19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئەستێرەکانی کەلار: ئێستا خەبەرمان دەبێتەوە؟

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

شوان کەریم

دوور لە ئاستی ھونەریی نمایش و فۆرمی بەرجەستەکردن لە نمایشی گرووپی هونەریی ئەستێرەکاندا، بێگومان دەبێت دژی ئەو بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی گەرمیان، ھەڵوێستی جیدی ھەبێت و پرۆسەکە بەس ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە نەبێت، چونکە ئەم کورتبینینە وای لێ کردووین لە بازنەیەکی بێمانادا بخولێینەوە؛ دوێنێ ھەڵەبجە و ئەمڕۆ کەلار و سبەی شوێنێکی تر.

پێش ھەموو شتێک، دەبێت بنچینەکە ھەڵبوەشێنینەوە، با کارکردن بۆ ئەوە بێت کەسانی لەم شێوەیە لە پۆست و پلەکانیان دوور بخرێنەوە؛ گەر ئەمە کرا، ئەوسا دەتوانین بڵێین ئێمە شتێکی بچووکمان گۆڕی.

سەرتای کێشەکان لەوەوە دەست پێ دەکەن کە ئێمە ڕستەی کەسێکی سەلەفی ھێندە گەورە دەکەین و بایەخی پێ دەدەین، کە ھەر خۆمان ئەم ڕستەیە لە مزگەوتێکەوە دەھێنینە دەرەوە و بە ناوی دژایەتیکردنیەوە بە ھەموو وڵاتدا بڵاوی دەکەینەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: ئێمە خزمەتی ئەم دێڕەمان کرد یان دژی وەستاینەوە؟

ئەم دێڕە لە کایەی یاسا و دادگادا دەنگی دایەوە و ئێستایش دێتەوە کایەی ھونەر، ھەڕەشە و سزادانی بە دوای خۆیدا ھێنا و ھەر بەوەوە ناوەستێت، گوتاری ڕەقتر و جنێو بە پەیمانگە و دەزگا ھونەرییەکان دەبێتە باسی دوای خۆی. ئێمە بێمەعریفەیی و بێمیتۆدی، گۆج و ئیفلیجی کردووین؛ ئەوەتا دەچینە شەڕێکەوە کە بە ھەمان چەکی سەلەفییەکان وەڵام دەدەینەوە، چونکە زۆربەمان خاوەنی ھیچ میتۆدێکی ئەم شەڕە نیین، هەر لەبەر ئەوەیشە دۆڕاو لێی دێینە دەرەوە.

سەیری ئەو لەشکرە بکەن کە دوو ڕۆژە لەسەر شانۆ دەنووسن: گەر بەس ئەمانە بچن بۆ نمایشەکان، کێشەی بێبینەریت نەدەبوو… کار گەیشتووەتە ئەوەی ھەندێکیان فەتوا دەردەکەن؛ جا سەیری ئەم میتۆدە مەلاییە، کە لە لاساییکردنەوەی ئایینەوە ھاتووە: ئەو پیرۆزیی خۆی ھەیە، تۆیش ھەتە. ئەو ھێڵی سووری ھەیە، تۆیش ھەتە. ئەو گوتاری خۆی ھەیە و تۆیش ھەروەھا. بەڵام ئەوەی وای کردوە ئایین و دەسەڵاتی ئەم لایەنانە لە تۆی شانۆکار بەھێزتر بن، ئەو خاڵەیە کە ئەو ڕۆژ بە ڕۆژ ئیش لەم کۆمەڵگەیەدا دەکات، چرکە بە چرکە دەسەڵاتی خۆی بڵاوتر و پتەوتر دەکات. بەڵام ئێمەی شانۆکار چی دەکەین؟ لە پشت ھاندێکەوە بانگەشەی عەلمانیەت و پێشکەوتن بە ھەمان میتۆدەکانی مەلایەک.

بۆ ھەر یەک لە ئێمەی شانۆکار کە ئێستا دەنووسین، ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە، پرسیارێک ھەیە کە نابێت خۆمانی لێ بدزینەوە: ئەم چەند ساڵە ئێمە لە کوێ بووین؟ کوا بەرھەمەکانمان؟ کوا ئەو لێپرسراوێتییە مێژووییەی لەسەر شانمانە وەک مرۆڤێکی ئەم دەڤەرە؟ کێ وای کردووە وشەی شانۆ ھێشتا بە زۆرینەی خێزانی ئەم وڵاتە نامۆ بێت؟ ئەوەیش هەر سەلەفییەکان بوون؟ ئێمە چەندین ساڵە تەممەڵ تەممەڵ تەماشا دەکەین و ھیچی تر… قسەی زل دەکەین و ھیچی تر… یەک دەشکێنین و ھیچی تر…

تازە خەبەرمان دەبێتەوە؟

کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە کە ئەو گەنجانەی کەلار ئەمڕۆ تێیدا دەژین… ئەوە ئێمەین بێدەنگ بووین لەوەی بەڕێوەبەر و نوێنەرەکانی ئێمەی شانۆکار، حیزبی بن و گەندەڵ بن، بێ سیستەم و بەرنامە بن. بێدەنگ بووین لەوەی پارەیەکی زۆری وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ فێستیڤاڵی خراپ و نمایشی خراپ بڕوات. بێدەنگ بووین لە ئاست و توانای گەنجەکانماندا و پشتمان تێکردن. ئێستایش ھاتووین دەمانەوێت بە دوو ڕستەی دروشمی، بیری خەڵکی بخەینەوە کە شانۆکارین؟ ئەمەیش ھێندەی لە خزمەت ئیگۆی خۆماندایە، ھێندە لە خەمی کێشەکەدا نییە.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، دۆڕانی ئێمەیە. ئەویش بەرھەمی چەندین ساڵ بێبەرھەمی و سستی و ناچالاکیی زۆربەمانە؛ تۆ بێدەنگ دانیشتبوویت و سەلەفییەکان کاری خۆیان دەکرد. تۆ شەوان خەونی نمایشت دروست دەکرد و بەیانی لە بیرت دەکرد… ئیتر شانۆ چۆن لە دەستی ڕەش و بیری ڕەش پارێزراو بێت، کە سەربازە لەخۆبایی و لووتبەرزەکانی خۆی لە خەوێکی قووڵدان؟

هێشتایش پرسیارەکە ئەوەیە: کەی خەبەرمان دەبێتەوە؟

هاوبەشی بکە

Art, Freedom of Art, Theatre,