نوقوم بووە؛
باشترین: لە بڕوایان کەمە. بەدترینیش:
پڕن لە چڕیی سۆزدارانە.

بێگومان جۆرێک سرووش لەگۆڕێیە،
بێگومان دووەمین هاتن لەگۆڕێیە.
دووەمین هاتن! بەحاڵ گۆکراون ئەو وشانە
دەمێک وێنەیەکی زەبەلاح لە کۆیادی ڕوحییەوە*
بەری بینینم دەگرێت: لە جێیەک، لە گەرد و لمی بیاباندا
شێوەیەک بە جەستەی شێر و سەری زەلامەوە،
نیگایەک بەتاڵ و بێڕەحم هێندەی خۆر،
ڕانە خاوەکانی دەجووڵێنێت و لە هەموو چواردەوریشیەوە
سێبەری باڵندە تووڕەکانی بیابان شپرزانە هاتوچۆیانە.
تاریکی دیسانەوە باڵدەکێشێت: بەڵام ئێستا دەزانم
کە بیست سەدە لە خەوتنی بەردین
بووەتە کابووس بەهۆی لانکەیەکی لەرزۆکەوە؛
چ جانەوەرێکی دڕ دواجار کاتی هاتووە؟
هەنگاو دەنێت و دێت بەرەو بەیت‌لەحم
تا لەدایک ببێت.

*”spiritus mundi”: لە لاتینییەوە وەرگێڕانە حەرفییەکەی دەکاتە ڕوحی جیهان. یاتس بەو وشەیە دەیەوێت ئاماژە بە یادەوەریی خودی کات بدات، کە ئیلهامی شیعرییش لەوێوە دێت.

هاوبەشی بکە

Poetry, W B Yeats,