دیدی من
ئامادهكردنی مادێح پیریۆنسی
…لەوانەیە پێم پێبکەنن! ڕەنگە تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش خەریکن پێم پێدەکەنن! بەڵام من ناتوانم لەبەر ئەمە دەست لە کار ھەڵگرم. پیشەی من خۆشویستنە. ئەم بەیانییە لە گۆشەی خواری—خواری دێبەرەکەمانەوە، لەسەر چڵێکی بچووکدا مەلێکی بچووکم دۆزییەوە. وتم بۆچی دەچریکێنی کاتێ کەس گوێی لە ئاوازەکەت نییە؟ بە گریانێ لە گەروودا و شەقەی باڵێ لە سنگدا وڵامی دامەوە: ”پیشەی من چریکاندنە!“ جا ھەڵفڕی و دوور کەوەتەوە…
لە نامەیەکی ئێمیلی دیکینسۆن بۆ دوکتۆر ھاڵەند و خانمەکەی، 1862
ئێمیلی ئێلیزابێت دیکینسن[1] ناسراو بە ئێمیلی دیکینسۆن یان ئێمیلی دیکینسن (١٨٣٠–١٨٨٦) یەکێکە لە بەناوبانگترین شاعیرانی زمانی ئینگلیزی. ئێمیلی لە ساڵی ١٨٣٠ـدا لە ئەمھێرستی ماساچووسیتسدا لەدایک بووە و ھەر لەوێش ماوەتەوە و کۆچی دوایی کردووە. ھیچ کات ژیانی ھاوبەشی پێک نەھێناوە و ھەتا کۆتایی ژیانی ھەر لە ماڵی باوکیدا ژیاوە. ھۆنراوەکانی جگە لە باری جوانیی ئەدەبی، نوێخوازانە و لە پێش سەردەمی خۆیەوە بوون، بۆیە بە یەکێ لە پێشەنگانی نوێخوازانی شیعری ئەمریکی دادەنرێت. شیعرەکانی ھەروەھا کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر شاعیرانی دوای خۆی داناوە، بۆیە ئێمیلی دیکینسن بە یەکێ لە گرنگترین شاعیرانی ئەمریکا و زمانی ئینگلیزی لە قەڵەم دەدرێت. جگە لە ھۆنراوەکانی، شێوازی ژیانی، تەنیا مانەوەی و دووری لە خەڵک لە کۆتایی ژیانیدا ناوبانگێکی زۆریان بۆ دروست کردووە. لە ماوەی ژیانیدا، جگە لە چەن تاکە شیعرێک، ھیچ کارە شیعرییەکی بڵاو نەکردەوە و ھۆنراوەکانی چەندین ساڵ لە دوای مەرگی لە چاپ دران.
ئێمیلی لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٣٠ـدا لە ئەمھێرستی ماساچووسێتسدا لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ناوداردا لە دایک بوو. ئێدوارد دیکینسنی باوکی پیاوێکی مەسیحیی وشک بوو. ئێدوارد لە سەردەمی خۆیدا یەکێ لە پیاوە بەناوبانگەکانی ئەمھێرست بوو. پیشەی سەرەکیی بریکاری بوو، بەڵام بۆ جارێک بوو بە نوێنەری ئەمھێرست لە کۆنگرێسی ئەمریکادا. ئێدوارد جگە لە ئێمیلی دوو مناڵی تریشی ھەبوو: ئاستین و لاڤینیا. ئاستین لە ئێمیلی گەورەتر بوو و لاڤینیا لەو گەنجتر. ئێمیلی لەگەڵ لاڤینیای خوشکیدا بۆ خوێندن ڕووی لە ئاکادیمیای ئەمھێرست کردووە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەوێدا خوێندوویەتی. لە ئەکادیمیای ئەمھێرستدا نزیکەی حەوت ساڵ خوێندوویەتی و زانستی ئەو سەردەمە، وەکوو ڕووەکناسی، مێژوو، وێژەی ئینگلیزی و لاتین فێر بووە. جگە لەوە بۆ ماوەیەکی کەمیش، واتە نزیکەی ساڵێک، لە قوتابخانەی مۆنت ھاڵیۆک وانەی ئایینیی خوێندووە. لەوانەیە لە تەمەنی لاویدا ئێمیلی حەزی لە لاوێکی بریکار بە ناوی نیوتۆن کردبێت. نیوتۆن وەکوو ھاوکارێکی باوکی ئێمیلی، ڕێزێکی زۆری لە ئێمیلی گرتووە. ئەوی بۆ نووسینی ھۆنراوە ھان داوە و لەگەڵ کاری نووسەرە ھاوچەرخەکاندا (بۆ نموونە ڕالف والدۆ ئێمەرسۆن و وادزوۆرس) ئاشنای کردووە. باپیری ئێمیلی، ساموێل دیکنسۆن، زۆر بە ئاسانی توانیوێتی کۆلێژی ئەمھێرست دابمەزرێنێت، لە ساڵی ١٨١٣ـش دا کۆشکێکی گەورەی دروست کرد لەسەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەکەیان.
ئێمیلی لە تەمەنی لاوێتیشدا کچێکی ھێمن و بە ڕەوشت بوو. لەکاتێکدا کە خێزانەکەی سەردانی مانسنیان کرد، ئێمیلی تەنھا دوو ساڵ بوو. کەچی پووری بە «زۆر باش و دڵخۆش» وەسفی کرد و وتی کە ئێمیلی «منداڵێکی زۆر باشە و کێشەی نیە». دواتر پووری ئاماژەی بە تواناکانی ئێمیلی کردووە لە ڕووی مۆسیقییەوە لەگەڵ شارەزاییەکەی لە ئامێری پیانۆدا. وەک پێشتر وترا، لە ٧ی ئەیلوولی ١٨٤٠ـدا، ئێمیلی و خوشکەکەی، لاڤینیا، بەیەکەوە دەستیان بە خوێندن کرد لە ئەکادیمیای ئەمھێرستدا؛ ئەو خوێندنگەیە لە پێشوودا تایبەت بوو بە کوڕان، بەڵام ھەر دوای دوو ساڵ پێشوازیان لە قوتابییە مێینەکانیش کرد.
ئێمیلی زۆربەی ژیانی لە ئەمھێرستدا بەسەر برد و جگە لە چەند گەشتێک، کە یەکێکیان بۆ فیلادێلفیا بوو، لە زێدەکەی دوور نەکەوتەوە. یەکێ لەو دوورکەوتنەوانە لە ساڵی ١٨٥٥ـدا ڕووی دا، کە ئێمیلی لەگەڵ لاڤینیا و دایکیدا ڕووی لە شاری واشینگتن کرد. ئەم سەفەرە لەبەر ئەوە بوو کە باوکی لەوێدا نوێنەری کۆنگرە بوو. ئەمە یەکێک لە دوور و درێژترین سەفەرەکانی ژیانی ئێمیلی بوو و پێش ئەمە ئەو بە دەگمەن لە ئەمھێرست دوور کەوتبووەوە. لە دوای سێ حەفتە واشینگتنیان بە جێ ھێشت و بۆ دیتنی ئاشنا و خزمەکانیان ڕوویان لە فیلادێلفیا کرد. یەکێ لە بەرھەمەکانی ئەم گەشتە ئاشنا بوونی ئێمیلی بوو لەگەڵ چارڵز وادزوۆرسدا، چارڵز قەشەیەکی بەناوبانگ بوو لە فیلادێلفیادا. دۆستایەتیی ئەو و ئێمیلی، کە ڕەنگە ڕۆمانتیکیش بووبێت، ھەتاکوو ساڵی ١٨٨٢ درێژەی بوو و بە مردنی چارڵز کۆتایی پێ ھات. ئێمیلی لە بڕێک لە نووسراوەکانیدا ئاماژەی بە ئەو کردووە و بە نازناوگەلێک وەکوو ”فیلادێلفیای من“ یان ”ئازیزترین ھاوڕێ خاکییەکەم“ ناوی بردووە.
ئێمیلی لە ساڵە دوایینەکانی ژیانیدا گۆشەگیر و بێدەنگ بووە و حەزی بە میوان و ناو خەڵک نەبووە. ھیچ کاتێکیش ھاوسەرگیریی نەکردووە. ژمارەیەکی کەم ھاوڕێ و ناسراوی ھەبوو و لەگەڵ ئەوانیش زۆر جار بە نامە گۆڕینەوە قسەی کردووە. دیارە لەدەستچوونی ئەو ژمارە کەمەی ئازیزانی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئێمیلی دیکینسۆن ھەبوو. دەیەی ١٨٨٠ بۆ بنەماڵەی دیکینسۆن پڕ لە ئێش و ئازار بوو. جگە لە مردنی قازی لۆرد و چارڵز وادزوۆرس کە دوو ھاوڕێی ئازیزی بنەماڵەی دیکینسۆن و ئێمیلی بوون، لەم ساڵانەدا پەیوەندیی نێوان ئاستین و سووزانی ژنی بەرەو ساردی چوو. ئاستین بنەماڵەکەی بە جێ ھێشت و سووزانی ژنبرای ئێمیلی لە خەفەتدا تووشی نەخۆشی بوو. دایکی ئێمیلیش لە دوای ساڵانێکی زۆر نەخۆشی لە ساڵی ١٨٨٢ـدا کۆچی دوایی کرد. ھەمووی ئەم ڕووداوانە زیاتر و زیاتر ئێمیلی دیکینسۆنیان ژاکاند. لە پاییزی ساڵی ١٨٨٤ـدا ئێمیلی دەنووسێت:
«ئەم مردنانە بۆ من زۆر قورس بوون، پێش ئەوەی کە بتوانم دڵم لە ژێر باری یەکێکیاندا دەر بھێنم، یەکێکی تریان ھاتووە.»
لە ڕۆژێکی ھاوینی ساڵی ١٨٨٤ـدا ئازارێک ھات بە جەستەی ئێمیلیدا کە تووشی گەشکەی کرد و تا نیوەی شەو بێھۆشی خست. دواتر کە هۆشی هاتهوه، کەوتە ناو جێگەوە. دوای ئەوە بە زۆری نەخۆش و لە ناو جێگەدا بوو، بەڵام لە بەھاری ١٨٨٦ـدا توانیی بڕێک نامە بۆ ھاوڕێکانی بنێرێت. دواههمین نامەیەک کە ناردی دوو ڕۆژ بەر لە مردنی بوو، کە تێیدا بە جۆرێک خەبەری مەرگی خۆی دا بە کچە پوورەکانی. دەوترێت دواههمین نامە کە نووسیویەتی ئەمە بووە:
«پوورزا بچکۆلەکانم، بانگ کرامەوە…
ئێمیلی»
وا دیارە ئەم نامە بچووکەی لە ١٣ـی مەیی ١٨٨٦ـدا واتە دوو ڕۆژ پێش مردنی بۆ کچە پوورەکانی خۆی واتە فرانسێس و لوویزیا نۆرکراس[2] نووسیوە. ئێمیلی لە ڕۆژی ١٥ـی مەیی ١٨٨٦ـدا جلی تەنگی ژیانی لەبەر داکەند و بەرەو ئەبەدییەتە بێکۆتاییەکانی فڕی. خانمە سپیپۆشەکە خرایە ناو تابووتێکی سپیی پڕ لە گوڵ و بازنەیەک لە گوڵی وەنەوشە کرایە ملی و بە پێی وەسیەتی خۆی تەرمەکەی بە سەر دەستەوە بە ناو دەشتی گوڵە زەردەکاندا گەڕا و لە زێدەکەی خۆیدا لە گۆڕستانی ڕۆژاوای ئەمهێرتسدا نێژرا. لە سەر کێلی قەبرەکەی نووسرا:
“ئێمیلی دیکینسۆن
لەدایکبووی
١٠ـی دێسەمبەری ١٨٣٠
«ئەگەر کتێبێک بخوێنمەوە کە ھەمووی جەستەم وەھا سارد بکاتەوە، کە تینی ھیچ ئاگرێک توانای گەرم کردنەوەی نەبێت، ئیتر ئەوسا من دەزانم کە ئەوە شیعرە. ئەگەر [لە دوای خوێندنەوەی] ھەست بەوە بکەم کە تەپڵەکەی سەرم لە جێی خۆیدا نەماوە، ئەوسا دەزانم ئەو نووسراوەیە شیعرە. ئەمە تەنیا ڕێگەیەکە کە من دەزانم. ئایا ڕێگەی تریش ھەن؟»
ئێمیلی دیکینسۆن، لە نامەیەکدا بۆ ھیگینسۆن
ژمارەیەکی ھەرە کەم لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی لە سەردەمی ژیانیدا بڵاو کرانەوە. ئەو ژمارە کەمەش لە لایەن ئەو کەسانەوە کە چاپ دەکران گۆڕانکاریی زۆریان تێدا دەکرا. ئەو خۆی ڕقی لە ئەو دەستکارییانە بوو؛ ئەمە ڕەنگە یەکێ لە ئەو ھۆکارانە بووبێت کە ھیچ کات شیعرەکانی بە جۆرێکی بەرفراوان بڵاو نەکردەوە. لە یەکێ لە ھۆنراوەکانیدا چاپی ھۆنراوە بە مەزات و تاڵانی ھەستی شاعیر لە قەڵەم دەدات. بۆیە ھەڵبەستەکانی لەسەر لاپەڕەی بچووک نووسیبوو و دووریبوونییەوە بە یەکەوە و کتێبێ لە ھەڵبەستی لە دۆڵابەکەیدا شاردبووەوە. ھەم جانسۆن و ھەم فرانکلین یەکەم ھۆنراوەی دۆزراوەی ئێمیلی دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی ١٨٥٠. ئێمیلی زۆربەی ھەڵبەستەکانی و باشترینەکانی لە ماوەی ساڵەکانی ١٨٦١ تا ١٨٦٥ـدا نووسیوە. بە جۆرێک کە ئەگەر شێعرەکانی بکەین بە سێ بەشەوە، تا ساڵی ١٨٦٥ دوو بەشی نووسیبوو. وەک تێد ھیووز شاعیری بەناوبانگی ئینگلیز جەختی لەسەر دەکاتەوە لە سەرەتای ئەم ساڵانەدا ڕووداوێکی گرنگ ژیانی ئێمیلی دەگۆڕێت، کە چەند بیردۆزە و گریمانەیەک لەسەری ھەیە. ئێمیلی دیکینسن وەسێتی کردبوو کە ھەمووی نامەکانی لە دوای مردنی بسووتێنن، بۆیە لاڤینیای خوشکی ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرت و زۆربەی نامەکانی سووتاند، بەڵام دواتر کە کتێبی ھۆنراوەکانی دۆزییەوە، ناردی بۆ ھیگینسۆن، چوونکە ئێمیلی لە وەسێتەکەیدا باسی ھۆنراوەکانی نەکردبوو. بۆیە، یەکەمین کتێبی ھۆنراوەی چوار ساڵ لە دوای مردنی، لە ساڵی ١٨٩٠ـدا، بە لێکدانەوەی ھیگینسۆن و مەیبڵ لوومیس تاد لە چاپ درا، ئەگەرچی ئەو دوو کەسەش گۆڕانکاریی زۆریان لە شیعرەکاندا کردبوو.
لە ساڵی ١٩٥٥ـدا بۆ یەکەم جار کۆبەرھەمی نەگۆڕدراوی شیعرەکانی ئێمیلی دیکینسۆن لە لایەن توماس جانسۆنەوە بڵاو کرایەوە. دواتر لە نەوەدەکاندا فرانکلینیش کاری لەسەر دەستنووسەکانی ئێمیلی کرد و بڕێک ھۆنراوەی تازەی لێ دۆزییەوە و لە چاپی دان. ھۆنراوەکانی بە زمانی ئینگلیزین، بە زۆری کورتن، زۆر بە دەگمەن ناوی تایبەتیی خۆیان ھەیە و لە کتێبەکاندا بە ژمارە پیشان دەدرێن. ئەو ھۆنراوانەی کە لە ئێمیلی بە جێ ماون کەم نین، ژمارەیان دەگاتە نزیکی ١٨٠٠ شیعر. بڕێک لە ھۆنراوەکانی ڕەنگی ڕۆمانتیسیزمیان ھەیە، لە بڕێکیشیاندا ھەست بە ترانسێندێنتاڵیزم دەکەین، بە تایبەت کە ئێمیلی خۆی شیعری ئێمەرسۆنی خوێندووەتەوە و بە دڵی بووە. ھەرچەند ڕەنگە ئێمیلی دیکینسنن بە تەواوی نەخرێتە ڕیزی ھیچ قوتابخانەیەکی ئەو سەردەمەوە. ناوەرۆکی ھۆنراوەکانی وەک وترا بەربڵاون، بەڵام بە زۆری بریتین لە ژیان، مردن، ژن و مافی ژن، سروشت، ئایین، ئەوین و عیرفان.
کۆمەڵێک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی دیکینسۆن لە ساڵی ٢٠١٦ـدا وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی . ئەم کۆمەڵە شیعرەی ئێمیلی بە وەرگێڕانی مادێح پیریۆنسی لە ژێر ناوی شاژنی وەنەوشە شەرمنەکانـدا لە ڕۆژههڵاتی كوردستان چاپ بووە. ھۆنراوەکانی ئێمیلی ناویان نییە و بە ژمارە دیاری دەکرێن و چون دەقەکەی جانسۆن یەکەمین دەقێکە کە بێ گۆڕانکاری شێعرەکانی ئەوی تێدا لە چاپ دراوە، ژمارەی ھۆنراوەکانی بە پێی ئەو دەقە (یا دەقەکەی فرانکلین) دەنووسرێن.
(١٧٦٥)
ئەوەی کە عەشق ھەموو شتێکە
تەواوی ئەو شتەیە کە ئێمە لە عەشقی دەزانین
ئەمەمان بەسە، چونکە جامێک
دەبێ ئەوەندەی تێکرێ کە دەیگرێ
(٢١٤)
من شەرابێک دەخۆمەوە کە دەستکردی دەستێک نییە
لە پەرداخێکدا کە بە جامی مرواری پڕ دەبێت
ھەموو خومرەکانی لێوارەی ڕاین
مەیی وەھایان تیا نییە
من لە بۆنی ھەوا مەستم
لەگەڵ ئاونگ پەیمانی عەشق دەبەستم
لە ڕۆژانی بێکۆتایی ھاویندا مەست و شێواو
بە کاروانسەراکانی ئاسماندا تێدەپەڕم
کاتێک کە خاوەن باخەکان ھەنگە مەست و سەرخۆشەکان
لە سەر خوانی کاسەگوڵەکان دەر دەکەن
ئەو کاتەی کە پەپوولەکان، لەبەر مەستی، دەست ھەڵدەگرن لەجامەکان
من ھەر زیاتر دەخۆمەوە
تا فریشتەکان، کڵاوە بەفرینەکانیان ڕادەوەشێنن
تا قیددیسەکان بەرەو پەنجەرەکان ھێرش بێنن
کە وردی ئەم مەیکەشە بچووکە ببنەوە
کە بە مەستی لە پێش تاودا ڕاکشاوە.
(١٣٧٧)
میوەی قەدەغەکراو چێژێکی ھەیە
کە گاڵتە بە باخستانە حەڵاڵەکان دەکا
چ شیرین و شەھوانی تۆو لە دڵی تۆودانێک ڕاکشاوە
کە بە قفڵی وەزیفە داخراوە
ماڵەکەی دیکینسنەکان لە ئەمھێرست کراوە بە مۆزەخانە. لە ساڵی ١٩٧١ـدا، لە وڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا پوولی نامە بۆ ڕێزگرتن لە ئێمیلی چاپ کراوە. لە ساڵی ٢٠١٦ـدا فیلمێکی ئەمریکی-ئینگلیزی بە ناوی سۆزێکی بێدەنگ سەبارەت بە ژیانی ئێمیلی دیکینسۆن دەرچوو، ھەروەھا چەندین ڕۆمان و کتێبی جۆراوجۆر لەسەر ژیان و شیعرەکانی ئێمیلی دیکینسنن نووسراوە. کتێبەکانی جێرۆم چەرن لە نموونەی ئەو کتێبە فیکشنانەن کە دەربارەی ئێمیلی نووسراون. لە ساڵی ٢٠١٧ـدا پیشانگایەکی تایبەت بە ئێمیلی دیکینسنن لە کتێبخانە و مۆزەخانەی مۆرگەن لە نیو یۆرکدا دانرا. پیشانگاکە بریتی بوو لە ھۆنراوەکان، دەستنووسەکان، فلۆراکان و جلەکان و ھەمووی ئاسەوارەکانی ئەو شاعیرە.
ژمارەیەک لە ھۆنراوەکانی ئێمیلی کراون بە گۆرانی و گۆرانیبێژان خوێندوویانەتەوە. ھەروەھا ھۆنراوەکانی ئێمیلی بەشێکی گرنگی ئەدەبی ئەمریکایە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا. ئەو کەسانەی کە ستایشی شیعری ئێمیلییان کردووە یا نووسراوەکانی ئێمیلی لە سەریان کاریگەریی ھەبووە کەم نین. تێد ھیووز شاعیری ئینگلیز، ئێمیل جۆران نووسەری ڕۆمانیایی و کامی پالیا ڕەخنەگری ئەمریکی ڕەنگە لە بەرچاوترین نموونەکانیان بن.
پهراوێزهكان:
[1] Emily Elizabeth Dickinson
[2] – Frances and Louisia Norcross
[3] – Called back
[4] – ”بانگکراوە“ دەستەواژەیەکە کە ئێمیلی لە دوایین نامەکەیدا نووسیبووی. ئەو ئەم دەستەواژەیەی لە ناوی ڕۆمانی نووسەرێکی ئینگلیزی هاوچەرخی خۆیەوە وەرگرتبوو (ڕۆمانی ”بانگکراوە“ نووسراوەی فرێدریک جان فارگێس).
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.